گرتوخانەى مۆدێرن
Wednesday, 06/01/2010, 12:00
گەرمیانیەكان ئاوى خواردنەوەیان نیە،تاكو ئیستا قوتابخانەكانى سێ دەوامى تیادەكرێت و بەدەست كەمى بیناى قوتابخانەوە دەناڵێنن، كەچى حكومەتى كوردى دورستكردنى بەندیخانەیەكى (مۆدێرن)ى لە كەلار بە بڕى (یەك ملیار و چواسەد و حەفتاو یەك ملیون دینار)كردە دیارى !
گەرمیانیەكان هێندە هیلاك و ماندون پێویستیان بە پارك و باخچەى مۆدێرنە نەك گرتوخانەى مۆدێرن،گەرمیانیەكان هێندە لە ئاوارەیى و سەرگەردانى گوزەراندویانە پێویستیان بە خانوى مۆدێرنە بۆ پشودان و حەوانەوە نەك گرتوخانەى مۆدێرن،مناڵان و لاوانى گەرمیان دەبێت گۆرەپانى یارى و سەنتەر و كۆفى نێتى مۆدێرنیان بۆ دورست بكرێت،نەك بەندیخانەى مۆدێرن
دەسەڵاتێك كە ئۆزقاڵێك بە تەنگ كێشە و گرفتەكانى خەڵكەوە نەبێت و ئاگادارى وەزعیەت و گوزەرانیان نەبێت،هەر دەبێت گرتوخانەى گەورە گەورە دورست بكات بۆ ئەوەى لەكاتى نارەزایەتى و مانگرتن لە زیندانەكان توندیان بكات و جێگایان ببێتەوە.
لەهەموو دنیا ئەو دەسەڵاتانەى كە لەخەڵكەوە دوورن و ئاشنایەتیەكیان بە كێشە و گرفتەكانیانەوە نیە و هەنگاوێكیش نیە بۆ چارەسەرى و باشتر كردن،دەست بۆ جبەخانە و گرتوخانە دەبن بۆ درێژەدان بە تەمەنیان.
خەڵكى ناحیەى پیرەمەگرون گڕیان گرت و چاوەروانى و دش دامان بەدیار نا یەكسانى و ژیانى شاهانەى بەرپرسان و رووت و رەجاڵى خۆشیان دەفەتێكى بۆ نەهێشتنەوە و خۆپیشاندانیان كرد،كەچى دەسەڵاتى سیاسى بە تێكدەر و خائین ناویان بردن.
ئەگەر داواكردنى ئاو و كارەبا و رێگاوبان و نەخۆشخانە و خوێندنگا تێكدەرى بێت،بۆ هەموومان شانازییە تێكدەر بین،ئەگەر داواكردنى یەك بەرمیل نەوت لەم زستانە كە هەموو دونیا بە نەوتى عێراقەوە حەساونەتەوە خائینى بێت بۆ هەموومان شانازییە خائین بین،ئەگەر نارەزایەتى بەرامبەر بە دزى و فەرهود و بێ سیستەمیەك كە لەدامودەزگاكان لەئارادایە دەستێكى لە پشتەوە بێت،ئەوا پێویستە هەموو خەڵكى كوردستان لەدوایى دەستێكى لەم شێوەیە بگەڕێن.
دوو مامۆستاى قوتابخانەیەكى بنەڕەتى لە هەولێر دران بە دادگا و پارتە ئیسلامیەكان و راگەیاندنەكانیان هاواریان لێهەڵسا ،گوایە ئەو مامۆستایانە نمونەیان بە پێغەمبەرى ئیسلام هێناوەتەوە لە تاقیكردنەوەكان و بەمەش سوكایەتى بە رابەرانیان كراوە و مایەى قبوڵ نیە! رۆژانە سەدان مناڵ و ژن و گەنج و پیر و پەكەوتە لەم مەملەكەتەدا لەنێو مەرگەسات و تراژیدیا و رووداوى جەرگ بڕدا هەست و نەستى بریندار دەكرێت و ناخۆشترین ساتەكانى تەمەنیان بەرێدەكەن ،بەڵام حیزبە ئیسلامیەكان و راگەیاندنەكانیان كێشەیەكیان نیە،دەیان كێشەى دەورى كۆمەڵگا و تاكەكانى تەنیوە و سامان كۆكردنەوە لاى بەرپرسان بۆتە فەرهود و لەبرسان مردن و نەبونى پێداویستیە رۆژانەییەكان بۆتە دیاردە ،ئەحزابى ئیسلامیش مێشێك میوانیان نیە،رۆژانە دەیان ژن و ئافرەت گڕ لە جەستەى خۆیان بەردەدەن،دەیان گەنج و لاو كۆتاى بە ژیانیان دەهێنن،سەدان مناڵ لە بازاڕ و شوێنە گشتیەكان خەریكى دەستفرۆشین،بەڵام راگەیاندنى ئیسلامیەكان و پارتەكانیان لەبەر پاروە چەورەكانیان نوزەیەكیان لێوە نایەت ،بەڵام دوو مامۆستا تەنها لەبەر ئەوەى وویستویانە دوور لە مەزهەب و ئایین پرسیارى تاقیكردنەوەكانیان بە رۆشنى بخەنە بەردەستى قوتابیەكانیان دەبێت سزا بدرێن! بەپێچەوانەوە ئەوانەى دەیانەوێت پەروەردە و فێركردن و عیلم و مەعریفە تێكەڵى خورافیات و ئاین بكەن دەبێت سزابدرێن و لە كۆمەڵگا دوور بخرێنەوە نەك ئەو دوو مامۆستایە،كێشەكە حیزبە ئیسلامیەكان نین،دەسەڵاتى سیاسییە لە بەرامبەریان دەچەمێتەوە و لەمناوەشدا خەڵكى كوردستان دەبنە قوربانى.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست