کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی چییە؟

Monday, 20/02/2012, 12:00




 


جاش و بەعسییەکان:
بە گوتەی نەوشیروان مستەفا ژمارەی سەرجەم جاش و خەفیفەکانی کوردستان لە پێش نەوەدەکانی سەدەی پێشودا دەگەیشتە 600 هەزار کەس. ئەمە ژمارەیەکی زۆر زۆربوو. جا هۆکار هەرچی بێت تایبەتمەندێتی کوردستانی باشوور دەردەخات. کام میللەت لە 3 ملیۆن کەس شەش سەد هەزار پێگەیشتووی لە ڕووی تەمەنەوە دەبێتە جاش؟
فاروق ڕەفیق ناحەقی نەبوو دەیووت کورد تاکە میللەتە جاشی هەبێت

ئەم جاشانە هەمووی جاشی ئەکتیڤ نەبوون بەڵام ژمارەیەکی دیار و بەرچاویان مەشق پێکراو بوون. مەشق لە ڕووی سەربازی و کوشت و کوشتارەوە، لە ڕووی جاسوسی و موخابەراتیەوە، لە ڕووی دەربڕین لە نائینسانیەت، لە ڕووی بێباکیی لە ستەم لە ئینسان. ئەوانە لە لایەن بەعسەوە مەشقپیکراو بوون.
لە پێش ڕاپەڕیندا کێشەیەکی زۆر گەورەبوون بۆ کوردستان و دانیشتووانەکەی.

لە ڕاپەڕیندا لە لایەن بەرەوە عافواتیان بۆ دەرکرا و ئەوەبوو ژمارەیەکی بەرچاویان لە ماڵی خۆیان دانیشتن و هەندێکێشیان بە چالاکی بەشداری ڕاپەڕینەکەیان کرد.

لەم ساتە وەختەدا، کە بەرە هاتەوە ناو شارەکان و منافەسەیەکی توند لە نێوان یەکێتی و پارتی دروست بوو بۆ هەڵسوکەوتکردن بەرامبەر کێشەی ئەو جاش و بەعسیانە.

یەکێتی کە سەرمەستی سەرکەوتنی شۆڕشگێڕانە بوو، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی دیار لە پێشمەرگە و کادرەکانی بە دەستی ئەو جاشانە کوژرابوون، لەبەردەم دووڕیانێکی هەڵوێستوەرگرتنی تایبەتیدا بوو، بۆیە ئەم حیزبە لە ڕێگەی خانە ئیرهابیەکانییەوە پشتی کردە گفتی عافوات و کەوتە کوشتنی ژمارەیەکی دیار لەو جاشانە و کەسوکاریان. ئەمە وای کرد ترسێک و بێ ئەمانەتیەکی گەورە باڵ بەسەر ئەو جاشانەدا بگرێت.
لەولاشەوە پارتی کە کێشەیەکی لەگەل ئەو جاشانەدا نەبوو هەوڵی دا وەکو ئیسفنج چۆن چڵکاو و ئاوی ڕژاو هەڵدەمژێت ئاوا هەڵیانمژێت و قوتیان بدات و ئەو هێز و وزە مرۆییە بێ سنوورە بکات بە داردەستی خۆی. بێگومان ژمارەیەکی زۆریشیان بە ڕاسپاردەی بەعس چوونە ڕیزی پارتیەوە بۆ تێکدانی کوردستان. پارتی ئەمانەی هەموو لە باوەش گرت.

پارتی کە گەڕایەوە، بە پێچەوانەی هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی ئەوسای یەکێتی کە دەیان گووت نەماوە، بە وزەیەکی تایبەتییەوە و پڕچەک بە پلانێکەوە بۆ خۆ قەبەکردنەوە گەڕایەوە.

بنەماڵەی بارزانی لە هەوڵی ئەوەدا بوو ژمارەی حیزبەکەیان زۆر بکەن و پێگەی خۆیان لە کوردستان گەورە بکەن، بۆ ئەمەش هەموو تواناکانی خۆیان خستە گەڕ. تەنانەت بەوەی گەورە جاشەکان بکەن بە نەوەی مەلا مستەفا و بە برای خودی مەسعود.

بنەماڵە کە گەڕانەوە کوردستان تواناکانیان وەک خوارەوە بوو:
گفتی وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ پشتگیری لێکردن بە مەرجی ئەوەی ڕوحیەتی شۆڕشگێڕێتی لە کوردستان بکوژن و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین لەباربەرن. یەکەم هەنگاویان فرۆشتنی سەدی بێخمە بوو.
پارە و سەرمایەیەکی زۆر کە لە دزین و بە قۆنتەراتفرۆشتنی چالاکیەکان و خودی شۆڕشی ئەیلول و گوڵانەوە دەستیان کەوتبوو.
دەستەبژێری لایەنگرانی پارتی و بنەماڵە کە لە هەموو زەمەن و ئان و ساتێکدا بێ پرسیارکردن هەرچی بنەماڵە پێیان بڵێت جێبەجێی دەکەن.
ئەقڵیەتی خۆ بەتەنیا بە خاوەن زانی وڵات.
هەندێک لایەنی تریش.

پارتی لە دوای ڕاپەڕینەوە وەکو ئەفراد زۆرینەی لە کۆنە جاش و بەعسییەکان پێکهاتووە. هەرچەند مەسعود هەمیشە سەروبنی زمانی شۆڕش و پێشمەرگایەتییە بەڵام خۆشی و حیزبەکەشی تەنیا بەیەک شێوە لە شۆڕش نزیکن ئەویش بە دژایەتیکردن و لەباربردنێتی.

ئەیلولییەکان ئەوانەن کە هەمیشە لەگەڵ پارتی ماونەتەوە و لەشەڕی جەلالی و مەلایدا مێژوویەکی دورودرێژیان هەیە، گوڵانیەکانیش ئەوانەن کە بە دژایەتیکردنی یەکێتی و شۆڕش پەروەردەکراون. ئەمانە وەکو فازیل میرانی دەڵێت: دەروێشی بارزانین. دیارە دوای ئەوەی نەیانتوانی و نەیانویست وردەکارییەکان و پڕۆژەکانی ڕێبازی بارزانی بخەنەڕوو پەنایان برد بۆ ئەوەی هەموو ئەو لایەنگرانەیان بکەن بە دەروێش. ئەمە ئیهانە و سوکایەتیکردنە بە خودی ڕەنج و ماندووبونی ئەو ئەفرادانە بۆ پارتی. ڕەنگکردنی تەمەنی پارتایەتییانە بە ڕەنگی کەشی و پەڕۆی دوعا، چونکە ڕێبازەکەیان بێ ناوەڕۆک بوو، هەوڵیان دا هەموو دواکەوتووەکان بکەن بە دەروێش، وەک ئاماژەیەک بۆ پێشینەی شێخایەتی بنەماڵە.

ئەو جاشانە بوون بە بڕبڕەی پشتی پارتی.  لە دوای ڕاپەڕین. ئەمانە لە هەموو چالاکی و دەستدرێژیەکاندا بۆ سەر خەڵکی بەشدارن. پێش ڕاپەڕین، گەر ترسێکیان هەبووبێت لە تۆڵەی پێشمەرگەی یەکێتی و لایەنەکانی تر ئەوا دوای ڕاپەڕین ئەو ترسەشیان نەماوە و پارتی دەستی ئاوەڵاکردوون. هەر کە دەستیشیان بۆ ببرێت ئەوا پارتی و بنەماڵە بە تەعدای دادەنێت و ئامادەیە شەڕی ناوخۆییان لەسەر بکات.

کاریزمای پارتی و سەرۆک:
مەسەلەی جاش و جاشایەتی و هێشتنەوەی ئەو کێشەیە بە بێچارەسەرکردن لەدوای ڕاپەڕین یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی کوردستان. ئەمە لێوردبوونەوەی زیاتری دەوێت. ئەمڕۆ دەبینین دوو زلحیزبەکە نەک ئەو کێشەیەیان چارەسەر نەکردووە بەڵکو کۆنە پێشمەرگەکانی خۆشیان لە ڕووی هەڵوێست و ڕەفتار و بیرکردنەوەوە کردووە بە جاش یان کردویانن بە هاوڕێ و هاوپیشەی جاشەکان، ئەویش بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی.

لە ئایندەدا لەسەر ئەم بابەتە ڕوانینی تر دەخەمە ڕوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە