وێنەو سیمبۆلەکانی ئەم ڕاپەڕینە
Saturday, 05/03/2011, 12:00
رۆژانەکانی ڕاپەڕین ٣
سیمبۆلەکان: گەشترین سمبۆلەکانی ئەم ڕاپەرینە چەند دانەیەکن بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن.
شەهیدەکان، گەنجان، ئینتەرنێت و فەیسبوک، مەیدانی ئازادی، ڕەشپۆشەکان، چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵ، سرود و شیعر خوێندنەوە، هەست بە یەکبون و هەستێکی نەتەوایەتی زیندوکراوە. شارو لادێ. ڕۆشنبیرەکان.
بایەخی ئەم ڕاپەڕینە لەوەدایە ناگەڕێت بە شوێن بە پیرۆزاندنی سمبۆلەکانیدا.
سمبۆلەکانی زیاتر بۆ ئەوەن ڕاپەڕینەکە بناسرێتەوە و لە سمبۆلەکانی دەسەڵات جیابکرێنەوە. بۆ ئەوە نین کاتێک ڕاپەرین سەرکەوت راپەریوەکان چل ساڵ بڵین خەباتیان کردوەو دنیا بخۆن.
شوناسیشی پێکەوە گرێدانی هەمو بەشداربوەکانیەتی.
وێنەکان: ڕەنگ و ڕوخساری زیندو و جوان و، هەستی هاوسۆزی و ڕاستگۆیی و، ئیرادە و، سوربون و، بەردەوامبون و، نوێی و بەسەرنەچویی.
دیاردەکان: وتارخوێندنەوە و، شیکردنەوەی سیاسیانە و، باوەربەخۆبونی بەشداربوان و باوەریان بە داواکاریەکانیان و. فەلسەفە و، ئنجا نوێژکردن و وتاری هەینی خوێندنەوە.
کرۆکی داواکاریەکان بە دیموکراتیکردنی سیستەم و ژیانە. هێنانە دی دادی کۆمەڵایەتی، ئازادی ڕادەربرین، دەستەبەرکردنی ژیانێکی مرۆڤانە و نە هێشتنی گەندەڵی و ... بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە و جیاکردنەوەی ئاین و دەوڵەتە لە یەکتر.
نوێژکردن و خوتبە خوێندنەوە: ئەمە بە مەبەستی بە ئیسلامی کردنی پرۆسەکە نیە. دەسەڵات زۆری هەوڵدەدا ئەم ڕاپەرینە دابڕێت لە کۆمەڵ و بە دیاردەیەکی تاقانە و بێکەس و بێ پشت و پەنا و ناشەرعی بی نوێنێت. لە ڕێگەی جۆراوجۆریشەوە شەرعیەت بدات بە دەستدرێژیەکانی و بۆ ئەم مەبەستەش یاسا و ئاینی ئیسلامیش بەکاربهێنێت.
کە ئەو مامۆستا بەڕێزانەش هاتن تا لەو مینبەرەی سەراوە پشتگیری خۆیان بۆ داواکانی خەڵک دەربڕن، هەر زو دەسەڵات کەوتە هەڕەشە کردن لێیان و هەوڵدان بۆ دابڕینیان لە کاری مەلایەتی و ئنجا بەتاڵکردنەوەی ئەو دوعاو نوێژەی لە گەڵ خۆپیشاندەران کردبویان. دوێنێش ٤ ی مانگی سێ، کە ژمارەیەکی تر لە مامۆستا و مەلا هاتن بۆ بەرپەرچدانەوەی گومڕاییەکانی دەسەڵات بو.
ئێمەش زۆربەمان فریا نەکەوتبوین بچین بۆ تازێی شەهیدەکان و فریا نەکەوتبوین دڵنەوایی خۆمان بکەین، بۆیە زۆر گونجاو بو کە ئەو مامۆستا و مەلا بەڕێزانە هاتن و ژیانی خۆیان خستە مەترسی و هەرەشەوە، تا لەو غەمی لەدەستدانی گەنجانەماندا دڵمان بدەنەوە.
وتاری مەلا بەڕێزەکانیش ماوەو کەسیان نەیان گوتوە کە ئەم ڕاپەرینە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت یان سیستەمێکی غەیرە مەدەنیانەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست