کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەستێکی لە پشتە

Wednesday, 09/05/2012, 12:00



 




لەگەڵ ئەوپەڕی پشتگیری و ڕێزم بۆ خۆپێشاندانی تاکە کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک تەنانەت کە بۆ بچووکترین داواکاریش بێت، بەڵام بە شێوازێکی سەردەمیانە و دوور لە توند و تیژی بێت.
بەڕێزان؛ چ ئەوەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێردا ڕوویدا و چ ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە باشووری کوردستان ڕوویانداوە، لە پاشا گەردانی دەچێت، نەک خۆپیشاندان بۆ داواکاری و ڕەخنە گرتن، هەرچی لایەنی پەیوەندیداریشە لە بێ چارەی و دەستەوەستانیان هەمیشە پەنا بۆ چارەسەری نا تەندروست دەبەن، وەکو تەقەکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاوڵاتیان، بۆ هەموو ئەم کارانەشیان ووشە گەلێک دەکەنە بیانوو لە هەمووشیان باوتر ئەو ووشەیە کە هەمیشە لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دووبارە دەبێتەوە کە دەڵێن: (دەستێکی لەپشتە).!، هەروەکو لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی هەولێردا، ئەم ووشە سواوەیان بەکارهێنایەوە ووتیان ؛(دەستێکی لە پشتە)، بەڵام ڕاستی باروودۆخەکە ئەوە نییە، بەڵکو ڕاستی ناوەرۆکی پرسەکە بریتییە لەو بێ یاساییەی کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی نەزانانەی یەکێتی و پارتی دروست بووە و کۆمەڵگایان بەرەو ئەم باردۆخە نا لەبارە بردووە و ڕۆژلە دوای ڕۆژیش بەرەو خراپتر دەڕوات.

ئێستا لە باشووری کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان پەنا بۆ هێز دەبرێت نەک یاسا، نمونەی کوشتنی چەندین کەس لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە سەر کێشەی زەوی و زار و بێ دەنگ و دەستەوەستانی یاساش گەمەکەی خۆشتر کردووە و ئەمە جگە لە کوشتن و بریندار کردنی چەندین خۆپیشاندەر بە هۆی نەبوونی هۆشیاری یاسای لای کارمەندانی ئاسایش و پۆلیس و لەولاشەوە یەکێتی و پارتی بە جێگەی کارکردن بۆ ئەوەی یاسا تاوانباران بە سزا بگەێنێت، تاوانبارانیان پاراستووە و تەنانەت خەڵاتیشیان کردوون.

یەکیتی و پارتی کە هەمیشە بانگێشەی ئەوە دەکەن هەرێمی کوردستان بێشکەی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو پێویستە دەوڵەتانی ناوچە وانەی دیموکراسی لەوانەوە فێر بن، بەڵام مەخابن دوای ٢٠ ساڵ لە تەمەنی فرمانڕەواییان هێشتا نەیان توانیوە یاساگەلێکی گونجاو بۆ کۆمەڵگە فەراهەم بکەن و بەر لە هەموو باردۆخێکی نەخوازراو بگرن، چونکە ئەوان هەمیشە لە دوای ڕوداوەکانن و هەرگیز نەیان توانیوە پێش ڕووداوەکان بگرن و کاربکەن بۆ بەرگرتن بە ڕووداوە نەخوازراوەکان، وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەت لەم چەند ڕۆژانەداو لە پرسی ئەو بابەتەی کە لە گۆڤاری چرپەدا بڵاو کراوەتەوە و سوکاتی بە ئایینی ئیسلام کردوە، ووتی: لەم وڵاتەدا هیچ یاسێک نییە کە بەر بەم جۆرە کارانە بگرێت و بەپێی یاسا کارەکانیان سنوردار بکرێت.! پرسیار لێرەدا ئەوەیە ؛ ئەرێ کێ بەرپرسە لەوەی کە تا ئێستا نەتوانراوە یاساگەلێک بۆ هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە فەراهەم بکەن؟

بەڕێزان؛ کە لێرەدا زۆر جەخت لەسەر یەکێتی و پارتی دەکەمەوە مەبەستم ئەوە نییە کە بەتەنها ئەوان ڕێبەر وفریادرەسی کۆمەڵگەن و جگە لەوان ئێمە وەکو کورد کەسی زیرەک و زانای وامان تیادا نییە کە یاساگەلێک بۆ کۆمەڵگە بنووسن، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەوان ماوەی ٢٠ ساڵە خاوەن دەسەڵاتی ڕەهان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام یەکێتی و پارتی بەجێگەی ئەوەی لە بیری ڕێکخستن و یاسا دانان بن بۆ بنیاد نانی کۆمەڵگەی تەندروست و پێشکەوتووی دیموکراس و ئازاد کە یاسا تێیدا سەروەر بێت، سەرقاڵی پارە کۆکردنەوە و بنیاد نانی باندی مافیایی و بیات نانی چەندین کۆمپانیای گەورەی بازرگانی و ئۆتۆمۆبێلی گرانبەهاو بەخشینەوەی پارە لە پێناو ڕاکێشانی سۆزی خەڵک بۆ حیزب و سەرکردە، یەکێکیش لەو ڕێگایانە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوو کە حیزب بووە خاوەنی دەیان و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی بینراو بیسراو و نوسراو، کە بەردەوام کاریان بۆ حیزب و سەرۆکەکان کردووە، کە ئەمەیان ڕێک کۆپی دەسەڵاتی پێش خۆیان بوو واتا دەسەڵاتی دیکتاتۆری (ێدام حسێن).!

ئێستا پێویستە هەموومان ئەوە بزانین و بە بەرپرسانی هەرێم بڵێین: ئەمە ئەو سیاسەتە هەڵەیەیە کە دەگوتڕێت (سیاسەتی هەڵە ئەنجامی هەڵەی لێ دەکەوێتەوە). ئەمە ئەو بەردەیە کە نەزانەکان خستوویانەتە گۆمەکەوە، ئەوە ئەو فەوزایەیە کە یەکێتی و پارتی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنی کوردیدا دروستیان کردووە و ئامانجیشیان تەنها خزمەت کردنی حیزبە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە و سەدان کەناڵی جۆراوجۆری ڕاگەیاندنیان لەسەر بودجەی گشتی دامەزراندووە و هەزاران کەسی بێ ئەزموونیان تیادا دامەزراندووە و کە موچە خۆری دەوڵەتن و کاری حیزبی دەکەن لەناو دامو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا.

بەڕێزان؛ ئەمە نەبوونی یاسایە لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەرنا نە حیزب دەیتوانی خاوەنی دەزگای ڕاگەیاندن بێت و نە نوسینی بابەتێکی ڕۆژنامەوانیش دەبوو بە خۆ پیشاندان و پەشێوی، ئەگەر یاسا بوونی هەبوایە ئەوا پێویست بوو یاسا هەرزوو کاری خۆی بکردایە و بەم شێوەیە بابەتەکە گەورە ناکرا بوایە، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک بابەتێکی نووسیوە دژی ئایینی ئیسلام و تیایدا سوکایەتی کردووە بە خودا و ئاینی ئیسلام، ئەوا ڕێگەی دروستی چارەسەر کردنی کێشەکە یاسایە نەک پاشاگەردانی بەم جۆرە، ڕێگە چارە زۆر ڕوون و ئاشکرایە و دەبوایە دادگاکان ئەو گۆڤارە و خاوەنی نوسینەکەیان بانگێشتی دادگا بکردایە و بەپێی یاسای ڕۆژانامەوانی مامەڵەی لەگەڵ بابەتەکەدا بکردایە، بەڵام کە یاسا و دادگا نەبێت، ئەوا کۆمەڵگە بەم جۆرە توشی پاشا گەردانی دەبێت و بەرپرسانیش لەبێ چارەیی پرسەکەدا پەنا دەبەن بۆ ووشەگەلی ؛ دەستێکی لەپشتە، خۆپیشاندەران دزن، گێرەشێوێن، بەکرێگیراوی دەرەوەن...تاد.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە