پێشمه‌رگه ئه‌و که‌سایه‌تییه‌یه، که پێش به مه‌رگ ده‌گرێت !
Wednesday, 24/03/2010, 12:00
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین هه‌نگاوێک کێشه‌ی کورد بهێنینه پێشه‌وه، پێویستیمان به‌سیسته‌مێکی ره‌وایه، سیسته‌مێک، که به‌ڕاستی گه‌لپه‌رست و ولاتپارێز بێت، نه‌ک سیسته‌مێکی بنه‌ماڵه‌یی و گه‌نده‌ڵ. (د. جه‌مال نه‌به‌ز)
به بانگێشتنی ئینستیتووتی "موزیک و دراما"ی زانستگه‌ی یۆتۆبۆری (سوید). د. جه‌مال نه‌به‌ز له رۆژی شه‌ممه‌ی 13 / 3 / 2010 دا سه‌مینارێکی به زمانی ئینگلیزی له باره‌ی " ئاین و فه‌رهه‌نگی پارسانی، وه‌ک ئاینێکی کوردی سینکریتیستی" پێشکێش‌کرد، که ده‌ژمێر و نیوێک درێژه‌ی کێشا و ده‌ژمێر و نیوێکیش به سویدی و کوردی وتووێژکرا له سه‌ری. له‌و سه‌میناره‌دا نزیکه‌ی 200 که‌س (سویدی و کورد) به‌شداربوون. ئێورێی ئه‌و رۆژه له ماڵی خێزانێکی کوردی هونه‌رمه‌ند، له‌گه‌ڵ د. جه‌مال نه‌به‌ز چاومان به‌یه‌ک که‌وت و ئه‌م وتووێژه‌مان له‌گه‌ڵ کرد:
مامۆستا (د. جه‌مال نه‌به‌ز) ئه‌و که‌سایه‌تییه دیاره‌ی کورده، که به‌درێژایی ته‌مه‌نی، بێ ماندوو بوون، له‌سه‌ر کێشه‌ی گه‌له‌که‌ی له‌خه‌باتدایه و له هه‌موو ده‌رکه‌وتنێکیدا، له هیوا و خۆشه‌ویستی و ماندوونهناسیدا بۆخۆی باخچه‌یه‌کی مه‌زنه بۆ زانست و راستیی. هه‌رکه‌سێک به‌دیداری ئه‌م که‌سه مه‌زنه شادبێت و له‌نزیکه‌وه گوێ له په‌یڤه‌کانی بگرێت ئه‌و کاته ده‌زانێت، که به‌چ شادمانییه‌ک گه‌یشتووه. گوێگرتن له بیرمه‌ندێکی ئاوا، سۆڤیه که ته‌ژییه له مێژوو، له ڕووداوی سه‌یر و هه‌ڵچوون، له داچوون و زیندان و له ئاواره‌یی و دووریی له نیشتمان و له ولات، که‌چی به‌چرکه‌ش له نیشتمان و وڵات دانه‌بڕاوه و هه‌میشه بۆ خه‌ونی ئازادیی کوردستان له‌خه‌باتدا بووه، که من به‌خزمه‌تی ئه‌م که‌سایه‌تییه شادبووم و ئه‌م گفتوگۆیه‌م له‌گه‌ڵدا سازدا؛ هه‌ستم به به‌خته‌وه‌ری کرد، هه‌موو گیانم ببووه گوێ، نه‌مده‌توانی به‌چرکه‌ش خافڵ بم، ده‌موت خودایه، له جێی ئه‌م هه‌موو که‌سه ناقۆڵایانه، که وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن، بۆچی ئه‌و نیشتمانه کڵۆڵه‌ی ئێمه ناده‌نه ده‌ست ئه‌م جوامێرانه؟ ئه‌ی بۆچی پرسیاری پێناکه‌ن ؟ ئه‌م زاته حه‌کیمی زۆربه‌ی ژان و ده‌رده‌کانه و ئه‌زمونی ژیان و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه فێری کردووه، که نه‌ته‌وه‌ی کورد پێویستی به چی هه‌یه و چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو دوژمنهدابکات، ده‌زانێ و، پلانی هه‌یه بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌ڵام هیچی تر، ئه‌م هێنده کوردستانی خۆش ده‌وێت هیچ پێوه‌رێک ناتوانێ پێوانه‌ی کات.
ئه‌زیزان فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م گفتووگۆیه‌دا، که من ته‌نها چه‌ند پرسیارێکی ساده‌م ئاڕاسته کرد، خواستم بوو، وه‌ک قوتابیه‌کی پۆلی سفر، ته‌نها گوێگر بم و هیچی تر، له‌و ساته وه‌خته‌دا ئه‌و فێری کردم که ئه‌و هه‌سته له لام دروست بێت و شانازیی بکه‌م، که کوردم و نه‌ته‌وه‌که‌م که‌سانی وه‌ک هێژا نه‌به‌زی تێدایه. سوپاس بۆ ئه‌و خانه‌واده هونه‌رمه‌نده‌ش، که ڕێگه‌یان دام چه‌ند کاتژمێرێک میوانیان بم، له‌ناو ئه‌م سه‌هۆڵبه‌ندانه‌ی ووڵاتی سویددا، ئه‌و شه‌وه بکه‌مه شه‌وێکی کوردیی و کاتێکی تێدا به‌سه‌ر به‌رم، باوه‌ڕ ناکه‌م تاخوێن له جه‌سته‌ما بگه‌ڕێت ئه‌م شه‌وه و ئه‌م هه‌موو په‌یڤه شیرینه‌ی مامۆستا‌م له بیر بچێته‌وه.
کوردستانپۆست: مامۆستا گیان با به‌و پرسیاره ده‌ست پێبکه‌ین: به‌ڕێزتان چوون بۆ ده‌نگدان؟ نه‌خێر نه‌چووم بۆ ده‌نگدان !
کوردستانپۆست: ده‌کرێ بپرسین بۆچی نه‌چوون؟ نه‌چووم بۆ ده‌نگدان، چۆنکه باوه‌ڕم به‌وه نییه، که کوردستان به‌شێکه له عێراق!
کوردستانپۆست: ببوره؛ مه‌به‌ستان روونتر بکه‌نه‌وه، ئه‌ی ئه‌مانه، که ده‌چنه به‌غداد چی ده‌که‌ن؟ ئه‌دی په‌یامی ئه‌مانه چییه له‌به‌غداد له‌و هه‌موو ساڵه‌دا که له‌وێنده‌رێ بوون؟ ئه‌وه شتێکی دیکه‌یه، به‌لای منه‌وه کێشه‌ی کورد له ڕێگه‌ی عێراقچێتییه‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێت، چۆنکه کێشه‌ی کورد کێشه‌ی دیمکراتییبوون نییه، دیاره، له‌ژێر سیسته‌مێکی دیکتاتۆریی کوردستانییدا، واته، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی کوردستانی دیکتاتۆری ببوایه و سه‌رکرده‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، خه‌ڵکی کوردستانییان بنده‌ست بکردایه. ئه‌وده‌م ئۆپۆزیسیۆنێکی دیموکراسی ببوایه و بیویستبایه بێته‌سه‌ر کار، ئه‌وه من ده‌نگم بۆ ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌سه‌ر کار و ئه‌و سیسته‌مه دیکتاتۆرییه له‌ناو به‌رن، به‌ڵام کێشه‌ی کورد به‌ره‌وه ده‌ره‌وه، کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه، له‌هه‌مان کاتدا بۆ خۆمان کێشه‌یه‌کی چینایه‌تییه به‌وه‌ی، جا که ئه‌ز بچم و بڵێم منیش به‌شێکم له عێراق، ئه‌وا، ئه‌و کێشه‌یه‌مان هه‌رگیز بۆ چاره‌سه‌ر ناکرێت، دڵنیام له‌وه، چۆنکه زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی عێراق عه‌ره‌به و ئه‌وان ده‌نگ به عه‌ره‌ب ده‌ده‌ن، به‌واتایه‌کی دی ئێمه هه‌ر که‌مینه‌ین، که‌واته ئێمه ناکارین کێشه‌ی کورد له‌عێراقدا به دیموکراسی چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
کوردستانپۆست: که‌واته له ڕوی دیموکراسییه‌وه، که که‌مایه‌تی ملکه‌چی زۆرایه‌تی ده‌بێت، ئێمه هیچمان بۆ ناکرێت؟ به‌دیوه‌که‌ی تری‌دا ئایا کورد بۆ نه‌یتوانیوه سیماتی بۆ کێشه‌که‌ی په‌یدا بکات، وا‌بکات عه‌ره‌بیش ده‌نگ بۆ کورد بده‌ن ؟ باوه‌ڕم به‌وه نییه، باشه بۆ ده‌بێ عه‌ره‌ب ده‌نگ به کورد بدات؟ له کاتێکدا عه‌ره‌ب خۆی گه‌لێکی دواکه‌وتووه؟ گه‌لێکه له‌ژێر سیسته‌مێکی دهرهبهگییدا ده‌ژی، سیسته‌می ژن دوژمنی، ئه‌م سیسته‌مه ژن دوژمنییهی ئه‌مڕۆ له کوردستان هه‌یه، که به‌ڕاستی مرۆڤ گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی یه‌قی بێته‌وه، ئه‌مه له خۆمانه‌وه نه‌بوه. کاکه ئه‌مه که‌لتوری بێگانه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌م بیست سی ساڵه‌ی دواییه‌دا، که ئێرانێکی ئیسلامی دروست بووه، یان بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامچێتی دروست بووه، که ئیسلامچێتیش خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، هه‌ر شه‌ڕی ژن بکات.
هه‌تا ئیستا شتگه‌لێکم له‌مانه نه‌دیوه، بێن کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، کێشه‌یه‌کی نه‌داری چاره‌سه‌ر بکه‌ن. هه‌موو بیر له‌وه‌ده‌که‌نه‌وه ژن په‌چه‌ی به‌سه‌ره‌وه بێت، هه‌موو بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه ژن له‌ماڵه‌وه دابنێشێت! واته کێشه‌که وای لێهاتووه بۆته ژن دوژمنیی. ئیستا کورد ئه‌م که‌لتوره ژندوژمنییهی له‌مانه‌وه وه‌رگرتووه، ده‌بینین هه‌ر ڕۆژه ناڕۆژێک، له‌کوردستان ژنێک ده‌سووتێ، ژنێک خۆی ده‌خنکێنێ، ژنێک ده‌کوژن، ده‌خوازن به‌هه‌موو جۆرێک به‌ربه‌ره‌کانی ژن بکه‌ن، نایانه‌وێت ژن به‌هیچ جۆرێک ئازادییه‌کی هه‌بێت. ئه‌مه کاتێک چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، که ئێمه کوردستانێکی ئازادمان هه‌بێت، ئێمه هیچ کاتێک ناتوانین کوردستانێکی ئازادمان هه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌شێک بین له ده‌وڵه‌تێکی وه‌کو عێراق، تورک، ئێران یان سوریا، به‌ڵام ئێمه ده‌توانین ئۆپۆزیسیۆنێک دروست بکه‌ین له‌ناو کوردستانه‌که‌ی خۆماندا، تا بتوانێت نه‌ته‌وه‌ی کورد هوشیار بکاته‌وه و تێی بگه‌یه‌نێت بڵێ تۆ نابێت له کوردستاندا ژندوژمنی بکه‌یت، تۆ نابێت کارێکی وابکه‌یت که چینێک دروست بێت هه‌موو شتێکی هه‌بێت وه چینێک دروست بێت شێوی شه‌وی نه‌بێت، ئه‌مانه ده‌توانین له‌ڕێکه‌ی ئۆپۆزیسیۆنێکی سۆسیالیستی دیموکراسییه‌وه بهێنینه پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌کوردستاندا هه‌ڵبژاردنێک ببێت، له‌گه‌ڵ ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنهم. پێش 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن بووم، له‌گه‌ڵ گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گی، کۆمه‌ڵگه‌ی هۆزایه‌تی وکۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووم، که‌ده‌بێ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه بگۆڕێت هو یه‌کسان بکرێت، که ئیستاش ئه‌مه هاتۆته پێشه‌وه، زۆر له‌گه‌ڵیم بۆ ناو کوردستان خۆی، به‌ڵام باوه‌ڕم به‌وه نییه که له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکه‌وه له‌عێراقدا بتوانین بۆ پاشه‌ڕۆژ و چاره‌نووسی کوردستان شتێک بکه‌ین.
کوردستانپۆست: لاتان وایه (گۆڕان)، که چوونه به‌غداد جیاواز تر ده‌بن له‌و کوردانه‌ی که پێشتر له به‌غداد بوون؟ ئه‌وه وه‌ک کورد ده‌ڵێ (به‌پێکه‌نینه‌وه) لنگی ره‌ش و سپی له‌بواردا دیاری ده‌دات، ئه‌گه‌ر تۆ مامۆستای قوتابخانه‌یه‌ک بیت که 20 تا 30 قوتابیت له‌به‌ر ده‌ستدا بێت، ناکری جیایان بکه‌یته‌وه و بڵێیت ئه‌مه‌یان باشتره له‌و دی، ده‌بێ تاقیان بکه‌یته‌وه، ئه‌وسا تۆ ده‌توانی بزانی کامه‌یان ده‌ر ده‌چێ، واته (گۆڕان)یش به‌هه‌مان شێوه، ده‌بێ ئێمه تاقیان بکه‌ینه‌وه، من و تۆ ناتوانین بڕیار بده‌ین، ده‌بێ ئه‌مان ئه‌زمونی خۆیان بده‌ن تا بزانین چیان پێده‌کرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ بزانین که ئه‌وان ناتوانن چاره‌نووسی کورد له‌ڕێگه‌ی به‌غداوه چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
کوردستانپۆست: زانیمان به‌ڕێزتان له‌سۆنگه‌ی بڕوانهبوونتانهوه ده‌نگتان نه‌داوه. پرسیارمان ئه‌وه‌یه داخۆ مامۆستا چی ده‌ڵێت به‌و کوردانه‌ی به‌جۆش و خرۆشه‌وه چون بۆ ده‌نگدان ؟ به‌لای منه‌وه، ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌نگیان داوه، یان ده‌نگیان به‌که‌سانێک داوه، که لایان وایه ئه‌و که‌سانه ده‌توانن ده‌نگی کورد بگه‌یه‌ننه خه‌ڵک، یاخود له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد بکه‌نه‌وه، سه‌ربکه‌ون یان سه‌رنه‌که‌ون، ئه‌مه بابه‌تێکی دیکه‌یه، ئه‌وکاره به شتێکی باش ده‌زانم، به‌لام ئایا ئه‌مه کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کات؟ ئه‌ز باوه‌ڕم به‌مه نییه، به‌ڵام جۆشێک دروست ده‌کات و ده‌توانین بڵێین چاوی کورد ده‌کاته‌وه، به‌لام محاڵه کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات.
کوردستانپۆست: چ گه‌لێک له‌م سه‌ر گۆی زه‌وییه‌دا به‌قه‌ده‌ر گه‌لی کورد خاوه‌نی ئه‌زمون و رووداو کاره‌سات و هه‌ڵچوون و داچوونه، ئه‌شێ ئه‌م هه‌موو کاره‌ساته، نه‌بووبێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م میلله‌ته چاوی نه‌کرابێته‌وه ؟ ده‌زانی، کورد چاوی کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تۆ بیرت نه‌چێت له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی ماد نه‌ماوه، ئه‌وه‌تانێ ده‌کێشن به‌ته‌پڵی سه‌ری کورددا هه‌تا ئه‌مڕۆ، تێگه‌یشتی؟ له‌ماوه‌ی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی دواییه‌دا، چینێک دروست بووه، چینی ورده بۆرژوا. ئێمه ئه‌مه‌مان نه‌بوو، هه‌ر چینی کلاسیکمان هه‌بوو، ئه‌م وردهبۆرژوایه چینێکه، چۆنکه نه که‌لتوره‌که‌ی که‌لتوری کوردییه و نهتوانیوێتی له کوردستاندا له‌ڕێگه‌ی سه‌رمایه‌یه‌کی کوردییه‌وه بێته سه‌ر کار و پشت بهسهرمایهیهکی کوردستانیی ببه‌ستێت. به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیی هه‌بووه بهپێتهختهکانی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانه‌وه، تاقمێک مشه‌خۆر و چڵکاو خۆر، ئه‌مانه هاتوونه‌ته پێشه‌وه، که من و تۆ باوه‌ڕ ناکه‌ین چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێبکه‌ین، که کۆمه‌ڵگای کورد بگۆڕن. بیرمان نه‌چێت له‌ناو خودی ئه‌م چینه‌دا کوردی زۆر باش هه‌ن، کوردی زۆر به‌شه‌ره‌ف، کوردی زۆر ڕۆشنبیر، ژن و پیاو هه‌ن، لێ وه‌کو چین خائین، دووڕوو، دوه‌ک، دوژمن به‌کورد، درۆزن، بۆ خۆت ده‌زانی پێشمه‌رگه هه‌بوو نانی شه‌وی نه‌بوو، جلومهکی نه‌بوو، که‌چی خزمه‌تی گه‌له‌که‌ی ده‌کرد، که‌چی هی واشیان هه‌بوو چووبوو له‌وێ دابنیشێ و پارێزراوبێت، چۆنکه به‌عس به‌ره‌و دوای نابوو، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی کورد بکات، یاخود شه‌ڕ بۆ کورد بکات. ده‌بێ بیرمان نه‌چێت کێشه‌ی کورد له‌عێراقدا به‌ڕێگه‌ی ده‌نگدان چاره‌سه‌ر ناکرێت. به‌ڵام بوونی ئۆپۆسیسیۆن، چ له‌و به‌شه بچکۆلانه‌یه‌ی له کوردستاندا و چ له ده‌وڵه‌تی عێراقدا به شتێکی خراپی نابینم و به باشی ده‌بینم بۆ کورد.
کوردستانپۆست: ئاگادارن هه‌نوکه له کوردستان نه‌وت ده‌رده‌هێنرێت و هه‌راج ده‌کرێت. گه‌لی کورد تاڕاده‌یه‌ک بێ ئاگایه له‌م مامه‌ڵه‌کردنه، به‌کورت و کرمانجی ژێرخانی کوردستان هه‌ڕاج ده‌کرێ به‌ڕێزتان چۆن له‌م دیارده‌یه ده‌ڕوانن و چۆن له‌پاشه ڕۆژی ئه‌م کاره‌ساته گه‌وره‌یه ده‌ڕوانن ؟ ده‌مه‌وێ بۆ مێژوو پێتان بڵێم. به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ی بازرگانی کردنه به نه‌وته‌وه بێته پێشه‌وه، به‌ر له‌هه‌موو که‌س و لایه‌نێک که باسی نه‌وتی کوردی کرد و وتی (نه‌وتی کورد بۆ کورد) ئه‌وه ڕاستیه‌که هه‌موومان ده‌بێ ئاماژه‌ی پێبکه‌ین، ئه‌وه سه‌ردار پشده‌ری بوو، به‌ڵام ئه‌مان به هه‌موویان چوون به‌گژ سه‌ردار پشده‌ریدا و نه‌یان هێشت سه‌ردار پشده‌ری ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌کوردستاندا پیاده بکات. . . بۆچی ؟ چۆنکه سه‌ردار پشده‌ری گه‌لێک سه‌رمایه‌داری ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی کۆکردبووه‌وه و له‌گه‌ڵیان رێکه‌وتبوو نیوه به‌نیوه، نیوه‌ی بۆ کورد‌و نیوه‌ی بۆ ئه‌وان، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وان بێن له‌کوردستاندا کارێکی وابکه‌ن که رێگه نه‌ده‌ن داگیرکه‌ران بێن په‌لاماری کوردستان بده‌ن. ئه‌ز ئاگام له‌م شته هه‌یه و ئه‌وان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک دوژمنایه‌تی سه‌ردار پشدهرییان کرد و نه‌یان هێشت، من خۆم له‌ماڵه‌که‌ی سه‌ردار پشده‌ری له له‌نده‌ن، فلیمی نیشانی من دا، که خۆی و ژنه‌که‌ی و که‌سانی دی له‌وێ بوون، به‌ڕاستی خه‌ریکی ئه‌و بیره نه‌وتانه بوون، له فلیمه‌کاندا چه‌ند مرۆڤی بیانیت ده‌دی، که‌چی هاتن به‌گژ سهردارداو ده‌یان ووت ئه‌مه خه‌یاڵی خاوه و، سه‌مه‌ره‌که له‌وه‌دایه خۆیان له‌دوایدا هاتن و ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر هه‌موو کانه‌کاندا، ئه‌مه هاراجکردنی سه‌رمایه‌ی کورده، ئه‌م نه‌وته ده‌چێته گیرفانی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆنێک هه‌بێت ئازا نه‌وته‌که بگرێته ژێر ده‌ست، بڵێت ئێمه ناهێڵێن یه‌ک دڵۆپ نه‌وت بێته ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده بۆ کورد نه‌بێت، که‌رکووک و مووسڵ و ناوچه‌کانی سه‌ر به دیاله و ئه‌و جێگایانه‌ی که کوردستانه، نه‌خرێته‌وه سه‌ر نیشتمانی کورد. ئه‌وسا ده‌کارین بڵێن باشه با ئه‌و نه‌وته بڕوات.
کوردستانپۆست: مه‌سعود بارزانی له‌لێدوانێکدا وتی کورد چاوی له مووسڵ نییه، چ ڕه‌هه‌ندێک له‌پشتی ئه‌م لێدوانهوهیه؟ ئێوه چۆن ئه‌م په‌یڤه لێک ده‌ده‌نه‌وه، تاکوێ ئه‌م لێدوانه بۆ کورد ترسناکه ؟ ئه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ نه‌یوتووه، بۆ خۆم ئاگام لێیه. ئه‌و ڕۆژه‌ی که ئه‌مه‌ریکاییه‌کان هاتن، تکایان له پارتی و یه‌کێتی کرد، که بێن یارمه‌تییان بده‌ن، بۆش بۆ خۆی، من گوێم لێ بوو لهتهلهفیزۆندا وتی (ئێمه پێوه‌ندیمان هه‌یه له‌گه‌ڵ کورده‌کان)دا، له‌سه‌ره‌تاوه نا، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی که تورکه‌کان پێیان وتن ناتوانی به وڵاتی ئێمه‌دا بچیته عێراق. من هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریکییه‌کان چوونه کوردستان، فاکسێکم نارد بۆ کاک مه‌سعود و مام جه‌لال و پێم وتن له که‌رکووک و مووسڵ نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه. چۆنکه هه‌ر ئه‌وه‌تان کرد دۆڕاون. کاک مه‌سعود وه‌ڵامی دامه‌وه به دوو جۆر، یه‌کێک له‌سه‌ر کاخه‌زه‌که‌ی خۆی (سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) یه‌کێکیش له‌سه‌ر کاخه‌زێکی دی به‌جیا. له‌سه‌ر کاخه‌زه فهرمێکهی خۆی نوسیبووی زۆر سوپاس بۆ بیره‌کانت ئێمه په‌یڤه‌کانی تۆ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین، دڵنیات ده‌که‌ین چی باش بێت بۆ کوردی ده‌که‌ین، به‌ڵام له کاخه‌زه‌که‌ی دیکه‌دا، که ساده‌بوو هیچ نووسین و ئارمی حیزبی پێوه نه‌بوو، واته فه‌رمی نه‌بوو، نوسیبووی ئه‌و کاره‌ی، که له که‌رکووک کرا، کارێک بوو بۆ کورد باش نه‌بوو خراپ بوو.
کوردستانپۆست: مه‌به‌ستی چی بوو له‌و نامه‌یه؟ واته نامه ناڕهسمێکهی مه‌سعود بارزانی؟ مه‌به‌ستی چی بوو، چۆنکه ئه‌مه‌ریکایه‌کان پێیان وتبوون وه‌رن پێکه‌وه با په‌لاماری که‌رکووک و مووسڵ بده‌ین، ئه‌وان له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له‌گه‌ڵ یه‌ک رێکنهبوون (واته مه‌سعود و جه‌لال)، جه‌لالییه‌کان لهچهمجهماڵ بوون، ئه‌وان پێنچ یان شه‌ش کاتژمێر پێش هێزی پارتی چووبوونه ناو که‌رکووک. ئه‌وجا پارتییه‌کان هاتن، ئه‌وه‌بوو ئه‌و تاڵانی و بڕۆیه دروست بوو له‌که‌رکووکدا، ئیدی ئه‌و ڕه‌وشه‌یان دروست کرد، ئه‌وجا ئه‌مه‌ریکاییه‌کان پێیان وتن: مادام وایه بڕۆنه ده‌ره‌وه له که‌رکووک، من که ئه‌وه‌م نووسیبو ئاگادارم کردبوون که هاتنه ده‌ره‌وه چ زیانێکی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان هاتبوونه ده‌ره‌وه گوێیان نه‌گرتبوو، به‌قسه‌ی منیان نه‌کرد.
ده‌بوو له یه‌که‌مین ڕۆژدا به ئه‌مه‌ریکاییه‌کانیان بوتایه، ئه‌مه مهرجهکانمانه، ئێوه ڕازین ئه‌م کاره ده‌که‌ین پێکه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر رازیش نیین، ئه‌وه ئێمه کاری خۆمان به‌ته‌نێ ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌مانه‌یان نه‌کرد، نه‌ک هه‌ر مه‌رجیان دانه‌نا به‌ڵکو له‌پێش ئه‌مه‌ریکاییه‌کاندا چوون و پێش ئه‌مه‌ریکاییه‌کان کردیان به‌شه‌ڕ، ئه‌وه‌بوو (وه‌جیه بارزانی) وا بریندار بوو، ئیستاش چاک نه‌بۆته‌وه، 18 پێشمه‌رگه‌ی کوردیش کوژران، ئاخر ئه‌وه به‌ده‌ستی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان کوژران. ئه‌مانه‌م هه‌موو له‌بیره، وه‌نه‌بێت بیرم چووبێت، ئه‌مانه هه‌مووی ده‌زانم.
دوای ئه‌وه، هه‌ر ڕۆژێک دوای په‌لاماردانی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان، هوشیار زێباری وتی مووسڵ شارێکی عه‌ره‌بییه و هی کورد نییه. که له ڕاستییدا مووسڵ له‌باری مێژوویه‌وه شارێکی کوردستانه. (مارکۆ پۆلۆ) 800 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باسی مووسڵ ده‌کات، که کوردستانه، هه‌روه‌ها ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی ماڵی ئاوابێت، کتێبێکی زۆر گه‌وره‌ی بڵاوکردۆته‌وه، هه‌مووی به‌ڵگه نامه‌یه و ده‌یسه‌لمێنێ، که مووسڵ کوردستانه، ئه‌وان هه‌ر ده‌ڵێن مووسڵ کوردستان نییه، ئێ باشه ئیستا که‌واته هه‌ر سێ لیوا کوردستانه، له‌به‌ر ئه‌وه من پێی ناڵێم هه‌رێمی کوردستان، له زۆر نووسینه‌کانمدا نووسیومه هه‌رێمی سێ ستان، ستان به کوردی مانای لیوایه، راستت ده‌وێت ئه‌ز هیچ دڵم خۆش نییه به‌وه‌ی که کاک مه‌سعود ده‌بێژێ "چاوی له مووسڵ نییه" ئه‌ی که مووسڵ به کوردستان نازانێ، بۆچی سه‌ربازی کورد له مووسڵ به کوشت به‌رین؟
کوردستانپۆست: مامۆستا گیان پاشه‌ڕۆژی باشوور چۆن ده‌بینی، چه‌نده هیوات له‌سه‌ر هه‌ڵچنیوه بۆ خۆری ئازادیی کوردستانی گه‌وره؟ ناتوانم دواڕۆژی کورد تا باشوور جیابکه‌مه‌وه له‌دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، کورد له باشووردا به‌شێکه له‌نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌هه‌موو کوردستانی گه‌وره. کێشه‌ی کورد له به‌شێکدا کارده‌کاته سه‌ر کێشه‌ی کورد له‌به‌شه‌کانی دیکه‌دا، به‌لای ئه‌رێنی و به‌لای نه‌رێنیدا. زۆرکه‌س لایان وایه ئێمه نابێت هیچ هه‌وڵێک بده‌ین له‌گه‌ڵ کوردی ئه‌م لاو ئه‌ولا دا، ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانی عێراق ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بێت، یان بپارێزرێت و کورده‌کانی دیکه نۆکهریمان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پارچه‌یه بپارێزین. ئه‌مه رێگه‌یه‌کی راست نییه! رێگه‌ی راست ئه‌وه‌یه بیرێکی نه‌ته‌وه‌یی ببێته پاڵپشتی هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی، که له‌ناوچه‌کانی دیکه‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو کورده‌کانی ئیسرائیل، کورده‌کانی لوبنان، کورده‌کانی ئه‌فغانستان، کورده‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاو که‌نه‌دا و هه‌موولایه‌ک. ئه‌مانه وا لێبکرێن و رێک بخرێن، که هه‌رچی رووداوێک روویدا هه‌موو پێکه‌وه بکه‌ونه جووڵه، زۆرجار ده‌یان گوت کورد هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌وه خراپه، به‌ڵام لای من ئه‌وه نیعمه‌تێک بوو هاتنی کورد بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان.
**********************************
براکه‌ی مه‌سعود بارزانی (دڵشاد بارزانی) باڵوێزی کورده هه‌تا ئیستا که‌س نازانێ ئه‌م باڵوێزخانه‌یه‌ی کورد له کوێوه‌یه؟ که ده‌شپرسی، له‌وه‌لامدا ده‌ڵێن ئه‌وه شتێکی نهێنییه، له‌دنیادا بووه باڵوێزی هیچ ده‌وڵه‌تێک نهێنی بێت
**********************************
ئیستا ئه‌گه‌ر ئه‌م کورده‌ی ده‌ره‌وه نه‌بووایه باوه‌ڕ ده‌که‌یت ئه‌وه‌نده کورد بناسرایه له دنیادا؟ (نابهدڵنیاوه) راسته زۆر کورد هه‌ن کاری باش ناکه‌ن، خزمه‌ت ناکه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێک کورد هه‌ن کار ده‌که‌ن و توانیویانه کێشه‌ی کورد ببه‌نه سنورێکی ئهنتهرناسیونالییهوه، بیرمان نه‌چێت کاتێک له‌ئه‌ڵمانیادا کورد توانی 100000 که‌س بێنێت بۆ خۆپیشاندان، هیچ حیزبێکی ئه‌ڵمانی به‌ته‌نێ ناتوانێت 20000 که‌س بهێنێته سه‌ر شه‌قام، دڵنیابه له‌وه. وه‌ره کوردێک بتوانێت 100000که‌س بهێنێته سه‌ر شه‌قام، من خۆم به‌چاوی خۆم ئه‌مه‌م دی. ئه‌وه خێرێکی خواییه، که کورد له‌ده‌ره‌وه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ر کاره له باشوور نایه‌ت پشگیریی ئه‌مانه بکات، دێت پشگیریی که‌سانێکی به‌کرێگیراو ده‌کات که هیچ شتێکیان نه‌کردوه بۆ کورد. تۆ وه‌ره سه‌یر بکه، شتێکی بچکۆله بچکۆله هه‌یه، به‌لام به داخه‌وه خۆی له‌خۆیدا بچکۆله‌ش نییه. له‌ئه‌ڵمانیا نوێنه‌رایه‌تی کورد هه‌یه، که‌سێک وه‌کو باڵوێزی کوردستانه، ئه‌ویش براکه‌ی مه‌سعود بارزانی (دڵشاد بارزانی) له‌وێ، نوێنه‌ره هه‌تا ئیستا که‌س نازانێ ئه‌م باڵوێزخانه‌یه‌ی کورد له کوێوه‌یه؟ (به‌پێکه‌نینه‌وه) که ده‌شپرسی، له‌وه‌لامدا ده‌ڵێن ئه‌وه شتێکی نهێنییه، ده‌پرسین له‌دنیادا بووه باڵوێزی هیچ ده‌وڵه‌تێک نهێنی بێت؟ ئا ئه‌مه‌ش هه‌مووی پاره‌ی کورده و به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت. ئه‌م شتانه هیچی دیار نییه، بودجه‌ی کورد چه‌نده ؟ کێ چه‌ند وه‌رده‌گرێت ؟ کێ چه‌ند وه‌رناگرێت ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئیستا هه‌یه له‌کوردستان و له په‌رله‌مان، ئه‌م شتانه بێنینه پێشه‌وه و باسی بکه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوش نه‌بن، هه‌ر باشه قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که چاوی بکرێته‌وه، لام وایه کێشه‌ی کورد له‌خودی کوردستاندا تاراده‌یه‌کی باش به‌م شێوه‌یه، واته بوونی ئۆپۆزیسیۆن هه‌نگاوێکه بۆ چوونه پێشه‌وه. پێویسته ئه‌و کوردانه‌ی له ده‌ره‌وه دێن واته له‌ده‌ره‌وه‌ی باشوور دێنه باشووری کوردستانه‌وه، نابێ ناچاریان بکه‌ن هه‌موو مانگێ دوومانگ جارێک بچن ئیقامه‌یان بۆ تازهبکهنهوه، ئه‌مه داڕزین و شووره‌ییه، مرۆڤ له ولاتی خۆیدا بژی به ئیقامه، ئه‌وانه بێگانه نین و وڵاتی خۆیانه، مافیان هه‌یه بێن و لێی بژین و لێی دابنیشن، بۆچی ده‌بێت بچێته لای ده‌زگایه‌ک و ئیزنی مانه‌وه وه‌ربگریت؟ یان ئه‌وانه‌ی به‌شه‌کانی دی، با کارتێکیان بده‌نێ که ئه‌م هێژایه خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاته یان باکوور یان رۆژئاوا.
کوردستانپۆست: مامۆستا گیان ئێمه که خه‌ڵکی باشوورین له‌گه‌ڕانه‌وه‌ماندا ده‌بێ خۆمان له ئاسایش بناسێنین چ جای کوردی به‌شه‌کانی تر که ئێمه خه‌ڵکی ئهوێندهرێین، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی شارهکهشین، که‌چی ده‌بێ بچینه ئاسایش! تۆ بچیته ئاسایش بۆ ئه‌وه‌ی داوای مۆڵه‌تی مانه‌وه بکه‌یت له‌شار و نیشتمانی خۆتدا. ئه‌مه کۆمێدیایه، شووره‌ییه، داوهشینه ئیستا ئه‌گه‌ر تۆ بچیته ئاسایش و بڵێیت ئه‌وا من هاتوومه‌ته‌وه، ره‌نگه ده‌ستدرێژیم لێبکه‌ن، تکایه هاتووم بم پارێزن، ئه‌مه بابه‌تێکی دیکه‌یه، به‌لام تۆ بچیته ئاسایش بۆچی؟ بۆ ئه‌وه‌ی داوای مۆڵه‌تی مانه‌وه بکه‌یت له‌شارو نیشتمانی خۆتدا. ئاخر ئه‌مه گوناهه گه‌وره‌که‌یه. به‌ڵام وه‌ک وتم تۆ بچیت بۆ ئه‌وه‌ی بتپارێزن، له‌کاتێکدا به‌ڕاستی بیانه‌وێت بتپارێزن، ئه‌مه ره‌وایه‌تی تیایه، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی بچیت داوای ئیقامه بکه‌یت ئه‌مه کۆمێدیایه، ئه‌مه شووره‌ییه، ئه‌مه داوهشینه ئه‌م خه‌ڵکه، که خۆیدا به‌کوشت، چ پێشمه‌رگه، چ خه‌ڵکی دیکه، بۆ ئه‌م ژیانه نه‌بوو، خه‌ڵک وای ده‌زانی سه‌ری به‌رز ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه سه‌ربه‌رزی نییه به‌ڕاستی سه‌ر شۆڕییه، ئه‌ز بۆخۆم دوژمنی هیچ که‌سێک نیم ولهدوژمنایهتییهوه قسه ناکه‌م. نه له‌خۆشه‌ویستی، نه له‌دوژمنایه‌تی قسه‌ناکه‌م، سیاسه‌ت نهخۆشهویستییه و نهدوژمنایهتی. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین هه‌نگاوێک کێشه‌ی کورد بهێنینه پێشه‌وه، پێویستیمان به‌سیسته‌مێکی ره‌وایه، سیسته‌مێک، که به‌ڕاستی گه‌لپه‌رست و ولاتپارێز بێت، نه‌ک سیسته‌مێکی بنه‌ماڵه‌یی و گه‌نده‌ڵ.
کوردستانپۆست: له کاتی پڕوپاگه‌نده‌دا بۆ هه‌ڵبژاردن، وتیان په‌رله‌مانتارێکی لیستی گۆڕان دوای رووداوه‌که‌ی شه‌قامی سالم له سلێمانی، عه‌دنان عوسمان وتویه‌تی پێشمه‌رگه میلیشیایه، ئیتر هه‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه، که مه‌سعود بارزانیش نه‌یتوانی بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت له‌و هه‌رایه‌دا و که‌مپینێک راگه‌یه‌نرا، به‌ڕێزتان چۆن ئه‌وه لێکده‌ده‌نه‌وه. ئایا پیشمه‌رگه میلیشیایه؟ ڕاستیه‌ک هه‌یه ده‌مه‌وێت باسی بکه‌م، ئه‌ز بۆ خۆم قسه‌ی ئه‌و براده‌ره‌م گوێ لێنه‌بووه و ده‌قی قسه‌ی ئه‌و براده‌ره‌م نه‌دیوه، ناتوانم له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه قسه‌یه‌ک بکه‌م. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه بووبێت پێشمه‌رگه‌یه‌کی کورد به‌میلیشیا دابنێ راستی نه‌کردوه و کارێکی خراپی کردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت که‌سانێک هه‌ن چه‌کداری ئه‌م حیزب، ئه‌و حیزب میلیشیا، و ئه‌و که‌سه به ئه‌وه دابنێت، ئه‌وه بابه‌تێکی دیکه‌یه، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌یه‌کی راسته‌قینه میلیشیا نییه و، پێشمه‌رگه‌ی راسته‌قینه ئه‌و که‌سه‌یه که به‌فه‌رمانی ئه‌م حیزب و ئه‌م حیزب هه‌ڵناسووڕێت.
کوردستانپۆست: لاتان وایه له دوای راپه‌ڕینه مه‌زنه‌که‌وه که‌سێک هه‌بێت شیاوی ناوی پێشمه‌رگه بێت له‌باشوور، دهکارێین به کێ بڵێین پێشمه‌رگه به‌واتای پێشمه‌رگه ؟ به‌ڵێ خه‌ڵکانێک هه‌ن پێشمه‌رگه‌ن، مه‌رج نییه هه‌ر له‌ناو ئه‌و چهکدارانهدابن. به‌ڵام، ئیسته‌ش پێشمه‌رگه‌ن و به‌شه‌ره‌فن، بهنامووسن، هه‌ن له‌ماڵی خۆیاندا دانیشتوون، هه‌ر رۆژێکیش کورد لێی قه‌وما ئاماده‌ن بچن چه‌ک بکه‌نه‌وه شانیان و به‌رگری له‌خاک و نیشتمانی خۆیان بکه‌ن، ئه‌وانه بۆ هیچ حیزبێک کار ناکه‌ن. ئه‌و که‌سانه چوونه‌ته ماڵی خۆیان دانیشتوون، نه‌پاره وه‌رده‌گرن و نه حیزبحیزبێنه ده‌که‌ن. دانیشتووه ژیانێکی کوله‌مه‌رگی ده‌باته سه‌ر، به‌ڵام رۆمه‌ت و که‌رامه‌تی خۆی ده‌پارێزێ. هه‌ر کاتێ تۆ بته‌وێت، لێت بقه‌ومێت دێت و ده‌تپارێزێت، ئه‌وه پێشمه‌رگه‌یه، به‌ڵام که‌سێک پاره له‌م حیزب و له‌و حیزب وه‌ربگرێت و کار بۆ ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب بکات، ناتوانم پێی بڵێم پێشمه‌رگه !به‌ڵام، ده‌توانرێت له‌م هه‌موو چه‌کداره، که هه‌یه له‌شکرێکی کوردستانی راسته‌قینه و سه‌ربه‌خۆ دروست بکرێت، ده‌توانین ناوی بنێین (له‌شکری پێشمه‌رگه‌ی کوردستان)، به‌ڵام هه‌ر که‌سێک به‌فه‌رمانی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب کار بکات و بچێت کورد بکوژێت، حاشا ئه‌وه پێشمه‌رگه نییه، چۆنکه ده‌زانی پێشمه‌رگه چییه ؟ زۆرکه‌س ووشه‌ی پێشمه‌رگه به‌هه‌ڵه لێکده‌داته‌وه، با من پێت بڵێم پێشمه‌رگه چییه! له‌باری زمانه‌وانییه‌وه، پیشمه‌رگه ئه‌و که‌سه نییه که له‌پێش خه‌ڵکا خۆی ده‌دات به‌کوشت. پێشمه‌رگه ئه‌و که‌سه‌یه، که پێش به مه‌رگ ده‌گرێت، واته که خه‌ڵکی بێت کورد بکوژێت، پیشمه‌رگه پێشی پێده‌گرێت و رێگه نادات کورد بکوژرێت. پێشمه‌رگه، واتا پێش به‌مه‌رگ ده‌گرێت. ئه‌مه زمانه‌وانییه، زۆرکه‌س له‌م زمانه‌وانییه تێناگات، پێشمه‌رگه ئه‌وه‌یه که رێگه نادات کورد بکوژرێت، نه‌ک ئه‌وه‌ی که له پێش خه‌ڵکه‌وه خۆی ده‌دات به‌کوشت، ئه‌وه (که‌وا سۆری پێش له‌شکره)، پێشمه‌رگه‌ش هه‌ر پێشمه‌رگه‌ی چه‌کدار نییه. ئه‌وی به پێنووس شه‌ڕ ده‌کات، ئه‌وی به‌کۆمپیوته‌ر شه‌ڕ ده‌کات و هه‌واڵی راست و بێلایهنگریی به گه‌ل ده‌گه‌یه‌نێ و ئه‌وی ده‌چێته سه‌ر شه‌قام خۆپیشاندان ده‌کات، ئه‌وی پاره‌یه‌ک ده‌دات، ئه‌وی پشتگیریی کێشه‌ی ژنان ده‌کات، ئه‌وانه هه‌موویان پێشمه‌رگه‌ن. پێشمه‌رگه ئه‌وه‌یه پێش به‌مه‌رگ و نه‌زانی و بنده‌ستی ده‌گرێت، باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌م قسه‌یه‌ت له‌که‌سی دی بیستبێت ؟
به‌م بۆنه‌یه‌وه حه‌ز ده‌که‌م ئه‌م چیرۆکه‌ی خواره‌وه بگێڕمه‌وه بۆت:
ساڵی 1968 له مۆنیخه‌وه به سه‌فه‌رێکی کورت چووم بۆ یۆگۆسلاڤیای جاران، له شاری زاگریب، رێمکه‌وته گۆڕه‌پانێک که ژماره‌یه‌ک چایخانه و دوکانی لێ‌بوو. له‌و کاته‌دا شه‌ڕێک روویدا که هه‌تا ده‌هات گه‌رمتر ده‌بوو، نێوبژیکهرانێک هیچیان پێنه‌ده‌کرا، له‌پڕ چاوملێبوو کابرایه‌کی 50 -55 ساڵی دوکانه‌که‌ی به‌جێهێشت و کارتێکی له گیرفانی خۆی ده‌رهێنا و به رووی شه‌ڕکه‌ره‌کاندا رایگرت، ئیدی وه‌ک ته‌لیسمی پێبێ شه‌ڕ کوژایه‌وه و کابرا گه‌ڕایه‌وه دوکانه‌ی، ئه‌مه سه‌رنجی منی زۆر راکێشا. چوومه به‌ر دوکانه‌که‌ی و به بیانووی کڕینی شتێکه‌وه که پێویستیشم نه‌بوو، که‌وتمه پرسیارلێی، که چۆن توانی وا به ئاسانی ئه‌و شه‌ڕه بکوژێنێته‌وه و که‌سیشیانی نه‌گرت. پاش ئه‌وه‌ی به ئه‌ڵمانییه‌کی شکاو پرسیاریکرد لێم که له کوێوه هاتووم، گوتم کوردم له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیم، گوتی خۆ پۆلیس نیم" گوتم ئه‌ی چیت؟ گوتی له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانییدا "پارتیزان" بووم (یۆگۆسلاڤییهکان به پێشمه‌رگه‌کانیان ده‌گوت "پارتیزان") له‌به‌ر ئه‌وه گه‌له‌که‌مان ئێسته‌ش رێزده‌گرێ لێمان، چونکه ئێمه گه‌له‌که‌مان پاراست. ئه‌وجا باسی پێشمه‌رگه‌م کرد بۆی، له قسه‌کردندا ده‌رکه‌وت بۆم که کرواته و به هیوای سه‌ربه‌خۆیی کرواتستانه، که چه‌ند ساڵێکه سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستکه‌وتووه.
خۆزگه رۆژێک ده‌هات پێشمه‌رگه‌ی کوردیش ئاوا رێزی ده‌گیرا و سه‌ربه‌رزیی ده‌پارێزرا و تێکه‌ڵ به حیزبحزبینه نه‌ده‌کرا.
کوردستانپۆست: مامۆستا گیان ماندوومان کردیت. سوپاس، هیوادارم بمێنی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد. سوپاس بۆ ئێوه‌ش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست