نێچرڤان بارزانی دەبێتە مستەر لە سەدا نەوەد و پێنج
Thursday, 06/03/2014, 12:00
2349 بینراوە
کالۆس گولبەنکاین (Calouste Gulbenkian) ئەو بزنسمانە ئەرمەنییە کە لە شاری ئەستەمبۆل لە دایك بووە و ناسرا بوو بە مستر لە سەدا پێنج (Mr. %5). گولبەنکاین دەورێکی کاریگەری هەبوو لە هێنانی کۆمپانیە نەوتیەکانی ئینگلیزی بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست بە گشتی و عێراقیش بەتایبەتی. بەهۆی دەوری گولبەنکاین لە دۆزینەوەی کیلگە نەوتیەکانی عێراق و گفتوگۆی پێکهێنانی کۆمپانیای نەوتی عێراق لە ساڵی ١٩٢٩، پاشای عێراق مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی عێراقی دا بە گولبەنکاین، ئەویش رێژەی سەدا پێنجی بۆخۆی هێشتەوە و لەو کاتەدا بە مستەر سەدا پێنج (Mr %5) ناوبانگی دەرکرد .
مرۆڤ کاتێك سەفەرە مەکوکیەکانی نێچیرڤان بارزانی لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەبینی، هەست دەکات رۆحی گولبەنکاین هێشتا ئامادەیە لە نێوانماندا و لە جەستەی بارزانیدایە. ئاخر بەرێز نێچیرڤان بارزانیش زیاتر لە خوێندنی بالا، پەرەورەدە، تەندروستی، واتە لە هەموو شت زیاتر سەرقالی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی کێلگەکانی کوردستانە. هەرەوەها، ئەو زۆر بەگەرمی بەشداری گفتوگۆی نەوتە لە گەل بەغدا ، هەروەها لە گەل تورکیا ، ئەمەش هەمان ئەو کارەیەیە کە گولبەنکاین زۆر بەگەرمی و سەرکەوتوانە ئەنجامیدا.
شتێکی تر دەربارەی گولبەنکاین، ئەو بڕوای وابو پارچەیەکی چکۆلە لە كێکێکی گەورە چاکترە لە پارچەیکەی گەورە لە کێکێ بچکۆلە . هەر بۆیەش، پشکی ئەو لە کۆمپانیەکانی لە سەدا پێنج تێنەدەپەری. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا نێچیرڤان بارزانیش بە پشکی سەد پێنج رازی دەبێت لە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی کوردستان تاکو نازناوی گۆلبنکاینی نوێی پێ بدەین یان نە؟ وەلامی ئەم پرسیارە تەنها ڕۆژگار دەتوانێ پێمان بلێ.
چونکی هەموو شتێکی دۆسیەی نەوت نەهێنییە، هێشتا ماوە بە تەواوی بزانیین بارزانی چۆن بیردەکاتەوە؛ ئایا ئەو دەبێتە مستەر سەدا پێنج یان مستەر سەدا نەوەد و پێنج؟ ئەگەر ژمارەی بیرە ئاوەکانی ناو مالەکەی بارزانی لە هەولێر بکەینە پێوەر، یان چیرۆکی ژیانی ئەو سەرۆك ووڵات و سەرۆك وەزیرانانەی دوای رووخانی سیستەمی پێشووی وولاتاکانیان هاتونەتە سەرکار بکەینە پێوەر، وا پێدەچی بارزانی لەو سیفەتەی دوایدا جیاواز بێت لەگەڵ گولبەنکاین.
پێدەچی بارزانی نازناوی مستەر سەدا نەوەد و پێنچ بۆ خۆی بباتەوە. واتە سەدا پێنچ داهاتی نەوتی کێلگەکانی کوردستان بۆ هەموو خەلکی کوردستان و سەدا نەوەد و پێنجیش بۆ گولبەنکاینی نوێ.