کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەروەردەی کوردستا ن پەروەردەی بێ ئومێدی و شکستپێهێنانی منداڵی کوردە

Friday, 20/12/2013, 12:00


بەشی یەکەم

بەو پێیەی دەیەیەکی تەمەنم وەك : مامۆستا لە کایەی بە ناو پەروەردەی کوردستاندا بەڕێکردووەو دەست و پەنجەم لە گەڵ ئەو بێسەروبەرەیەدا نەرم کردووێە کە ناویانناوە سیستم ،ئەو مافە بە خۆم دەدەم وەك تەنێکی قاڵبوو بارگراوی بەو کۆژان و گاڵتەجاڕیانەی کە چاوەڕوانین تاکی ئەکتیڤمان بۆ بەرهەمبهێنێت چەند سەرنجێك بخەمە بەر دیدەی خوێنەرانی خۆشەویستمان .
سەرەتا حەز دەکەم بەو پرسیارە دەستپێبکەم ئایا لە کوردستان شتێك هەیە ناوی سیستمی پەروەردە بێت ؟ ئەگەر هەیە ئایا ئەو سیستمە لە لایەن چی دەزگایەکی نیشتیمانی وەك دەسڵاتی یاسادانانەوە پەسەند کراوە؟ بێگومان لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دڵێین نەخێر لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە سیستمێکی پەسەندکراوی فەرمی نییە کە لە پەڕلەمانی کوردستاندا دەنگی لە سەر درابێت و بە ڕوونی و بە پوختی تیایدا ئەرك و ماف و ئیمتیازەکانی هەرسێ ڕەگەزەکەی پەروەردە (فێرخواز- فێرکار کارگێڕ) و ئەوانی تر دەستنیشان بکات .
هەتا لە سایەیدا ئەرك و فرمانەکانی سەرشانیان ڕابپەڕێنن و چاوەڕوانی ماف و ئیمتیازی شایستە بن، ئەمەش بەڕای من هۆکاری پشت ئەو هەمو گاڵتەجاڕی و سکاندڵەیە کە لە ژێر ناوی بەناو سیستمی پەروەردەدا دەگوزەرێت .
باشە دەبێت بپرسین بۆچی ئەم کارە نەکراوەو، بە قانون سەرلەبەری ئەرك و ماف و ئیمتیازەکان بە جۆرێکی کۆنکرێتی دیاری نەکراوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئەویش بۆ ئەوەیە هەتا بە ئارەزوی ئەو هێزانەی کە سیستمی پەروەردەو فەلسەفەی پەروەردەی ئەم وڵاتە دادەڕێژن و بەڕێوە دەبەن پەروەردە بەڕێوە بچێت و لە سایەیدا ئەوەی بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و فیئەوی تیایە بەدەستی بهێنن، هەر لەبەر ئەمەش بە پێویستیان نەزانیوەو لە بەرژەوەندییاندا نییە پەروەردە سیستماتیك و مەسلەکی بێت و توخمە پەروەردەیەکان پاکژو پیشەیی و نیشتیمانی بن.
بۆیە لە کاتی وەرگرتنی فێرخواز لە کۆڵێجی پەروەردەو لە کاتی دامەزراندنی فێرکار بە مامۆستاو مامۆستا بە کارگێڕی فێرگەکاندا هیچ جۆرە فلتەرێکی ئەکادیمی و زانستی نییە بە ئەندازەی پێوەری نەریتەوانی ستۆك و خۆکردی هەندێك بەناو سەرپەرشتیاری پیری دۆگما ، کە ژیری و هۆشیان لە سەدە تاریکەکانی مێژودا چەقیوەو پەرتەناش دەکات.
هەر لەبەر ئەمەشە قەیران دەسپێرنە زەمان و ساڵ بە ساڵ بە میکانیزمی پینەپەڕۆ کاروباری پەروەردەیی تێدەپەڕێنن، بەبێ ئەوەی بە دوای چارەسەری ڕیشەیی و کۆنکرێتی قەیرانەکەدا بگەڕێن ، لێرەشدا هۆکار وابەستەیی ئەمانەیە بە هەندێك جێگەی ترەوە کە هیچ پەیوەندییەکی کاڵوکرچیشیان بەم کایە گرنگەی ژیانەوە نییە کە بە خشتی یەکەمی شورەی هەموو ژیارو پێشکەوتنێك دادەنرێت.
ئەمانە هاتون لە پاسیڤترین و نا پەروەردەترین و ناچالاکترین مامۆستاکان و دورترین پسپۆڕییەکان ستاڤی کارگێڕی فێرگەکان هەڵدەبژێرن ، زۆرێك لە کارگێڕو یاریدەدەرەکانیان لە نەتوانای و نە شارەزایی و نەزانینی وانە وتنەوە پەنایان بۆ ئەو پلەیانە بردووە، دوجار ئەمانە لەسای بێ سیستمی و نەبونی یاسای پەروەردەو کارکردنیان بەڕێنمایە کاڵ و کرچ و زارەکییەکانی سەرپەرشتیارانی پیرو نەخۆشدا کاروباری فێرگەکان بەڕێوە دەبەن .
بۆیە دەبینیت لە هەر پەروەردە لەهەر فێرگەیەکدا فەلسەفەیەکی پەروەردەیی و ستایڵێکی پەروەردە کردنی سەقەت پێگیری لێدەکرێت ، کە ئەویش داهێنراوو زادەی بڕیاری بێ لێکۆڵینەوەو پلانی سەرپەرشتیارانی پیرە.
ئەمەش بۆتە هۆی ساردکردنەوەی مامۆستا دڵسۆزو ئاکتیڤەکان و بگرە هەندێك جار دەکەونە بەردەم خەشم و قین ! ئەگەر دەنگێك بە ڕووی بێدادی و بێسەرو بەرەییدا بەرزبکەنەوەو بیانەوێت شەمەندەفەری پەروەرە بگێڕنەوە سەر هێڵی دروستی خۆی .
لەبەر ئەمەیە دەبینیت لەشکرێك لە مامۆستای ماندوو کاراو دڵسۆزیان خزاندۆتە گۆشەی پەراوێزەوەو ئەرکباریان کردون و لە هەموو ماف و ئیمتیازێکیان کردون و لە جێگەی ئەوان خەڵکانی ناشایستەو نا پەروەردەیی و نا کارگێڕییان سەپاندووەو خەنییان کردوون بە دەسکەوت و ئیمتیازو بواردوشیانن لە ئەرك و ماندوو بوون .
جگە لە هەموو ئەمانە لە جیاتی گرنگیدان بە ناوەڕۆك و کرۆك گرنگی دەدرێت بە توێکڵ و ڕوخسار ، کاری زۆربەی پەروەردەکان تەنهاو تەنها بۆ نیشاندان و میدیایەو پوچە لە ناوەڕۆک ئامانج ، جگە لەوەش لە سای ئەم بە سویدی کردنی پەروەردەدا!!!! پرۆسەی خوێندنیان بە تونێڵێکی هێندە تاریك گەیاندووە ئەوسەری دیار نییە کە تیایدا فێرخوازیش توشی مەلەل و بێ هیوای و بێزار بوون بووە ، چونکە بە چاوی خۆی لە سای بێ بەرنامەیی وەزارەتی خوێندنی باڵاو کەمتەرخەمی دەسڵاتدا دەبینێت چۆن یاری بە هیواو ئامانجی مناڵانی ئەم وڵاتەوە دەکرێت و بە بیانووی نە بوونی ستاف و هۆڵی خوێندنەوە چۆن ساڵانە هەزاران فێرخواز بێبەش دەکرێت لە چونە زانکۆو پەیمانگا، کە ئەمەش نیشانەیەکی تری سپاردنی قەیرانە بە زەمان وهەروەها نیشانەی بێ پلانی و لێڵی فەلسەفەی پەروەردەو فێر کردنە.

بابان بریزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە