سه‌رده‌شت: تراژیدیایه‌کی درامی ئاشکرا
Thursday, 17/06/2010, 12:00
هیچ کوشتنێک تا ئێستا وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌رده‌شت به ئاشکرایی و روونی و به نووسراویی سه‌ره‌تاو پرۆسه‌و کۆتاییه‌که‌ی تۆمار نه‌کراوه. هه‌ر له یه‌که‌م نووسینی ئاشکرای سه‌رده‌شته‌وه، که به قسه‌ی خۆی ده‌ورێکی کۆمیدی ره‌مزی ئینسانی وه‌ک چارلی چاپلینی بۆ خۆی داناوه، ده‌سه‌ڵات کردوویه‌تییه قاره‌مانی ناچاری درامایه‌کی تراژیدی. سه‌رده‌شت ئه‌و ده‌وره‌ی دڵپاکانه‌و ئازایانه قبول کردووه چونکه هه‌ستی کردووه وه‌ک گه‌نجێکی هوشیار ورووناکبیر خراوه‌ته ناو چوارچێوه‌یه‌کی ژیانه‌وه که ده‌سه‌لاتی به‌سه‌رهه‌لو مه‌رج و پرۆسه‌و هێزه‌کانیدا ناشكێ و خۆی و برا گچکه‌کانی و خێزان و هاوڕێ و گه‌نجه‌کانی و هاونیشتنمانییه‌کانی وه‌ک قوربانی ئه‌و سته‌مه‌و ئه‌و سیستمه ده‌بینێ و ده‌یه‌وێ شوێنی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه یان ده‌روازه‌یه‌کی ده‌ربازبوون ده‌ستنیشان بکات. ئه‌و ده‌سه‌لاته، وه‌ک سه‌رده‌شت ده‌یبینێ سته‌مگه‌ره، ئه‌و په‌ڕی نادادپه‌روه‌ره، خزمخزمـێنه‌و بنه‌ماڵه‌ییه، گه‌نده‌ڵه، دزو خۆده‌وڵه‌مه‌ندکه‌ره، دڕنده‌یه، جیاوازیکه‌ره، سپڵه‌یه، بێوه‌فایه، بێویژدانه، باکی به ژیان و ماف و که‌رامه‌ت و مه‌رگی نه‌وه‌کانی خۆی نییه. سه‌رده‌شت هه‌رچه‌ند وه‌ک گه‌نجێکی هۆشمه‌ندی ئاشنا به بیر‌و که‌لتوری رۆژاوایی و مۆدێرن، بیر ده‌کاته‌وه سه‌یر ده‌کا له ولاتی ئه‌ودا بۆ گه‌نجان جگه له مردن، مردنی هێواش به داخی بێ‌کاری و بێپاره‌یی و بێهووده‌یی و بێده‌سه‌لاتییه‌وه له ده‌ست جیاوازیگه‌ری و یان له هاواری ناڕه‌زایی و ئه‌وسا هه‌ره‌شه‌و تارمایی مه‌رگ به‌ولاوه ده‌ریچه‌یه‌ک شک نابا. که دوای نووسینی یه‌که‌می هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کرێ به تایبه‌تی هه‌وڵ ده‌دا جددێتی هه‌ڕه‌شه‌کان و راستیی هاتنی تارمایی مردنه‌که‌ی به به‌رپرسانی کولیژو ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌که‌ی بگه‌یه‌نێ، سه‌ر ناکه‌وێ. له 4/5 دا کاتێ به‌یانی ده‌گاته به‌ر ده‌رگای کولیه‌که‌ی، بکوژانی بۆی دانیشتبوون. سێ چوار كه‌س به جلی مه‌ده‌نی له‌به‌رده‌م چاوی پۆلیسی پرسگه‌ی کۆلیژی زمان، ڕێی پێده‌گرن. له به‌رده‌می کۆلیژه‌که‌یدا ده‌یگرن، کتێبه‌کانی لێفڕێده‌ده‌ن ، تێی هه‌لده‌ده‌ن و به زۆر سواری سه‌یاره‌ی ده‌که‌ن و ده‌یبه‌ن. دوای فراندن و گیرانیشی هاورێکانی به شێوه‌ی خۆیان هه‌وله‌که‌ی پێشگیرانی سه‌رده‌شت دووباره ده‌که‌نه‌وه، پێوه‌ندی به کۆلیژو زانکۆ‌و وه‌زاره‌تی بالا‌و پۆلیسه‌وه ده‌که‌ن، تا سه‌رده‌شت به‌ربدرێ و بگه‌رێته‌وه ناویان، که‌س وه‌لامیان ناداته‌وه. هه‌ول ده‌ده‌ن دایه‌لۆگێ ده‌رباره‌ی دیارنه‌مانه‌که‌ی له‌گه‌ل هه‌موو سیستمی هه‌ولێردا دروست که‌ن، سه‌رناکه‌ون. دوایی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له ناو کولیه‌دا به‌رپا ده‌که‌ن.
خوێنی سه‌رده‌شت ده‌موچاوی هه‌موو سیستمه‌که‌ی هه‌ولێر به ره‌نگی سووری تاوان ره‌نگ ده‌کا. سیتسمه‌که هه‌ر چییه‌ک بێ و بڵێ ناتوانێ تاوانی ئه‌گه‌ر کوشتنه‌که‌ش نه‌بێ تاوانی بێباکی له کوشتنه‌که‌و گاڵته‌کردنی به ئه‌خلاق و یاسا‌و مافی ژیان و قسه‌کردن و دایه‌لۆگی هاوڵاتییان و مافی متمانه‌و پشتبه‌ستن به پۆلیس و ده‌زگاکانی حکومه‌ت و که‌مته‌رخه‌می له مه‌رگی بێده‌نگی هه‌زاره‌ها گه‌نجی کچ و کوڕی ئه‌م ولاته بشارێته‌وه. ئه‌م داخران و دواکه‌وتویی و عه‌قڵی ئیستیخباراتی و خۆشاردنه‌وه‌و راستیی شاردنه‌وه، ئه‌م ملهوڕی و دڵره‌قی و بێباکی ژێرپێدانی مافی ژیان و دایه‌لۆگ و ئازادییه‌یه که هه‌موو سیستمه ئیستیخباراتییه‌که‌ی هه‌ولێر له پێش هه‌موو شتێکه‌وه ئه‌و سیستمه گه‌نده‌ڵ و پووچه‌ڵه‌ی پێی ده‌ڵێن زانکۆ و خوێندنی باڵا‌و، پۆلیس و ده‌زگکانی ئاسایش، ئه‌و به‌ردانه‌ی له جه‌سته‌ی مرۆڤ و شکلی مامۆستا‌و به‌رپرسی ئیداریدا خۆیان مه‌ڵاس داوه، تاوانبار‌و شه‌رمه‌زار ده‌کا. به‌داخه‌وه ئه‌و به‌رپرسانه‌ی زانکۆش که به شیری گه‌نده‌ڵی و بێدادی و ترسه‌نۆکی گۆشکراون، به گه‌رمی له‌م تاوانه‌دا به‌شدارن. هه‌ر ئه‌وه‌شه وا ده‌کا مردنی سه‌رده‌شت نموونه‌و وێنه‌یه‌کی راستگۆی پێوه‌ندی نێوان گه‌نج و رۆشنبیر و ده‌زگاو ده‌سه‌لات له‌م هه‌رێمه داخراوه‌دا نیشان بدات. هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌کات سه‌رده‌شت به‌م جوانه‌مه‌رگییه مه‌لحه‌مییه ناوه‌خته‌یه‌وه بچێته ریزی قاره‌مانه تراژیدییه‌کانی کاره‌ساته‌کانی مێژوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست