کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیستی داخراو زاده‌ی عه‌قڵی داخراوه‌

Thursday, 26/03/2009, 12:00


له‌گه‌ڵ نزیکبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌کانی کوردستان و ئێراک،هه‌روه‌ها بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی لیستی سه‌ربه‌خۆ و چه‌ند لیستی تر، که‌ به‌ته‌مان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن،له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا که‌ پارتی و یه‌کێتین، هاوکات له‌گه‌ڵ کارلێکی ده‌نگ و ڕاکاندا،بیرۆکه‌ی شێوازی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش بوه‌ پرسێکی سه‌ره‌کی،ئه‌و ده‌نگ و ڕه‌نگانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رنج و پێشنیاریان هه‌بو بۆ چۆنیه‌تی شێوازی هه‌|ڵبژاردنه‌کان، جگه‌ له‌ ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ،زۆرینه‌ پێیان باشبو ،ئه‌مجاره‌یان یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ جۆرێک هه‌موار بکرێ و ڕێکبخرێت، ده‌نگی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌کان بچێته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌،ئه‌ویش به‌ شێوازی لیستی کراوه‌ نه‌ک داخراو.
به‌ داخه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی نه‌یتوانیوه‌ سه‌ره‌داوێکیش په‌ند له‌هه‌ڵه‌کانی ڕابردوی خۆی وه‌رگرێت ،ئه‌وه‌تا ئه‌زمونی هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ ناکارایی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و چه‌ندین شکستی سیاسی و کاره‌ساتی ماڵوێرانکه‌ر، ده‌رهاویشته‌ی چیه‌؟
بێگومان هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌یڕه‌وکردنی ئه‌و سیسته‌مه‌داخراوه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردودا کاریان پێکردوه‌،که‌واته‌ بۆ ده‌بێت په‌ندی لێوه‌رنه‌گرن ، یان ئه‌و شێوازه‌ی شکستی هێناوه‌ له‌ زۆربه‌ی بواره‌کان ، بۆ چه‌ندباره‌ی ده‌که‌نه‌وه‌!
یان ئه‌وان ئه‌وان مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیان ڕه‌وتی گۆرینی کۆمه‌ڵگاو سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات نیه‌،به‌ڵکو ته‌نها ئامانجیان بۆته‌ ده‌ستگرتن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و به‌کارهێنانی بۆ مه‌رامه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆیان و ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاتن،ئه‌گه‌ر نا لیستی کراوه‌ چانسی زیاتر ده‌داته‌ نوێنه‌ران بۆ په‌رله‌مان،که‌ شایسته‌ی ئه‌و شوێنه‌ بن و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌نگیان بۆ درابێت،نه‌ک ئه‌وانه‌ی حزب به‌ ئاره‌زوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و دور له‌ ویستی جه‌ماوه‌ر دیاریان ده‌کات، لێره‌شه‌وه‌ ویستی جه‌ماوه‌ر ده‌که‌وێته‌ ژێر پێی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئه‌و پرسیاره‌ش خۆرسکانه‌ گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت ئایا؟ ده‌سه‌ڵاتێک دوای ئه‌و هه‌مو ساڵه‌ توانای به‌ره‌و پێشچونی نه‌بێت، به‌ڕیتمی حه‌ڤده‌ ساڵ له‌مه‌و پێش بێته‌وه‌ گۆڕه‌پانه‌که‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێی چی لێبکه‌ین!
هه‌رچه‌نده‌ ناڕه‌زایی و بێزاری خه‌ڵکی کوردستان له‌ ئاستێکدایه‌، پێناچێت ئه‌و گه‌مه‌یه‌شیان باره‌که‌یان ڕاست بکاته‌وه‌ و ئه‌و ڕێژه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێننه‌وه‌ که‌ خۆیان گه‌ره‌کیانه‌، یان وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردو، ته‌نها له‌ حاڵه‌تێکدا که‌ خۆیان سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بکه‌ن، ڕێی تێده‌چێت به‌ ده‌ستتێوه‌ردان و ساخته‌کاری یان هه‌ر شێوازێکی تری دژه‌ دیموکراسی ده‌نگه‌کان بێننه‌وه‌، له‌ ئێستاوه‌ جێی خۆیه‌تی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی ،حزب و ڕێکخراوی سیاسی ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵات ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات.
ڕۆژانه‌ چه‌ندین جار ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستان فه‌نتازیای ئه‌وه‌مان به‌سه‌رداده‌که‌ن،که‌ توانیویانه‌ ئیداره‌کان یه‌کبخه‌نه‌وه‌، له‌و کاته‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌و پڕو پاگه‌نده‌یه‌ ده‌که‌ن، بۆ نه‌یانده‌توانی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بکه‌ن،یان گه‌ره‌کیان نه‌بوه‌ و ده‌زانن مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، په‌رله‌مانێک چه‌ند دانیشتن ده‌کات و یاسای تایبه‌تیش ده‌رده‌کات سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌کردنی جگه‌ره‌کێشان له‌ شوێنه‌ گشتیه‌کان و چه‌ندین یاسای تریش که‌ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی گۆڕانکاریه‌کانی سه‌رده‌مه‌،نمونه‌ش یاسای په‌سه‌ندکردنی فره‌ ژنی، به‌ڵام یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌کان که‌ چاره‌نوسی هه‌مومانی پێوه‌ به‌نده‌، ده‌خرێته‌ په‌راوێزه‌وه‌.
په‌سه‌ندکردنی لیستی داخراو، له‌ لایه‌ن دو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌کان، گومانی تێدانیه‌ له‌ عه‌قڵی داخراوی ئه‌وانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت هه‌مو ده‌روازه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ داخراوی بهێڵنه‌وه‌، ده‌رگاکانی به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتیش به‌ هه‌میشه‌یی له‌سه‌ر گازه‌ڵای پشتبن، که‌ بریتین له‌ ده‌روازه‌کانی مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ماڵینه‌وه‌ی سامانی نیشتمانی کوردستان و یان ئه‌و ده‌روازانه‌ی ڕێڕه‌ویان ده‌چێته‌وه‌ ماڵی داگیرکه‌ر و دوژمنه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کورد و کوردستان، جێی خۆیه‌تی خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان له‌ ئێستاوه‌ له‌ نیه‌تی ئه‌و دو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ تێبگه‌ن، که‌ نایانه‌وێت و له‌ به‌رنامه‌یاندا نیه‌ هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه‌ بڕۆن ڕوه‌و گۆڕانکاری، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت به‌و عه‌قڵه‌ داخراوه‌ی ئێستایان جارێکی دی بێنه‌وه‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی و کۆمه‌ڵگاش به‌و عه‌قڵه‌ داخراوه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، که‌ ئه‌وه‌ش زه‌نگێکی مه‌ترسیداره‌ بۆ هه‌مومان و ئاینده‌ی کورد به‌گشتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە