کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌زار ساڵ بکه‌یت ئه‌ردۆغان په‌رستی ، هه‌ر ده‌هێنیت نوشوستی

Thursday, 31/03/2011, 12:00


له‌ 29- مارتدا که‌ هه‌شته‌مین ڕۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆزی کوردان بوو شاهیدی ڕووداوێکی سه‌رنجڕاکێش بووین ، ئه‌و ڕووداوه‌ ڕووداوێکی شادیهێنه‌ر نه‌بوو به‌ڵکو په‌یامی ژێر پێ خستنی ئابڕووی کوردان و ڕه‌وایه‌تیدان به‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و به‌ هه‌ند نه‌گرتنی ئێسکوپروسکی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و سوکایه‌تیکردن به‌ که‌سوکاره‌کانیان بوو . ئه‌و ڕۆژه‌ش سه‌ردانی دڕنده‌ترین دوژمنی نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆ پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان بوو ، که‌ ئه‌و دڕنده‌یه‌ش ئه‌ردۆغانی تێنو نه‌شکاو به‌ خوێنی ئازیزانمان بوو .
به‌ڵێ ؛ هه‌ولێرێک که‌ له‌ ڕابردوودا شاری هۆلاکۆ به‌زێن بوو ئه‌وا ئیمڕۆ نه‌ک هه‌ر ده‌چێته‌ ژێر پێی تورانییه‌کی فاشسته‌وه‌ به‌ڵکو سه‌رجه‌م کوچه‌و کۆڵانه‌کانیشی به‌ ئاڵای نه‌وه‌کانی هۆلاکۆ ده‌ڕازێته‌وه‌ .
هاتنی ئه‌ردۆغان گۆڕینی سیمای هه‌ولێری به‌ دواوه‌ بوو ، ئه‌و سیمایه‌ش سیمای تورانیه‌ت و شه‌کاندنه‌وه‌ی ئاڵای که‌مالیسته‌کان بوو که‌ هاوشێوه‌ی سیمای 31ی ئاب بوو که‌ هه‌ولێری دێرین ژێر پۆستاڵی به‌عسیه‌کان خرا و ئاڵای به‌عس له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌کدا ده‌شه‌کایه‌وه‌ .
هاتنی ئه‌ردۆغان بۆ شاری قه‌ڵا و مناره‌ ته‌نها گۆڕینی سیمای شاری به‌دواوه‌ نه‌بوو به‌ڵکو به‌ پرچ کێشکردنی ئه‌و کچانه‌شی لێکه‌وته‌وه‌ به‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی قه‌زای سۆراندا که‌ ئاماده‌ی کڕنووشبردن بۆ ئه‌ردۆغان نین ، هاتنی ئه‌ردۆغان ته‌نها نه‌ویکردنی قه‌ڵای هه‌ولێری لێنه‌که‌وته‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ڵکو نه‌ویکردنی مێرمنداڵانی نێو قه‌ڵاشی به‌دواوه‌ بوو بۆ ماچکردنی که‌وش و پێڵاوی هه‌زار پیاوه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ . بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ :-


بۆچی له‌م کاته‌دا ده‌رگای هه‌ولێر ئاوه‌ڵا ده‌کرێت بۆ نه‌وه‌که‌ی هۆلاکۆ ؟
هه‌ولێرێک که‌ له‌ پاش 31ی ئابه‌وه‌ بوویه‌ گۆڕێکی به‌ کۆمه‌ڵ بۆ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و ڕۆشنبیرانی باکور و خۆرئاوای کوردستان ، هه‌ولێرێک که‌ چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌ ئێستا بوویه‌ بازاڕی ئاڵ و وێڵکردنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات و به‌ پۆل ڕاده‌ستی کۆماری ئیسلامی ئێران کرانه‌وه‌ ، هه‌ولێرێک که‌ تاوه‌کو ڕۆژگاری ئیمڕۆش ده‌رگای داخراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی شاره‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستاندا ، که‌چی ئێستا هه‌موو ده‌روازه‌کان له‌سه‌ر پشتن بۆ له‌ ئامێزگرتنی ئه‌ردۆغانی تورانی‌ .
سه‌رۆکی هه‌رێم ته‌نها به‌ له‌ ئامێزگرتنی نه‌وه‌که‌ی هۆلاکۆ ئۆقره‌ی نه‌گرت به‌ڵکو خودی خۆیشی وه‌کو مه‌ئمورێکی ئه‌م به‌چکه‌ که‌مالیستییه‌ چاولێکرد و کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێری پێ سپارد ، سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ پێناوی مه‌ئموریه‌که‌یدا پڕۆژه‌ی فرۆشتنی که‌رکوکی خسته‌ واری کرداریه‌وه‌ و سه‌رۆکی شاره‌وانیه‌که‌ به‌ تورانییه‌ک به‌خشی ، سه‌رۆکی هه‌رێم ته‌نها فرۆشتنی که‌رکوک به‌ خاڵی کۆتایی نازانێت به‌ڵکو مشتی له‌ فرۆشتنی هه‌موو کوردانیش خۆشکردووه‌ و له‌ ئێستاوه‌ بانگه‌وازی بۆ کوردانی باکوور ده‌کات که‌ له‌ 12ی حوزه‌یراندا خۆیان له‌ ئه‌ردۆغان ماره‌ بکه‌ن و ببنه‌ بوکی پارتی ئاکه‌په‌ .
بۆچی سه‌رۆکی هه‌رێم هێنده‌ شادومانه‌ که‌ ببێته‌ مه‌ئمورێکی ئه‌ردۆغان ؟
هه‌موو سه‌رۆک خێڵه‌کان خاوه‌نی دیارده‌یه‌کی هاوبه‌شن ئه‌و دیارده‌یه‌ش به‌ ڕه‌عیه‌ت کردنی ئه‌ندامانی خێڵه‌ ، له‌ پێناوی کۆیله‌کردنی ئه‌ندامانی خێڵیشدا ئاماده‌ی هه‌موو سازش و ملکه‌چییه‌ک ده‌بن بۆ ده‌سه‌ڵاتداران { بۆ نموونه‌ مسته‌شاره‌کانی سه‌رده‌می به‌عس که‌ بریتی بوون له‌ سه‌رۆک خێڵه‌کان } . له‌ چاوی سه‌رۆک خێله‌وه‌ نابێت هیچ حسابێک بۆ ڕه‌عیه‌ت بکرێت و گوێگرتن له‌ سکاڵای ڕه‌عیه‌ت به‌ سوکایه‌تی ده‌زانن بۆ خودی خۆیان . سه‌رۆکی هه‌رێمیش که‌ هه‌م سه‌رۆک خێڵه‌ و هه‌م زیاد له‌ پێویست گرێدراوی خێڵه‌کایه‌تیشه‌ ئه‌وا له‌م دیارده‌ دزێوه‌ به‌دوور نییه‌ و به‌ حوکمی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیشی هه‌موو دانیشتوانی هه‌رێم وه‌کو ڕه‌عیه‌ت ده‌بینێت . بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ :-

http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=3895&LinkID=3
له‌ ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا که‌ جۆش و خرۆشی داخوازیه‌ ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ر ده‌ستی پێکردووه‌ له‌ سلێمانی و به‌شێکی دیکه‌ی شاره‌کانی باشووری کوردستاندا و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژیش ئه‌م جۆش و خرۆشه‌ له‌ زیادبووندایه‌ ئه‌وا له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ده‌نگی زوڵاڵی جه‌ماوه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم ناچاری گوێگرتن ده‌کات که‌ ئه‌م گوێگرتنه‌ش وه‌کو گه‌وره‌ترین سوکایه‌تی چاو لێده‌کات بۆ خودی خۆی ، سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ پێناوی نه‌بیستنی ده‌نگی گه‌لدا ملکه‌چکردن بۆ داگیرکه‌ران به‌ باشترین ڕێگه‌ چاره‌ ده‌زانێت . به‌م ملکه‌چ کردنه‌ هه‌م په‌یامێکی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز ده‌داته‌ جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و هه‌م ده‌خوازێت لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانیش (به‌ته‌یبه‌ت یه‌کگرتووی ئیسلامی) به‌لای خۆیدا کێش بکات ، چونکه‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی ئه‌و ڕاستیه‌ ناشارێته‌وه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌که‌په‌ی تورکی ده‌کات له‌ باشووری کوردستاندا . سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ مه‌یسه‌رکردنی ویسته‌کانی نه‌ک هه‌ر ملکه‌چی هه‌موو بڕیارێکی ئه‌ردۆغان ده‌بێت به‌ڵکو هه‌مان په‌یمانی ڕابردووش دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ واژۆکردنی کاغه‌زی سپی بۆ که‌مالیسته‌کان . گوێ بگره‌ له‌ ته‌واوی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی خواره‌وه‌ :-


به‌شه‌کانی دیکه‌ ده‌توانن هه‌ر له‌کاتنی کردنه‌وه‌ی یوتوبه‌که‌ ببینن.

ده‌سه‌ڵاتداران بۆ داسه‌پاندنی خودی خۆیان به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌ که‌ ملکه‌چی چ داگیرکه‌رێک ده‌بن و سه‌رجه‌م داگیرکه‌رانیشیان تاقیکردۆته‌وه‌ { هه‌ر له‌ شای ئێرانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ کۆماری ئیسلامی ، هه‌ر له‌ به‌عسی عێراقه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مالکی ، هه‌ر له‌ ئیسرائیله‌وه‌ تا ده‌گاته‌ به‌عسی سوریا ، هه‌ر له‌ ئه‌مریکاوه‌ تا ده‌گاته‌ تورانیه‌کان } .
ته‌واوی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی داگیرکه‌راندا بووه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خه‌زێنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌لای کاربه‌ده‌ستانی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان پارێزراوه‌ . له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نها ئاماژه‌ به‌ درکاندنی هه‌ندێک له‌ ڕاستیه‌کان ده‌که‌م له‌لایه‌ن دوو گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستی داگیرکه‌رانه‌وه‌ :-
1- سالم الجمیلی به‌ڕێوه‌به‌ری شوعبه‌ی ئه‌مریکا له‌ ده‌زگای موخابه‌راتی به‌عس باسی زۆر شتی شاراوه‌ ده‌کات له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا :-

2- عیسا پژمان که‌ سه‌رۆکی ساواک بووه‌ و زۆرترین په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ بارزانیدا هه‌بووه‌ ده‌ڵێت :- خۆم شه‌ڕی بارزانی و عێراقم هه‌ڵگیرساند و هه‌ر خۆیشم کۆتایم پێی هێنا ، بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ :-

http://kurdistanpost.info/kitebxane/isa_pijman.pdf
مه‌به‌ستی ئه‌ردۆغانیش له‌م سه‌ردانه‌یدا جگه‌ له‌ ژێرپێ خستنی ئابڕووی کوردان ، هه‌م بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌ که‌م وێنه‌کانی باکووری کوردستانه‌ و هه‌م بۆ مسۆگه‌رکردنی ده‌نگی کوردانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی حوزه‌یرانی داهاتوودا . مسۆگه‌رکردنی ده‌نگی نه‌ته‌وه‌که‌شمان یه‌کسانه‌ به‌ خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کردنی هه‌موو داخوازیه‌کانی کوردان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە