کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرمایەداری و تەلیسمی مۆدە

Friday, 17/05/2013, 12:00






لە وتاری پێشوترماندا بە درێژی باسی ئەوەمان کرد کە چۆنچۆنی سەرمایەداری وەرزشی لە کایەیەکی وەرزشییەوە گۆڕیوە بۆ کایەیەك بۆ کۆکردنەوەی داهات و کردنی بە کایەیەکی ئابوری ، بۆ دوبارە لە دەست دەرهێنانەوەی ئەو بەشە کەمەی داهات کە چینی کرێکار لە ڕێگەی ڕەنجی بیرو بازووەوە دەستیان کەوتووە. لە نوسینی ئەم جارەشماندا باس لە بە میکانیزم کردنی مۆدە دەکەین بۆ جارێکی تر ڕوتانەوەی کۆمەڵگە لە لایەن سیستمی کاپیتالیزمەوە،
کاپیتالیزم هێزی خۆی لە زێدەبایی و ئەو سودەدا دەبینێت کە لە ئەنجامی گۆڕینی فۆرم و شێوەی مەتریاڵەوە دێتە دی، بۆیە هەردەم و هەمو سات لە دوای گۆڕینی شێوەی مەتریاڵە، لە فۆڕمی جیاجیادا و دواجار بانگەشەو ڕیکلامی بەربڵاوی بۆ دەکات تا وەك مۆدیلی ساڵی بناسێنێت ، بۆ ئەوەی ڕێژەی فرۆشی زیاد ببێت ، ساڵانە بڕێکی بێ ئەژمار لە شمەك و کار گوزاری بەم شێوەیە لە لایەن سیستمی کاپیتالیستییەوە ساغ دەکرێنەوە، کە لە بنچینەدا ئەوە بۆ خۆی جۆرێکی ترە لە نەخشە شەیتانییەکانی کاپیتالیزم . بەم شێوەیە کۆمەڵگەکانی جیهانیان گۆڕیوە لە کۆمەڵگەیەکی عەقڵانی ڕۆحانییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرەکی مەتریاڵ پەرستی، کە هەمو هەم و خەمی تاکەکانی چنگ کەوتنی ئەو شتە باق و بریقانەیە کە بونەتە مۆدە و، لە دۆخی وەدەست نەخستنیاندا، تاکەکان هەست بە نیگەرانی و دڵتەنگی دەکەن و دەبن بە مەخلوقێکی جاڕس و پەست و بێتاقەت بۆ هەندێك شتی بێ بنەما کە لە بنچینەدا ئەوە ناهێنن مرۆڤ بۆ چرکەساتێك چییە خۆی بۆیان سەخڵەت بکات.
سەرمایەداری لە ڕێگەی بە مەتریاڵ کردنی هیوای تاکەکانەوە مرۆڤایەتی تا ئەندازەیەکی زۆر نزیك کردۆتەوە لە جیهانی ئاژەڵان ! ئەی ئەوە نییە بە جارێك مرۆڤەکان دەسبەرداری هەمو بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی بون و بون بە کۆیلەی شمەك ، دەتوانین پێڤاژۆی کۆیلەی شمەك بۆ مرۆڤەکانی هەزارەی سێیەم بەکار بهێنین ! ئەگەر سەردەمانێك لە سەرو بەندی کۆمەڵگەی فیوداڵیدا مرۆڤەکان کۆیلەی زەوی بو بن ، بەهۆی ئەوەی ژیانیان گرێدراو یاخود دەرگیری پارچە زەوییەك بوە کە هینی دەرەبەگ یان فیوداڵ بووە ، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا مرۆڤەکان کراون بە کۆیلەی مۆدەی شمەك کە موڵکی سەرمایەدارەکان و خاوەنی کارگەکانن، واتە جارێکی کە کاپیتالیزم کۆمەڵگەکانی گێڕاوەتەوە بۆ ژیانی یەخسیری و کۆیلایەتی بەڵام بە فۆڕمێکی نوێ!
بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هێنامانە زمان چەند وێنەیەك دەخەینە بە ر دیدی ئێوەی بەڕێز ، بۆ ئەوەی بابەتەکە ڕونتر ببێت لە بەر دیدەتان ، ساڵانە بە بەهای ملیارەها دۆلار شمەك و کاڵای کڕراو لە لایەن ماڵەکانەوە فڕێ دەدرێنە جێگەکانی ڕیسایکلینەوە بەو بیانووەی مۆدیلیان بە سەرچوە لە کاتێکدا ئەو شمەکانە سەرجەمیان کەڵکی بەکارهێنانیان لەدەست نەداوەو هێشتا هەر نوێن ، ساڵانە دەبیستین و دەبینین چەندان لادانی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاینی ئەنجام دەدرێت بەهۆی ئەو ئیغرا کردنانەوە کە سیستمی سەرمایەداری بانگەشەی بۆ دەکات و مرۆڤەکانی پێ لە خشتە دەبات ، چونکە لە سای بە مەتریاڵ بونی کەڵچەری گەلاندا تاکەکان هەمویان بە شێوەیەکی نا ئاسایی کراون بە تاکی بەکاربەرو مەتریاڵ پەرست هەمو دەمیش بە شێوازی یاسایی و دروست لە سای ئەو کەشەدا کە سەرمایەداری ئەفراندویەتی تاك توانای وەچنگکەوتنی شمەك و کارگوزارییەکانی داهێنراوی ڕۆژگاری نابێت و لە سەرو بەندی بێبەش بونیشدا لێیان هەست بە کەمو کورتی و بێبەش بون دەکات ، بۆیە زۆر جار هەڵدەکەوێت بۆ بەدەستهێنانی بابەتەکانی شمەکی مۆدە پەنا بۆ لادان و کاری لابەلای نەخوازراو ببات ، واتە بە جۆرێك لە جۆرەکان سیستمی قەیران سیستمی بەرهەمهێنەری تاوانیشە، ئەمە جگە لەو هەمو بێ ئابڕویی کردنەی کە بە مرۆڤایەتی مێینە دەکرێت و دەکرێن بە بابەتی بانگەشە کردن بۆ ئەو داهێنراوە شەیتانیانەی ناویان لێناون مۆدە، وەك ئەوەی ئافرەتانیان کردوە بە بوکە شوشەی دەستیان و بە ڕوتکردنەوەی لاشەیان و دواجار پۆشینیان بە هەندێ پۆشاکی دیزاینەرە فریودەرەکانیان چەندەها مۆدەی نەگونجاو بڵاو دەکەنەوە لە جیهانداو مرۆڤایەتی پێوە سەرقاڵ دەکەن و دوری دەخەنەوە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ! بۆچی ئەڵێم دوری دەخەنەوە لە مرۆڤایەتی ؟ چونکە ئەگەر مرۆڤ وای لێ بەسەر بێت هەمو ئاوات و ئامانجێکی چڕ ببێتەوە لە دەست خستنی شمەك و کاڵادا و بابەتە ڕۆحانی و ئینسانییەکانی تێدا بکوژرێت و ڕۆژ بەڕۆژ تێیدا کاڵ ببێتەوە و عەقڵیشی فریوی تەکتیکی شەیتانی کاپیتالیزم بخوات ئیدی مرۆڤ بونی تا ئاستێکی بەرچاو دەکەوێتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە