شەو لە خەوما بووبومەوە بە پێشمەرگە
Sunday, 24/10/2010, 12:00
شەو لە خەوما بینیم هەرچى تێكۆشانى جەماوەرى ئەم چەند ساڵەى خەڵكى باشوورى كوردستان هەیە،لە لایەن دەسەڵاتدارانى باشوورى كوردستانەوە وەڵامى نەدرایەوە،ئەوانەى لە دواى راپەرین و لە دواى رووخانى رژێمى سەدام فایلەكانیان ئاشكرا بوو،لە بەرگى پێشمەرگە و لە بەرگى رێكخستنى حزبە شۆرشگێرەكانى باشوورى كوردستاندا سیخوڕى رژێمى بەعس بوون،دادگایى نەكران.ئەوانەى پێش سوپاى توركیاو و ئێران عراق كەوتن هێنانیانە سەر خاكى كوردستان و رۆڵەى كوردیان پێكوشت،دادگایى نەكران.ئەوانەى رۆڵەكانى رۆژهەڵاتى كوردستانیان تەسلیمى كۆمارى ئیسلامى ئێران كردەوە،ئەوانەى بەرپرس و پێشمەرگەكانى رۆژهەڵاتى كوردستانیان لە هەولێر و سلێمانى و كۆیە شەهید كرد،دادگایى نەكران و داواى لێبوردنیان لە خەڵكى كوردستان نەكرد.ئەوانەى شەرى براكوژیان هەڵگیرسان و هەزاران كەسى كوردیان شەهید و بێ سەروشوێن كرد دادگایى نەكران و داواى لێبوردنیان لە خەڵك نەكرد.،شەو لە خەوما بینیم ئەو بەرپرسە سیخورانەى كە رەشنوسى كۆبوونەوەى حزبە سیاسیەكانیان بۆ سوریاو ئێران وتوركیا و عراق دەنارد و تێبینى خۆیان دەنووسى كە فڵان لایەنى سیاسى و فلان كەس بە نیازى دەولەتى كوردیە سزا نەدران.شەو لە خەوما خەڵك زۆر بێزار بوو، لەبەر ئەوەى ئەو كەسانەى نزار خەزرەجى و وەفیق سامەرایى و تارق رەمەزانیان لە حوكمى یاسا پاراست و ئازادیان كرد ن، هیچیان لێنەكرا و دادگایى نەكران.شەو لە خەوما ئەو كەسانەى لە ساڵانى دواى راپەرینەوە تەقەیان لە خەڵكى نارازى كوردستان دەكرد و گەنجانیان شەهید دەكرد،چالاكوانیان بریندار دەكرد،خەڵكیان زیندانی دەكرد و شۆرشگێریان راودەنا،دادگایى نەكران و داواى لێبوردنیان لە خەڵكى كوردستان نەكرد،شەو لە خەوما خەڵكى كوردستان برواى بەو لێژنەیە نەمابوو كە سەرۆكى هەرێم بۆ لێكۆڵینەوەى فایلدارەكان پێكیهێناوەو ئەنجامی دیار نیە.شەو لە خەوما داواى خەڵكى كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لە سەر كوشتنى رەوف ئاكرەیى و نەسیر و خاڵە حاجى و محیەدین رەوف و سەلاح هەورامى سیروان نەورۆڵى و عوسمان دزەیى و كەمال كوردى،هەر ئەنجامى نەبوو، شەو لە خەوما چالاكى و مانگرتن و نووسینى رۆشنبیران و رۆژنامەنوسانى كوردستان لە سەر تیرۆركردنى سۆرانى مامە حەمە و شێخ ستار و سەردەشت عوسمان هەر وەڵامى نەدرایەوە،شەو لە خەوما تێكۆشانى شارستانیى بنەماڵەى شەهیدانى كۆیەو پشدەرو گەرمیان بۆ دادگاییكردنى قاسم ئاغا و عەباسى باوڵ و فەتاح بەگى جاف بێ وەڵام مایەوە،شەو لە خەوما ئەوانەى بانقەكەى هەڵەبجەیان برَى،ئەوانەى ملیۆنە دۆلارەكەى پۆل بریمەریان خستە تەنگەى باخەڵیان،چاودێرى دارایى راپۆرتى لە سەر نەنوسین، داواكارى گشتى و دادگاى هەڵەبەبجە دادگایى نەكردن.شەو لە خەوما لە رێگەى دادگا حزبیەكەى هەولێرەوە فازل میرانى هەموو گۆڤار و رۆژنامەكانى دەڤەرى شارى سلێمانى داخست و كەس هەواڵى دزى و گەندەڵى حزب و حكوومەتى نەدەبیست،شەو لە خەوما سامانى ژێرزەمینى كوردستان لە رێگەى ئاشتى هەورامیەوە تاڵانفرۆشكرا و كەس دەنگى هەڵنەبرى، شەو لە خەوما لە باتى كتیبَى زانستى و كۆمپیتەر و ئنتەرنێت،پارتى و یەكێتى دنیایەك دەمانچەیان بە سەر دۆست و لایەنگرەكانیاندا بڵاوكردەوە،شەو لە خەوما لە باتى چاكسازى لووتى ئەوانە شكێنرا كە رەخنەیان لە دەسەڵات دەگرت،ئتر منیش چارم نەما ئەمجارەیان بوومەوە بە پێشمەرگە،بەڵام كام جۆر پێشمەرگەیە،پێشمەرگەى رێگاى رزگارى كوردستان نا،پێشمەرگەى رێگاى رزگارى مافى مرۆڤى كورد، پێشمەرگەى رێگەى رێگرتنى تیرۆرى رۆژنامەنوسانى كورد،پێشمەرگەى رێگەى داكۆكى كردن لە مافى بنەماڵەى شەهید و ئەنفال و كیمیابارانى كورد،پێشمەرگەى رێگەى ئازادى بیروراو و بە ئاشكراكردنى سیاسەتى ئابوورى و ئیدارى و سیاسى دەسەڵاتى كورد،پێشمەرگەى بە سزاگەیاندنى قاسم ئاغا و عەباس ئاغا و فەتاح بەگە ئەنفالچیەكانى كورد. پێشمەرگەى رێگەى گێرانەوەى حەیاى تكاوى پێشمەرگەى كورد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست