پیاوە خەواڵووەكەی عێراق
Thursday, 17/05/2012, 12:00
ئەوەتەی عێراق عێراقە پیاوێكی وەك ئەم پیاوە نەخۆش و خەواڵوەی تووش نەبووە، هەموو سەرۆكەكانی عێراق، بەپیاو چاك و خوێنمژەكانییەوە، جەستەیان وەك ئەم پیاوە نەبووە، زۆربەیان لەناوبران و بەنەخۆشی هیچیان نەمردن تەنیا ئەحمەد حسن بكر نەبێ ئەویش دوای ئەوەی سەدامی دیكتاتۆر جێگەی گرتەوە و چوەوە ماڵەوە و گیانی سپارد بەخاكی عێراق.
هەموو دیكتاتۆرەكانی ئەم عێراقە كە عەبدولكەریم قاسمیش ئەخەمە ریزیانەوە، چونكە ئەویش ئەگەر ئەویش دیكتاتۆر نەبوایە ئێستا عێراق بۆ ئەم دیكتاتۆرانە جێنەدەما، هیچی باشیان بۆ عیراقی یەكان جێنەهێشتوە لەدیكتاتۆریەت و خۆێن مژی نەبێت بەولاوە.
گەلی عێراق گەلێكی غەدارە، گەلێكە هەموو سەركردەكانی كرد بەدیكتاتۆر و هیچ كامیشیان لەدەستی خۆی لانەچوون، هیچ سەركردەیەكی عێراق بەدەستی گەلەكەی لانەچووە، یان ئینقیلابی عەسكەری بووە یان لەئیلاهییەوە ژیانی كۆتای پێ هاتووە وەك عەبدسەلام عارف كە چۆن بەفرۆكەكەیەوە لەئاسماندا گڕی گرت و سوتا یان هێزێكی دەرەكی كۆتای بەژیانی بێنێ و لەدەست عێراق رزگاری بكا وەك سەدام حسێنی دیكتاتۆر.
دواهەمین سەرۆكی عێراق كە 8 ساڵە كورسی عێراقی بەدەستەوەیە پیاوێكی نەخۆشە، ئەم پیاوە كوردستانی جێهێشت بەئومێدی ئەوەی عێراق بكا بەعێراقێك كە نەوە لەدوای نەوە شانازی پێوە بكەن بەڵام نەك نەبوە جێگەی شانازی عێراقی یەكان بەڵكو ئەگەر مێژوونوسانی عێراق بۆیان بكرێ ئەو هەشت ساڵە دەردەهێنن لەمێژوی عێراق چونكە پڕە لەخوێن و كوشتن و ماڵوێرانی بۆ عێراق.
ئەم پیاوە نەخۆشە هەموو عێراقی یەكان نەیانكرد بەدیكتاتۆر، بەڵكو لەكوردستانەوە كردیان بەدیكتاتۆر و رەوانەی ئەوێیان كرد، لەدوای خۆی سەد بەچكە دیكتاتۆری لەناو حزبەكەیدا جێهێشتووە. بۆیە ئەوەندەی كورد بەمردنی پیاوە خەواڵوەكەی عێراق دڵخۆشە ئەوەندە عەرەب دڵخۆش نی یە.
ئەم پیاوە خەواڵوە سیمای كۆمەڵایەتی تێكداوە، هەموو جومگەكانی ژیانی كوردی غەرقی گەندەڵی كردووە، دەزگایەكی حكومی و حزبی ئەم كوردستانە نەماوە نمونەیەكی هاوشێوەی ئەمی تێدا نەبێت كە وەك ئەم هەڵسوكەوت بكا، هەموو ئەیانەوێ جێگرەوەی ئەم پیاوە نەخۆش و خەواڵووە بن، بەڵام ئەم بێوێنەیە لەموجامەلەی سیاسی و بێ هێز كردنی كەسێتی كورد و لەناوبردنی سیمای كەسێتی كورد.
ئێستاكێ ئەم پیاوە خەواڵوە تەمەنی كورت بۆتەوە و ناتوانێ بەپێوە بوەستێ ئیتر كۆنگرە و شوێنە گشتیی و سەردانەكانی لەبینایەكی سپی بەسەر دەبا لەهەولێر بەناوی كۆشكی سپی یەكێتی و لەسەر كورسییەك هیچ جولەیەكی نەماوە و بەشی زۆری كاتەكانی پێچەوانەی هەشتا و نەوەدەكان خەواڵوەو وەنەوز دەیباتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست