چاکسازیی پرسێک نییه ستراتیژانه بێت، بەڵکو لە ئاسته فیکرییه‌که‌یدا پێویستی به چاره‌سه‌رێکی مێژووییه
Tuesday, 08/11/2011, 12:00
3878 بینراوە
ئەم دیمانەیە رۆژنامەی رێگای ئازادیی لەگەڵ کەمال جەمال موختار (بەرێوەبەری کوردستانپۆست)ی‌دا کردووە .
پ1: بەشێك لە رۆژنامەنووسان لە سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان هاتنەدەرەوە یاخود تا ئێستا ئەندام نین، رەخنەى ئەوە لەم سەندیكایە دەگرن كە سەربەخۆیانە ناتوانێت داكۆكى لە مافى ڕۆژنامەنووسان بكات، لەبەرامبەردا بانگەشەى دامەزراندنى كۆمەڵەیەك یاخود ڕێكخراوێكى رۆژنامەنووسان دەكەن . لەم بارەیەوە تێڕوانینى بەڕێزتان چییە؟کەمال جەمال موختار: به‌ر له‌وه‌ی باس لە ڕێکخراو، کۆمه‌ڵه و هه‌ر ده‌زگایه‌کی دیکه بکرێت، دەبێت بزانین، کە جیاکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر گرنگ هه‌یه له نێوان سیسته‌می سیاسیی و ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی‌دا، که له شێوه حوکمڕانیه‌که‌ی کوردستاندا وه‌ک چمکێکی پێکه‌وه نووساو جیاناکرێنه‌وه. به‌داخه‌وه تێگەیشتنمان بۆ ئەو جیاوازییانە، بە هەڵە به‌سه‌ر زۆرینه‌ماندا تێپەڕیوە و لێکدانەوەمان له‌سه‌ری نه‌کردووه.
سیسته‌می سیاسیی: واته پایه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌وڵه‌ت بوون، وه‌ک ده‌ستور، جیاکردنه‌وه‌ی دهستهڵاتهکان، دیارییکردنی ڕۆڵ و ئه‌رکی سیاسیی ده‌زگا حکومی و مه‌ده‌نییه‌کان.
ده‌سته‌ڵاتی سیاسییش: واتە هه‌ر سێ ده‌زگای بڕیادان، جێبه‌جێ کردن و یاسا، که به‌پێی سیسته‌مه سیاسییه‌که سنور و ئاڕاسته‌کانیان دیاری ده‌کرێت.
ئێمە لێره‌وه ده‌توانین پێناسه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوێکی مه‌ده‌نی و ده‌زگایه‌ک بکه‌ین، که ده‌توانێت کارابێت یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئێمه سیسته‌می سیاسییمان نه‌بێت، به چ پێوه‌رێک ده‌توانین باس له ئه‌رک و چالاکیی ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ، یان پارله‌مان و حکومەتیش بکه‌ین؟ ئه‌وه‌ی له سه‌ر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا هه‌یه، بریتییە لە سیسته‌می سیاسیی خێڵ، کە له‌سه‌ر بنه‌ماکانی خێڵایه‌تی، ئەو په‌یوه‌ندییه سیاسییانە به‌ڕێوه ده‌چێت، جا له‌و فه‌زایه‌دا هه‌ر سه‌ندیکایه‌ک دروست ببێت، ته‌نیا دوو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌مدا ده‌مێنێته‌وه:
یەکەمیان: ئەوەیە، کە دەبێت ببێته زۆڕناژه‌ن و جامخانه‌ی حیزبی خێڵ و بنه‌ماڵه. یان
دووەمیان: ئه‌وەیە خۆی ته‌رخان بکات بۆ ململانێ و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له لایه‌ن ڕژێم یان سیسته‌می سیاسی خێڵه‌وه دێنه به‌رده‌می، بۆیه من ناتوانم هێلکه‌کانی خۆم بخه‌مه نێو سه‌به‌ته‌ی هیچ کامیانه‌وه! سه‌باره‌ت به ڕێگه‌ی یه‌که‌میان، زۆر ده‌مێکه ئێمە دیوارێکی تۆکمەمان لە نێوان خۆمان و بنه‌ماڵه و حیزبه‌کاندا دروست کردووە و هێڵی ستراتیژیی خۆمان کێشاوە.
هه‌رچی ڕێگه‌ی دووه‌میشه، ئه‌وه به‌لای منه‌وه ململانێکردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه به جیابوونه‌وه و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کاری سه‌ندیکایی له‌و بێ سیستهمییهدا، هەرگیز ئامانجاکانی به ئه‌نجام ناگات. بۆ من ئامانجێک له‌سه‌رووی دامه‌زراندنی هه‌ر ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌یه‌که‌وه، تەنها ئەوەیە، دروشمی کۆتاییهێنان به جۆری حوکمڕانی خێڵایه‌تیی دەبێت بهێنرێت، ئەو ئامانجە خه‌باتکردنه بۆ هێنانه‌دی سیسته‌می سیاسیی مۆدێڕن و دیاریکردنی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای کوردیی.
پ2: تێڕوانینى بەڕێزتان چییە لەسەر یاساكانى حكومەتى هەرێم، كە تایبەتن بە بوارى ڕاگەیاندن؟ ئایا خودى بەشێك لە یاساكان ڕێگرنین لەبەردەم گەشەى ڕاگەیاندنى ئازاد؟!کەمال جەمال موختار: من چ وه‌ک خۆم، چ هەموومان وەک له کوردستانپۆست، به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوین، کە هیچ بڕیار و یاسایه‌ک له هه‌رێمی کوردستاندا جێبه‌جێ ناکرێت، ئەگەر یه‌که‌م له خزمه‌تی نه‌یارانی کورد و له خزمه‌ت بنه‌ماڵه‌ی حوکمڕانی کوردستاندا نه‌بێت، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر تورکیا بپژمێت، دەسەڵاتی کوردیی له کوردستاندا توشی هه‌ڵامه‌تی سیاسیی ده‌بێت و به قازانجی تورک، بڕیار و یاسا بۆ پژمهکهی تورکیا، یان هه‌ر نه‌یارێکی کورد ده‌رده‌که‌ن.
له ساڵی 2006 یاسای ژماره (3) بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له پارله‌مانی کوردستانه‌وه ده‌رچوو، کە ده‌بوو ته‌مه‌نی ئه‌و یاسایه ته‌نیا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ بێت، ئیتر پاش دوو ساڵه، یاساکە دەبوو له‌کار بکه‌وێت. سه‌رباری لێکدانەوەی ئێمە و جیاوازییمان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا له‌سەر پێناسه‌ی تیرۆر، ئێمه مه‌ترسی دیکەمان به‌دی دەکرد، کە له چه‌ند بڕگه‌یه‌کی مادده‌کانی ئه‌و یاسایه‌دا هاتبوو، ئەویش سەبارەت بە ئازادیی راده‌ربڕین و بیرکردنه‌وه، لەو بڕگانەدا هەموو ئەو ئازادییانە به‌رته‌سک کرابوونەوە، هەروه‌ک له‌مادده‌ی دووه‌م بڕگه‌ی یه‌که‌م و دووه‌مدا هاتووه. ئه‌م کرده‌وانه به تیرۆر داده‌نرێت:
دامه‌زراندن، ڕێکخستن، یان به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵه و ڕێکخراو، که زیان به ئاسایش و ئارامیی کوردستان بگه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها یاساکە باس له تیرۆر ده‌کات بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و به‌کافردانان و سزاکه‌شی له سێداره‌دانه. هه‌رچه‌نده ئه‌م یاسایه لاستیکییه و ده‌توانرێت به ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵات بکشێنرێت و بە ئارەزووی خۆیان پێناسەی تیرۆری پێبکەن، که له مادده‌ی چواره‌م و بڕگه‌ی دووه‌مدا هاتووه، لەمەدا ئه‌و نووسه‌ر و بیرمه‌ندانه‌ش ده‌گرێته‌وه، که ده‌توانرێت وه‌ک تیرۆریست پێناسەی بکه‌ن و نووسینێک، یان نووسه‌رێکی پێ سزا بده‌ن.
له‌و کاته‌دا ئه‌م یاسایه، بۆ ماوه‌ی دووساڵ ئه‌کتیڤ بوو. بەڵام کاتێک بینیان هیچ که‌س ته‌نانه‌ت، ڕوناکبیر و نووسه‌رانی کورد ڕه‌خنه‌یه‌کی جددیان له سەر ئەو یاسا کاتییه نه‌بوو، بۆیە پاش دوو ساڵه‌که له 17 / 7 / 2010 دا سەر لەنوێ یاساکە په‌سه‌ندکرایه‌وه و به بڕیاری ژماره 8 ی ساڵی 2010 ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، کرایه یاسایه‌کی هه‌میشه‌یی، راگەیاندن و میدیاکانی کوردستانیش، ڕوناکبیر و نووسه‌رانیش بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد. ئیتر نازانم ئەمانەی ناوم هێنان لە نووسەر و رووناک‌بیر تا چەند ئاستی تێگەیشتنیان لە ئاستی تێگەیشتنی ئەو یاسایەدا هەبووە؟ چونکە دەسەڵات له سه‌ره‌تادا وه‌ک تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ئه‌و یاسایه‌ی تێپه‌ڕاند، که دوودڵ بوو له‌وه‌ی ده‌نگدانه‌وه و ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌ی لێبکه‌وێته‌وه، به‌ڵام که هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی به‌دوادا نه‌هات، ئیدی بێ ترس کردیانه یاسایه‌کی هه‌میشه‌یی.
به ڕای من ڕاگه‌یاندنی ئازاد ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌یه، که ئازا بێت. لای زۆر کەس ڕاگه‌یاندنی ئازاد وا لێکدەدرێتەوە، که دەبێت تۆ بێلایه‌ن بیت، ئەگەر ئازاد نەبیت، مانای وایە تۆ تهرهفداریت به لایه‌نێک، له جیهاندا هیچ ڕاگه‌یاندنێک نییه بیرکردنه‌وه و ئامانجێک له پشتیه‌وه نه‌بێت، جا ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه ئایدیۆلۆژی حیزبی بێت، یان بیرکردنه‌وه و فه‌لسه‌فه و دنیابینی خۆی کردبێتیه پره‌نسیبی کارکردنەکەی، گرنگ ئەوەیە له دواجاردا ئه‌رکی میدیا، دەبێت هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و سازدانی هه‌ڵوێستی شه‌قامیش بێت.
پ3: ڕاگەیاندنى حیزبى (بەسەرجەم حیزبەكان) پێتوایە تەنها كەموكوڕیان ئەوەیە كە لەلایەن ئۆرگانى حیزبەكانەوە ئاراستە دەكرێن؟ ئایا بێجگە لەمە كەموكوڕی تریان هەیە بۆیە ناتوانن ئازادانە كاربكەن؟کەمال جەمال موختار: ده‌توانین هه‌ر له درێژکردنه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌ی پێشوودا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شتان بده‌یه‌وه، که ئه‌گه‌ر ئێمه له‌وه بگه‌ین ئه‌رکی میدیا ته‌نیا گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری نییه، به‌ڵکو دروستکردن و هاندان و سازکردنی ڕای گشتییه. ده‌نا وه‌ک ده‌بینین جیهانی پەیوەندییەکان له ڕێگه‌ی ئه‌نته‌رنێته‌وه جێگای به ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌کانی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و رۆژنامه جیهانییه‌کانیش له‌ق کردووه. سایتێکی وه‌ک فه‌یسبووک یان یوتوب، یان ماشینی گه‌ڕانی گۆگڵه، هێنده‌ی ده‌یان زانکۆ زانیاریی به گشت مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌یه‌نن، تا ئاستێک، ئه‌گه‌ر میدیا ده‌سته‌ڵاتی چواره‌م بێت، ئه‌وا ئینته‌رنێت بۆته ده‌سته‌ڵاتی پێنجه‌م و داینه‌مۆی شۆڕشه‌کانی به‌هاری عاره‌بی و ناوچه‌که‌مانی گرتۆته‌وه. جا میدیا حیزبیی بێت، یان ناحیزبیی. وه‌ک گوتم گرنگ ئاڕاسته‌کانی ئەو راگەیاندنەیە، نه‌ک کێ و چی له پشتیانەوەیە. بۆ نمونه میدیای پارتی و یه‌کێتیی، ئاڕاسته‌کانییان زه‌لیلکردن و سه‌رکزکردنی مرۆڤی کورده، بۆیه به‌لای منه‌وه، ئەو میدیایانەی، کە هێندە له به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌کانی ئه‌و دوو حیزبه‌دان، ئاڕاسته‌کانی راگەیاندنەکانیان هێنده‌ی ئاڕاستەی نه‌یارانی کوردە و ڕۆڵی نەگەتیڤیان هەیە له لاوازکردن و شکاندنی که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئا لێره‌وه ئه‌و ڕۆڵه‌یان ناچێته خانه‌ی کهموکورییهوه، کە ئێوە ناوتان هێناوە و پرسیاری لەسەر دەکەن، به‌ڵکو له ئاستی تێکشکاندنی که‌سایه‌تی کورددایه. جگه له فه‌لسه‌فه‌ی درۆبکه درۆبکه، تا بڕوات پێده‌که‌ن، ئەمە سیمای میدیای حیزبیی ئه‌و دوو بنهماڵهیەیە.
جۆزێف گۆبڵز گوته‌یه‌کی به‌ناوبانگی هه‌یه ده‌ڵێت: (
هه‌رکاتێک گوێم له وشه‌ی ڕوناکبیر ده‌بێت، زیاتر هه‌ست به گرنگی ده‌مانچه‌که‌م ده‌که‌م)، ئەگەر له‌و قسه‌یه‌ی گۆبڵزه‌وه پێناسەی میدیای حیزبی کوردی بکه‌م، ئەوا راگەیاندنە حیزبییەکانی دەسەڵات دیوێکی دیکه‌ی تاوان و ئه‌و ناپاکیانه‌ن، که له مێژووی کورددا ئه‌نجامیان داوه. جگه له‌وه‌ی ڕووناکبیر و مرۆڤی ڕاستگۆ له چوارچێوه‌ی ڕۆژنامه و ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیانه‌وه جێگه‌ی نابێته‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌و کاتانه نه‌بێت، کە گۆبڵز ئاسا هه‌ست به گرنگی ده‌مانچه‌کانیان بکه‌ن.
پ4: ئایا ڕاگەیاندنى ئۆپۆزیسیۆن لە كوردستان توانیوێتى ڕاگەیاندنێكى سەركەوتوبێ ئەگەر سەركەوتونین بەتێڕوانینى بەڕێزت هۆكارەكانى چیین؟!کەمال جەمال موختار: هه‌مدیسان دێمه‌وه سه‌ر ڕۆڵ و ئه‌رکی میدیا، که تاچه‌ندێک ده‌توانێت هه‌ڵوێست بنوێنێت. زۆر ڕاشکاوانه من ده‌ڵێم نه‌خێر میدیای ئۆپۆزسیۆنیش نه‌یتوانیوه به ئه‌رکه‌کانی خۆی ڕابگات، چونکه خودی ئۆپۆزسیۆن له گۆڕەپانی سیاسیی هه‌رێمی کوردستاندا ڕاڕا و شه‌رمنانه رەفتار دەکات، میدیاکه‌شیان به‌هه‌مان شێوه شه‌رمنانه‌ن، زۆر جار لە میدیای دەسەڵات ترسناکترن، بۆ نمونە کەسێکی باوەڕپینەکراو و گومانای لە میدیای دەسەڵات پەیامێکی پێبێت، هەروا بە ئاسانی ناتوانێت پەیامەکەی کاریگەریی هەبێت، بەلام هەر ئەو کەسە ئەگەر بچێتە میدیای ئۆپۆزیسیۆن، گەیاندنی پەیامەکەی رەواجی زۆرتری دەبێت، مەترسییەکە لێرەدایە، من پێم وابێت ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و راگەیاندنەکانیان لێرەدا یان نەشارەزا و لێنەهاتوون، یان بە مەبەست ئەم کارە دەکەن.
پ5: بەشێكى زۆر لە خەڵكى كوردستان پێیان وایە چاكسازى كردن لەلایەن حزبەكانەوە محاڵە بێتە بوارى كردارێوە، بۆ كەم كردنەوەى گەندەڵى و پێشێل نەكردنى مافەكانى مرۆڤ؟! بۆچون و تێڕوانینى بەڕێزتان چییە لەسەر پرسى چاكسازى؟کەمال جەمال موختار: چاکسازیی، یان ریفۆرم پرسێک نییه ستراتیژانه بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له دۆخێکه‌وه بۆ دۆخێکی تر. به‌لای ئێمەوە چاکسازیکردن وه‌ک ده‌رزی به‌نج وایه، نهخۆشەکه بۆ ماوه‌یه‌ک سڕ ده‌کات، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ناکات. ساده و ساکارانه بڵێم گه‌نده‌ڵیی نه‌خۆشییه‌که ناسۆر ئاسایه له جه‌سته‌ی سیاسیی کۆمه‌ڵگای کوردییدا، ناسۆریش ئەگەر له ڕهگەوە ڕیشه‌کێش نه‌کرێت، سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، بۆیه ڕادیکالانه من له پرسی گه‌نده‌ڵیی، به‌و شێوه‌یه تێی ده‌ڕوانم، کە له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی، ئابوریی، سیاسیی و فه‌رهه‌نگی کورییدا، کە هه‌ردوو پارتی فه‌رمانڕه‌وا پیادەی دەکەن.
به‌ر له‌وه‌ی ئێمە بیر له‌پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ریی بکه‌ینه‌وه، پێویسته سه‌رچاوه و هۆکانی دیاری بکه‌ین، له‌وێوه بیوەستێنین و بیگرینه‌وه. واته له ئاسته فیکریهکهیدا چاره‌سه‌رێکی مێژویی پێویسته، سه‌رچاوه‌کانی دۆزی گه‌نده‌ڵیی، که هه‌موو ئاسته‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردیی گرتۆته‌وه، ئەمە له مێژوودایه. هەڵدانەوەی مێژوو، پێداچوونەوە بە مێژووەکەیدا، بە بێگوێدانه پیرۆزکردن و حه‌رامکردنی ڕه‌خنه‌ی مێژوویی له لایه‌ن ئه‌و پارت و بنه‌ماڵانه‌ی شێواندویانه، تا ئاستێک شێوه دادگایه‌کی مێژوو بکه‌ینه‌وه بۆ ڕابردوومان، ئەمە به‌شێکی گرنگی پرۆسه‌ی چارهسهرییەکەیە. تا له‌وێوه ده‌ست پێنه‌که‌ین، مه‌حاڵه بتوانرێت به پرۆژه‌ی چاکسازیی، چاره‌سه‌ری قه‌یران و ناسۆره سیاسییه‌کانی کورد به ئه‌نجام بگەیەنین، بۆیه ئه‌و ڕادیکالبوونهی ئێمه له کوردستاپۆستهوه، نەک تەنها ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی کوردستان، به‌ڵکو ئۆپۆزیسیۆنە ریفۆرمخوازەکانیشی نیگه‌ران کردووه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌ری سڕکه‌رانه بکه‌ن و توخنی مێژوو نه‌که‌وین به شێواوی به‌سه‌ر خۆمان و نه‌وه‌کانماندا تێی بپه‌ڕێنین. ئێمه‌ش هه‌میشه سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چارهسهرەکە له‌و ڕۆژانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، که کۆماری مه‌هابادی له‌باربرد، ئاشبه‌تاڵی 1974 ی دروستکرد، نشوستیی به ڕاپه‌ڕینی 1991 هێنا، هه‌روه‌ها کاره‌ساتی 31ی ئابی 1996 ی به بێده‌نگی به‌سه‌رماندا سه‌پاند، ١٧ی شوباتی بەو ئاقارەدا برد، ده‌یان دۆسیه‌ی مێژوویی دیه‌ک هه‌ن و له‌و نمونانه زۆرن، که نابێت ئێمە وه‌ها به داخراوی لێی بگه‌ڕێین، ده‌نا له‌سه‌ر زه‌مینی کوردستاندا شتێک نییه ناوی پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ریی یان چاکسازیی و ریفۆرم بێت.
پ6: بۆچى لە قۆناغى ئێستادا بەرپرسانى حكومى و حیزبى زیاتر پەنا بۆ دادگاكان دەبەن لە سەرنووسین؟ ئایا ئەوە نیشانەى ئەوەیە كە ئەو رۆژنامەنووسانە لە یاساكان بێ ئاگان و تەشهیر بە بەرپرسان و هەواڵى ناراست بڵاودەكەنەوە؟ یان بەپێچەوانەوە دەسەڵات دەیەوێ فشار و ڕێگرى دروست بكات بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانى چالاك؟!کەمال جەمال موختار: دەتوانم بڵێم، کە به پێچه‌وانه‌وه ده‌سته‌ڵات که‌مترین په‌نای بۆ دادگا و یاسا بردووه. ئەوان ده‌یان نووسه‌ر و چالاکوان و ڕۆژنامه‌نووسیان تیرۆر کردووه، چه‌ندینیان فه‌لاقه کردووه و بەردەوامیش ده‌یکه‌ن. پەنابردن بۆ رێگای یاسایی جۆرێکه له تاکتیک، ئه‌وان بۆ په‌رده‌پۆشکردنی ئه‌و تیرۆرانه‌ی به‌رامبه‌ر بە نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ئه‌نجامیان داوه.
گه‌ر که‌مێک بە دووربینی سه‌یری ڕابردوو بکه‌ین ده‌بینین مۆدێلی په‌نابردنه به‌ر دادگا له پاش شه‌هید کردنی سۆران و سه‌رده‌شت عوسمان، وه‌ک تاکتیکێک به‌کاری ده‌هێنن، تا پێمان بڵێن ئێمه له قه‌ڵه‌م و لە نووسین ناترسین، تا بڵێن ئێمه ئه‌گه‌ر ململانێیه‌کمان له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و نووسیندا هه‌بێت، نایان کوژین، به‌ڵکو له ڕێگای یاساییه‌وه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه، که له ڕاستییدا ته‌واو پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، ئه‌وان له سه‌رده‌می شاخه‌وه تا حوکمڕانی ئه‌مڕۆی شاریشیان، هه‌میشه به شێوازی تیرۆر و فه‌لاقه‌کردن ڕووبه‌ڕوی نووسین و فیکر بوونه‌ته‌وه. ئه‌وان مێژوویان پڕه له شه‌ڕ، لە کوشتار له‌گه‌ڵ فیکری جیاواز و بۆچوونی جیاواز و هه‌ڵوێستی جیاوازدا. ئایا ئاسه‌واره‌کانی شه‌ڕی یهکترکوژیی، له شاخ، ته‌نانه‌ت له‌ناوخۆیاندا، یان شه‌ڕی مه‌کته‌ب سیاسیی پارتی و سه‌رۆکایه‌تی پارتی، ئەمانە شه‌ڕی ڕای جیاواز نه‌بوون؟
شه‌ڕی ئاش قڕانهکانی ناو یه‌کێتی نیشتمانیی و شه‌ڕی پارتیی و یه‌کێتی و هتد... هەموو ئه‌مانه شه‌ڕی جیاوازیی بیروبۆچوونه‌کانیان بوون، کە به زمانی تفه‌نگ و فیشه‌ک دیالۆگیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا کردووه، ئه‌گه‌ر ئەوان فیشه‌کێکیان به‌ره‌و ڕووی داگیرکه‌رانی کورد ته‌قاندبێت، ده‌یان فیشه‌کیشیان له به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌گر و بیر و دیدی جیاواز به خودی کورد خۆیه‌وه ناوه. ئه‌وانه نه له زمانی قه‌له‌م تێده‌گه‌ن، نه ده‌شتوانن به زمانی قه‌ڵه‌م بدوێن، بۆیه شێوازی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌رده‌م دادگا ته‌نیا به تاکتیکێکی ڕووپۆشانهی ده‌بینین تا دیوه شه‌ڕانیه‌که‌ی خۆیانی پێ بپۆشن.
پ7: ڕاگەیاندنى سێبەر،ئایا هۆكارى دروستبونیان نەگەڕێتەوە بۆ لاوازى و بێ كاریگەرى ڕاگەیاندنى حیزبى، بۆپەردەپۆشكردنى گەندەڵى و شێواندنى ڕاستییەكان؟ ئایا ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە سەرەتایەكى شەرمنانە و تێكشكاوى پێوە دیارنییە ئەگەرچى پروپاگەندەى ڕاگەیاندنى ئازاد و سەربەخۆدەكەن؟ چۆن ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە هەڵدەسەنگێنیت؟کەمال جەمال موختار: فه‌وزای دنیای حیزبیی و سیاسیی کوردستان به‌جۆرێک ئاڵۆز و شێواوه، چه‌ندین لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، جگه له‌وه‌ی وه‌ک خۆتان له توێی پرسیاره‌که‌تانه‌وه باسی ده‌که‌ن، که میدیای سێبه‌ر بۆ شێواندنی ڕاستییه‌کانه، هەموو ئەمانە و چه‌نده‌ها پرسیاری تر له خۆ ده‌گرێت. له هه‌ر حیزبێکدا که‌سایه‌تی و باڵێک بۆ خۆی میدیایه‌کی سێبه‌ری پێکهێناوه، هه‌ر یه‌که بۆ خۆی حکومه‌تێکه، له میدیا و لوشدانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و سازدانی هێزی چه‌کدار و میلیشیای سه‌ر به خۆیدا، ئه‌و دیمه‌نه سیاسیی و ئیدارییه‌ی کوردستان، هه‌مان دیمه‌نی لوبنانی ساڵانی جه‌نگی ناوخۆی لوبنانه، که دابه‌ش بووبوون به‌سه‌ر سه‌دان تاقم و میلیشیا و که‌تیبه‌دا، هه‌ر یه‌کێک له‌و تاقمانه به پێی ئه‌جێنداکانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی هه‌رێمیی و جیهانیی به‌ڕێوه ده‌برێن و دهستکراوهشن له یاریکردن به دۆزی نه‌ته‌وه‌یی کورد و پاشان له تاڵان‌کردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان.
هه‌ڵسه‌نگاندنی من بۆ ئه‌و دیارده‌یه ته‌نیا له گۆشه‌نیگای ڕاگه‌یاندنه‌وه نییه، به‌ڵکو کێشه‌که له‌وه گه‌وره‌تر و قوڵتره، کە ئەمڕۆ ئێمە ڕه‌خنه‌مان له میدیای سێبه‌ر هه‌بێت، مه‌ترسییه‌که له‌وه‌دایه، که له ته‌نیشت میدیاکه‌وه ئامانجی هێزه ده‌ره‌کییه‌کان و بهرژهوهندئی ده‌وڵه‌تانی ده‌وربه‌ر و ئه‌جێندای ده‌زگا ههواڵگریهکانیشی لێوه پیاده ده‌کرێت.
پ8: ئایا وەكو ستافى كوردستانپۆست هیچ پرۆژەیەكتان هەیە بۆ داهاتوو لە شێوەى كردنەوەى كەناڵى تەلەفیزیۆنى، یان دەركردنى ڕۆژنامە و گۆڤار ..........؟ یاخود هەر بەم شێوەیە درێژە بە هەوڵەكانتان دەدەن؟کەمال جەمال موختار: ئێمه وه‌ک کوردستانپۆست له‌پاش به‌ستنی یه‌که‌م کۆنفرانسی خۆمان بڕیارمانداوه جگه له بواری ڕاگه‌یاندن، به چه‌ند ئۆرگانێک ڕێگه‌ی خه‌باتی ستراتیژانه بگرینه به‌ر بۆ پرسه ستراتیژییه‌کان. ڕووداوه‌کانی 17ی شوبات قۆناغی وه‌رچه‌رخاندن بوو بۆ ئێمه و بۆ قه‌یرانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی کوردیی. ئێمە ناتوانین ته‌نیا وه‌ک میدیایه‌ک ڕه‌خنه‌گرانه قسه بکه‌ین، بۆیە بڕیارماندا له قۆناغی ڕه‌خنه‌وه بپه‌ڕێنه‌وه بۆ قۆناغی چاره‌سه‌ر. له ڕاستییدا ئه‌مه ئه‌رکی ئۆپۆزسیۆن بوو، ئۆپۆزسیۆنێکی کارامه و چالاک ئه‌و ئه‌رکه مێژوویه‌ی له ئه‌ستۆبوو، به‌ڵام دیاره ئه‌وانیش ناتوانن له ئاست ئه‌و ئه‌رکه مێژووییه‌یاندا بن، بۆیه ناچاربوین ئێمه خۆمان کۆبکه‌ینه‌وه، بێگومان خۆمان له کاری ڕێکخراوه‌یی و حیزبی بوون پاراست، ئه‌و مۆدێلی خه‌باتکردنه حیزبیه، که سهنتراڵانهیه جوڵه‌ی جه‌ماوه‌ریی خاو و قورس ده‌کات، پسپۆڕانه بیرمان له خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی ناو خەڵک کرده‌وه. بۆیه به شێوازی ئۆرگانی سه‌ربه‌خۆ و ئۆتۆنۆمیانه ده‌ستمان داوه‌ته کۆششکردن. له ئاسته میدیاکهشدا، ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه میدیایه‌ک بووین له‌ناو شه‌قامه‌وه ده‌ستمان پێکردووه، قسه‌ی شه‌قاممان کردووه و ڕه‌خنه‌کانی شه‌قاممان له ده‌سته‌ڵات و حوکمڕانی کوردی گرتووه، بێگومان خه‌باته‌که‌شمان هه‌مان خه‌باتی شه‌قامی کوردییه و له پێناو لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتدا تێده‌کۆشین، ده‌بێت شه‌قام ببێته‌وه به بڕیارده‌ری سیاسیی و خاوه‌نی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی، له‌هه‌مان کاتدا هیوایه‌کی ڕوون و گهشیشمان هه‌یه که له دواڕۆژێکی نزیکدا ئه‌و شه‌قامه له بری میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنی به‌ناوی کوردستانپۆسته‌وه، ئه‌وا ئامڕازه‌کانی دیکه‌ی ڕاگه‌یاندنمان ببێتە درێژکراوه‌ی هه‌مان کوردستانپۆست، ئەویش له کوردستانێکی ئازادیی بێ حیزبی بنه‌ماڵه و خێڵەکیی سیاسیی‌دا.