کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌سپه‌که‌ی لیستی کوردستانی

Monday, 15/02/2010, 12:00


پێشوتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان وێنه‌ی ئه‌سپێکی ده‌کرد به‌ ڕه‌مزی لیسته‌که‌یان به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان وێنه‌ی که‌لله‌ی ئه‌سپێکیان داناوه‌ ئه‌ویش به‌ نیوه‌ چڵی ، له‌وانه‌یه‌ خوێنه‌ر ئه‌و مه‌راقه‌ی له‌لا گه‌ڵاله‌ بووبێت هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵامه‌که‌شی ده‌بێت له‌لای هه‌موومان ئاسان بێت ، ئه‌گه‌ر وه‌ک به‌رنامه‌ی ملیۆنێر بکه‌ین و ئه‌م پرسیاره‌ دابنێین :
{ بۆچی ئه‌م سه‌ره‌ ئه‌سپه‌ نیوه‌ چڵه‌ ؟ } .
من ئه‌م چوار وه‌ڵامه‌ی بۆ داده‌نێم و ئێوه‌ش وه‌ڵامی ڕاستی بۆ هه‌ڵبژێرن :
A [ له‌ پێشبڕکێکان دوا که‌وت‌ ]
B [ بێ سواره ]
C‌ [ بێ له‌وه‌ڕه‌ ]
D [ بێ خاوه‌نه‌ ]

هه‌ڵبه‌ت خاوه‌ن سێ جۆکه‌رن که‌ ئه‌مانه‌ن :
1- ده‌توانی په‌یوه‌ندی به‌ مه‌لای خه‌تێوه‌ بکه‌یت .
2- ده‌توانیت ڕای شۆفێری ده‌بابه‌کانی 31 ئاب وه‌ربگریت .
3- دوو پرسیاری که‌رکوک قودسی کوردستانه‌ و که‌رکوک دڵی کوردستانه‌ فتبکه‌یت .
ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ڕاستی هه‌ڵبژێرێت و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بخات وه‌ک دوا خه‌ڵات کێلێکی گۆڕه‌که‌ی کوڕی بارزانی ته‌حسین شاوه‌یس به‌ خه‌ڵات ئه‌ده‌ینێ .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی من شاره‌زابم دوو ئه‌سپی ناودار هه‌یه‌ که‌ ئه‌سپی عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و ئه‌سپی ئینگلیز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ جوگرافیا دووربن له‌ ئینگلیستان که‌واته‌ تێکه‌ڵی کولتوری عه‌ره‌ب بوینه‌ هه‌ربۆیه‌ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان ڕه‌مزێک بۆخۆی ده‌کات به‌ پێشڕه‌و که‌له‌ کولتوری ڕه‌سه‌نی عه‌ره‌بییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ، ئێمه‌ نابێت به‌مه‌ سه‌رسام ببین ، ئه‌وه‌ نه‌بوو جه‌لال تاڵه‌بانی ڕوومه‌ته‌ سووره‌کانی سه‌دامی ماچکرد و ده‌ستی شێخی تورکمانی ماچکرد و مه‌سعود بارزانیش له‌ باوکێوه‌ وه‌سێتی بۆ به‌جێماوه‌ که‌ هه‌رگیز ڕووی چه‌کیان له‌ تورک نه‌که‌ن و بێ تورک سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ناخه‌ن ، که‌واته‌ ئه‌م ئه‌سپه‌ش نه‌ک ڕه‌مزی پاراستنی ڕیزه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی کورد و پاراستنی یه‌ک پارچه‌یی خاکی کوردستان بێت به‌ڵام واوه‌یلایه‌ بۆ یه‌ک پارچه‌یی خاکی پیرۆزی عێراق و پته‌وکردنی ڕیزه‌کانی عه‌ره‌ب به‌ شیعه‌ و سوننه‌وه‌ و ئاشکردنه‌وه‌ی به‌عسێکان و به‌ده‌وڵه‌مه‌ند کردن و به‌خاوه‌ن خاککردنی تورکه‌کان و ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌هێڵین هه‌وڵبده‌ن که‌ ڕابوردویان له‌ هزری ئێمه‌ بسڕنه‌وه‌ .
با ئه‌وان ئارایشی ئه‌سپ و ڕه‌نگ و ئاڵا و دروشمه‌کانیان بکه‌ن ، باوه‌ڕناکه‌م هیچ دروشمێک و به‌رنامه‌یه‌کی هیچ پارت و ڕێکخراوێک ئه‌وه‌نده‌ی پارتی ڕه‌گز په‌رستی تورک ڕازاوه‌ بێت که‌ به‌ناوی مافی یه‌کسانی و دیموکراسی و ته‌بایی و یه‌ک پارچه‌ییه‌وه‌ ده‌یکات که‌ ئه‌وان ئه‌مه‌یان له‌ ده‌ست بێت که‌واته‌ بۆ لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان کارێکی ئاسانه‌ که‌ به‌ ووشه‌ی بریقه‌دار پروپاگنده‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆی بکات ، ئێمه‌ی کورد له‌ 2003 وه‌ تاکو ئێسا هیچ خێرێکمان له‌ به‌غداد نه‌بینیوه‌ ، نه‌یانتوانی ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بکه‌ن و نه‌شیانتوانی داخوازێکانی کورد به‌ گشتی دابینبکه‌ن یان خواست و ئاواته‌کانی برا فه‌یلێکان بهێننه‌دی ، به‌چی ڕوویه‌که‌وه‌ ئێستا لێمان قیتبونه‌ته‌وه‌ و داوامان لێده‌که‌ن که‌ ده‌نگیان بۆ بده‌ین ، من له‌و باوه‌ڕه‌دانیم که‌ گه‌لی کورد جارێکی تر به‌ درۆکانتان فریوبخۆن به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌و که‌سانه‌ نییه‌ که‌ به‌ بۆیاخکردنی پێڵاوه‌کانی ئه‌وان ده‌توانن پارووی چه‌ور بخۆن و ویژدانی خۆیان به‌وان فرۆشتووه‌ .
مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له‌ شیعرێکیدا ده‌ڵێت :
ئه‌ی تفه‌نگه‌که‌ی موعینی
ئه‌وکاته‌ خۆش به‌ له‌ پیاو کوژان
که‌ موعینیان هێنایه‌وه‌ و
تۆی کرده‌ شان .
منیش به‌ ئه‌سپه‌که‌ی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان ده‌ڵێم :
ئه‌ی ئه‌سپه‌که‌
ده‌زانیت که‌ی ده‌گه‌یته‌ شار
گه‌ر سوار چاکێک هاتوو
تۆی دایه‌ غار .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە