کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانی، خائینە یان خەڵەفاو یان..؟!

Thursday, 19/05/2011, 12:00


مەحموود زەرگەزەوی (زەردەشتەوی) قاهیرە



دەبێ لەسەرەتاوە ئەوە بڵێین: كە سروشتی مرۆڤ وەك سروشتی "مریشك" وایە، وەك چۆن مریشك جیقنە و هێلكە - ش دەكات، مرۆڤیش هەڵە و راست دەپێكێ، بە جیاكردنەوەی پێخەمبەران (سڵاوی ئێزدانیان لێبێت)!!.
ئەگەر بەڕێز جەلال تاڵەبانی، شەرەف و روو سووری یەكێ لە ئەندامانی هەڵگیرسێنەرەوەی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستان بە رێبەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بەر بكەوێت، ئەوە لە بەرانبەردا چەندەها "فەڵت"ی وای هەیە، لە دوا رۆژدا (ئەو "فەڵتانە")، دەبنە كێشە و سەر ئێشە بۆ مێژوونووسان و نەوەی داهاتوو!!..
ئاخر عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك زۆربەی ژیانی، بە پێشمەرگایەتیی و لە دەربەدەری بەسەر بردبێ..لەهەمانكاتد دەست بخاتە نێو دەستی دوژمنانی شۆڕشی كورد (لە 1964- 1966)؟؟.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك زۆربەی ژیانی (گوایە) لە پێناو ئازادیی و دیمۆكراسیی بەختكردبێ، كەچی هەر ئەو كەسە، بۆچوونی جیاواز نانبڕاو بكات؟؟.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك خەباتی (گوایە) لە پێناو سۆسیالیزم كردبێ، دواتر دەبێتە ئاخیر شەڕ و دەرەبەگایەتیی و بنەماڵەیی زیندوو دەكاتەوە؟؟.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك بە جەماوەر و لایەنگرانی بڵێ وەك قاز و رۆبۆت بیرمەكەنەوە، دواتر هەر خۆی، لەسەر فرە رایی، هاوڕێیانی تەخوین بكات؟؟.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، سەدان و هەزاران خۆرت و لاوی ئەم وڵاتەی لە پێناو (گوایە) ئازادیی كوردستان بە شەهیدكردن داوە و، كەچی هەر خۆی دەفەرموێ: "كە دەچمە بەغداد (پێشتر "بەغا" بوو؟!!) عەبای عەرەبی لەبەر دەكەم" و، وەزیری دەرەوەی یەكێ لە وڵاتە عەرەبییەكانیش (ئەحمەد ئەبولغەیت، وەزیری پێشووتری دەرەوەی میسر) شەرحی فەرموودە نایابەكەی دەكات و ئێژی: "مُش هنخاف منه..إنه أحد القومیین العرب!! حیپ أقام فترە فی مێر وفترە فی سوریا"؟؟!.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك لە دژی بەستەڵەكی تاكحیزبی و حیزبی (ئەلقائید؟)، رێكخراوێكی نوێ دابمەزرێنێ و، كەچی هەر ئەو كەسە، لە دژی خوازیارانی "ئازادیی و نان"، تانك و دەبابە و مودەڕەعە و مورتەزیقەی عەرەب بێنێتە سەر "شارە حەیاتەكە"ی بۆ كپكردنەوەی دەنگی نا رازیی؟؟!.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، عەرەب بە عەرەبایەتیی خۆی داوای بنەبڕكردنی گەندەڵی بكات، كەچی "مام"ی تەسبیحی قەزوان بەدەست ، رێگریی بكات لێی؟؟!.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك (گوایە) لە پێناو بەختیاركردنی گەلەكەی تێدەكۆشێ، كەچی هەر ئەو كەسە، زلهێزێكی وەك یەكێتی لە پێناو كورسییەكەی بتوێنێتەوە؟؟!.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا، كەسێك درۆشمی حیزبەكەی "یا كەركووك و یا خانەقین.. یا تا ماوین هەر دەجەنگین" بێ و، كەچی هەر ئەو كەسە خۆی، كەمتر لە سێیەكی ئەو كەركووكە "قودسە" بكاتە بەشی نەتەوەكەی؟؟!.
عەقڵی كێ ئەوە بڕ دەكا..عەقڵی كێ؟؟!
لە كۆتاییدا، لەبەر ئەوەی تۆمەتی "خیانەت"، تۆمەتێكی تا بڵێی گەورەیە، من ناڵێم بەڕێز جەلال تاڵەبانی خائینە، ئەوە جێ دێڵم بۆ خوێنەرەوە بەڕێزەكان و نەوەی داهاتوو. دیمۆكراسی (راستینە) تاكە چارەسەرە!!.
قاهیرە 18/5/2011
[email protected]


 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە