لەسەر دانانى پەیكەرى حەمەپاشا مەلا بەختیار عەشیرەتەكان توڕەدەكات
Monday, 17/12/2012, 12:00
ئامادەكردنى:رایەڵ
ئیسماعیل عەزیز ئاغا: مەلا بەختیار هیچ مەعلوماتى نییە و خۆى بچووككردووەتەوە
لەسەر دانانى پەیكەرى حەمەپاشاى جاف لەسەر قەڵاى شێروانەى كەلار رەخنەى توند لەمەكتەبى سیاسى یەكێتى و مەلا بەختیار كارگێڕى مەكتەبى سیاسى ئەو حیزبە دەگیرێت و تۆمەتبار دەكرێن بەزیندووكردنەوەى عەقڵى خێڵ لەگەرمیان.
رۆژى 24/11 لەسەر قەڵاى شێروانە و بەئامادەبوونى مەلا بەختیار و بەرپرسانى یەكێتى ڤیستیڤاڵێك ئەنجام دراو تێیدا پەردە لەسەر پەیكەرى حەمەپاشاى جاف دانرا، كە پەیكەرەكە لەسەر ئەركى مەكتەبى سیاسى یەكێتى دروستكرابوو.
حەمەپاشاى جاف لەساڵانى هەزار و هەشتسەدەكان لەلایەن عەزیزى شاوەیس كەیەكێك بوو لەسەرۆك تیرەكانى جاف كوژرا، دواتر كەس و كارى شاوەیس كەوتنە بەر هێرشى جاف و هەموویان هەڵاتن بۆ ئێران.
نوسەرى كتێبى عەقڵى خێڵ، رەخنەى توند لەدانانى ئەو پەیكەرە لەلایەن هێزێكى سۆشیال دیموكراتى وەكو یەكێتى دەگرێت و پێیوایە دەبێتە هۆى زیندووكردنەوەى عەقڵى خێڵ و نانەوەى دووبەرەكى.
بێستون ژاڵەیى وتى"گەر تیرەكانى جاف پەیكەریان بۆ حەمەپاشا دروستبكردایە تاڕادەیەك ئاسایى بوو، بەڵام ئەم كارەى حیزب جگە لەدەنگ كۆكردنەوە هیچ پاساوێكى نیە".
هەروەها وتیشى"وتاردانى مەلا بەختیار كەپیاوێكى چەپە لەڤیستیڤاڵى خێڵ جێى سەرسوڕمانە".
دانانى پەیكەرى حەمەپاشا لەسەر قەڵاى شێروانە بەو پاساوە گوایە پەیوەندیەك لەنێوان حەمەپاشاو قەڵاكەدا هەبووە، كە بەشێك لەشوێنەوارناسان دروستكردنى قەڵاكە بۆسەردەمى ساسانیەكان و بەشێكیشى دەڵێن گوایە حەمەپاشا دروستى كردووە.
ژاڵەیى وتى"خودى مەلا بەختیاریش بڕواى بەوە نییە قەڵاكە حەمەپاشا دروستى كردبێت".
پەیكەرى حەمەپاشاى جاف لەلایەن مەكتەبى سیاسى یەكێتیەوە لەئێران دروستكراوە كەبەردێكى گرانبەهاى تێدا بەكارهێنراوە، بەڵام نانخواردن و تێچووى ڤیستیڤاڵەكە لەسەر ئەركى بەگزادەكانى جاف بووە.
دانانى پەیكەر بۆ حەمەپاشاى جاف لەسەر قەڵاى شێروانە لەلایەن یەكێتیەوە، لەكاتێكدایە دوو ساڵ لەمەوبەر كەسێك بەناوى ئیبراهیم زەریف ویستى پەیكەر بۆ حەمەپاشا دابنێت بەڵام ئیدارەى كەلار و یەكێتى رێگەیان پێنەدا.
ئیبراهیم زەریف وتى"كاتى خۆى ویستم پەیكەر بۆ حەمەپاشا دابنێم یەكێتى هەڵایەكى لەسەر دروستكردم".
ناوبراو كەخۆى كادیرێكى یەكێتى یە، وتیشى"بۆیە دواتر پەیكەرەكەى حەمەپاشایان فڕێداو شاردیانەوە كەچى ئێستا خۆیان دایدەنێن".
جگە لەرەخنەگرتن لەیەكێتى لەسەر دانانى پەیكەرەكە، وتارەكەى مەلا بەختیار كە لەڤیستیڤاڵەكەدا پێشكەشى كرد عەشیرەتەكانى گەرمیانى توڕەو نیگەران كرد.
مەلا بەختیار لەستایشى جاف دا وتى"كاتى خۆى ئەم ناوچەیە جاف بووە ئەوانەشى جاف نەبوون نان خۆرى جاف بوون".
سەرۆك عەشیرەتى زەنگەنە كە عەشیرەتێكى بەشێكى زۆر لەدانیشتوانى گەرمیان پێكدەهێنن، بە توندى وەڵامى مەلا بەختیار دەداتەوە و دەڵێت"گەر واى وتبێت خیلافى وتووە".
ئیسماعیل عەزیز ئاغا، رایگەیاند"مەلا بەختیار هیچ مەعلوماتى نیە ، گەر واى وتبێت خۆى بچووك كردووەتەوە، چونكە جگە لەجاف سى عەشیرەتى تر لەگەرمیاندا وجودیان هەبووە".
هەروەها وتیشى "لەجیاتى دانانى ئەو پەیكەرە حەقبوو بیرى ئیرتیوازى بۆ دوو گوندى جاف دروست بكەن و جادەیان بۆ ببەن".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست