پەژاك: رژێمی ئێران هەوڵدەدات بەبەكارهێنانی گەلانی هەرێمەكە لە دژی یەكتر هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموكراسی لەناو ببات
Monday, 27/09/2010, 12:00
كۆردیناسیۆنی پاڕتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك، سەبارەت بە دوا پێشهاتەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لێدوانیكیداو داوا لە گشت كۆمەڵانی كۆمەڵگای كوردستان و ئێران دەكات كە لەبەرامبەر دەركەوتنی قۆناخێكی نوێی هەستیار و وشیار بن. كۆردیناسیۆنی پەژاك لەسەرەتای لێدوانەكەدا پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، وەك یەكێك لە هەستیارترین و بنەڕەتیترین پرسەكانی هەرێمەكە بەناو دەكات و ڕادەگەیەنێ: ئەو پرسە كاریگەری لەسەر گشت ڕەهەندە سیاسی، ئەمنیەتی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و هاوسەنگی هێزەكان لەم هەرێمەدا هەیە. هەر بۆیە هەر چەشنە سیاسەتێك یان پێشكەوتنێكی چ ئەرێنی و چ نەرێنی لە پارچەیەك لە كوردستاندا، كارگیەری راستەوخۆی بەسەر پارچەكانیترەوە هەیە.
پەژاك پێشكەوتنەكانی باكوری كوردستان و كاریگەرییەكانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەو شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت: ئەم پێشكەوتنانەی كە ئەمڕۆكە لەژێر سایەی بەرخۆدانی گەلی كورد لە باكوری كوردستان و رێبەر ئاپۆ و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد هاتۆتەتەكایەوە و هیوای چارەسەرییەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانە بۆ پرسی كورد لە توركیا دەخوڵقێنێت، كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ئێران دادەنێت و كۆماری ئیسلامی ئێران مەجبووری هەڵوێست و هەوڵدان سەبارەت بە پرسی كورد، دەكات. هاوكات ئاستی بەرزبوونەوەی تێكۆشانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، كۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرەو شڵەژان بردووەو هاوپەیمانی دژە كوردی ئێران و توركیای هێناوە ئاستی تێكدان. پەژاك هەروەها تەنگەتاو بوونی ئێران لەبواری سیاسی و ئابڵۆقە ئابووریەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ناڕەزایەتییەكانی گەلانی ئێران بەگشتی و قووڵ بوونەوەی ناكۆكییەكانی ناوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران، وەك كۆمەڵێك قەیرانی بەرفراوان بەناو دەكات كە رۆژانە كاریگەریەكانی لەسەر گشت ڕەهەندەكانی ژیانی گەلانی ئێران، دەنوینێت. رژیمیش لە جیاتی رێ و ڕێبازی دیموكراتیك و ئاشتیانە، بەپێچەوانە كەوتۆتە كۆمەڵێك هەوڵدانی مەترسیدار كە چوارچێوەی زیهنیەتی قەتڵوعام و توندوتیژی تێپەڕ كردووەو لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتی 30 ساڵی ڕابردووی خۆی دووبارە دەكاتەوە. كۆردیناسیۆنی پەژاك لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا، باس لە پیلانەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات كە دەبێتە هۆی قوڵكردنەوەی هەموو ئەو قەیرانانەی كە ئێران ئەمڕۆ لەناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕوی بۆتەوە.
پەژاك ڕادەگەیەنێت، كە دەوڵەتی ئێران دەیهەوێ ناڕەزایەتی گەلانی ئێران بنبڕ بكات و بە بەكار هێنانی گەلانی هەرێمەكە لە دژی یەكتر، هەوڵ دەدات هیوا و ئاوات و هەوڵدانەكانی گەلان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموكراسی، بە پیلانگێڕی قیزەون، پووچەڵ بكاتەوە. هەوڵدانەكانی ئێران بۆ كێشە و نانەوەی بەربەست لەڕێگای چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە باكووری كوردستان و بۆمباردمانی هەرێمە سنووریەكانی باشوری كوردستان، پەژاك وەك پارچەیەك لە هەوڵدانەكانی ئێران لە ئاستی دەرەكیدا باناوی دەكات.
پەژاك ڕادەگەیەنێت، هەوڵدانە هەرە دواییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر ڕووی لە هاوڵاتیانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانە. پەژاك سەبارەت بەو مژارە هەڵسەنگاندنیكی بەو شیوەیە دەكات: دەوڵەت لەم دواییانەدا هەوڵ دەدات كە زیاتر لە جاران بە قوڵ كردنەوە ناكۆكی لە نێوان عەشیرەكانی كورد لە هەرێمی ئیلام، كرماشان و پارێزگای ئورمییە، هاوكات بە سازكردنی كێشەی ئایینی و ئاینزایی لە نێوان كوردەكانی سوونی، شیعە و یارسانی و دواتر بە سازكردنی كێشەی ئەتنیكی لە نێوان كورد و ئازەری، گەلان لەدژی یەكتر بەشەر بدات. بەوەش یەكپارچەیی و برایەتی ڕیزەكانی ناو گەلان لەناو بەرێت و بەم شێوەیە بە سازكردنی ترس و خۆف، شەڕ و ئاژاوە، هەر كەسێك موحتاجی خۆی بكات و بەخۆیەوە گرێ بدات. ڕووداوەكانی ئەم دواییەی مەهاباد و یارسانەكان لە كرماشان، باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە.
مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت ئەوە وەك هەوڵدانێكی تر بۆ كۆمەڵكوژی و ڕەشەكوژی كوردان لەلایەن دەوڵەتەوە ناوزەد بكات. پەژاك دەوڵەتی ئێران وشیار دەكاتەوە و بانگێكی بەو شێوەیە دەكات: لێرەدا بانگمان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە كە بەزووترین كات هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو ڕووداوانەی دوایی دەرببرێت و گەڵی ئێمە ئاگادار بكاتەوە كە ئایا ئەو گێرەشێوێنیانە و ئەو پیلانگێڕیانە، هەڵوێستی دەوڵەت بۆ خۆیەتی یان كاری گرووپێكی شاراوەی ناو دەوڵەتە كە لەسەر قەتڵوعامی كوردان پێداگیری دەكات.
ئێمە لێرەدا كۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار دەكەینەوە كە گەلی كورد لەم قۆناخەدا دەتوانێت خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆی بكات و خاوەن هێزی پاراستنی خۆیەتی و دەتوانێت لەبەرامبەر هەر چەشنە هێرش و پیلانگێریەكدا، بەرگری لەخۆی و گشت نرخ و بەها نەتەوەیی و دەسكەوتەكانی بكات. كۆردیناسیۆنی پەژاك هەروەها گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی كورد ئاگادار دەكاتەوە كە پێویستە یەكڕیزەیی خۆیان پتەو بكەن و بەهیچ شێوازێك ئیزنی ئاژاوەگێڕی نەدەنە ئەو كەسانە كە گرێدراوی ڕەژیمن و دەیانهەوێت یەكێتی و تەبایی و برایەتی ناو گەلان بشێوێنێت.
لێدوانەكەی پەژاك هەروەها پەیامێكی بەو شێوەیەش بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەخۆ دەگرێت: بانگمان بۆ گشت لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی و ئێرانی ئەوەیە كە لەم قۆناخەدا ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان سەبارەت بەم مەترسیانە كە ڕووبەڕووی گەلانی ئێران دەبێتەوە، پێكبێنن و بەیەك ڕیزەیی و یەك هەڵوێستی هاوبەشی دیموكراتیك كە خزمەتی ئاشتی و برایەتی ناو گەلان دەكات، بەرپرسیارێتی خۆیان پێكبێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست