ئیسرائیل هاوپەیمانمانە؟!.

Thursday, 02/09/2010, 12:00


رۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد گرینگی بەدەرچوونی ئەو بڵاڤۆكە لە هەرێمی كوردستان دەدات.
ئەو چاوپێكەوتنەكە لەژێر ناوی "ئیسرائیل هاوپەیمانمانە" رۆژی 31ی ئاب/ئۆگست 2010 لە ماڵپەڕی تایبەتی رۆژنامەكەدا بەزمانی ئینگلیزی بڵاو كراوەتەوە، لێرەدا بەپێویست زانرا خوێنەرانی كورد ئاگەداری ناوەرۆكی گفتوگۆكە بن.


كوردەكانی باكوری عێراق كەسانێكیان لێ هەڵكەوتووە كە لەو بڕوایەدان پێوەندییەكی ئیتنكی نەتەوەیی و مێژوویی لە نێوان كورد و جوودا هەیە، هاوكات هەردوو لا خودانی دوژمنی هاوبەشن.

كات، بەرەبەیانێك بوو لە هەولێر پایەتەختی كوردستانی عێراق، چەند كەسێك لە نێزیك شوێنێكی فرۆشتنی رۆژنامە و گۆڤارە عەرەبی و كوردییەكان وەستابوون كە بەردەمی رۆژنامەفرۆشییەكەى داپۆشیبوو.

كامێراكە چووە سەر یەكێك لە پیاوەكان كە گۆڤارێكی لە دەست بوو و وێنەی "میگان دەیڤد"ی لەسەر بوو. ئەوەیان تەنیا گوتارێكی روونكردنەوە لەبارەى سیاسەتەكانی ئیسرائل بەرامبەر غەزە و پرسی ئاشتیی عەرەب-ئیسرائیل لە ناوچەى "وێست بانك" نەبوو، ئەوەیان "گۆڤاری ئیسرائیل-كورد" بوو كە باس لە بوونی پێوەندیی نەتەوەى كورد و حكوومەتی ئیسرائیل دەكات.

پەیامنێرەكەى كەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئەلحورە" كە ئەمەریكا پاڵپشتیی دارایی دەكات پێشەكییەكەى لەبارەى گۆڤارەكە باس كرد و بە سەرسڕمانەوەى ئاماژە بەبوونی خوێنەری ئەو گۆڤارە لە هەولێر دەكات، دیارە ئەوە یەكەمجارە نییە ناوی ئیسرائیل دزە دەكاتە ناو راگەیاندنی كوردی، بگرە راگەیاندنەكان بەردەوام باسی كێشەى عەرەب و ئیسرائیل دەكەن.

لە عێراق، چاپ و بڵاوكردنەوەى گۆڤارێك كە هەڵگری ناوی ئیسرائیل بێت، پڕە لە مەترسیی جۆرەوجۆر بەتایبەت كە وڵاتانێكی عەرەبی هەن زیاتر گرینگی بەپێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دەدەن و پێیان سەیرە لە كوردستانیش ئەو داوایە هەیە.

هاوار بازیان بەڕێوەبەری نووسینی ئەو گۆڤارە (ئیسرائیل-كورد) دەڵێ "لە ماوەى ساڵی رابردوو بەزۆری هەڕەشە و ترسی ئەو لایەنانەمان لەسەر بووە كە حەز بە كار و ئامانجەكانی ئێمە ناكەن، بەڵام ئەمساڵ خەڵك زیاتر لە جاران لە پەیامەكەى ئێمە دەگەن".
بازیان لە ئێران لەدایك بووە و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەى ئەو وڵاتەی بەجێ هێشتووە و ماوەیەكە لە هەولێر پەنابەرە، ماوەى چەند ساڵێكە خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە و دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزیی زانكۆیە لە هەولێر، ئەو رەگەزنامەی عێراقی نییە و ناتوانێ درێژە بەخوێندنەكەى بدات.

بازیان لەو بڕوایەدایە چەندان خاڵی لێكچوونی نێوان كوردەكان و ئیسرائیلییەكان هەیە و ئاماژە بەوە دەكات مەبەستی ئەو گۆڤارە كە 2 ساڵە لەلایەن دەزگایەكەوە دێتە چاپ و بڵاوكردنەوە، دروستكردنی پردێكی كولتووریی نێوان دوو نەتەوەى كورد و جووە لە كوردستان و ئیسرائیل.

دیارە، هیچ كەس لە عێراق پشتیوانی لەو هەوڵەی هاوار و مەولوود ئافەند سەرنووسەری گۆڤارەكە ناكەن، سەرەڕای ئەو هەمووە هەڕەشە و ترساندنەی بەرامبەر دەزگاكەیان هەیە كە ئیسرائیل-كوردە. ماڵپەڕەكەیان 2 جار لەلایەن توركەكانەوە هاك كراوە و تا ئێستە مۆڵەتی فەرمییان بۆ دامەزراندنی ئاشكرای دەزگاى ئیسرائیل-كورد پێ نەدراوە تا كار بكەن.

بازیان ئاشكرای كرد "لە كوردستانی عێراق 2 ئاراستەى بۆچوون بەرامبەر ئیسرائیل هەیە، بۆچوونێك پێی وایە بوونی پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و كوردستان بەرژەوەندیی دوولایەنەی دەبێ و دەكرێ پەرەی پێ بدرێ، هەروەها بۆچوونێكی تر كە پێوەندیی لەوجۆرە رەت دەكاتەوە و ئەو روانینە زیاتر بۆ كاریگەریی ئیسلامیی توندڕۆ و سێبەری ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی لە هەرێمەكە دەگەڕێتەوە".

بازیان بە "ئورشەلیم پۆست"ی گوت "بەشی دووەمی بۆچوونەكان پێیان وایە ئیسرائیل دوژمنیانە".

هەروەك چۆن دەزگاى ئیسرائیل-كورد مۆڵەتێكی فەرمیان لەلایەن بەرپرسانی عێراقییەوە پێ نەدراوە، تا ئێستە نووسینگەیەكی سەربەخۆ و تەنانەت پێداویستییەكانی تری ئیداری وەك بەشی كۆمپیوتەر و فاكسیان نییە و بەو شێوەیە و بەپێداویستییەكی كەم گۆڤاری مانگانەی خۆیان دەردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵپەڕەكەیان (جگە لە كوردی) بەهەرسێ زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و توركی بڵاو دەبێتەوە. هەروەها چەند گوتارێكیش بەزمانی عیبری هاتوونەتە بڵاوكردنەوە و دروشمی سەرەكیی لاپەڕەكەیان ئەوەیە "با ئیسرائیل وەك خۆی بناسین" كە بەگشتی تیشك دەخاتە سەر كۆمەڵگە و مێژووی ئیسرائیل.

ماڵپەڕەكەیان گرینگییەكی زۆر بە دۆخی كورد و ئیسرائیل و گۆرانكارییەكانی دەدات و بە زمانی كوردی رووداو و ئاڵوگۆڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شی دەكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە نووسەرانێكی زۆری كوردی، ئیسرائیلی و ئەمەریكایی بەشداریان كردووە.

بازیان دەڵێ "ئێمە بەرهەمی ئەو چەوسانەوە مێژوویییەین كە لەلایەن فارس، عەرەب و توركەوە دژی كورد ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە كوردەكان مافە نەتەوەیی، ئاینی و كولتوورییەكانی خۆیان ون كردووە"، هەروەها گوتی "ئەو دوژمنانە هەوڵی لەناوبردنی داهاتوومان دەدەن، هەروەك چۆن ئەو كارەیان بۆ رابردووشمان كردووە، دەزگای ئیسرائیل-كورد هەوڵی پێناسەكردنی پێوەندیی مێژوییی نێوان كورد و جوو دەدات و دوور لە هەرجۆرە روانینێكی ئاینی و ئایدیۆلۆجی گرینگیی بەپتەوكردنی ئەو پێوەندییە دەدات".

لە بەشی "لەبارەى ئێمە" لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی دەزگا و گۆڤاری ئیسرائیل-كورد هاتووە "پەیامی ئێمە روون و ئاشكرایە و دەست دەخاتە سەر قۆناخێكی مێژوویی پێوەندیی كورد و جوو، ئێمە ئەو قۆناخە دەخەینە خزمەت كورد و دۆزە نەتەوەیییەكەى".

بەڕێوەبەری نووسینی ئیسرائیل-كورد ئاماژە دەكات "بەرژەوەندییەكانی هاوبەشی ئیسرائیل-كورد تەنیا پێوەست بە خۆیان نییە، بگرە ئەو دوو لایەنە خاوەن دوژمنی هاوبەشن و لەو روانینەوەش دەتوانن پێوەندیی پتەوتر بێتە دامەزراندن".

"بۆ نموونە وڵاتانی ئێران، سووریا، توركیا و عەرەبەكان و زۆربەى لایەنەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین دوژمنی هاوبەشی كورد و ئیسرائیلن، كورد و جوو بەردوەوام هەوڵی پێشێلكردنی مافەكانیان دراوە و پێویستە ئەو دوو لایەنە هێزەكانیان بخەنە خزمەت ئامانجە هاوبەشەكانیان" بازیان وای گوت.

هەر پێوەست بەو باسەوە، حەمە میروەیسی نووسەری كتێبی "گەڕانەوەی مێدیەكان" لەو بڕوایەدایە هەندێك لە كوردەكان تەنانەت داواكاریی زیاتریش دەكەن و بەپێویستی دەزانن جووەكان بێنە كوردستان و ماڵی نەتەوەییی كورد بنیات بنێنەوە و دەڵێ "هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆری مێدیاوە كوردەكان وەك هاوبەشێك مامەڵەیان لەگەڵ جووەكاندا كردووە و خۆیان بەخاوەن و بەشدار لە دۆخی جوو زانیوە، لەوانەیە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئابراهام باپیرە گەورەى جووەكان كەسێكی هیندۆئەوروپاییی پێوەست بە كورد بووە لە جیاتی ئەوەى ئەفریقیایییەكی سامی بێت و پاش هاتنی مووسای پێغەمبەر لە میسرەوە بگەڕێنەوە، یان بەشێكی زۆر لە گەلی كورد لەو 10 هۆزە جووە بوون كە پاش دەركردنیان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی ئاشوورەوە بۆ كوردستان گوازرانەوە. هەربۆیە كوردەكان سەرەڕای ئەوەى كەسایەتییە ئاینییەكان خەڵك بەرە بۆچوونی تر هانیان دەدەن، بەڵام كوردەكان وەك هاوبەش سەیری جووەكان دەكەن.

هەروەها گوتی "كوردستان توانای لەخۆگرتنی ملیۆنان جووی هەیە، چونكە ئەو هەرێمە بەربڵاوە و پێویستیی بەزانست و زانیارییەكانی جوو هەیە، كورد و جوو دەتوانن سوود لە یەكتری وەربگرن و بەئاشتییەوە بژین و دواڕۆژێكی گەش بۆ نەوەكانی داهاتوو دەستەبەر بكەن".

گۆڤاری ئیسرائیل-كورد لە بابەتێكیدا لەزاری نووسەرێكەوە باس لە دۆخی دواییی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و توركیا دەكات و هاتووە "رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا سەربازانی ئیسرائیلی بە"بكوژ" و ئیسرائیل بە"دڕندە" ناو دەبات، من بۆچوونێكی جیاوازم هەیە، ئیسرائیل بەرگریی لە خاكی پیرۆزی خۆی دەكات، بەڵام توركیا نیشتمانی پیرۆزی كوردەكانی داگیر كردووە كە خاكی مێدیەكانە، توركەكان بكوژ و داگیركەرن" هەروەها نووسراوە "پێویستە توركیا بەرپرسیارییەتیی هەموو ئەو زیانانە هەڵبگرێ كە بەهۆی كردەوەكانی حەماس یان بەپاڵپشتیی ئەو رێكخراوە دێنە روودان، جگە لەوەى پێویستە توركیا قەرەبووی زیانەكانی بۆ سەر كورد بكاتەوە".

توركیا بەو هەمووە پاڵپشتییەى لە حكوومەتی ئیسرائیل و ئەمەریكا وەریدەگرێ، تا ئێستە ناتوانێ بەربەرەكانی شەڕوانانی كوردی رێگەى ئازادی بكات، خۆزیا ئیسرائیل بۆی دەكرا لە ئێستەدا پاڵپشتیی شەڕوانانی پارتی كرێكارانی كوردستان /پەكەكە/ی كردبا كە دژی حكوومەتی توركیا شەڕی دابینكردنی مافەكانی مرۆڤـ و هێنانەئارای ئازادی دەكەن، ئەوان داوای راگرتنی كاری توندوتیژیی دژی خەڵكی بێ دەرەتانی كورد دەكەن، گۆڤاری ئیسرائیل-كورد وای بڵاو كردووەتەوە.

بازیان ئەو بۆچوونە پەسند دەكات و لەو بڕوایەدایە رووداوی كەشتییەكانی توركیا بەرەو ئیسرائیل مەبەستی تری هەبووە و دەكرا پێشبینی بكرێ و دەڵێ "ئێمە بەوردی بەدواداچوونی رووداوی كەشتیگەلی بەناو ئازادی لە توركیاوە بۆ ئیسرائیلمان دەكرد و هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەبارەى ئەو پێشهاتە مایەى سەرسڕمان بوو".

بەپێی قسەكانی بازیان "لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی روویان دا، ئیسرائیل مافی پاراستنی سنوورەكانی خۆی هەیە، ئێمە دڵنیاین لەوەى ئەگەر سنووری هەر وڵاتێكی تر بۆ نموونە ئێران كە بەوڵاتێكی گرژ و شەڕخواز ناسراوە بەو شێوەیە دەستدرێژی كرابووایە سەر، ئەوە وەڵامێكی وەك ئیسرائیلیان دەبوو، بەڵام ئیسرائیل وڵاتێكی زۆر ئاسایییە، پێموایە دژكردەوەكەى ئیسرائیل بەرامبەر هاتنی كەشتییەكانی توركیا كارێكی یاسایی و رەوا بوو".

بازیان دەڵێ حەز دەكات رۆژێك سەردانی ئیسرائیل بكات و ئاماژە دەكات "بەڵام بۆ ئێستە خەونە و هیچ جۆرە پێوەندییەكی دیپلۆماتیك لە نێوان عێراق و ئیسرائیلدا نییە، بەڵام پێویستە چاوەڕێ بكرێ، چونكە ئەوانەی چاوەڕێ بن دەستیان بەشتی باشتر دەگات، گوتەیەكی سیاسی هەیە كە باس لە قۆناخەكانی پێوەندیی دیپلۆماتیك دەكات، لە قۆناخی دەسپێكدا دەكرێ كورد و ئیسرائیل لە رێگەى كولتوورەوە پێوەندییەكی باش دابمەزرێنن و ئەوەیان كتومت ئەوەیە ئێستە ئێمە كاری بۆ دەكەین و ئەنجامی دەدەین".

هاوار بازیان بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەكە (ئیسرائیل-كورد) روونی كردەوە "ئەو گۆڕان و رووداوگەلە پێویستی بە كات هەیە، بەڵام پێویستە ئیسرائیل ئاگەدار بێ لەوەى كورد لە رۆژهەڵاتی ناڤین دۆستێكی باشی ئەوە و دەكرێ بڵێین تاكە دۆستی ئیسرائیل لە ناوچەكە هەمان كوردە".

لینكی سەرەكی/


http://www.jpost.com/Features/InThespotlight/Article.aspx?id=186542


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە