نامیەكی كراوە بۆ زەكەریا عەبدوڵڵا... ئەرێ بەڕاست تۆ ژنت نەهێناوە....؟؟؟!!
Wednesday, 15/04/2009, 12:00
1607 بینراوە
رۆژی دووشەممە لە دوا ژمارەی رۆژنامەی (رووداو) لەلاپەرەی پێشەوەی رۆژنامەكەدا هاتووە، زەكەریا عەبدوڵلای هونەرمەندی گۆرانیبێژ بۆ ئەو رۆژنامەیە گوتویەتی : (راست نییە، ژنم نەهێناوە)
سەیرە زەكەریا وادەزانێ لەمەملەكەتێكی ترەوە بۆ مان نازڵ بووە و هونەرمان بۆ دەكات، وەك بڵێ ی كەس نەیناسێ و هیچ بنایادەمێكیش نازانێ ئەو چی دەكات و چی كردووە و یا بەتەمای چیە، بەهار حاڵ من لێرەوە نامەیەك ئاراستەی ئەو دەكەم و پێ ی دەڵێم من وەڵامی ئەوەت ئەدەمەوە، كە بەڕێزتان دەمێكە خێزانتان پێكهێناوە (14) پێش ئێستا واتە ساڵی (1995) لە وڵاتی سوێد خێزانت پێكهێنا، ئەو راستیەش هەموو كوردێكی وڵاتی سوێد دەیزانێ بەتایبەتی كوردەكانی شاری (بێستەرۆست و ستۆكهۆڵم)..
زەكەریای هونەرمەند ئاخر لە پێناوی چی و لە پای چی دوای ئەوەندە ساڵە لە سەر رووپەری رۆژنامەكانی كوردستان دەڵێیت ژنم نەهێناوە، ئاخر هیچ بابەتێك و هیچ قسەیەكت نیە بۆهونەری كوردی ئەوە نەبێت باسی ژن هێنان و نەهێنانت بكەیت..؟ بەراستی سەیرە بە خۆت و گۆچانەكەی دەستت هیچت نیە تەنها ژن دێنم و ناهێنم نەبێت..؟؟
من لێرەوە بۆ خوێنەران ئەوە ئاشكرا دەكەم، كە تۆ ژنت هێناوە و خێزانەكەشت ئافرەتێكی سویدی بوو بەناوی (لینا) و هەر ئەو خێزانەی تۆش بوو، بەخێوی دەكردی بە ئیش و كارەكانی رۆژانەی كە لە سوید ئەنجامی دەدا، ئاخر زەكەریا عەبدوڵڵا ئێستا (لینا) دراوسێ ی منە و لە وڵاتی سوید دەژیێت، كاتێك ئەو هەواڵەم پێ راگەیاند زۆری لەلاسەیر بوو، بەمنی گوت بۆچی وای گوتووە زەكەربا..؟ ئایا لەلای ئێوە ئەگەر گۆرانیبێژێك بڵێت من ژنم هێناوە كەس گوێ ی لێ ناگرێت..؟ یاخوود جەماوەرەكەی لە كورتی دەدات و كەم دەبێتەوە..؟ منیش گوتم نازانم بڵێم چی ..؟؟!! ئەم جارەیان رووی پرسیارم ئاراستەی ئەو كرد و گوتم ئەی باشە تۆ پێم بڵێ زەكەریا ژیانی هاوسەری لەگەڵ تۆ پێكهێناوە..؟؟
لەوەڵامدا سەرێكی راوەشاند و گوتی : بەڵێ ئەی چۆن زۆر مەمنونیش بوو تا رازی بووم ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێك بهێنم، چونكە من بەخێوم دەكرد و زۆر یارمەتیشم ئەدا، تەنانەت بۆ وەرگرتنی (ئیقامە)كەشی هەر ئەو پرۆسەی هاوسەرگیریەمان بووە هۆكاری وەرگرتن و مانەوەی لەم وڵاتە، ئێستاكەش بەو شێوەیە قسەدەكات!!! من ئامادەم لەبەردەمی هەموو دونیا بیسەڵمێنم كە (زەكەریا) ژیانی هاوسەری لەگەڵ من پێكهێناوە و بەبێ هیچ هۆكارێك لێم جیا بۆتەوە، شایەت حاڵی ئەو بابەتەی ژیانی هاوسەری من و زەكەریا هونەرمەند (بژار دیلان)ە كە ئێستا لە وڵاتی سویدەو خاوەنی ستۆدیۆ دەنگە، كە زۆر هاورێم بوو و لەهەمان كاتدا زۆر هاورێ ی زەكریاش بوو، ئەویش ئەگەر بێوەفا نەبَێت لەگەڵ ویژدانی خۆی درۆ نەكات، دەتوانێ راستیەكان وەك خۆی بدركێنێت....
دوای ئەو قسانە پێی گوتم من كۆمەڵێك بەڵگەو دیكۆمینتم لەسەر زەكەریا لەلایە ئەگەر داوای لێبوردن لەو رۆژنامەیە و خوێنەرانی نەكات، من هەموویان بڵاو دەكەمەوە هەروەها ئەو كۆمەڵێك مافی منی لەلایە و پێویستە بۆم بگەڕێنێتەوە، ئەگەرنا لەرێگەی دادگا یەكلای دەكەمەوە.
بەهەرحاڵ خوێنەرە بەرێزەكان قسەی تری زۆری كرد، بەڵام من لەبەر ئەخڵاقیاتی نووسینەكەم نەم نووسی بەڵام بەڵێنم پێداوە كە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سازبكەم و وێنەكانی خۆی لەگەڵ زەكەریا بۆی بڵاو بكەمەوە، بەڵام ئەو پێی گوتم كاتێك دیمانەكەی بڵاو كرایەوە وەرە بۆ لام و بۆ وەربگێرە (تەرجومە) بكە، ئینجا من لەبەرامبەردا هەموو شتێك بۆ خەڵكی كورد و خوێنەرانی ئاشكرا دەكەم...
منیش لێرەوە دەڵێم زەكەریا عەبدوڵڵا پێویستە تۆ دان بەوە دابنێ ی كە لەوڵاتی سوێد ژیانی هاوسەریت پێكهێناوە و پێویست ناكات خەڵك چەواشە بكەیت، ئاخرا برا تاكەی بەو شتە لاوەكیانە خۆت بادە دەی...؟
نازانم بۆ دەبێ تەنها لە ریگەی ئەو (كارزان حەیدەر)ەوە دیمانە ساز بكەیت..؟ بۆچی ناوێری لەگەڵ یەك رۆژنامەنووسی تر دابنیشی..؟ یاخوود تەنها ئەو بەرێزە دەتوانێ بەشان باڵات دا هەڵبڵێت ..؟ ئاخر من ئەوە چەندین جارە لە رێگەی رۆژنامەی (خەبات و رووداو) چەند رۆژنامەیەكی تر تەنها ئەو كارزان ناوە دیمانەكانت بۆ رێك دەخات..؟ بەهەرحاڵ ئەو برادەرەش یەكێكە لەو كەسانەی بەردەوام ریكلام و دەهۆڵ كوتانت بۆ دەكەن و بە پارە وەك بەكرێ گیراوێك كاریان پێدەكەیت، ئەگەرنا نازانم بۆچی ئەو برادەر تا ئێستا نەیتوانیووە دوو پرسیاری جددی روو بەرووی تۆ بكاتەوە..؟ جگە لە پیاهەڵدان و موجامەلەكردن نەبێت، كە ئەوە لە هەموو رێساو كاری رۆژنامەوانی جیهانی دا كارێكی نەشیاوەو بگرە زۆر عەیبە.
بەهەر حاڵ بەرێزانی رۆژنامەی (رووداو) ئاگادار دەكەمەوە، ئاگاداری ئەو جۆرە ریكلامانە بۆ زەكەریای دەكەن، بەبێ ئەوەی ئاگاداری بن، هەروەها من بەڵێن بەهەموو خوێنەرانی (رووداو) و ئەو ماڵپەرە ئازیزە دەدەم لە داهاتوودا ئەگەر زەكەریا ئەو هەڵەیەی خۆی راست نەكاتەوە دیمانەیەك لە گەڵ (لینا)ی خێزانی پێشووی (زەكەریا عەبدوڵڵا) ساز دەكەم و هەموو نەهێنیەكانی ژیانی خۆی و زەكەریا بۆ خوێنەرانی كوردستان ئاشكرا دەكەم..
جگە لەوەش زەكەریا بەم دوایە هەر خۆی بوو بڵاوی كردەوە كە بەنیازە ژیانی هاوسەری لەگەڵ كچێكی (سەرباز هەورامی) پێك بهێنێت، كە ئەو یەكێكە لەكەسە باڵادەست و فەرمان بەدەستەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام دیارە پرۆسەكەی سەری نەگرتووە بۆیە پاشگەز بۆتەوە لە قسەكەی و دەیەوێت لەرێگەی ئەو دیمانەیە بڵێت جارێ ژنم نەهێناوە..؟
لە كۆتایی دا زەكەریا لە بەشێكی ئەو دیمانەیەدا دەڵێت من بەردەوام لەگەڵ دایكمم و سوێندی گەورەشم بەسەری ئەوە، برواتان بێ سوێند بە كوردستان شەوێكیان (نەجمەدین عەبدوڵڵا) كە ناسراوە بە نەجمەدین ئاوارە كە یەكێك لەبراگەورەكانی زەكەریا ئەویش هونەرمەندی گۆرانیبێژە و لەلای زۆربەتان ئاشنایە، لەو دانیشتنەمان شاڵاوی شاعیری گۆرانیەكانی زەكەریا و چەند برادەرێك دەنیشتبوون، ئەو كاك نەجمەدینە گوتی زەكەریا زۆر بێ رەحم بووە، بروابكەن بە شەش مانگ جارێكیش دایكم نابینێت، ئەو تەنها خەریكی سەفەر و گەشت و پارە كۆكردنەوەیە، بۆ بەڵگەی قسەكانم گوتیشی زۆرجار خوشەكەكانم ویستویانە پەیوەندی پێوە بكەن بەڵام ئەو وەڵامی نەداونەتەوە تەنانەت ئامادە نەبووە لەهەولێریش لەشوێنی حەوانەوەی خۆی بیان بینێت، كەچی زۆر سەیرە زەكەریا لەو رۆژنامەیە زۆر عاتیفیانە و وەك بڵێ ی خەڵك هیچ نازانێ دەربارەی وەسفی خۆی دەكات كە دایكی زۆر خۆشدەوێت و لەبەر ئەو ژن ناهێنێت... ئەی ئافەرین هونەرمەندی بەناو بانگ و گەورەی كورد.
چاوەروان بن دێمەوە لاتان لە داهاتوویەكی نزیكدا
- سوێد