کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو دیدارانە چ خزمەتێك دەكات؟

Wednesday, 11/03/2015, 12:00




ئەمڕۆ دیدارى سێیەمى سلێمانى لە زانكۆى ئەمریكى لە سلێمانى بە ئامادەبونى چەند بەرپرسێكى باڵاى عێراق و هەرێم بەڕێوە چوو، ئەوەى ڕاستى بێت هەموو بەرپرسان لەوتەكانى خۆیاندا قسەى جوانیانكرد، هەڵوێستى مەردانەیان دەربڕى، ڕوى دیموكراسى خۆیان نیشاندا، بەكوردیەكەى دیدارەكە لێوان لێوبوو لەفەنتازیا!!! بەڵام تەنها بەگوفتار، ئەو لێدوانانەى ئەوان كردارێكە لەسنورى زمانى ئەوان تێناپەڕێت، بە تایبەت بەرپرسە عێراقیەكان، ئاخر وتەكانى ئەوان 180 پلە پێچەوانەى كردارەكانیانە، باشە هەر ئەوان نەبوون چارەنوسى ئەم وڵاتەیان بە ئەمڕۆگەیاند؟ كێ بەرپرسە لەو هەموو نەهامەتیانەى كەبەسەر خەڵكى ئەم وڵاتەدا دێت؟ ئەو قسانەى ئەو بەرپرسانە دەیكەن چ خزمەتێك بە خەڵكى عێراق و هەرێم دەكات؟ ئەو جۆرە دیدارانە چ خزمەتێك بە دایكانى جەرگ سوتاو منداڵانى هەتیو و ئاوارە و دەربەدەرەكان و ئەوانەى كە كچ و كوڕەكانیان چارەنوسیان دیارنیە دەكات؟ خزمەت بەكوێى ئەو قەیرانە ئابوریە دەكات كە ئەم وڵاتەى پێدا تێدەپەڕێت؟ ئایا بیستوتانە ئەم جۆرە دیدارانە هیچ گۆڕانكاریەكى بەسەر هزر و بیر و كاردانەوەى ئەوكەسانەدا هێنابێت كە بەشدارى دەكەن؟ ئایا هەر ئەو بەرپرسانەى كە بەشدارى ئەو دیدارانە بوون خۆیان باوەڕیان بە لێدوانەكانى هاوشانەكانیان هەبوو؟ باشە پێمان بڵێن پاش ئەم دیدارە چیمان دەست دەكەوێت؟ چ مژدەیەكتان پێیە بۆ خەڵكى بەش مەینەتى ئەم وڵاتە؟ ئایا ئێمە تاچەند توانیمان بڕواكانى خۆمان بكەین بە دیفاكتۆ لاى بەرپرسانى بەغدا؟ ئەى ئەوان چ گۆڕانكاریەكیان لە بیركردنەوەى ئێمەدا دروستكرد؟یان ئەم جۆرە دیدارانە تەنها ئاهەنگێكى تەشریفاتیەو بۆ خۆنیشاندانى ئەو كەسایەتیانەیە كە چارەنوسى ئێمەیان بە ئەمڕۆ گەیاند!!! قەیناكات پاش دیدارەكە پێمان بڵێن كە خەڵكى عێراق و هەرێمى كوردستان چیان دەست كەوت؟ مژدەكان چین؟ چى گۆڕا؟ ئامانج لەم جۆرە دیدارانە چیە لە مەملەكەتى گەندەڵى و داگیركارى و تیرۆر و شەڕوكوشتار ئەتنى و ئاینزا و وێرانكردن و ئاوارەبون و نانبڕین و برسیەتیەدا؟؟؟ من بڕوان وایە لەو جۆرە دیدارانەدا ئێوە هەرچیەك بڵێن ئەوا پێچەوانەكەى ڕاستە !!! بۆیە ئەگەر دەتان ویست خەڵكى باوەڕتان پێبكەن ئەوا دەبو بە پێچەوانەى قسەو هەڵوێستەكانى دیدارەكە قسەتان بكردایە !!! ئەمە دیدارە لە پێناوى هیچدا تەنها هیچ.

11/3/2015
سلێمانى

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە