ئافه‌رینێک بۆ کاک خالد عه‌زیزی...به‌شی دووه‌م
Sunday, 27/12/2009, 12:00
ئه‌گه‌ر له جیاتی جارێک سه‌د جار ئافه‌رینی کاک خالد عه‌زیزی بکرێت هێشتا که‌مه ، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی که سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی به‌ده‌ست هێنابێت(چونکه هیچ کاتێک له له‌ته حیزبێکی موچه‌خۆری به‌ر ده‌ستی تاڵه‌بانی شتی وه‌ها ناوه‌شێته‌وه) به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی که زۆر ڕاستگۆیانه ناوه‌ڕۆکی حیزبه‌که‌ی مامۆستای شیکردۆته‌وه تاوه‌کو له‌وه زیاتر ئازیزانی نه‌ته‌وه‌که‌مان دووچاری چه‌واشه‌کاری نه‌بن به هه‌ندێک دروشمی باقوبریق .
له کاتێکدا حدک ته‌واو گرێدراوی یه‌کێتی بێت ، ئه‌وا ده‌بێت سکرتێره‌که‌شی که کاک خالد عه‌زیزییه هه‌مان خوی تاڵه‌بانی بگرێت به‌بوونی یه‌ک جیاوازییه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که تاڵه‌بانی له ده‌سه‌ڵاتداریدا ڕاستینه‌ی خودی خۆی ئاشکرا کرد که ئه‌و ڕاستییه‌ش به خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کانی هه‌موو ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوو ، به‌ڵام کاک خالد عه‌زیزی له ئۆردوگانشینی و په‌رته‌وازه‌ییه‌وه ڕاستینه‌ی حیزبه‌که‌ی مامۆستا ئاشکرا ده‌کات که ئه‌و ڕاستییه‌ش هه‌وڵی جوانکردنی ڕوخساره ناشیرینه‌کانی داگیرکه‌رانه ، هه‌ر بۆیه له سه‌ره‌تای گوته‌کانیدا تاڵه‌بانی ئاسایی ده‌که‌وێته پیاهه‌ڵدان به ده‌سه‌ڵاته کۆنه‌په‌رسته‌که‌ی ئه‌ردۆغاندا و ده‌ڵێت :-[ده‌بینین توركیا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت، هه‌ندێك له‌بنه‌ماكانی كه‌مالیزم دوور ده‌كه‌وێته‌وه له حاله‌تی داخراوی دێته ده‌رێ و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر خۆشتر ده‌كات و كرانه‌وه‌یه‌ك به‌رووی كورددا ده‌كات. توركیا ئه‌مڕۆ كارتی یاریزانێكی جیدی‌تر و مه‌عقولتر و دیموكراتی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌یه تا ئێران] .
کورد ده‌ڵێت "له ئاوی مه‌ند بترسه" ، له هیچ کوردێک شاراوه نییه که ئه‌و سیاسه‌ته چه‌واشه‌کارییه‌ی ئه‌ردۆغان گرتوویه‌تیه به‌ر و ئه‌و دژایه‌تیه تونده‌ی که به‌رامبه‌ر به کوردان پیاده‌ی ده‌کات هیچ سنوورێکی نه‌هێشتۆته‌وه و له ئاوی مه‌ند مه‌ندتره ، ئه‌وه ئه‌ردۆغانه که ده‌ڵێت " یه‌ک وڵات و یه‌ک نه‌ته‌وه ، یان قبوڵی بکه یاخود چۆڵی بکه" ، ئه‌وه ئه‌ردۆغانه که فه‌رمان به هێزه چه‌کداره‌کانی ده‌کات که ڕه‌حم به ژن و منداڵی کوردیش نه‌که‌ن ، ئه‌وه ئه‌ردۆغانه که سه‌ر ده‌کات به کۆشی هه‌موو لایه‌کدا بۆ له نێوبردنی کوردان ، ئه‌وه ئه‌ردۆغانه که په‌یمانی چه‌ند قۆڵی پیاده ده‌کات بۆ خنکاندنی یه‌کجاره‌کی ده‌نگی زوڵاڵی نه‌ته‌وه‌که‌مان ، ئه‌وه ئه‌ردۆغانه که سه‌رهه‌ڵدانی ملیۆنان سڤیل وه‌کو تیرۆریست پێناسه ده‌کات ، ئه‌وه ئه‌ردۆغانه که فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌کردنی پارتێکی ئاشتیخوازی وه‌کو ده‌ته‌په ده‌رده‌کات و هه‌زاران تاوانی دیکه‌ش ، ئیتر ده‌بێت ئه‌م کرانه‌وه‌یه‌ی ئه‌ردۆغان به‌ڕووی کوردان‌دا له چ گۆشه‌یه‌کی جیهاندا جێگه‌ی گرتبێت ؟!
ئایا کاک خالد عه‌زیزی ئه‌و هه‌موو گۆڕه به‌کۆمه‌ڵانه نابینێت که ڕۆژانه ئاشکرا ده‌کرێن و هه‌مووشیان له‌سه‌ر ده‌ستی حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغاندا ئه‌نجام دراون ؟ ئایا کاک خالد عه‌زیزی ته‌رمی ئه‌و گه‌ریلا شه‌هیدانه نابینێت که پاش شه‌هیدبوونیش به گوریش کێشیان ده‌که‌ن و به له‌قه ده‌چنه سه‌رسه‌ریان و هه‌موو بێحورمه‌تییه‌کیان پێده‌که‌ن ؟
خۆ ئه‌گه‌ر کاک خالد عه‌زیزی ئاگاداری ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه‌ی ئه‌ردۆغان و حیزبه‌که‌ی نییه ئه‌وا با کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره بکات تاوه‌کو به وێنه‌وه ڕووداوه‌کان به چاوی خۆی ببینێت :-
http://www.firatnews.com/index.php?rupel=nuce&nuceID=19169
خۆ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م گوتانه‌ی کاک خالد له‌سه‌ر داوای تاڵه‌بانی نه‌بێت ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه بۆ ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانه تاوه‌کو لایه‌نی کاک خالد به ته‌سلیمبوونه‌وه قبووڵ بکات ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و حکومه‌ته‌که‌ی هاوپه‌یمانێکی ستراتیژی کۆماری ئیسلامییه دژ به ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان .
پاشان کاک خالد عه‌زیزی ددان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێت که ئه‌وه‌ی گوتوویانه و له به‌رنامه‌ی حیزبه‌که‌یاندا بووه ته‌نها مه‌ره‌که‌بی سه‌ر کاغه‌ز بووه و بۆ له خشته‌بردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان داڕێژراوه ده‌نا له ناوه‌ڕۆکدا نه‌ک هه‌ر ئامانجێکی له‌و جۆره‌یان نه‌بووه به‌ڵکو باسکردن له شتێکی له‌و جۆره‌ش بڤه بووه ، چونکه هێنده‌ی حیزبی دیموکرات له دروشمه‌کانی‌دا خۆی خه‌ریک کردبوو به ڕووخاندنی کۆماری ئتسلامییه‌وه و ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌شمانیان کرده قوربانی ئه‌م دروشمه نیو هێنده خۆیان خه‌ریک نه‌کردبوو با ئازادی نه‌ته‌وایه‌تیمان و ڕزگاربوون له کۆت و به‌ندی داگیرکاری ، که‌چی کاک خالد زۆر به ڕاشکاوی ده‌ڵێت [خودی دروشمی رووخاندنی كۆماری ئیسلامی، ره‌نگه شوێنه‌وارێكی ئه‌وه بووبێ كه ته‌نانه‌ت ئێمه‌شی له‌یه‌ك خانه‌دا هێشتبێته‌وه، هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌مان بیر كردبێته‌وه‌و هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دروشم و له‌حاڵه‌تی هێرشكردنه سه‌ردا مابینه‌وه و هه‌وڵمان نه‌دابێ رێگه‌ی دیكه‌ش بكه‌ینه‌وه و له‌و رێگه‌یانه‌وه كۆماری ئیسلامی تووشی به‌ربه‌ست بكه‌ن. هۆی هاتنه ئارای دروشمی رووخانی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه كاتێك وتوێژی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی تووشی شكست هات و كۆماری ئیسلامی هێرشیكرده سه‌ر كوردستان و كوردستانی میلیتاریزه كرد، خوێن ده‌ڕژا و شه‌ڕ ده‌كرا، ئه‌و دروشمه له‌ڕووی سایكۆلۆژی و ئوسولی جێكه‌وت].
خاکه‌ساری کوردان له‌وه‌دا بووه که جڵه‌وی که‌وتۆته ده‌ستی ئه‌م حیزبه کلاسیکیانه‌وه و ئامانجی ئه‌م حیزبانه‌ش له خشته‌بردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان و به‌لاڕێدابردنی ئازادیخوازان بووه ، چونکه له ڕابردووش‌دا زۆر گوێبیستی هاوشێوه‌ی ئه‌م گوتانه‌ی کاک خالد ده‌بووین له‌سه‌ر زاری تاڵه‌بانی و بارزانی و دروشمه‌کانی "یان کوردستان یان نه‌مان" و "مافی چاره‌ی خۆنوسینیان" پێ ده‌فرۆشتین ، به‌ڵام کاتێک بواری ئه‌م دروشمانه ڕه‌خسا ئه‌و کات دروشمه‌کان کرانه‌وه به قوڕگی به‌رپرسه‌کاندا و یه‌کێتی خاکی عێراق و دروستکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌ری نوێ و به خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کردنی ئامانجه‌کانی کوردان خرانه واری کردارییه‌وه .
من خودی خۆم نه‌ک هه‌ر ئافه‌رین به‌ڵکو ده‌ستخۆشیش ده‌نێرم بۆ کاک خالد بۆ درکاندنی ئه‌م ڕاستییه ، چونکه ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌ک هه‌ر له توانای حیزبی دیموکرات‌دا نییه به‌ڵکو ئه‌رکی هیچ کوردێکیش نییه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌رکی کوردان ده‌رکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاربوون له کۆیلایه‌تییه نه‌ک گۆڕینی داگیرکه‌رێک به داگیرکه‌رێکی دیکه ، چونکه گۆڕینی ڕژێمی پادشایه‌تی بۆ کۆماری ئیسلامی چه‌نده سودی بۆ کوردان هه‌بووه ئه‌وا گۆڕینی کۆماری ئیسلامیش بۆ هه‌ر ڕژێمێکی داگیرکه‌ری دیکه له‌وه زیاتر سودی بۆ کوردان نابێت ، به‌ڵام له جیاتی به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی و چه‌واشه‌کردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌م دروشمه بێ بناغه‌ییانه‌وه ئه‌گه‌ر نیو هێنده خۆمان به یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادی کوردستان و کورده‌وه خه‌ریک بکردایه زۆر باشتر ده‌بوو .
گرفتاری کوردان چه‌نده له داگیرکراویدا بووه سه‌د هێنده له‌و زه‌لیلیه‌دا بووه که به‌هۆی ئه‌م جۆره سه‌رکردانه‌وه دووچاری هاتووه که هه‌میشه دروشمێکیان به‌رز کردۆته‌وه که نه‌ک هه‌ر زامه‌کانی کوردانی ساڕ‌ێژ نه‌ده‌کرد به‌ڵکو هیچ سودێکیشی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌بووه .
له جێگه‌یه‌کی دیکه‌شدا کاک خالد عه‌زیزی ده‌ڵێت :- [ئه‌گه‌ر بۆ ئێمه ئه‌منیه‌ت هه‌بێ له نێوخۆی وڵات، ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا ئێمه ده‌چینه‌وه. پێمانوایه شوێنی ئێمه وه‌ك حیزبی دیموكراتی كوردستان نه ئه‌ورووپایه، نه ئه‌مریكایه و نه كوردستانی عێراقه، جێگه‌ی ئیمه كوردستانی ئێرانه. ئێستاش كه لێره‌ین بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه هیچ مه‌جالێكمان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه].
له بێخه‌به‌ران که‌شکه‌ک سه‌ڵاوات ، پێده‌چێت کاک خالد ئاگاداری ئه‌وه نه‌بێت که پاساوی ئۆردوگانشینی و هه‌ڵهاتن له ڕاستییان ده‌گێڕایه‌وه بۆ ده‌ستکه‌وته‌کانی باشوور و ده‌یانگوت ئه‌زموونی باشوور ده‌پارێزین . کاتێک لایه‌نێک بتوانێت ئه‌زموون بپارێزێت ، ئه‌ی چۆن هیچ مه‌جالێکی بۆ نامێنێت ؟
هه‌ژده ساڵی ڕه‌به‌قه باشووری کوردستان گیرۆده‌ی مۆته‌که‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی هاتووه ، که‌چی له‌م هه‌ژده ساڵه‌دا نه‌ک هیچ هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆمان له حیزبی دیموکرات نه‌بینی به‌ڵکو خۆشیان ببوون به به‌شێک له گه‌نده‌ڵیه‌کانی یاکێتی و پارتی و هه‌میشه ببوون به خوێن و له ده‌ماره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداراندا ده‌گه‌ڕان .
ئه‌گه‌ر کاک خالد عه‌زیزی مه‌به‌ستی له لایه‌نه‌کانی یه‌کێتی و پارتی بێت و بخوازێت گه‌ردنی تێکۆشه‌ره‌کانی دیموکرات له چه‌قۆی ده‌مه‌زه‌ردی ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌رباز بکات ئه‌وا سه‌دان جار جێگه‌ی ئافه‌رینه چونکه چ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا بن و چ له‌ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی یه‌کێتی و پارتی‌دا بن هه‌ر وه‌کو یه‌ک وه‌هایه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی کاک خالد له سه‌رتاسه‌ری باشووری کوردستان بێت ئه‌وا زۆر گوته‌یه‌کی نابه‌جێ و دوور له به‌رپرسیارێتییه چونکه باشووری کوردستان موڵکی هه‌موو کوردێکه و تاپۆکه‌ی له گیرفانی هیچ لایه‌نێکدا نه‌بووه تاوه‌کو خۆی بکاته خاوه‌نی یه‌کجاره‌کی ، خاوه‌نی یه‌کجاره‌کی باشووری کوردستان گه‌لی کورده نه‌ک دوو بنه‌ماڵه‌ی ته‌واو گرێ‌دراو به داگیرکه‌رانه‌وه . بۆچی بۆ یه‌کێتی و پارتی ڕه‌وایه که له باشووری کوردستاندا هه‌بن به‌ڵام بۆ حیزبی دیموکرات ڕه‌وا نه‌بێت ؟ خۆ یه‌کێتی و پارتیش به هه‌وڵ و تێکۆشان نه‌هاتوونه‌ته باشووره‌وه به‌ڵکو ئێمه ڕاپه‌ڕینمان به‌رپا کردووه و سه‌رانی یه‌کێتی و پارتیش به سواری ئوتومبێل گه‌ڕاونه‌ته‌وه باشوور و خۆیان داسه‌پاندووه به‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌لدا .
لێره‌دا یه‌ک پرسیار بۆ کاک خالد عه‌زیزی قوت ده‌بێته‌وه و ده‌پرسم :- ئایا مافی حیزبی دیموکراتی کوردستان زیاتره که له باشووردا هه‌بن یاخود مافی سه‌دان بنکه‌ی میتی تورکی و ئیتڵاعاتی ئێرانی ؟
کاک خالد عه‌زیزی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌شزانێت که کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ مافێکی کوردان ده‌سته‌به‌ر ناکات به‌ڵام هێشتاش دادوبێدادیه‌تی که چۆن بگه‌ڕێته‌وه ژێر ڕه‌حمه‌تی داگیرکاری و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:- [له‌و باوه‌ڕه‌داین كه كۆماری ئیسلامی نه فیدرالیزم قه‌بوول ده‌كا و نه خودموختاری بۆ كورد قه‌بول ده‌كا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆماری ئیسلامی ئه‌منیه‌ت بدات به چالاكی سیاسی ئێمه‌و له‌كوردستانی ئێران خه‌ڵك به‌هۆی بۆچوونی سیاسی نه‌گیرێ و له‌سیداره نه‌درێ، ئه‌وه زۆر به باش ده‌زانین كه بچینه‌وه ناوخۆی وڵات و له‌وێ درێژه به چالاكییه‌كانمان بده‌ین].
به‌ڵێ ، بۆ کاک خالد گرنگ نییه که هیچ مافێکی کوردان دابین نه‌کرێت به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی که ئه‌منیه‌تی خۆی مسۆگه‌ر بکرێت و بتوانێت درێژه به چالاکیه‌کانی بدات . که ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ش هه‌مان بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رانی یه‌کێتی و پارتیه ، چونکه له‌لای سه‌رانی یه‌کێتی و پارتیش گرنگ نییه که کوردان هه‌موو شتێک له ده‌ست ده‌ده‌ن و دووچاری ئه‌نفال و کیمیاباران هاتوون ، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌منیه‌تی خۆیان له به‌غدادی عروبه دابینکراوه و چه‌ند پۆستێکی کارتۆنییان پێ ڕه‌وابینراوه .
ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌زانیت که کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ داواکارییه‌کی کوردان جێبه‌جێ ناکات که‌واته مه‌به‌ستی به‌ڕێزتان له چ جۆره چالاکییه‌کی سیاسییه ؟
بۆ زانیاری زیاتر سه‌رنج بدره ئه‌م به‌ڵگانه‌ی خواره‌وه :-
https://www.kurdistanpost.nu/biz/jalalboetla3at.jpgدرێژه‌ی هه‌یه...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست