لە خوێنەرێکەوە بۆ سەباح على قارەمان
Sunday, 15/02/2009, 12:00
خوێنهرێک
براى بەڕێز سڵاو
نوسین بەرهەمە ، دەرەنجامى خوێندنەوە و بیرکردنەوەیە ، بەکارهێنانى ویژدان و هەست کردنە بە لێپرسراوێتى ، قسە فڕێدان و لاپەڕەى سپى پڕکردنەوە نیە ، لێم زویر مەبە کە پێت بڵێم هیچ لەم نوسینەت نەگەیشتم کە ئایا ویژدانى تێدا بەکار هاتووە ، یان هەست کردنە بە بەرپرسیارێتى یان دەرەنجام و بیرکردنەوەیەکى قوڵ و تێڕامانێکى بەڕێزتە ، یان ئەمە ڕەخنەیە نازانم چى ناو دەنێى بابەتى "" هەندێک لەشیوعییەکان هەرچ کاتێک پارەیان نەمێنێ باسی قڕناقاو پشتئاشان دەکەن""
بە داخەوە ئەمڕۆ بەشێک لە سایتە ئەلکترۆنیەکان بۆتە جێگایەک بۆ ناشرین کردن و وێنا کردنى بەرامبەر وەک خیانەتکار و دوژمن و قابیلى ئەوەى کە ئەو کەس و لایەنانە رادەستى دادگا بکرێت ، بە جۆرێک ئێستا کە من ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم دەکرێت بە ناوى تۆوە بابەتێک بنوسم و کەسیش ناڵێ تۆ کێ ى لە کوێوە هاتووى ،یان بە ئارەزووى خۆم مێژوو تێک دەدەم و کەس لێم ناپرسێتەوە ، حەز دەکەى لەسەر تۆ دەنوسم گەندەڵە و بڵاویش دەبێتەوە ، ڕاستە مافى وەڵام هەیە بەڵام پاش چى .
بە کام پێوەر وەک ئەوەى تۆ دەیڵێى "" کەواتە هەموو ئەو حیزبانە وەکویەک تاوانبارن"" دەکرێ ئەو یاسایەم بۆ بنێرى و لاى خۆم چاوێکى پێدا بخشێنم ، تابزانم چۆن حزبە کوردیەکان وەک یەکن و وەک یەک تاوانبارن ، یان براى بەرێز دیارە هیچت پێ نیە و هەرچیان پێگوتى لەسەرى دەنوسى .
مەمخە گومانەوە لە خۆت و بۆم بسەلمێنە کە ""ماوەیەکە هەندێک ڕۆژنامەنووسی شیوعى بۆ ئەوەی پاروێک نانیان دەست بکەوێ لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەچن وتارێک لەسەر قڕناقا و پشتئاشان لەڕۆژنامەکاندا بڵاودەکەنەوە "" کە دەڵێى هەندێ دەبێ بزانى دەکرێت "ژمارەیەک" بەکار بهێنیت نەک "هەندێ " ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شارەزایت لە ڕێزمانى کوردى نیە و بە ئەرکى مەزانە ڕاستگۆیانە ناوى هەندێ لەو ڕۆژنامە نوسە شیوعیانە بڵێ کە لە پێناو پارە لە سەر نەوشیروان مستەفا دەنوسن ، دیارە بەڕێزت ئاگات لەوە نەبوو ئەوە نەوشیروان بوو بابەتى پشتئاشانى زیندوو کردەوە لە گوڵان نەک ڕۆژنامە نوسە شیوعیەکان .
"" ئەگەر ڕاست دەفەرموون کە نەوشیروان مستەفا تاوانبارە بە کوشتاری پشتئاشان، بۆچی لەدادگا سکاڵای لەسەر تۆمار ناکەن"" براى بەڕێز تۆش ئەگەر ڕاست دەفەرمووى کام لە دادگاکانى کوردستان سەربەخۆن و دەست تێوەردانى حزبى تێدانیە ، ئادەى بیڵێ ئەو دادگایە سەربەخۆیە کە بانگێشتى ناسیح دەکات یان ئەو دادگایەى بڕیارى سى ساڵ زیندانى دکتۆر کمال دەردەکات ، کاتێک تۆ باسى دادگا دەکەى ، دادگا تار ئێسک حزبییە بەس دیارە بەڕێزت ئاگادار نیت .
"" بۆی دەردەکەوێ کە ئەم وتارە لایەنگیری هیچ کەسێک ناکات بەڵکو تەنها لێکدانەوەی بۆ دەکات "" چاوە ڕاستەکەم لێکدانەوە بۆ مێژوو یان ڕووداوێک کە ڕووى داوە بە پێى " کات - ڕووداوەکە هۆیەکانى دەرەنجامەکانى ئەو ڕووداوە کەسانى نێو ڕووداوەکە تاوانبار بن یان بێ تاوان " ئەمانە بەشێکن لەوەى کە لێکدانەوە بۆ ڕووداوێک بکەى کە لە ڕابردوو ڕوى داوە و لێکدانەوەش بە چەند وشەیەک نابێت ، خۆ دەبێت هەر هیچ نەکەى چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکانى نێو ڕووداوەکە بکرێت خۆ ئەوانە ژمارەیەکیان لە ژیاندا ماون .
من ئەوەندە دەڵێم ،"" ئەوەى دەیزانى مەیڵێ بەس ئەوەى دەیڵێى بیزانە"" ، ""بێ عەقڵ کەسێک نیە کە دەزانێ نازانێ بەڵکو کەسێکە هیچ نازانێ و وا خۆى دەردەخات لە هەموو شتێکدا زانایە"" . بێگومان ئەمەش دوو پەندى مەزنن لە گیرفانى خۆم دەرم نەکردووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست