سەرۆكی زانكۆ یان پۆلیسی حیزب
Tuesday, 28/04/2009, 12:00
1601 بینراوە
لە هەموو دنیادا زانكۆ رۆڵێكی گرنگ و پێشڕەوانە ئەبینێ لە گەشەپێدانی كۆمەڵگا و فراوانكردنی سنووری ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و سنوری قسەكردن و رەخنەگرتن ، هەربۆیە لە دەوڵەتە زیندووەكاندا زانكۆ پێشڕەوە بەڵام لە دەوڵەتە دیكتاتورو ستەمكارەكاندا زانكۆ وەك هەر دەزگایەكی دیكەی دەوڵەت ئەبێتە ئامرازی سەركوتكردن و چەسپاندنی دەسەڵات و دیكتاتوریەت، بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتی یەكێتی سوڤیەتی پێشودا كەسێكی وەك جدانوف بووبوو بە پۆلیسی ئەدەب و بە راپۆرت و چاودێری ئەو بە هەزاران ئەدیب خنكێنران و ئەدەب تەنها بوو بە پیاهەڵدان و ستایشكردنی سەكردەكانی سوڤیەت ، بۆیە هە زوو جدانوفیان ناونا پۆلیسی ئەدەب، لە ئەڵمانیای هیتلەریدا زانكۆ و ئەدەب و هەموو شت لە خزمەتی هیتلەر و فكری نازییەتدا بوو ئەمانەو سەدان نموونەی تر
لە كوردستانیشدا كە حیزب باڵی بەسەر هەموو بوار و دەزگاكاندا كێشاوە، لە هەموو شوێنێك پۆلیسێكی تاعینكردوەو بۆتە جدانوفیك بەسەر خەڵكەوە، یەكێك لەو شوێنانەش زانكۆی سلێمانییە، سەیر لەوەدایە ئەم زانكۆیە خودی سەرۆكەكەی پۆلیسَكی چاونەترسە و دژی هەموو شتێكە كە پێی بوتری ئازادی بیروورا ، هەربۆیە لە چەند رۆژی رابرددودا بە بریاری دكتور عەلی سەعیدی سەرۆكی زانكۆی سلیمانی رێگە بە دكتۆر فەرهادپیربال نەدرا كۆڕەكەی لە زانكۆی سلێمانی پێشكەش بكات، ئەمە لە كاتێكدا كۆڕەكەی فەرهاد پیرباڵ كۆڕی سیاسی و هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكوو كۆڕێكی ئەدەبی بوو كە تێیدا شیعر و پەخشان ئەخوێنرایەوە، ئاخر بەعس رێگەی لە كۆڕی شیعر و پەخشان نە ئەگرت و بواری پێئەدا بەڵام عەلی سەعیدی زانكۆ بوار بە كۆڕی شیعر نادا
هەموو سەرۆكەكانی زانكۆی سلێمانی حزب دایناوون بەڵام هیچ سەرۆكێكی زانكۆ بەقەد عەلی سەعید بەدڕەفتار و ماستاوچی و گەندەڵ نەبووە، بەقەد ئەم شەقی لە ئازادی خەڵكی تر و كەرامەتی خۆی هەڵنەداوە، ئاخر بە چ هەقێك رێگە نادەن فەرهادپیرباڵ شیعرەكانی بخوێنێتەوە؟ بە چ یاسایەك رێگە بە سەدان كۆبوونەوەی حزبی و باڵ باڵێن و جرت و فرتی سیاسی ئەدەن بەڵام بوار بە كۆرێكی شیعری نادەن ؟ رێگە ئەدەن بۆ كۆبوونەوەیەكی حزبی و بۆنەیەكی پر لە گاڵتەجاری هەڵبزاردن دەوام بوەستێ و بە خویندكار و مامۆستاوە بچن بۆ كۆبوونەوە بەڵام ریگە نادەن فەرهاد پیرباڵ شیعر بخوێنێتەوە؟ كارێكی لەوشێوەیە مەگەر تەنها لە ویزدان تۆپیوێكی وەك عەلی سەعید بوەسێتەوە، لەكاتێكدا فەرهادپیرباڵ خۆی یەكێكە لە دامەزرێنەرەكانی زانكۆی سلێمانی و ئەو كاتەی ئەو گەرایەوە كوردستان عەلی سەعید و هاوشێوەكانی خەریكی بڕینی دەستی هەژار و كەمدەرامەتەكانی كوردستان بوون لە عیادە و شوینی ئیشیاندا، یان خەریكی پێچانەوەی جانتاكانیان بوون بەرەو هەندەران بەڵام ئەمرۆ گەندەڵ و ماستاوچییەكان گۆرەپانەكەیان كۆنترۆڵ كردوەو رێگەش بە دكتۆر فەرهاد نادەن شیعرەكانی بخوێنێتەوە، سایتی هاووڵاتی جوانی نوسیوە كە ئەلێت لە زانكۆی سلیمانی دوشت قەدەغەیە تلیاك و فەرهادپیرباڵ، ئەمە ئازادی بیرورا، هەزار رەحمەت لە كفن دزی پێشوو
ئەو رۆڵەی عەلی سەعید لە زانكۆی سلێمانیدا ئەیبینێ رۆڵی پۆلیسێكی شەقاوەیە، پۆلیسێك كە لەبەردەم مەسئولەكەیدا رۆژی سەدجار تەحیە ئەكات و زەلیلی خۆی نیشان ئەدات و بۆ هاوڵاتیانیش بەهەڵمەتە و رۆژی سەدجار سوكایەتیان پێ ئەكات ، هەموو ساتێك كرنووش بۆ سەرۆكەكان ئەبات و كارمەندەكانی خۆی رەزیل ئەكات
هەڵبەتە ئەوە لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە لەسەردەمی حوكمرانی ئەم پۆلیسەدا زانكۆی سلێمانی توشی چ ئیفلیجییەك بوەو بەرەو چ كارەساتێك چووە ، دەیان مامۆستا و دكتۆری دڵسۆز هەن كە چالاكن و زانست پەروەرن بەڵام ئەم پیاوە نایەڵێت هیچ هەنگاوێك بنێن و هەموویان خەساندوە بۆیە زانكۆ توشی ئیفلیجی بوەو لەبەردەم كارەساتی گەورەدایە