کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وادەى ئەوە هاتوە باى باى لەحكومەت بكەین!

Saturday, 21/02/2015, 12:00


چارەكە سەدەیەكە بەحساب خاوەنى دەسەڵاتى خۆجێى خۆمانین و پەرلەمان و دەزگاى موئەسەاتمان هەیە، لەوەش زیاتر لەحكومەتەكەى بەغدادا پۆستى گەورە و هەستیارمان هەیە . بەڵام هیچ كامیان خێرێكى وەهایان بۆمان نەبووە ، بەدەر لەوانەش بەرپرسان وسیاسییەكان هێندەى كوردایەتى و شۆڕش و خەباتیان لەپێش چاومان ناشیرین و بەد فەساڵ كردوە، نیوەى ئەوە داگیركەران و دوژمنان ئەوەیان پێنەكردوین. نەپلانیان یان هەیە، نەبیرێك لەحاڵى میللەت و خەڵك دەكەنەوە نەرێگا چارەو چارەسەریان بۆ هیچ كێشەیەك پێ یە.
تۆ بڕوانە، بیست وپێنج ساڵە بەناو ،خاوەن كیان و هەرێمێكى سەربەخۆین، بەڵام بەدرێژایى ئەو ماوە دورو درێژە جگە لە هەڵتۆقینى كۆمەڵێك دز جەردە و پیاو كوژ چیمان بەرهەم هێناوە؟ جگەلە پیرۆزكردنى كەسانى خائین و ناپاك و دژ بەكورد و، كردیان بەگەورە و كاریزما چیمان كردوە؟ جگە لەبێدەنگ بوون و قروقەپمان لەهەمبەر تاوانكاران هەڵوێستمان چى بووە؟
بەدرێژای ئەو ماوەیە چەندین خول و پەرلەمانتارمان بینى، چەندین وەزیر و گزیر هاتن و رۆیشتن، بەڵام بەوانەى ئێستاشەوە، چ خێر وبێرێكیان هەبووە؟ كام كێشەو گرفتیان چارەسەر كردوە،جگە لە سود و مەنفەعەتى خۆیان و خۆ دەوڵەمەند كردنیان؟
تۆ سەیركە خاوەنى ئەو هەموو داهاتەین، كەچى حاڵمان لەحاڵى سۆدان سۆماڵ خراپترە، حكومەتەكەشمان ناتوانێت هیچ چارەسەرێك بۆ قەیران وكێشەكان بدۆزێتەوە، ئومێد و هیوایەكمان پێ ببەخشێت. حكومەتێك نەتوانێت چارەسەرى گرفتى ئاو وكارەبا بكات، حكومەتێك بەدرێژیى ئەو ماوەیە نەتوانێت عەمبار و سایلۆیەك بۆ هەڵگرتنى گەنم دروست بكات، حكومەتێك نەتوانێت چارەسەرى قەیرانى بەنزین و رێكخستنى پسولەى بەنزین بكات، حكومەتێك نەتوانێت جوتێك دەستێشكى سادە بۆ كارمەندێكى تەندروستى بكِرێت، حكومەتێك نەتوانێت كێشەى نیشتەجێ بوون چارەسەر بكات، حكومەتێك تواناو دەسەڵاتى بەسەر گرانى و رێكخستنى بازاڕ و سیستەمى بازرگانى نەبێت، حكومەتێك نەتوانێت لێپرسینەوە لە بازرگانانى هێنانى خواردن و دەرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوودا بكات. حكومەتێك نەتوانێت سێ پارێزگا بەڕێوە بەرێت،حكومەتێك نەتوانێت بەسێ مانگ مووچەى فەرمانبەران بدات، ئەبێ چ سەنگ و رێز بایەخێكى بۆ ئێمە هەبێت؟ مەسعود و نێچیر كە لەوەتەى هەن خۆیان بەگەورە و سەرۆكى هەرێم دائەنێن. بەڵام چیان بۆ كردوین؟ جگە لەناپاكى و كلكە لەقێ بۆدوژمنان، چ موژدەیەكیان بۆمان هەبوە؟ سەرۆك كۆمارى عێراق كەبەناخێرى كوردە ،وەزیرى دارایى كە بە ملى وردى كوردە و، پارەو خەزنەى عێراق لەبن دەستى ئەوە چى بۆكردوین؟ جگە لە بەرژەوەند خواز و ماستاو چى و پیاوانى حزب كێ خێرى لەمانە بینیوە؟ كێ هیواو ئاواتێكى بەمان هەبوە؟
بۆیە هەقى خۆیەتى كە بێبنە دەنگ، چیتر سوكایەتى و ناهەقى و سك هەڵگوشین قبوڵ نەكەین. چیدى بەگیرفانى خاڵى و ماڵى سارد و سڕ رازى نەبین، چیتر قسەى باق و بریق و تەفرەمان نەدات، با ئیدى بێینەوە هۆش خۆمان ئەو دزو چەتەو پیاو كوژانە باشتر بناسین، ئەوان هیچ نین، خۆ بیرمانە كەلەدواى 1991 هاتن جل و بەرگ و ماڵ و حاڵ و ئوتومبَیل و خانو ماڵ و گیرفانیان چى بوو؟ گەر پشتیوانى میللەت و خەڵكى راپەڕیو نەبوایە ئەوانە چى بون؟ كامیان خاوەنى شتێكى بەنرخ و بەهادار یوو؟ بێگومان هیچیان، ئەى ئێستا كامیان داهاتەكەى لە ملیۆنان دۆلار كەمترە؟ كامیان خاوەنى دەیان پرۆژەى قەبە و گەورە و زەبەلا ح نى یە؟ بۆ ناپرسن بەچى و لەكوى َوە ئەو سامانە پێك هات؟ مەگەر نازانن تەواوى ئەو داهاتاانە ماف و هەقى ئێمە یە، ئەوان لێمان دەدزن و دەیخۆن، ئەوەتان بیرچوو دوێنى لەسەر ئەو تاوانكارانە چ شەڕ و فەرتەنەیەكمان بوو، لەسەر سەركەوتنى حزبە سەوزو زەرد ومۆرەكان چ شەڕە پەرۆ و تەزویر ساختەكاریمان دەكرد، خۆینمان بۆ دەرشتن، بەشدارى شەِرى براكوژى و چەندین تاوانمان كردوە ،تەنها بۆ خاترى ئەوەى ئەوان ئەوان بگەنە دەسەڵات، ئەوە بینیتان گەیشتن، ئەو بەناوى ئۆپۆزسیۆن و ئەو بەناوى حزبى شەهیدان ،ئەو بەناوى پارتى پێشڕەو فریویان داین، ئەوە ئێستا بەرهەمەكەى دەخۆین، بەچەند مانگ جارێك ئەگەر كەیفیان لێ بوو،مووچە دەدەن، بەئارەزوى خۆیان یارى بەعەقڵمان دەكەن ،،رۆژێك بێ كارەبامان دەكەن، رۆژێك نەوتمان لێدەشارنەوە،،رۆژێك گرفتى بەنزینمان بۆدروست دەكەن، رۆژێك دەمانكەن بەجاشى ئێران و رۆژێكیش بە پیاوى تورك، هەموو ئەمانەمان كردوە بەزیادیشەو كەسمان ناتوانین نكوڵى لێ بكەین.
بۆیە هەقى خۆیەتى لێرەدا سنورێك بۆ ئەو كارانە دابنێین و، بێنەوە هۆش خۆمان، بەو ژیانە پڕِ لە رەزالەتى سەرشۆڕیە قایل نەبن. گەردوێنى لەژێر هەرناو و پەرەدەیەكدا پشتگیریمان لەو دەسەڵاتە كردوە و، بوینەتە شوراو پشگیرى ئەوا خەتاى ئەوان بوە و فریویان داوین و لەخشتەیان بردوین ، ئەوا ئیمڕۆ بەعالەمى ئاشكرا دەست و ناخ و مەرامى ئەوان بۆ هەمومان ئاشكرا بوو، پێم و ابێت لەمەولا پشتگیرى ولایەنگیرى و هاوخەمى بۆ ئەو حكومەتە ئەوپەڕِى نەفامى یە، ئەوەى بەتاكە وشەیەك بە نوسینێك بە قسەیەك پشتگیریان بكات بەشدارە لەو زوڵم وناهەقى یەى ئەوان و، پشكدارى سەرجەم خراپەكانى ئەوانە. ئومێد دەكەم لەیاد و ساڵرۆژى راپەریندا، پشكۆى ئەو سەرهەڵدانە جارێكى دیكە بگەشێتەوە، هاوشێوەى بەعس و ئەمن ئیستیخباراتەكەى، هەمان چارەنوس ببێت بەنسیبى ئەمان، لاى من لەوە بترازێت هیچ رێگە چارەو دەربازبونێك بۆ رزگارى نى یە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە