کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(مۆنتسیكۆ)سەرۆك وەزیران بێ(چاكسازى) پێ ناكرێ!!...

Monday, 23/01/2012, 12:00






ڕێكەوتنى ستراتیژى بۆ خولى سێهەمى پەرلەمان لیستى كوردستانى (پدك،ینك) پیادەكردنى بەرنامەكەیان لە پرۆسێسى سیاسى (بە چەمكى زانستى سیستمى سیاسى ، وەلێ لاى هەردوو حیزب ئەوە پەیڕەو ناكرێ)، سەبارەت بە فەزاو ژیانى سیاسى لە هەرێمى كوردستان نیوەكانى دەسەڵاتیان ئاڵوێر دەكەن.
تەدویرى قەیرانى سیاسى هەرێم لەژێر چەترى ستراتیژیەتى هەردوو حیزب، لە دەستێكەوە بۆ دەستێكى تر ئەسپێردرێت.
ڕۆژمێرى دووساڵەى نیوەى یەكەم،كەلێن و دەلاقەى خۆویست و خۆنەویست، ڕاستەوخۆ و ناڕا ستەوخۆ، ئەجنداو ئەوراق و جانتاى وەزارى كەسایەتیەكان ، فرە دیدو فرە میمبەرو فرە ڕەهەندە، خوێندنەوە و چاودێرى لەیەك كاتدا وون و نادیارە، دەیان كەیس و تێزى حەسم نەكراو لە نیوەى یەكەم بۆ نیوەى دووەم ڕادەست دەكرێت(هەرچەندە ئەم زنجیرە تەزبیحیە، لەسەر خولگەیەك لە نێوەندى دووكایەدا هەمان كارئەكتەرو هەمان فیكرو هەمان عەقڵ پاڵەوانى دیارى شانۆگەریەكەن)!!...
لە ڕووى یاساییەوە ،دروست نیە ، لەیەك خولى پەرلەمانیدا، دووژمارە بەیەك جۆر لە حوكمەت بدەیت، وەلێ لەكوردستان لەسایەى دەسەڵاتى ڕێكەوتنى ستراتیژى وەك عورفێك لەسەرەتاوە تابەئەمڕۆ وا هاتوە) !!...
بۆیە، دروست نیە، بڵێین (وادەى كابینەى شەش تەواو بوو، كابینەى حەوت پێك دەهێنرێت)!!...
گرەو و بلیت و یانسیبێكى گەورە لە ماوەى سێ مانگى ڕابورد دەربارەى وەرگرتنەوەى حكومەتى یەكێتى بۆ پارتى دەكرێت.
كەف و كوڵ و قەبەكردن و فوكردنێكى زیاد لە پێویست دەدرێ بەگوێى هاوڵاتى سادەدا!!...
بەیاسا ، پارتى وورتر بۆ مەسەلە و كەیسەكان وەك لە یەكێتى دەڕوات. بە سودوەرگرتن لەكات و چۆنیەتى سەرنج و یاریكردن لەسەر شانۆى وەزعەكە ئەلحەقى پارتى پێكاویەتى!!...
وەلێ ... ئۆپۆزسیۆن لەم نێوەندەدا ، ئەداو میكانیزمى كارى جۆرێك لەپشێوى پێوەدیارە، لەماوەى ئەم مانگەدا بەتەغار قسەو وتەبێژو كۆبونەوەو هەڵوێستەكانیان جۆرێك لە شپرزەیى و ناكامڵى پێوە دیارە.
گەمەكە وەك مارەسۆنێك وایە بۆ ئۆپۆزسیۆن، لیاقەو نەفەس درێژى یەك لەئەركە گرنگەكانە.
خوێندنەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن...
یەكگرتو ... سەوداو مەشغەڵەتى بەكەیسى بادینانەوە سەرلەبەرى كاتى تەرخان كردووە.
كۆمەڵ... سەرێكى نیوەى لە پایتەختى عێراقە، نیوەكەى ترى لەسەرى ڕەش و سلێمانیە!!...
گۆڕان... دەڵێن ئێمە سەرچاوەى بێ دایك و باوكمان نیە، وەلێ لەم هەفتەیەدا بەچاو پیاخشانێكى ورد، ببین چەند جۆر تەسریح و قسەكراوە، هەرچەندە ئەرك و مەسئولیەت بەپلەى یەكەم لەئەستۆى گۆڕانە دەخوازێ هەموو زێدەتر بەرچاوڕوونى بدەین تا نەخشەڕێگەى شیاو لە كارو كرداریان لەتەك دەسەڵات، شیاو ئامانج پێك بێت.
ئەوەى گرنگە، ئۆپۆزسیۆن نەبێتە شەریكە بەشى دەسەڵات، ئەو كاتەى بڕیارى هاوبەشى و متمانە بەخشین بەم نیوە حوكمەتەى خولى سێهەمى پەرلەمان درا، ئیدى هیچ مانایەك بۆ هەست و توڕەیى و ناعەدالەتى و ڕێزى هاوڵاتى بۆ ئەو لایەنەى كەخۆى دەنگ ومتمانەى پێ بەخشیوە نامێنێ!!..
خاڵێك زۆر گرنگە، دەسەڵات مەبەستیەتى لەم نیوە حوكمەتەى كەماوە، تەهمیشى ئیرادەى ئۆپۆزسیۆن بكات، بەوەى لە كایەو فەزاو ژیانى سیاسیدا شتێك نەماوە ناوى بەرهەڵستى و بەرنگاربونەوە بێت سەبارەت، بە ئەنجامدانى (ڕەوتى چاكسازى)!..
ئەو چاكسازییەى كە ڕۆڵەكانى نیشتمان وەرچەرخانیان لە بەئاگاهێنانەوەى بەستەڵەكى خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات لە ڕاپەڕینى بەهارى 1991 تا (17)شوباتى 2011 بەستەڵەكیان بەخوێن تواندەوە!!...
ناشێ و ناكرێ قۆناغى وەرچەرخانى مێژووى گەلان ڕەوڕەوەى بۆ دواوە تەوژم بدات!..
مەعقول نیە لە خوان و سەردان و بەسەركردنەوەیەكدا ، پێمان بڵێن (قۆناغە هەستیار و مێژووییە!!).
چما... بیست ساڵە قۆناغەكە هەستیارو مێژووى نەبووە ؟ !...
خێرە ئێستا ، تەعریفەتان بۆ بەرژەوەندى داخراوى حیزبى كەوتونەتە بەخشینەوەو تەخشان و پەخشانى بەپلانى پۆست و ئیمتیازات؟!... بێ ئەوەى بە هێندى نوكە دەرزیەك هەست و پێگەى هاوڵاتى ڕەچاو بكەن؟!...
(مۆنتسیكۆ) كە خاوەنى كتێبى (روح القوانین) لە (31) بەش پێكهاتووە، تیۆرەى (جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان" تەشریعى، جێبەجێكردن، قەزا" لە بونیاد و فیكرى ئەوە).
كاریگەرى بەسەر شۆڕى فەرەنساو تەواوى ئەوروپا هەبوو، نەخشەڕێگە و سەرهەڵدانى چەرخى ڕۆشەنگەرى لە ئەوروپا لەسەر بۆچونەكانى ئەمەوە بوو.
ڕەنگدانەوەى لەسەر دەستورى وڵاتە یەكگرتوەكانى ئەمەریكا هەبووە.
مۆنتسیكۆ لە كتێبەكەیدا جۆرەكانى سیستمى حوكمى دابەشكردۆتە سەر سێ جۆر:
1/سیستمى حوكمى مەلەكى.
2/ سیستمى حوكمى دیكتاتۆرى.
3/سیستمى حوكمى كۆمارى.
مۆنتسیكۆ سەرلەبەرى ژیانى سیاسى دونیاو جیهانى گۆڕى و دەیان تەوژم و وەرچەرخانى بە كایەى ژیانى ئازادى و ڕێز لەیاسا و حورمەتى مرۆڤ و دیاریكردنى كەسى شیاو بۆ دەستەبەركردنى سیستمى حوكمى شیاو نەخشە ڕێژكردو جیهانى بە تیۆرەى (روح القوانین) هەژاند!!...
مەبەستمە بڵێم... هێزى ئۆپۆزسیۆن بوون، لەمانەوەیەتى وەك چاودێرێكى سەرسەخت و پۆڵایین، دروستكردنى حوكمەتى سێبەر بۆ هەر ئەگەرێك تەكانێكى پڕ حیكمەت دەدا بۆ هێنانەكایەى وەرچەرخانى گەورە.
نەكەن... بەئاسانى تەسلیمى ئیرادەى دەسەڵاتى لە دایكبوى ڕێكەوتنى ستراتیژى ببن!!...
(مۆنتسیكۆ)ى فەرەنسى زیندوو بێتەوە، كتێبەكەى كە (31) بەشە ، بیكاتە (32) بەش ، بەگریمانە بێتە هەرێمى كوردستان بیكەنە سەرۆك وەزیران بەمەبەستى (چاكسازى) ، دڵنیام بۆى ناكرێ !!!....
كێ هەیە بتوانێ پێچەوانەى وەشت و شەپۆلى دەریا هەنگاو گوزەر بكات؟!!....


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە