مەسرور... هۆلاكۆش زۆر رقى لەكتێب بوو
Thursday, 09/08/2012, 12:00
سەرجەم رژێمە دیكتاتۆر و مل هوڕەكان سڵ لە قەڵەم و كتێب و نوسین و خوێنەوارى دەكەنەوە، خامەى نوسەرێك بۆئەوان بەئەندازەى سوپایەكى پڕچەك مەترسیدارە، هێندەى حسابى ورد وتایبەت بۆ نوسین و بڵاوكراوەى نوسەرێك دەكەن و لێى دەترسن و دەیانەوێت دەنگى كپ كەن و بیخنكێن، نیوەى ئەوە حساب و ترسى شتى دیكەیان نیەو لایان مەبەست نییە، چونكە هەرهەموویان باش دەزانن بە رۆشنبیركردن و ژیرى و تێگەیشتن و خوێندەوارى و بەهۆش هاتنەوەى میللەت خەڵك چاوى دەكرێتەوە رەش و سپى لێك جودا دەكاتەوە بەوهۆیەش ئەوان گرۆڵەیان دەكەوێتە لێژى و دەستەكەیان ئاشكرا دەبێت و خەڵك ومیللەت باشتر لێیان حاڵى دەبن ودەیان ناسن ودەزانن چ دەسەڵات و رژێمێكى ملهوڕو شۆڤێَنى و سەركوتكەرن.
ئەوان چونكە بۆخۆیان نەفام ونەزان و كۆلكە خوێنەدەوارن وئاستى رۆشنبیرى و هۆشیارى یان لەژێر سفرەوەیە پێیان ناخۆش و ئەستەم وگرانە كەهاوڵاتیان وخەڵكى دیكە لەخۆیان زیرەك وریاو رۆشنبیر تربن، ئەوەتا تۆ بڕوانە سەرۆك و پێڕو دارودەستەو غولامەكانى و وەزیرەكانى و ئەندامە باڵاكانى بەهەرهەمویان بڕوانامەیكى وایان نییە كەببیێتە مایەى دڵخۆشى و ئاسودەیمان وبڵێن سوپاس بۆ خوا ئەوا فڵان كەس ئەوە بڕوانامەكەیەتى و كەسێكى تێگەیشتوو لێهاتووە ئەوەى كە بڕوانامەشى هەیە وەكو ئەوەى كمال كەركوكى و ئەرسەلان بایزە بەبڕى چەند سەد دۆلارێك لەمەزادخانەى بێ شەرمیدا كڕیویانن ، كەئەمەش بەسەر زۆرێك لەكەسە بەناو سیاسیەكانى كوردستاندا دەچەسپێت بەباڵایاندا دەبڕدرێت، زۆر باشیش دەزانن كە رابەرایەتى و سەركردایەتى وپێشڕەوى وڵات بەكەسانى نەزان و نەخوێنەدەوار و هەرزە بیرو ساویلكە ناڕوات بەڕێوە بۆئەوەش بەشەڕەشەق وفرتو فێڵ وتەڵەكەبازى درێژە بەمانەوەى خۆیان دەدەن و چەندین كارى بەد و ناڕەوا دەكەن بۆ خاترى سەلامەتى كورسى و پلەكانیان وەكو ئەوەى كە ئێستا پەیڕەوى دەكەن و كەسێكى چڵیت و نەخوێنەوارى وەكو مەسرورى ئیبنى مەسعود دەكرێتە سەرۆكى دەزگایەكى داپڵۆسێَنەر بەناوى پارێزەرى ئاسایشى هەرێمەوە، تا بەهۆی ئەو دەزگایەوە مانەوەى بنەماڵەو دەسەڵات لە ترس و بیم بپارێزێت و رێگر بێت لە هەر ئەگەرێك كەدەبێتە مەترسى بۆیان، بەهۆى ئەودەزگا سەركوتكەرەوە ترس و گومان لە سەرخۆیان دەڕوێننەوە و شەرعیەت و رەوایى دەدات بە هەموو كارێكى تاوانكارانە هەر لە كوشتن و رفاندن و ئەتكركردن و سەرەونگومكردن و زیندانى كردن، تا دەگاتە بەرتەسك كردنەوەى ئازادییەكان و كپ كردنەوەى دەنگە ناڕازییەكان و سزادان و لەناوبردنى هەر كەسێك كە بیەوێت دەنگى ئازادى و سەربەستى بەرزبكاتەوە و رەخنە و ناڕەزایى لە بەرامبەر یان دەرببڕێت.بەبڕواى خۆیان ئەمە دەبێتە فاكتەرێك بۆلابردنى تەمى ترس و تۆقین و دڵەراوكێ لەسەر خۆیان و بنەماڵەكەیان،ئەوەتا وەك دەبینین لەتازەترین كارى قێزەونیشیاندا و لەرێگەى دەزگاى داپلۆسێنەرى ئاسایشەوە كەوتونەتە بڕو بیانوو بە كتێب فرۆش و كتێبخانەكان كە نابێت ئەو كتێبانە بفرۆشن وبڵاوبكەنەوە كەمایەى مەترسین بۆسەر ئاسایشى هەرێم،من نازانم مەبەستیان لەو كتێبانە چییە ؟ دەبێت ئەوكتیێبانە چى بن كەمایەى هەڕەشەن بۆ سەر هەرێمەكەمان؟ تۆبڵێى ئەوكتێبانە مەترسیدارتربن یان بوونى سەدان بنكەوبارەگاى ئیتلاعات و میت و سى ئاى ئەى و موساد؟ كە رۆژانە سەدان تاوان و تیرۆر وبێ ناموسى و بێ ئابڕوى بڵاودەكەنەوە ئەوەتا بەعالەمى ئاشكرا رۆژانە سەدان نوسەرو رۆژنامەنوسى وەكو مەولود ئافەند و كارزان كەریم و عیرفان ئەحمەد بەدەستى چەتەكانى دەسەڵات دەكوژرێن و سەرەنگوم دەكرێن تەنها لەبەر ئەوەى لەبەرامبەر كارە پڕ شەرم وتاوانكارییەكان دەنگ هەڵدەبڕن خەڵكى لێ ئاگادار دەكەنەوە،ئەوە چارەنوسیان دەبێت ، لەولاشەوە دەیان پاشەڵ پیس و دوژمنى هاوشێوەى داود ئۆغلو و ئاغاى شەرمەزارى و موقتەداى شیعە مەزهەب و موتڵەگ و عەلاوى كۆنە بەعسى كەبەئەندازەى ئاغزە جگەرەیەك حساب و وجود بۆ هیچ كام لەسەر كردەكانى كورد دانانێن لەسەر سەرو چاو دادەنێن و دەستیان ماچ دەكەن و پێڵاویان بۆ دادەنێن. ئەم سانسۆرو بەرتەسك كردنەوەى ئازادیە سەرەتاى پەیامێكە بۆ ئەو بەچكە دیكتاتۆرو نەخوێنەوارانە و نوقڵانەى ئەوەیان پێدەبەخشێت كە ئەوانیش چوونەتە ریزى زاڵم و دیكتاتۆر و خوێنرێژەكانى جیهان، چاویان بەكتێب و رۆژنامەو گۆڤار هەڵنایەت و هاوشێوەى سەدام و دەسەڵاتەكەى لە هەمو بڵاوكراوەیەك دەسڵەمینەوە لێى دەترسن ،وەكو چۆن رژێمى بەعس بوونى كتێب یان نامیلكەیەكى دژى بیروبۆچوونى بەعسیزم لەماڵێكدا بدۆزیایەتەوە بەس بۆ ئەوەى سزاى مەرگ بەسەر تەواوى ئەو بنەماڵەیەدا بسەپێنن ،بەدوورى مەزانە سبەى رۆژ ئەوانیش هەمان سیاسەت پەیڕەو بكەن چونكە، ئەمانیش سەرو سەودایەكیان لەگەڵ ئەواندا بووە وەختایەك قوتابى وشاگردیان بوون ،بەڵام ئەمەش دادى بەعسى نەدا و یاساغ كردنى چەندین كتێب و گرتنى چەندین نوسەرو خوێنەرو فرۆشیارەكەشى نەیتوانى بەر بەو شتانە بگرێت ،سەرەنجام ئەم كارەشى وەك هەموو كارە پڕتاوانكاریەكانى بوو بەرقێكى ئەستور هێندەى دیكە خەڵكى هاندا بۆ دەست خستنى ئەو كتێبانەى كەلەفەرهەنگى ئەو زاڵمەدا قاچاغ بوون(كل ممنوع مرغوب). بەو هۆیەشەوە خەڵك زیاتر لەجاران تامەزرۆى خوێندنەوەى هەموو شتێك بوون كە لەدژى رژێم دەنوسراو بڵاو دەكرایەوە، هەرئەوەش بوو بەدەستپێكى بەخۆدا چوونەوەى خەڵك و هۆشیاربونەوە وناسینى دوژمن و پیلانەكانى پاشان بە شۆڕش و سەرهەڵدان و راپەڕین وسەركەوتن گەیشت.
من پێم باشە بۆ ئەوەى ئاسایشى نەتەوەیمان پارێزراو بێت وپێم خۆشە هێزەكانى مەسرور بارزانى شەو درەنگان بدەن بەسەر كتێبخانەى گشتى و كتێبخانەى ئەوقاف وكتێبخانەكانى ترى پارێزگاكاندا یان تاڵانیان بكەن یان بیان سوتێنن چونكە من دەزانم چەندە كتێبى خەتەرو مەمنوعیان تیایە،یان ئەوەش نا بابە زەبرى هێز نوسەران و خاوەن خامەكان ناچاربكەن كەواز لەنوسینى شتى خەتەر بێنن ، بالەبرى ئەوەى كەپێشتر نوسیویانە خەریكى نوسینى كتێبى دیكەى وەكو سوودەكانى سڵق و چۆنیەتى دروستكردنى زەڵاتەو ، قسەى نەستەق وپەندى پێشینان و یارییە فۆلكلۆریە كوردەواریەكان بن، هەروەها با كتێبخانەو كتێب فرۆشە بەڕێزەكانیش لەبرى ئەو كتێبانەى لاى سوڵتە مەمنوع و قاچاغە با كتێبى تر بفرۆشن چى زۆرە كتێبى وەكو حەكایەتەكانى مەلاى مەشهور،چیرۆكەكانى داپیرە، داستانى ئەمیر ئەرسەلان و خۆشەویستى شیرین وفەرهاد و لەیل و مەجنون وشانامەو درۆو دەلەسەكانى بنەماڵەى بارزانى . بەم كارەش بۆخۆیان لە ترسى گرتن و تەعزیب وشەقى وەستا حەسەن و رزگار كاكەیى و جەلادەكانى ئاسایش و پاراستن و دەزگاى زانیارى مەحفوز دەبن.یان من زۆر لام باشترە سەرى خۆیان سووك بكەن و بۆخۆیان واز لەپیشەى نوسین ورۆژنامەگەرى بێنن و ببنەپۆلیس و چەكدارو ئاسایش ، ئێوە دیقەتتان داوە معاشى مامۆستایەكى هەڵگرى بڕوانامەى بەكالۆریۆس پاش چەندین ساڵ خوێندن ئەوجا نزیكى دووسەد هەزارە ،كەچى موچەى پۆلیسێكى سادەو بێ خەت و بێ بڕوانامە یان ئاسایشێكى نەخوێندەوار چوار هێندەیە،ئەمە واتاى ئەوەیە كە شەهادەو خیبرە و رۆشنبیرى وزانست لە دەڤەرەكەى كڵاو سور دا تورێكى قوڕاوى ناهێنێت هەزاران بەكالۆریۆس و دكتۆرا ئەكەن بەقوربانى چەكدارێكى ناحاڵى ومێشك پووت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست