عیرفان ئەحمەدى شاعیر بووە قوربانیى دەست سیستمەكەى كوردستان ..!
Saturday, 11/08/2012, 12:00
هاوڕێیەتى من و عیرفان ئەحمەدى شاعیرى جوانەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانى ساڵانى هەشتاكان، ئەو دەمەى لە كۆڕ و سیمینارەكانى شارى سلێمانیدا یەكتریمان ناسى و بووینە هاوڕێى نزیكى یەكتر، لەچایخانەى سەناعەى بەردەمى بەنزینخانەكەى عەقارى و تەنیشتى كتێبخانەى گشتى، من و كاكە عیرفان و تاریق فەقێى شاعیرى كۆچكردوو، هیوا قادر و ئیسماعیل حەمە ئەمین و ئاكۆ كەریم و ئەحمەد رەزاى شاعیر و ناو بەناو محەمەد عومەر عوسمان و بەرزان هەستیار و دڵشاد كاكى و ئەوانی دیكەى ئەدیب و هونەرمەند و ئەكتەرانى ئەو سەردەمە یەكترمان لەو دەڤەرە دەبینى و عەسران و ئێواران و هەندێكجار شەوانیشمان پێكەوە بەسەر دەبرد، ئەو دەمە كۆڕە شیعرییەكانمان لەو ژوانانەدا مەیسەر دەكرد بۆ یەكتر دەبووینە جەماوەر و بیسەرو شاعیر و چیرۆكنوس و تەنانەت رەخنەگریش. خەسڵەتى ئەو سەردەمە وابوو، لەگەڵ ئەوەشدا كە بەعسى فاشى گەرمەى سیاسەتى پەرتكە و زاڵبەى خۆى پیادە دەكرد و لەپاڵ شەڕى نەگریسى عێراق - ئێرانیشدا، پەلامارى دڕندانەى شاخ و شارو شارۆچكەو لادێ سەركەشەكانى كوردستانى دەدا، لەڕوى كۆمەڵایەتیشەوە، هەراسانى كردبووین، متمانەو بڕوابەخۆبوونى كەمتر كردبۆوە، كارى بۆ ئەوە دەكرد، برا متمانەى بە براى خۆى نەبێت، سیخوڕ و ئەمن و پۆلیسى نهێنى خزاندبووە هەموو جومگە و شوێنەكانى ژیانمانەوە، بەڵام داهێنەرانە، خەڵكانى كوردستان كەش و هەوا و ئەتمۆسفیرێكى وەهایان بۆ خۆیان خۆشكردبوو، كە هەست بە نەهامەتیەكانى جەنگ و كوشتارو گرتن و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدانى ئازیزانمان نەكەین.
یەكێك لەو كەسانەى كە من دڵ و دەرونە باشەكەییم بەدڵبوو، لە ڕووى دڵسافى و عیزەتى نەفسى بەرزو پەروەردەى خێزانیى جوانەوە سەرنجڕاكێش بوو، كاكە عیرفانى جوانەمەرگبوو. من و ئەو زیاتر لە دووو كۆڕى شیعریمان بۆ لافاوەكەى سلێمانى ساڵى 1987 و ئەنفالى 88 لە هۆڵى رۆشنبیریى جەماوەرى سلێمانى سازداوە.. یادەوەرى خۆش و تاڵم لە نەست و هەستەكانما تۆماركردووە، چەندان شەوم لە ماڵە سەركەشەكەى ئەودا بەسەر بردووە و نان و نمەكى دایە رەحمەى كۆچكردووى دایكى عیرفانم خواردووە و تامى بەلەزەتى ئەو خواردنە خۆش و پاك و بێوێنانە لەژێر دانەكانى حەمەى بەندەدایە تاكو مردن.!
كاكە عیرفانم لەدوواى راپەڕینەوە بەجێهێشت، ئەو خەریكى شیعر و بژێو پەیداكردنبوو، دەرچوى ئامۆژگاى نوژدارى بوو، دوواى راپەڕین ژنى هێنابوو، كچێكى ژیكەڵەى جوانیشى هەیە.. ساڵى 1998 بوو بەسەفەرێك لە هەندەرانەوە هاتمەوە و چومە ماڵیان، پێكەوە دانیشتین و شیعرى نوێى خۆى بۆ خوێندمەوە. ساڵى 2004یش گەڕامەوەو بۆ سەردانێك چومەوە لاى.. پاشتر ئەوەبوو ئیتر من بە یەكجارى گەڕامەوە سلێمانى و ناوبەناو بەپێى دەرفەتى ژیان، لە باخى گشتى دەمبینى و پێكەوە بەرەو سەهۆڵەكە یان بازاڕ پیاسەمان دەكرد. باسى ژیان و خێزانمان دەكرد. یادەوەریمان بۆ یەكتر دەگێڕایەوە، جارجارەش نوكتەیەكى تازەى بە زمانە شیرینە شاعیریەكەى خۆى بۆ دەوتم دەیخستمە پێكەنین و تاوێك خەم و پەژارەى لەبیر دەبردەمەوە.
لەسەر مەسەلەى خواردنەوەش كە لەمانگى رەمەزاندا مەى كڕین و فرۆشتن بووبووە گرفتێك بۆ زۆرێك لە مەى نۆشان، كاكە عیرفانى شاعیریش، دەچێتە هۆتێل سلێمانى پاڵاس و بەهۆى ئەوەوە كە شوێنێك و مێزێك نابێت بۆ دانیشتن (گوایە جێگەكان بۆ بەرپرسان گیراون!)، ئیدى دەبێتە دەمەبۆڵە و قسەى لەگەڵ ستافى ئیدارەكەدا و پاش بانگهێشتكردنى پۆلیسى ئەو هۆتێلەو راكێشان و لێدانى كارەباى ئەو (بەپێى قسەى كاك سمكۆى براى عیرفان) دەپەڕێت و سەرى بە دیواردا دەدات و خوێنى لێدێت، سنگ و دەموچاوى بەتوندى بەزەویدا دەدات و دەكوترێت و شین و مۆر دەبێتەوە، ئەو لەبەرئەوەى نەخۆشبوو، بەرگەى ئەو شۆكە توندە ناگرێت، لەهۆش خۆى دەچێت، دیارە ئەوانیش لەترسى پرسیار و وەڵامى (نەخۆشخانەى تەواریەكە) وەكو تاوانبار و تیرۆرستێك دەیبەنە بنكەى پۆلیسى رزگارى و لە رۆژى 31ى7ەوە بۆ رۆژى 2ى8ى ئەمساڵ دەیهێڵنەوە، تا كەسوكارى عیرفان شوێنى دەزانن و دەیفڕێنن بۆ تەواریەكە و تاكو رۆژى 5ى ئاب لەوێ دەبێت بەڵام پاش ئەوەى كە لەدەست دەردەچێت و چارەسەریش فریاى ناكەوێت گیان لەدەست دەدات!!؟
***
ئەمێستا دەمەوێت ئەوە بدركێنم كە، ئەوەى لەم نیشتمانە كڵۆڵەى ئێمەدا بژى و تەنیا گوێ لەكورتەى هەواڵەكان بگرێت، بۆى ئاشكرادەبێت كە كوردستان رۆژ دوواى رۆژ بێتامتر و بێئامانتر و نائاسودەتر دەبێت. چونكە ئەوەى گوێبیستى دەبین هەواڵ و نوچەى مەترسیدار و ناخۆشترینە بەجۆرێك كە ترست لێدەنیشێت نۆرەت دێت تۆش وەكو ئەو قوربانیە زۆرانە لەماڵەكەى خۆت بچیتە دەرەوەو نەگەڕێیتەوە، لەوەش ترسناكتر ئەوەیە كە هیچ جۆرە ئاسایشێك و گەرەنتى و متمانەیەك لەئارادا نییە لەسەر ژیان و پاراستنى مافەكانى تاكەكەس، پێش مردنت و دوواى مردنت..
ئەوەى لەم چەند ساڵەى دوواییەدا هەستى پێدەكرێت ئەوەیە كە سیستمى ئەمنى و پۆلیسى و ئیستیخباراتى تاقەتپڕوكێن زاڵبووە بەسەر جومگە و وردەكاریەكانى ژیانى یەك بە یەكماندا، هاونیشتمانیانى ئەم كوردستانە رۆژ دوواى رۆژ متمانە و بڕوایان بە ئاسودەیى و تەبایى و ئاشتیى ژیانى كۆمەڵایەتیان لاوازتر و سستر دەبێت، ئەوەى دەیبیستین لەبارەى گیانلەدەستدانى مرۆڤەكانى كوردستانەوە، چ نەخۆشێك بێت كە بەهۆى تەنیا دەرزى لێدانێكەوە گیانلەدەست دەدات، لەهەمان كاتیشدا، هیچ بەرپرسێكیش موى لەشى نابزوێت و یاساو دادگاو دادەوەریى تاوەكو سەر ئێسقان، بێهەڵوێست و بێدەنگن! چ كوشتن و برینداركردنى رۆژنامەنوسان بێت، یان مامۆستایان بێت یان خوێندكار یان شۆفێر بێت.. یاخود كوشتن و برینداربوونى سەرنشینەكانى سەر رێگاوبانە مەترسیدارەكانى كوردستان بێت.. كوشتنى ژنان و كچان ئەوە هەروەكو ئاوخواردنەوە وایە، كەس تاقەتى باسكردن و گێڕانەوەشیانى نەماوە!؟ كەوتنە ناو چاڵ و مەنهۆڵى گەڕەك و كۆڵانەكانمان و خنكاندنى منداڵە چاوگەشەكانمان ئەوەش لەروداوەكانى دیكە كەمتر نین. ساڵ دوواى ساڵ زیاتر دەبن و هەواڵ و مژدەى رێگەچارە یان بنەبڕكردنیان لەئارادا نین و ئومێدێك نیە بۆئەوەى كە تەنانەت لەم وتارە شەرمنەشدا بەگەشبینیەوە بۆى بڕوانم.
خوازیارم منى بەندە وەكو كۆمەڵناسێك بەوپەڕى ئیمانەوە ئومێدبەخش و خۆشبین بیر بكەمەوەو بنوسم تا هیچ نەبێت پیاوانى دەسەڵات و هەوادارانیان بە دووژمن و نەیارى خۆیان ناوزەدمان نەكەن، بە تابوورى پێنجەم و چەكوشبەدەست و روخێنەر لەقەڵەممان نەدەن و نانبڕاومان نەكەن.. بەڵام واقیعێكى سەخت و دژوار، ستایڵى ژیانێكى قورس و تاقەتپڕوكێن، خەمڵیوە، هەروەها بێبەهایى بۆ نرخى مەزنى مرۆڤ وەكو ئینسانێك كە مافى ژیانى هەیە، لە لێوارى هەڕەشەو مەترسیدا دەبینم، دەسەڵات و پیاوانى وەزارەتى ناوخۆش زۆر بە كەمتەرخەمى دێنە بەرچاوم، دادووەرى و قەزاو دادگاكان و دادووەران و پاریچزەرانى مافى مرۆڤ و یاسا لەم نیشتمانەدا وەختە بڵێم لە بازنەى ((نەبوون و غیابێكى خەتەرناكدا) دەخولێنەوە.. ئەو تێڕوانینانەش مەترسیدارن بۆ ئایندەى نزیكى هەمومان، دەبێت دیسانەوە بەرەو هەندەرانى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستى و مافپەرەوەر سەرى نامۆیى و سەرگەردانى و پاشگەردانى هەڵگرینەوەو ئەم نیشتمانەى كە بۆنى دۆزەخى لێدێت بۆ هەتایى بەجێبهێڵینەوە.
تێبینیەكى زۆر گرنگ: راستە ئەم وتارە بەپێویست و ئەركى سەرشانى خۆمى دەزانم كە دووو وشەى وەفادارى بڵێم لە مەرگى هاوڕێ و براى شیرینم، كاكە عیرفانى شاعیرو هەستناسك.. بەڵام وەكو شەرەف و مۆرلاڵێكى كۆمەڵناسێك بە ئەركى خۆشمى دەزانم كە ئەم دیاردە جەرگبڕەش باس لێوە بكەم و بەو هاوڕێ و ئازیزە نوسەرو روناكبیرانەى دیكەى ناوەوەى كوردستان بڵێم، تكایە بیر لە خۆتان و ماڵ و مناڵاتان بكەنەوە و مەى نۆشین مەكەن بە خووى رۆژانەتان و بڕى خواردنەوەكە با ئەوەندە نەبێت كە ببنە نێیرى مەرگ بەو شێوە جەرگبڕەى كە زۆرێك لە ئەدیبان و هونەرمەندان و ئەكتەرانى كوردستانى تووشى كارەساتى مەرگ و مردنى ناكاو كردەوەو كۆشێك خێزانى هەناسەساردیان بەدوواى خۆیاندا بۆ وڵاتێكى هەتیوى بێكەس جێهێشت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست