ئەو حیزبانەی کوردن وخۆیان بەئێرانی یان عێراقی دەزانن لە داگیرکەر مەترسیدارترن بۆ پاشەڕۆژی کوردستان
Friday, 13/12/2013, 12:00
1187 بینراوە
هەر گەلێک وکۆمەڵگایەک خاوەن مێژو زمان وکلتوری جڤاکی خۆیەتی و بە ڕاوەستەبوون و هەڵسان وڕێوەچونی کلتوری جڤاکی خۆی دەتوانێت گوزارشت لە هەبوونی ڕاستینەی خۆی بکات. ئەو گەلانەی کە زمان و کلتوری خۆیان لەدەست داوە بێگومان بەتەواوی هەبوونی خۆیانیان لەدەست داوەو ناتوانن ئیدیعای هەبوونیان بکەن.
گەلی زیندو بە زیندوبوونی کلتوری جڤاکی خۆی و زمان و دابو نەریەتی خۆی زیندو بوونی ئیسپات دەکات ، ئەو کۆمەڵگایەی کلتوری خۆی دۆڕاندوە بێگومان ئەخلاقی راستینەی خۆیشی دۆڕاندوەو لە جەوهەری خۆی بێواتا بووە. کۆمەڵگای بێناسنامە کۆمەڵگایەکە بێڕیشەیەو لاوازو بێهێزە.
هەر گوڵێک و هەر گیایەک وهەر بوونەوەرێک خاوەن ناسنامەوخاوەن کلتوری ژیانی خۆیەتی و هەر کات ئەو نێو یان کلتورو تایبەتمەندیە ژیانیەی لێبستێندرێت یان لە دەستی بدات ئەوە ژیان وگیانیانیش بەتەواوی لە دەست دەدەن.
گەلی کورد یەکێک لەو گەلە هەرە کۆنانەیە کە هەر لە دەستپێکی دروست بوونی ژیانی مرۆۆڤایەتی هەبوەو لە داوێنی ئەویش دا شارستانیەت و ژیان چرۆی کردوەو پەلی هاوێشتوەتە نێو گەلانی دیکەدا.
بەداخەوە بەهۆی دور بوون وەیان نەزانین لەمێژوی ڕاستەقینەی ئەو گەلە هەندێک حیزب وڕێخراوە کەوتونەتە فرۆشتنی ناسنامەی گەلی کوردو کوردستانیان بە سەر دەوڵەتانی داگیرکەردابەش کردوەو ناسنامەی گەلی سەردەستیان لە سەر خۆیان تاپۆ کردوەو ، ئەمەش لەخۆی دا خۆفرۆشی و خاک فرۆشیە.
گەلی کورد میلەتێکە بەنێوی کوردو وڵاتێکیشمان هەیە بەنێوی کوردستان ، ئێران و عێراق وتورکیە وسوریە وڵاتی ئێمەنیە بەڵکوو داگیرکەری وڵاتی ئێمەیە، ئیدی نەک ئەوەی نابێت شانازی پێوەبکەین بەڵکوو دەبێت نفرەتیشمان لێی هەبێت.
وەک بەڕێزبێشکچی گەورە نوسەری تورک و دۆستی گەلی کورد دەڵێت هەندێک کوردی خۆ نەناس دەڵێن کوردستانی ئێران، کوردستانی عێراق،کوردستانی تورکیە وکوردستانی سوریە ئیدی بیرناکەنەوە بڵێن ئەدی کوردستانی کوردان لەکوێیە.
داگیرکەران خاکی کوردانیان داگیر کردوە بەڵام تا ئێستاش نەیانتوانیوە بە داڕشتنی هەزاران پڕۆژەو پیلان ئەو گەلە لە بوونی ناسنامەی ڕاستینەی خۆیان پاک بکەنو بیانکەن بە خۆیان. سڕێنەوەی ناسنامە و تاپۆکردنی کەسایەتی کورد سەدهێندەی داگیرکاری خاک بەئازارترو خەسارترە. لێسەندنی ناسنامە لە کۆمەڵگای کوردی بەواتای لێسەندنی ژیان و گیانی مرۆڤەکانی کوردە ، سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی بەواتای کوشتن و لەبەین بردنی راستینەی ئەو کۆمەڵگایەیەو وەک مردو وایە، کەواتە خاک و نیشتیمان بێمرۆڤ چیەو بۆچیەو بەکەڵکی چی دێت؟ کۆمەڵگایەک زیندو دەتوانێت خاکی داگیرکراوی لەزەمەنێکدا هەر ئازاد بکات بەڵام کۆمەڵگایەک ناسنامەی تاپۆ بکرێت ئەوە ئیدی ئیرادەو هەست و شوعوریشی تاپۆ کراوەو دەبێت وەک کۆیلەیەک هەردەم بەئازارو بێقیمەت ژیانی سەر شۆڕی بەڕێوە ببات.
ڕاشکاوانە دەڵێم ئەو پارت وحیزبانەی گەلی کوردم بە ئێرانی و عێراقی ناو دەبەن ئەوانە منداڵانی لۆزانن و لە گەلی کورد نین ئەوانە پەروەردەی مەکتەبی داگیرکەران و تەمسیلی مەلای خەتی دەکەن. مرۆڤی کورد بکوژە بەڵام ناسنامەی مەکوژن چون هەر مرۆڤێک زیندوو بوونی لەوەدایە خاوەن هەست و سۆز و خۆشەویستی و خاوەن هەڵوێست بێت بەڵام کاتێک بێناسنامە بێت ئەو کات خاوەن هیچکام لەمانە نیە .
لە سەنگەری ئێرانی بوندا خەباتکردن ڕاست سەنگەرگرتنە لە کوردستان وفیشەک بە سینگی وڵاتنانە ، ئەو حیزبانەی بە نێوی کوردستانی ئێران وە یان وڵاتانی دیکە چەندە خەباتیان پێش بکەوێت ئەوەندەش گەلی کورد لە ڕاستی بوونی خۆیان دور دەخەنەوە، چەندە ئەو حیزبانە سەربکەون ئەوەندەش گەلی کورد توشی شکان دەبێت ، هەر بۆیە پێشوەچونی بیری ئێران چیەتی بەدواچوونی بیری نیشتیمان پەروەری وکوردستانی بوونی بەدواوەیە،
سیاسەتی ئەوەی کورد لە کوردستانی بوون دور بکەینەوەو پەلکێشی ئێرانی بوونیان بکەین لە خۆیدا ئەمەیە داگیرکاری هەرە مەزن و مەترسیدار، تازە ئەو سیاسەتە قڕێشەی ئەو حیزبانە ی کە بەنێوی کوردستانی ئێرانەوە دەیکەن کە بێجگە لە خیانەتێکی نەتەوەی نەبێت هیچی دیکەنیە وەک خەبات و شۆڕشیش پێناسەی دەکەن وبە ڕوی کۆمەڵگای کوردیدا دەیدەن.
چ ئەقڵیەتێک ئەوە قەبوڵ دەکات کورد بیت و نیشتیمانت کوردستان بێت بەڵام خوێن بدەی وزەحمەتی بگریتە بەر بۆ ئەوەی کورد تەسلیمی وڵاتێک بکەی کە داگیرکەری وڵاتەکەتەو شەری ئەوە بکەی کە بیرو زیکری کوردستانی لەمێشکی تاکی کورد فۆرمات بکەیو بیری و زیکری ئێرانی بوونی تێدا دانلۆد بکەی.
لە کۆتایدا ئەوە دەڵێم شەڕی هەرە گەورەو شۆڕشی هەرە گەورەش شەڕی بەزانابوون و گەیشتن بە حەقیقەتی خۆبوونە. هەر گەلێک هەزار جارنیشتیمانی ئازاد بکات بەڵام خاوەنی ناسنامەی خۆی نەبێت تەسلیم و کۆیلەیە زیاتر هیچی دیکە نیە. ئەرکی هەر ڕۆشنبیر و کەسایەتیە نەتەوەیەکانەو داوا دەکەم لەم بوارەدا جدی ببنو لە ئایدزی خۆفەرامۆشی وە یان خۆفرۆشی کۆمەڵگای کوردستانیمان بپارێزن ولە هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمان بن.
تاریق یوسفی