پرۆژە بودجەى 2015 بێ ماددەى 140
Tuesday, 30/12/2014, 12:00
لە كۆبونەوەى لایەنە سیاسیەكانى هەرێمى كوردستان كەلە مەكۆى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە شارى سلێمانى ئەنجامدرا،پاش فشاریكى زۆرى هەرێمایەتى و نێو دەوڵەتى لایەنى كوردى بە مەرجى شەش خاڵ ڕازى بون كە بەشدارى كابینەكەى عەبادى بكەن،بڕگەیەك لە خاڵى پێنجەمى مەرجەكانى لایەنى كوردى جێبەجێكردنى مادەى 140ى دەستوربوو، كەچى لە پرۆژە بودجەى 2015ى كابینەكەى عەبادى هیچ میزانیەیەك بۆ جێبەجێكردنى ئەو ماددەیە دیارى نەكراوە، یان هەر بەهیچ شێوەیەك باس لەماددەى 140 نەكراوە، لێرەدا جێگەى خۆیەتى سەرەتا لەو لایەنانەى كە بەشدارى كۆبونەوەكە بوو بپرسین كە ئیستە هەڵوێستتان چییە بەرامبەر بەو پرۆژە بودجەیە و كابینەكەى خودى عەبادى چییە ؟؟؟ پاشان ڕوى دەممان بكەینە وەزیرە كوردەكان لە كابینەكەى عەبادى و بەتایبەتیتر جەنابى وەزیرى دارایى ئایا چۆن ئەو پرۆژەیە بەسەریاندا تێ پەریوە بەبى تەرخانكردنى بودجە بۆ ئەو ماددەیە؟؟؟ئایا هەڵویستى نوێنەرانى كوردى چییە لەو بارەیەوە ؟ بۆ هیچ ڕونكردنەوەیەكتان نییە؟؟ ئایا ئەوەى كە سەرانى كورد پەناى بۆ دەبەن لە ڕێكەوتن و دانوستانەكاندا سپاردنى قەیرانێك نییە بە قەیرانێكیتر، یان چارەسەركردنى ئاریشەیەك بە ئاریشەیەكیتر؟؟؟ باشە وەڵامتان بۆ مێژوو چییە؟؟
ڕاستیان وتووە كە نوێنەرانى كورد لە ڕێكەوتن و جێبەجێكردنى خاڵەكانى ڕێكەوتنەكاندا هەردەم لاواز خۆى نمایشكردووە!!! چونكە زۆربەى ڕێكەوتن و وتووێژەكانمان لە ژێر فشارى دەرەكیدا بووە،وەك دەڵێن هێزى ئێمە لە شۆڕشەكان و لاوازیەكانیشمان لە وتووێژوو جێبەجێكردنى خاڵەكانیدا بوو! لەبەرئەوەى نەیارەكانمان زۆر زانایانە توانیویانە بە دروستكردنى چەند قەیرانێكى نوێ وامان لێ بكەن كە نەمان پەرژێت كە بەدواداچون بۆ قەیران خاڵ و بەندەكانى پێشوترمان.
ڕاستە حكومەتى مەركەزى ڕازى بووە بە گێڕانەوەى هەموو مافە داراییەكانى هەرێمى كوردستان بۆى، تەنها زیادەیەك لەساڵانى پێشوو خەرجكردنى بودجەیەكە بۆ پێشمەرگە، ئەو بودجەیەى وەزارەتى پێشمەرگەى لێدەركەیت چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان ئەم بودجەیە و بودجەى ساڵانى 2013 و ساڵانى پێشتر؟؟؟
بە بڕواى بەندە جێبەجێكردنى ماددەى 140 بەوجۆرەى كە لەناو دەستورى عێراقدا هاتووە هێڵى سوورە لاى هەموو نەتەوە و شوێنكەوتوانى ئاین و ئاینزاكانیترى عێراق، ئەگەر جێبەجێكردنى ئەو ماددەیە لاى ئەوان هێندە هەستیار و ئاڵۆز بێت و لاى سەرانى ئێمەش هێندەى بێ بایەخ و كەمتەرخەمبن لە ئاستیدا، دە ئیتر جێگەى خۆیەتى ئێمەش لەهیچ ڕێكەوتن و ووتووێژ و دانوستان و لێدوانەكانماندا باسى ئەو ماددەیە نەكەین!!! ئەگەر وانییە دەى بۆ خاڵى پێنجەمى مەرجەكانتان بۆ بەشدارى لە كابینەكەى عەبادى دەلێن چى؟؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست