کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کام ئۆپۆزسیۆن بین هەڵپەرست ودەستەمۆی دەسەڵات یان بگۆڕی دەسەڵات؟!

Monday, 06/09/2010, 12:00



تایبەتمەندی و خاسیەتی بنەمایی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە هەموو کاتێک و شوێنێکدا ڕوو بە ڕووبونەوەی هێزی سیاسی باڵادەست و دەسەڵاتدارە، تا گۆڕینی و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی.هیچ حزب و گروپێک یان بزوتنەوەیەک و کەسانێک، مەحاڵە بتوانن ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقیە بن و بچنە خانەی ئۆپۆزسێۆنێکی سروشتی و ڕۆشبیرو پێگەیشتوو ئامادە، بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و گۆڕانکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و گەشەپێدانی دیموکراسیەت و بەرفراوانکردنی،گەر ئەرکی پلە یەک و هەرە لەپێشیان گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی باڵادەست نەبێت. شێوازی بیرکردنەوەو هەڵس و کەوت و کارکردنی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بەندە بە ئاستی پێشکەوتن و ڕۆشنبیری و دیموکراسی کۆمەڵگاو دەسەڵاتە سیاسیەکەی بە تایبەتی. گەر کۆمەڵگا ئاستی ڕۆشنبیری بەرزبێت و کۆمەڵگایەکی دیموکراسی بێت، ئەوا بێ گومان دەسەڵاتە سیاسیەکەشی ڕۆشنبیرو دیموکراسی دەبێت و دەسەڵاتێکی نەرم و نیان دەبێت، وە بە هیچ شێوەیەکیش سنووری دیموکراتیەت نا بەزێنێ و پێشێلی مافە یاسایی و مەدەنی و سیاسیەکانی مرۆڤ ناکات. لە ڕەوشێکی ئاوەهاشدا بەهەمان شێوە ئۆپۆزسێۆنیش نەرم و نیان و دیموکراسی دەبێت.بەڵام گەر پێچەوانە بێت، ئەوا هەڵس و کەوتی ئۆپۆزسیۆنیش پێچەوانە دەبێت. بەواتایەکی تر گەر کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو نا ڕۆشنبیر بوو، ئەوا دەسەڵاتە سیاسیەکەشی پاشڤەڕۆو نا دیموکراسی و تاکڕەوو دیکتاتۆر دەبێت، وە دەسەڵات لە پێناوی مانەوەی خۆیدا هەموو ناشەرعیەتێک دەکات بەشەرعی تا دەگاتە خۆفرۆشی و هەڕاجکردن و تاڵانی نەتەوەو نیشتمان.
لەم ڕەوشەدا مەحاڵە ئۆپۆزسیۆن ئۆپۆزسیۆنێکی میانڕەوو دیموکراسی بێت بە شێوە ئاساییەکە، تەنانەت ئەو کاتەی کە خودی ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەسەڵاتیش دەگرێتە دەست ناتوانێت خۆی بگۆڕێت و ببێت بە دەسەڵاتێکی مۆدرێرن و دیموکراسی گونجاو لەگەڵ سەردەم و کۆمەڵگا، لە میانەی حوکمڕانی کردنیدا. بەڵکو بەهەمان بیرکردنەوەو سیاسەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی پێش خۆی حوکم دەکات و قبوڵی هیچ جۆرە ڕەخنەو ئۆپۆزسیۆنێکیش ناکات، تا بۆی بلوێت.
نمونەی ئەمجۆرە دەسەڵاتەش، دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆی کوردستانە، زۆر بە تایبەتیش بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆری ڕەوشت و ڕەفتار داگیرکەر لە دەسەڵاتدا. هەر ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ بوو، تا دوێنێ خۆیان لە ئۆپۆزسیۆن بوون، وە زوڵم و زۆری بەعسی دیکتاتۆریرتیشیان چەشتوە. یەکیەتی و پارتی لە جیاتی ئەوەی سوود لە مێژوو وەرگرن گەر هیچ نەبێت لایەنی کەمی دیموکراسیەت پەیڕەو بکەن و حوکمڕانیەکی دیموکراسیانەش بکەن، کەچی ڕێک کۆپی سەدام حوسێنیان کردوە لە دەسەڵات و بەڕێوە بردنی دەسەڵاتدا.
واش دەردەکەوێت ئەم دەسەڵاتەی کوردی بەناو ئازادی و رزگاریخواز نە مێژوو نە کورد نە کوردایەتی نە ڕەووشت... هەر هەمووی ناکاتە چەند دۆلارێک و چەند بەرمیلە نەوتێکی دزی و تاڵانی بۆیان، خۆشبەختانەش مەسەلەی دزین و تاڵانی نەوت هەنگاوی یەکەمی سەرەتای تڕۆکردنی ئەم دەسەڵاتەیە زوو یا درەنگیش مەسەلەکە تەنها کاتەو هیچی تر نیە.! ئەقڵیەتی دۆگماو سەقەتی دەسەڵاتی کوردی بە تەواوی بە بنبەست گەیشتوە لەوەی بتوانێت هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە خۆیدا بکات، وە بتوانێت بە شێوەیەکی نوێ و سەردەمیانە وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی جەماوەری کوردستان و خواست و ویستەکانیان بێت، وە لە هەمانکاتیشدا ڕێبەرایەتیەکی لێهاتووی دیموکراسی پڕۆسە سیاسیەکە بێت.
نەک ڕۆژ بە ڕۆژ، بەڵکو سات بە سات کەلێنی نێوان دەسەڵات و بەرەی گەل لە خەڵکانی کوردستان گەورەترو قوڵتر دەبێتەوە، کێرڤی دزی و تاڵانی و دیکاتۆریەتی دەسەڵات بە شێوەیەکی ناسروشتی بەردەوام لە بەرزبونەوە دایە. کارێکی نەکراوو مەحاڵە، یەکیەتی و پارتی تا لەدەستیان بێت و پێیان بکرێت بە شێوەیەکی ئاشتیانەو دیموکراسی و هێمنانە لەگەڵ ئۆپۆزسۆندا، دەستاو دەستی دەسەڵاتی سیاسی بکەن، بگرە یەکیەتی و پارتی لە نێوانی خۆشیاندا، چونکە باگڕاوندەکەیان باگڕاوندێکی نا دیموکراسی و یەکتر قبوڵنەکردن و شەڕاوی و دیکتاتۆریانەیە. گەر کەمێک بچینە دواوە بۆ شۆڕشی ئەیلولی بەزین و چۆکدادان بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی ئەقڵ ژەنگاوی خێڵەکی، دەبین کە مەلا مستەفا بارزانی داهێنەرو سەرکردەیەکی لێهاتووی دیکتاتۆریەت و کورد کوژی بووە بە پلە یەک، جگە لە سەرۆکایەتی خۆی و بنەماڵەکەی قبوڵی کەسی تریان نەکردوە نە لەناو پارتی وە نە لەکوردستانیش... ئەمەش ڕاستیەکی مێژووی ڕەهایە...! کەچی سەیرەکەی لەوەدایە کەسانێک کە تا ئەمساوەختەش، لە تێكڕاو تەواوی خەڵکی کوردستان زیاتر، ئازاردراوو قوربانی زولم و دیکتاتۆریەت و نەزانی و پاشکەوتووی ئەقڵی مەلا مستەفا بارزانین، دێن بە سەرکردەی مێژوویی ناوی دەبەن.!! بە جەنەڕاڵ بارزانی ناوی دەبەن! وەکو ئەوەی لە ڕابردو نە بای هاتبیت نە باران هیچ ڕووینەدابێت و برای باوکی یەکتر بن!! لە بیریان کرد هەر ئەو مەلا مستەفا بارزانیە بوو لە پاڵ شەڕی یەکەمی خەڵکی کوردستان، واتە شەڕی ڕزگاری دژ بە داگیرکەرانی کوردستان، شەڕی کورد کوژی وەکوو شەڕی دووەم کردە بەرۆکی خەڵکانی کوردستان.
 هەر لەو ڕۆژەی مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکایەتی کەوتۆتە دەست بەردەوام کورد دوو شەڕی کردووە، شەڕێکیان لە گەڵ داگیرکەران، شەڕی دووەمیش شەڕی خۆ کوژی، کە تا ئێستاش لە نێوانی یەکیەتی و پارتی بە ناوەرۆک و دەقی پەیوەندی ستراتیژی نێوانیان بەردەوامە لەسەر کەوڵ و خۆێن و داهاتی خەڵکانی ڕەش و ڕووتی کوردستان. پەیوەندی ستراتیژی ئەمڕۆی نێوان یەکیەتی و بنەماڵەی بارزانی، درێژەی ئەو شەڕە کورد کوژیەو دیکتاتۆریەتی دوێنێ مەلا مستەفای بارزانی هەمیشە مردووە، کە میللەتی کورد لە نوکی پەنجەکانی قاچیەوە تا تەوقی سەری لە بۆگەنیەتیدا ڕۆچووە. هەر ئەو پەیوەندیە ستراتیژیەشە کە کۆمەڵگای کوردی کردۆتە دێڵە زەڵکاوێک لە هەڵپەرستی و بەردەوامیش سواری ملی کۆمەڵگای کوردی بوون و دەیترەکێنن و کەسانی هەڵپەرست و نەفەس نزم و ملکەچ بۆ خۆیانی لێ دەخەنەوە. تا ئاستێک لەم ڕۆژگارەدا هەڵپەرستی نەوەک هەروەک سیاسەت، بەڵکو بووە بە پیشەش لای زۆربەی خەڵک و تەواوی حزبە بچوکەکان زۆر بەتایبەتی، تەنها بۆ پارەو مەنسەب بەدستهێنان بە هەر نرخێک بێت!
هەرچی بەهاو ڕەووشت پرێنسیبی مرۆڤایەتی هەیە لە کۆمەڵگای کوردی کاڵیان کردۆتەوەو بەرەو نەمان دەڕوات. بنەماڵەی بارزانی بە هەر نرخێک بێت نایەنەوێت دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەبێت لە کوردستان. قوتابیخانە بۆگەنەکەی فکرو ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی هەمیشە مردوو، وەک چۆن لە ڕابردوو، ئێستاش بە هەمان شێوە بە هیچ جۆرێک قبوڵی ئۆپۆزسیۆن ناکەن، جا ئەگەر ئەو ئۆپۆزسینە فریشتەی ئاسمانیش بێت، جا ئەگەر ئەو ئۆپۆزسیۆنە ڕەخنەکانی نەک هەر بەگوڵ بێت، بگرە ڕەخنەکانیان لە لۆکەش سپی و سۆڵ و گەرم و نەرم و جوانتر بێت هەر قبوڵیان نیە.
 بنەماڵەی بارزانی ئۆپۆزسیۆنێکیان دەوێت کە تا سەر ئێسقان نزم و هەڵپەرست و پشیلە ئاسا دەستەمۆی ناو باوەشیان بێت، ڕێک لە جۆری حزبی شوعی کوردستان و ئەو ئەندامە سووک و هەرزانانەی کە لە مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دایانبڕاندن، هەروەها ووردە حزبۆکەکانی تری ژیر ڕکێفی بنەماڵەی بارزانی. کە ئەم حزبانە تێکڕایان نقومی هەلپەرستی و بازرگانی سیاسین، بە تایبەتیش حزبی شوعی کە بودەڵەترین وقێزەوەنترین حزبی هەڵپەرستە لە تەواوی بزووتنەوەی کرێکاری و چەپی جیهانیدا، بگرە لە هەرچی حزب هەیە لەسەر ڕووی ئەم زەمینەدا. سەرکردایەتی حزبی شوعی هەر لە سەرەتاوە وەکوو ئیسلامیەکی ئەقڵ دۆگما لە بەرامبەر مەلا مستەفا بارزانیدا هەڵس و کەوتیان کردوەو بونەتە کاسەلێسی بەردەرگای دیوەخانی بنەماڵەی بارزانی. بۆنمونە ئەگەر ئیسلامیەکی وشک و ئەقڵ دۆگما، کەسێکی ئارەقخۆرو چەقۆکێش و سەرسەری ببینێت کە لە دەرگای مزگەوت دێتە دەرەوە، ئەوا یەکسەر بە برای ئایینی و پاک و تەقوایی دەداتە قەڵەم، هەر چەندە ئەو کەسە بە ڕێکەوتیش ڕێگای کەوتبێتە مزگەوتەوە.
سەرکردایەتی حزبی شوعیش بەهەمان شێوە کە مەلا مستەفا بارزانی چۆتە ڕوسیاو ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە پێان وابوو ئیتر تەواو مەلا مستەفا بارزانی تێکەڵاوو ئاوێتەی فکرو نەسلی مارکسیەت بووە و بۆتە (مەلا مارکس) و ئەقڵی گۆڕاوە، کەچی، مەلا مستەفا ئەوەندەی لە ڕوسیا بووە تەنها لە ڕووی پەرەپێدان بە ئەقڵیەتی دیکتاتۆریەتی خۆی سوودی وەرگرتوە، لە دیکتاتۆریەتیش بەدەر لە ڕوسیا زیاتر فێری هیچی تر نەبووە! هەر ئەو مەلا مسەتەفایەش بوو لە 1974 دا قەتلوعامی شوعیەکانی دەکردو ڕووی ڕەشدەکردن، کاتێک کە پیاوە چەکدارەکانی مەلا مستەفا بارزانی بەسەر ماڵی شوعیەکی چەکداریان دائەدا بۆ ئەوەی شوعییەکە مقاوەمەیان نەکات پێیان دەگوت خۆت تەسلیم کە لەسەر شەرفی پارتی و سەرۆک بارزانی هیچت لێناکەین عەفودەبیت... بەڵام هەر کە شوعیەکان تەسلیم دەبوون دەیانبردن لە ناوپردان لەسەر هەمان شەرەف و بەڵێنی سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی بە تفەنگەکانی خۆیان گولە بارانیان دەکردن. کە چی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت سەرکردایەتی حزبی شوعی و کادیرەکانی ترسنۆکانە و هەڵپەرستانە، خزانە ژێر ڕکیفی بنەمالەی بارزانی و کەوتنە بە هێزکردن و برەو پێدان و جوانکردنی ئەقڵی خێڵ لە کوردستاندا، بەو پەڕی هەڵپەرستیانەوە. سەرکردایەتی حزبی شوعی کوردستانی لە خۆهەڕاجکردنیان بە بنەماڵەی بارزانی گەیشتونەتە ئاستێک کە تەنانەت لە خەوتنی شەوانەی ناو ماڵەکانی خۆشیاندا ناتوانن بە بێ پرس و ڕای بنەماڵەی بارزانی و پاراستنەکەی هیچ هەڵس و کەوتێک بکەن!
حزبی شوعی کوردستانی بەم سەرکردایەتیەو سیاسەتەیان لە کوردستان، بونەتە گرێ کوێرەو سەرەتانی بەردەم بزوتنەوەی چەپ وکرێکاری، لە هەمانکاتیشدا ئاستەنگی ڕێگرن لە بەردەم بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو بە هێزدا.
 بە هەمان شێوەش باڵەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پاش ئەوەی پاراستن دایبڕاندو زەماوەندی لەگەڵ کردن و چونە مانگی هەنگوینی، بەڵام مانگەکەی هەنگوینیان زوو کۆتایی پێهات، دوای ئەوەی بنەماڵە بۆی دەرکەوت کە ئەم باڵەی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان ترپی تەڕیان تیا نەماوە و ناتوانن ئامانجەکانی بنەماڵەو پاراستنەکەی بێننەدی، ئێستا بنەماڵە لە قۆناخی تەڵاقدان و تڕۆکردنی ئەم باڵەی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشانە، ئەم خۆهەڕاجکەرانەش لە گەڵ تێکڕایی حزبۆکە شڕەخۆرو مشەخۆرەکانی تر، هەمان ڕۆڵی هەڵپەرستی و خۆفرۆشی و نێگەتیڤانەی حزبی شوعیان هەیە لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و لاوازکردنی پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی. قادر عزیز سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حەمەی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست تا ئێستا بەتەواوی یەکلایان نەکردۆتەوە کە ئایا تاسەر لەگەڵ دەسەڵات دەبن یان دێنە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن؟
هەرچەندە قادر عەزیز بڕیاری داوە ئۆپۆزسیۆن بێت بەڵام تا ئێستا زیاتر بە قسە بووە نەوەک بە کردەوە.
پێش هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم لە هەڵبژاردن لە نێوانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا تەنها دوو ڕێگایە و ڕێگای سێیەم نیە، یان ئەوەتا ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەو پارێزەری مافەکانی خەڵکی ڕەش و ڕووت و بەش مەینەتی کوردستان دەبیت و بڕواو متمانەیان بەدەست دێنن، یان ئەوەتا نەوەک هەر لەگەڵ دەسەڵات دەبیت، بەڵکو لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵاتیش یەکگرتن دەکەن و کۆتایی بەم ڕەوشە سەر لەخۆ شێواندن و دڵەڕاوکێیەی خۆتان لە بەرامبەر سیاسەتی هەر یەک لە پارتی و یەکیەتی دێنن!
گەر مەسەلەکە پلەو پایەو دەسکەت و قازانجی شەخسی نیە، ئەوا سیاسەت بەم شێوەیە مومکین نیە، لەیەک کاتدا هەم لەدەسەڵات بیت و هەم ئۆپۆزسیۆن بیت لەکاتی پێویست بۆ بەرژەوندیە حزبی و تایبەتیەکان، چونکە ئەم جۆرە سیاسەتە بتانەوێت یان نەتانەوێت سیاسەتێکی هەڵپەرستانەیە و خۆ دابڕان و پشت لەجەماوەر کردن و دورکەتنەوەیە لێی.ئەم سیاسەتەش سیاسەتێکی سواوو تاقیکراوەیە، تا ئێتسا جگە لەدەستدانی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی متمانەی جەماوەر و لەت و پەتکردنی حزبەکانتان سوودێکی تری بۆتان نەبووە.
تاکەی بەردەوام دەبن لەسەر سیاسەتی نەزۆک و سواوی تاقیکراوە؟ تاکەی یاریکردن لەسەر پەتەکانی یەکیەتی و پارتی؟ تاکەی پەیڕەوی سیاسەتی گەر لە یەکیەتی زوێر بوون، ئەوا پارتی دەرگای کراوەیە، یان ئەگەر پارتی غەدری لێکردن و فشارو پاڵەپەستۆی خستنە سەر ئەوا دەرگای یەکیەتی واڵایە؟ سەیرەکە لەوەدایە دوای ئەم هەموو زوڵم و غەدرەی بنەماڵەی بارزانی لە قادرعەزیزوحزبەکەیان کرد، تا ئاستی تیرۆرکردنی کەچی ئێستا هاتووە پاڕانەوەیەکی بەبێ بیانۆو، فێڵ لە خۆکردن بۆ بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆرو دزو تاڵانچی دەکات. قادرعزیز لە وەڵامی دوا پرسیاری دیمانەیەکی لەگەڵ ستیڤان شەمزینانیدا، کە دەربارەی چارەنووسی حزبی زەحمەتکێشانەو ئایا سەربەخۆ دەمێنێتەوە یان خۆی حەلدەکات..؟
قادر عەزیز وا دەڵێت(بۆیە ئەمە کاتى دەوێ تا بەتەواوى خۆمان دەگرینەوە، لەپێش هەموو شتێکدا خۆساغکردنەوەى هەڵوێستى سیاسیی دەوێ، بۆیە ئەوەى تائێستا بڕیارمانە و بەرچاویشمان روونە بەردەوامبوونە، دیارە پڕۆژەکەى یەکێتیش یان هەر پڕۆژەیەکى تر ئەگەر بزانین پڕۆژەیەکى سیاسییە و جیددیەتى تێدایە، ئەوا بۆ وەزعى ئێستاى خۆمان رەتى ناکەینەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەى تائێستا زۆر تا کەم بەڕەسمى قسەى لێنەکراوە و نازانین چۆنە، تەنیا ئەوەندە دەزانین کە پڕۆژەکە هەیە و لەکۆنگرەشدا بەجۆرێک لەجۆرەکان باسی لێوەکراوە، بۆیە ئەوەى هەیە وەک لەپێشدا ئاماژەم پێکرد ئەوەیە کە ئێمە لەسەر خەبات و تێکۆشان و لەسەر خۆڕێکخستنەوەو خۆ تاهیل کردنەوەى خۆمان بەردەوامین، خۆ ئەگەر پارتى وازمان لێبێنێ و لەمە زیاتر فشارمان لەسەر نەکات، ئەوا لەوانەیە ئێمە هەر پێویستیمان بەو جۆرە پڕۆژانە نەبێ، بەڵام دیارە جۆرە بۆچوونێکى وا لەناو هەندێ لە هاوڕێیانى ئێمە دروستبووە کە ئەو جۆرە پڕۆژانە لەم کاتەدا بۆ ئەوە باشە کە لەچوارچێوەیەکى فراوانتر و لە میکانزمێکى کاراتر درێژە بەخەباتى خۆمان بدەین و چیتر غەدر و ناهەقى کەس قەبووڵ نەکەین.)
ئەم سیاسەتەو بیرکردنەوەو یاریکردنە لەسەر توند بوونەوە یا خاو بوونەوەی ململانیی نێوان یەکیەتی و پارتی بە دەرتان ناخوات بۆ ئێوە و تەواوی حزبە بچوکەکان... بە کورتی پارتی و یەکیەتی لە پێناوی دەسەڵاتی خۆیان و مانەوە لە دەسەڵات، نەوەک هەر پەیوەندی ستراتیژیان دەبێت وەکو ئێستا، بگرە بە شێوەیەکی زۆر ستراتیژیانە بە بێ گوێ دان بە هیچ شتێک یەکگرتن دەکەن و پارتی و یەکیەتی دەکەن بەیەک حزب. کاک قادر عەزیز ئەگەر دەتانەوێ بوونتاب هەبێت و بمێنن وەکو خۆشت وا دەڵێیت بەتەواوی خۆت ساخکەوە یەکلای بکەوە، دوو ڕێگات هەیە سێیەمیانت نیە یان ئەوەتا بەکردەوەش ببە بە ئۆپۆزسیۆنێکی کاراو بچۆرە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن یان لەگەڵ دەسەڵات تێکەڵاوی بکەرەوەو کۆتایی بەم بارودۆخە ڕەمادیە بێنە. لە بیریشت نەچێت تۆ بە ئیعدام مەحکومی لەلایەن بنەماڵەی بارزانی دزو تاڵانچی ڕەوشت و ڕەفتار داگیرکەر. ئەوەی ماوەتەوە لێرەدا ئەوەیە گەر شتێک هەبێت ئۆپۆزسیۆن و بنەمای ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بێت بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نیە کە بزوتنەوەی گۆڕانیش بێ هەڵەو کەم و کورتیەو پاکە لە کەسانێکی هەڵپەرست، بۆیە نابێت تەنها بۆ چرکە ساتێکیش ڕادارو زەڕەبینی ڕەخنەو پێشنیارکردنی چاککردنەوەی هەڵەکان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان هەلبگرین بۆ لا نەدانی لە ڕاستە ڕێگادا. لەسەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکیەتی هەڵەیەکەی کوشندەی هاوبەشیان کرد دژ بە خۆیان و دژ بە پڕۆسە سیاسیەکە، کە ئاکامەکەی بە قازانجێکی زۆرەوە بە خرت و خۆڕایی چووە گیرفانی بنەماڵەی دزو تاڵانچی، مەبەستم ئەو دژایەتی کردنە بوو کە یەکیەتی و گۆڕان بە شێوەیەکی زۆر ناشارستانیایەو نا دیموکراسیانە دژ بەیەکتر کردیان، بەمەش نەوەک هەر زینیان لە خۆیان و کێشە سیاسیەکەدا، بگرە زیانیان لە خەڵکانی چەپ و ئادیخوازو لیبڕاڵیشدا لە گۆڕەپانەکەدا. خۆ ئەگەر ئێستاش بێت و بە ئەقڵیەتێکی کراوەو شەفاف و ژیرانە لێکی بدەینەوەو هەڵسەنگێنین خاڵە هاوبەشەکان و هاوبەشیەکانی نێوان یەکیەتی و بزوتنەوەی گٶڕان لەگەڵ یەکتردا زۆر زۆر زیاترە، لەوەی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی یان هەر حزب و ڕێکخراوێکی تری کوردستان. بۆیە دەبێ گٶڕان و یەکیەتی یەخەی یەکتری بەردەن بەیەکجارەکی،چونکە هەردەم بنەماو زەمینەو خاڵی هاوبەشی فکری و سیاسی و کارکردن و دۆستایەتیان لەگەڵ یەکتردا زیاترە،لەوەی دژایەتی یەکتر کردن، کە ئەویش تەنها بنەماڵەی بارزانی دیکتاتۆری پێ بەهێز دەبێت و تەمەنیان درێژ دەکات. تێبینیەکی تریش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە ئەوانیش وەکوو یەکیەتی و پارتی لووت بەرزو خۆ بەزلزان نەبن لە بەرامبەر حزب و ڕێکخراوە بچووکەکانی ترو مامەڵەیەکی سیاسیانەو لۆژیکیانەیان لەگەڵدا بکەن بۆ ئەوەی لەبەرەی دەسەڵات گەر هیچ نەبێت بێ لایەنیان بکەن. شتێکی تریش کە من پێموایە سەر باروبن باری چەق بەستن و گەندەڵی ئەو ڕەوشەی سیاسی ئێستای کوردستانە سیاسەتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە وەکو حزبێکی سۆسیال دیموکرات، بۆیە دەبێ ڕەخنەگرتنمان لێیان بە کەرتە شاخ بێت، تا دێنەوە تایم. ئەو سیاسەتەی کە ئەمڕۆ یەکیەتی نیشتمانی وەکو حزبێکی سۆسیال دیموکرات دەیکات پێموانیە لە مێژودا هیچ حزبێکی سۆسیال دیموکرات وایکردبێت.سەیرکەن یەکیەتی خۆی کردووە بە ئەسپی ژێر عەرەبانەی بنەماڵەی بارزانی و بەقامچی ئەقڵیەتی خێڵ هەورە تریشقە ئاسا خۆی لێدەخورێت بۆ پێشخستنی بنەماڵەی دزوتاڵانچی و ڕەفتار داگیرکەر.. ئاخر یا یەکیەتی سۆسیال دیموکرات ئەم چ سیاسەتێکە؟! ئایا یەکیەتی دەیەوێت بەم سیاسەتەی سەرکردایەتی و کادرو ئەندام و جەماوەرەکەی ڕابێنێ و زەمینە خۆشبکات بۆ پاشگەزبوونەوەو تەحریف بە خۆ کردن لە فکری سۆسیال دیموکرات؟؟
 ئایا دابەشکردنی دزی و تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی بۆ یەکیەتی گرنگ ترو پیرۆز ترە لە ڕوباری خوێنی شەهیدەکانی لەو فکرو ئامانجانەی کە لە پێناویاندا یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دروست بوو؟! یەکیەتی نیشتمانی دوو ڕێگای لە بەردەمدایە کە سێیەمان بوونی مەحاڵە بۆ ڕاست بوونەوەو هەڵسانەوەو زیندو بوونەوەی. یەکەمیان هاتنەدەرەوەی لە دەسەڵات وهەڵوەشاندنەوەی گەندەڵیەتی ستراتیژی، نەک پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا و ببێتە ئۆپۆزسیۆن و لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن سەر بەرزانە سەرکردایەتی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و نوی بوونە بکات، بە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ڕێگای دووەمیش مانەوەو خۆ گرێدانی زیاتری بەو گەندەڵیە ستراتیژییەی نێوانی خۆیان و بنەماڵەی بارزانی بۆ هەتا هەتایە بچووک بوونەوەو توانەوەی لە ژێر پێی بنەماڵەی بارزانیدا، ئەو کات ئێمەش جارو باردەڵێین ئای های هەزاران جار یادت بەخێر یەکیەتیە نیشتمانیەکەی شاخ و خاوەن پرێنسیب و خاوەن داسستان، خاوەن ڕووباری خوێنی شەهیدان.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە