مەلا بەختیار و زەعیم عەلی دوو عەبدی مەئمور
Wednesday, 31/12/2014, 12:00
پۆست داعش ئەو قۆناغەیە کە هەنووکە دەستی پێکردوەو کاریگەری و خەتەرناکی داعش بەسەر کوردستانی باشوورەوە تا ڕاددیەکی زۆر ڕەویوەتەوە. هەروەك ئاشکرایە و لەچەندین کاتدا ئاماژەمان پێدا ، هاتنی داعش بۆ سەر کوردستان جگە لەوەی کارئاسانی لەلایەن تورکیاوە بۆ کرا،لێ هەریەك لە پارتی و یەکێتی وویستیان قەیرانێك بۆ گەلی کورد دروست بکەن تاوەکو پێوەی ئاڵودە ببن و کێشەو ئاریشەی ئەم دوو دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان ، گەر بە شێوەیەکی کاتیش بێ،لەخۆیان دوور بخەنەوەو هەرچۆنێ بێ ئاگرە سوورە لەخۆیان دوور بخەنەوە. جارێکی تریش،هاتنی داعش بەڕەزامەندنی هەردوو بنەماڵە بوە و کرۆکی ئەو هێرشانەش تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و زیاتر تووشکردنیان بە چەند کێشەو قەیرانی تر تا نەتوانن سەری خۆیان بخورێنن و بیر لەم دزانە بکەنەوە کە جگە لە دروست کردنی قەیران دوای قەیران نەیاتوانیوە هیچی تر بۆ ئەم گەلە بکەن.
لەتازەترین سیناریۆ کەهەریەك لە مەلا بەختیار و زەعیم عەلی تیایدا بەشدارن ، ئەیانەوێ قەیرانێکی نوێ دروست بکەن کە خۆی لە دروست کردنی شەڕێکی لابەلا ئەبینێتەوە دژ بە هێزە خۆجێییەکانی شنگال و کوردانی ڕۆژئاوا کەوا هاتون بەتەنگ کوردە یەزیدیەکان . زەعیم عەلی کە نە زەعیمە و نە عەلیە(عومەر عوسمان) خەریکە دژایەتی ئەو هێزە ئەکا لە شنگال کە پێك هاتوە لە کوردە یەزیدیەکان و هێزەکانی تر(یەپەگە و پەکەکە). ئەم زەعیمە فەلە کە نازانین لە کوێ ئەم پلە سەربازیەی وەرگرتوە ئەڵێ؛ با پەکەکە و یەپەگە بچن لە ڕۆژئاوا ئاڵا هەڵبکەن و لێرە ناتوانن شوێنیان ببێتەوە. هەر کاتێك بمانەوێ ئەتوانین دەریان بکەین. ئەوان تەنها ٢٠٠ کەسێکن و ئێمە نزیکەی ٤٠٠٠ پێشمەرگەین و لێیان قبوڵ ناکەین کانتۆنی شێوازی ئەوانەی ڕۆژئاوا لێرە دروست بکەن.
چەند ڕۆژێك لەمەو پێش سەرۆکی شورای ئێران(عەلی لاریجانی) هات بۆ سلێمانی و پاشان چوو بۆ هەولێر و لەگەڵ هەریەك لە یەکێتی و پارتی کۆبونەوەی کرد. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە لەتەك خۆی بکوژی دکتۆر قاسملۆی هێنا. ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ یەکێتی و پارتی گەر پێ لەبەڕەکەی خۆیان زیاتر ڕاکێشن ئەوا ، سەحرارودی هەمان کاری تیرۆر بەئەنجام ئەگەیەنێ دژ بەهەریەك لە یەکێتی و پارتی. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم وەفدە ئێرانیە هیچ خۆیان نە وەزیری پێشمەرگە و حزبی گۆڕان نزیك نەکردەوە . ناشبێ ئەوە نەزانین کەوا هەریەك لە ئێران و تورکیا کاتێ دێن بۆ کوردستان و چاویان بە بەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی ئەکەوێ،ئەوا تەنها هاتون ئەو ڕاسپاردەیە بەجێ ئەهێنن کەلەلایەن حکومەتەکەیانەوە نێردراوە. ئەمان ، واتە وەفدەکە هیچ کات لەکاتی گفتوگۆ و کۆبونەوەدا گوێگر نین و تەنها ئەمر و فرمان دەرئەکەن.
بۆ ئەمە مەبەستەش هەر دوای سەردانەکەی عەلی لاریجانی بۆ سلێمانی ، مەلا بەختیار کەوتە هەڵبەستنی ئەو جۆرە سیناریۆنانە کە خۆی لە هەڕەشە کردن لە پارتی ئەبینێتەوە و گوایە ئەیانەوێ هێزی خۆیان دەرخەن و وای نیشان بدەن ئەمان لەگەڵ پارتی کێشەیان هەیە و لەگەڵیاندا ڕێناکەون. خۆی لەڕاستیدا مەلا بەختیار کەوەك غوڵامی ئێران و پاشان بنەماڵەی تاڵەبانی وایە، ناتوانێ لەخۆیەوە دەست بکا بەئاوا. هەر بۆیە ئەیەوێ لەڕێگای ئەو جۆرە پەیامانەوە وا لەخەڵکی کوردستان بکا کە ئەمان کێشەیان لەگەڵ پارتیدا هەیە. خۆی ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مەلا بەختیار فرمانی ئێران جێبەجێ ئەکا و هیچی تر.
وەك ئاشکرایە هەریەك لە ئیران و تورکیا کاتێ دێنە سەر دوزی کورد ئەوا بێ یەك و دوو ستراتیژیان یەك ئەخەن و دژایەتی کورد ئەکەن. کاتێ ئەبینن کورد لە ڕۆژئاوا سەرکەوتن وەدەست دێنێ و لە باشوور هێزەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بەهانای یەکتریەوە هاتون ، ئێدی ئەوە هێڵی سوورە و ئەوان دژایەتی ئەکەن و بەهەر هۆیەك بێ کار بۆ ئەوە ئەکەن ئەو سەرکەوتنانە لە گۆڕ نێن.
لەم لاشەوە غولامێکی تری بنەماڵەی بارزانی و تازە میتێکی تورکی ئەیەوێ درز بخاتە نێو هێزەکانی شنگال و تیکدانی ئەو یەکڕیزیەی هەنووکە دروست بوەو نەیەڵن کانتۆنی شنگال پێك بێ.
بەڵام با زۆر باش مەلا بێعەمەلەکان و زەعیمە فەلەکان بزانن کەوا چەندە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گرتنی کۆبانێ سەری گرت، ئەوا ئەو سیناریۆ درۆینەی کەخۆی لە شەڕی لابەلا ئەبینێتەوە،هەر ئەوەندە سەر ئەگرێ و تازە کوردی یەزیدی جارێکی تر باوەڕ بەپارتی و مەسعودی برا بچوکی داعشەکان ناکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست