كەشتییەكەی توركیا و هەڵوێستی سەركردایەتی كورد
Friday, 23/09/2011, 12:00
زێتر لە پێنج ساڵە توركیا و ئێران بە بیانووی هەبوونی بارەگاكانی (پەكەكە) و (پژاك) ناوچە سنوورییەكانی هەرێم تۆپباران، كەچی حكومەتی هەرێم جگە لە بەیاننامە و ئیدانە كردنی زارەكی، هەڵوێستێكی كردارەكی نەنواندووە، تەنانەت فشاری دیپلۆماسی بەرامبەر بەو وڵاتانە نەگرتۆتەبەر، ئەمە وێرای ئەوەی كە تائێستا نە ئێران و توركیا، نە حكومەتی هەرێم و عێراق، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو ناوچانەیان نەكردۆتەوە.
لەبەر ئەوەی ئیسرائیل ئامادە نەبوو داوای لێبوردن لە توركیا بكات، هەفتەی رابردوو توركیا هەموو جۆرە پەیوەندییەكی دیپلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسارد، تەنیا لەسەر ئەوەی كە ئیسرائیل هێرشی كردبووە سەر كەشتییەكی توركیا كە بەرەو كەرتی غەززە دەچوو. توركیا ئامادە بوو لەپێناو سومعەی وڵاتەكەی و پاراستنی گەلەكەی، پەیوەندی لەگەڵ بەهێزترین وڵاتی ناوچەكە بپچڕێت. هەر چەندە ئەمە زەرەری ئابووریی بۆ توركیا هەیە، بەڵام لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی بەهێزتر و مەزنتر دەكات و پەیامێكیشە بۆ وڵاتانی تر كە نەكەن دەست بۆ توركیا درێژ بكەن بە هەر بیانوویەك بێت.
بەڵام حكومەتەكەی ئێمە چی كردووە؟ وەك وتم پێنچ ساڵە توركیا و ئێران ناوچە سنوورییەكان تۆپباران دەكەن و هاوڵاتیانی سڤیلی كورد شەهید و بریندار دەكەن و زێتر لە 150 گوند چۆل كراوە و بەدەیان دۆنم رەز و باخ و لەوەڕگە سوتاوە، ئەی كوا فشارە دیپلۆماسییەكانی حكومەتە ساوا كەڵپە تیژەكەی (خۆ بە خۆ كەڵپە تیژین) كورد؟
سەركردایەتی كورد چاو لە تاوانی وڵاتان و شەهید كردنی هاوڵاتیانی كورد و سووتانی گوندەكان دەپۆشێت، كەچی هێشتا شانازی بەوەوە دەكات كە لە رابردوودا ئەو وڵاتانە یارمەتی شۆڕشی كوردیان داوە و ئێستا بە بڕی زێتر لە (5) ملیارد دۆلار پەیوەندی و ئاڵ و گۆڕی بازرگانیمان لەگەڵیاندا هەیە. حكومەتێك ئامادە بێت میللەتەكەی بكاتە قوربانی پارە و سامان، سەركردەیەك، سەرۆكێك ئامادە بێت بازرگانی بە خوێنی هاوڵاتیانییەوە بكات، دەبێ چارەنووسی ئەم نیشتمان و مرۆڤانە چی بێت؟
ئەمە لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێم دەیتوانی بە دەیان رێگەی جیاواز فشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانە كە كاری لەو جۆرە دووبارە نەكەنەوە و ئامادەی داوای لێبوردن و قەرەبووكردنەوەش بن. بۆ نموونە (بانگهێشێت كردنی كونسڵی ئەو وڵاتانە بۆ لێپرسینەوە یان دەركردنیان، بانگهێشتكردنەوەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەو وڵاتانە، سڕكردنی هەموو ئەو كۆمپانیا بازرگانی و میدیایانەی توركیا و ئێران كە لە هەرێمدان یان دەركردنیان، هەڵپەساردنی پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بایكۆتكردنی كاڵای ئەو وڵاتانە، شكاتكردن لەو وڵاتانە لە دادگای نێودەوڵەتی، پەنا بردن بۆ وڵاتە زلهێزەكان، كشانەوەی نوێنەران و بەرپرسانی كورد لە حكومەتی ناوەندی،....)، بەداخەوە، وێرای ئەوەی حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی كورد هیچكام لەم رێگایانەی بەكار نەهێناوە، كەچی كەوتۆتە لۆمە كردن و سەرزەنشت كردنی حزبە كوردییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و باكوور، ئەمە لەكاتێكدایە كە مەبەستی ئەوان (ئێران و توركیا) بوونی بارەگاكانی پژاك و پەكەكە نییە، بەڵكو سنووردار كردن و قەتیس كردنی گەشەسەندنی ئەزموونی هەرێم و سوود وەرنەگرتنێتی لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە.
دەبێ ئەوەش بزانین كە بەزاندنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە بە ئاگاداری ئەمریكایە، چونكە هێشتا سەروەری عێراق لەژێر دەست ئەمریكادایە. ئەی دەبێ دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەم سێ وڵاتە چی بەم هەرێمە بكەن؟
شۆڕشی جەماوەریی سوریا لە لێواری سەركەوتن و لەناوچوونی حكومەتە دیكاتۆرەكەی ئەسەددایە، ئەمەش زیانی گەورەی دەبێ بۆ توركیا و ئێران، چونكە لە بەرەو پێشچوونی دۆزی كورد لە سوریا و مسۆگەر كردنی حوكمی خۆبەڕێوەبردن، ئەوا كاریگەری دەبێت لەسەر پارچەكانی كوردستانی رۆژهەڵات و باكوور، كە لەژێر داگیركاریی ئێران و توركیادان، بۆیە ئێران بە چەك و تەقەمەنی یارمەتی سوپا سەركوتكەرەكەی ئەسەد دەدات، و توركیاش یارمەتی حزبی ئیخوان موسلیمینی سوریی دەدات و هەر لە ئێستاوە دەیەوێ پێگەی كورد لە نەخشەی سیاسی سوریای داهاتوو رەشبكاتەوە، ئەمە لە لایەك، لە یەكی ترەوە ئێستا لە باشووری كوردستان ئامادەكاری دەكرێ بۆ بەستنی "كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان" بۆ ئەوەی هەڵوێستی حزبە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان یەكخرێت و كارنامەیەكی هاوبەش بۆ چۆنیەتی چارەسەر كردنی دۆزی كورد بێتە گەڵاڵە كردن، بۆیە ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێ پێش لەو بەرەوپێشچوونە بگرن و نەهێڵن هەرێمی كوردستان پایەكانی حكومڕانی فراوانتر بكات و سوود لەگۆڕانكارییەنی ناوچەكە وەربگرێت و لە دواجاریش ناهێڵن كورد بەگشتی سوود لەو هەل و مەرجە تازەیە وەربگرێت كە بۆی هاتۆتە پێشێ. چونكە باش دەزانن دوای سەركەوتنی شۆڕشی سوریا، نورەی ئێران و توركیا دێت. هەڵبەت لەم نێوەندەشدا حكومەتی عێراقی هاوهەڵوێستی توركیا و ئێرانە و ئەویش لە ناوچە دابڕێنراوەكانەوە (ئێستا لە سەعدییە و جەلەولا) هێرش و فشاری هێناوەتە سەر هەرێمی كوردستان.
كەواتە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی كورد و پەرلەمانی كوردستان بڕیاری یەكلاكەرەوە و چارەنووسسازانە بدەن و سوود لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە وەربگرن و هەڵوێستی كردارانە بەرامبەر بە ئێران و توركیا و عێراق بگرنەبەر و یەكڕیزی پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان پتەوتر بكەن و هەرچی زووترە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی دۆزی كورد بە بەشداری هەر چوار پارچەی كوردستان، بێتە بەستن.
[email protected] ئەم وتارە لە ژمارە 73ی رۆژی 2092011ی رۆژنامەی چەتر بڵاوبۆتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست