بەپارێزگا بوونى هەڵەبجە، چ مەرامەكانى لەپشتەوەیە؟؟!
Thursday, 13/03/2014, 12:00
2463 بینراوە
بڕواناكەم هیچ كەسێك پێى ناخۆش بێت یان نیگەران بێت لەوەى كە هەڵەبجە یان هەرشارێكى دیكە بكرێتە پارێزگا،بەتایبەت شارێكى وەكو هەڵەبجە كە قابیلى زۆر لەوە زیاترە و هەرچى بۆبكرێت و هەرچى بۆ ئەنجامبدرێت ناتوانرێت بەئەندازەى گەردیلەیەك زام وبیرنەكانى ساڕێژ بكات
بەڵام بیرمان نەچێت بوونە پارێزگا ودەرچوونى بڕیارێكى وا ،هەروا هەوەنتە و لەخۆڕا نیە و، پێویستى بەكۆمەڵێك لێكدانەوە و شیكردنەوە دیراسەى وردە، لەپێش هەموویان رەزامەندى و قایل بونى حكومەتى مەركەزى یە، چونكە بمانەوێت یان نا تائەمسات و وەختە، ئێمە خۆمان بەبەشێك لەعێراق و حكومەتەكەى دەزانین، لە دەسەڵات و پۆستە ئیدرایەكانى بەغدا پشك دارین، لەبەر ئەوە مەرجى سەرەكى بوونە پارێزگا دەرچوونى بڕیارە لەحكومەتى ناوەندە و پەرلەمانەكەیەوە
سەربارى ئەوەش حكومەتى هەرێم كە بە(حكومەتى كاربەڕێكەر) ناسراوە لە دەسەڵات و تواناى دا نیە بڕیارێكى وا هەستیار و دژوار دەربكات، چونكە حكومەتەكە تەنها حكومەتى كار بەڕێكردنە ، تا ئەو كاتەى حكومەت و كابینەى نوێ پێك دێت ،دەتوانێت ئیش و كارى رۆژانەرایى بكات،نەك دەركردنى بڕیارى وا قورس و گران.كە پاشەرۆژ زۆر لەسەرى دەكەوێت.
خاڵێكى دیكە هەموومان دركى پێدەكەین و بەو هۆیەشەوە ئێمەش پریشكى ئەو ئاگرەمان بەركەوتوە، ئەویش ناكۆكى و كێشەى نێوان مالیكى ومەسعودە، كە ئەم بڕیارەش بمانەوێت یان نا بەشێكى دیكەى ئەو شەڕەیە، چۆن مالیكى شەڕى بودجە دەكات ،مەسعودیش لەرێگەى ئەو بڕیارە بێ بیركردنەوە پەلە پروزێ یەوە وەڵامى دەداتەوە، كە ئەویش جگە لەچارەكردنى هەڵە بەهەڵە هیچى دیكە نیە.جوداى ئەوەش زیاتر وزۆرتر ئەو بڕیارە بەموزایەدەیەكى ئیعلامى خۆشیرن كردنى پارتى و مەسعود ئەژماردەكرێت، تا لەم هەڵبژاردنەدا بتوانێت شتێك زیاتر بپچڕێت. هەروەها مەبەستێكى دیكە لەم بڕیارە ئەوەیە كە پارتى ئەیەوێت لەرێگەى هەڵەبجە و دۆزەكەیەوە بەرەیەكى دیكە لە مالیكى بكاتەوە و، بەبەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت، لەسەرێك رووى زەردو شەرمەزارى خۆى لاى هەڵەبجەیەكان شیرین بكات، لەسەرێكى دیكەوە كۆمەڵێك نەیار و دوژمن بۆمالیكى قوتب كاتەوە.
ئەگەر خۆمان بەهەلەدا نەبەین و دوور لەسۆزو عاتیفەوە لەو مەسەلەیە بڕواینین ، ئەگەینە ئەو ئەنجامەى كەبوونى هەڵەبجە بەپارێزگا جارێ كاتى نییەو هەڵەبجەو شارەكەى بۆ ئەو بڕیارە ساز و ئامادە نیە ،چونكە ئێستاش ئاسەوارى وێرانكارى پێوەیە،تا ئێستاش خەڵكەكەى نەخۆش و ددەردەدار و بێ دەرەتانن ،تا ئێستاش دەیان و سەدان خێزانى وەك بنەماڵەى عومەرى خاوەر پەراوێز خراون. تا ئێستاش هەڵەبجە سیماى شارى پێوە نیە، دوو رێگاى مەعقولى نیە، خاوەنى هیچ شتێكى وا نیە كە بڵێن ئەو شارە بنەماى بونە پارێزگاى تێدایە،هەر لەرێگاوبان و ترافیك وبینا وپارك و كافتریا و هۆڵ و پرۆژەى خزمەتگوزارى و ئاو و كارەباو.... باشتر بوو كە حكومەت لەپێشدا هەڵمەتى ئاوەدانكردنەوە گەشەكردن و نۆژەنكردنەوەى هەڵەبجەى لەئەستۆ بگرتایە ئەوجا بڕیارێكى واى دەربكردایە.
ئەوەى كە لەهەمووى گرنگتر و جێگاى پرسیارە، ئەوەیە كە ئەگەر خواكردى هەڵەبجە بوو پارێزگا،ئەوا پێویستى بەیەكەیەكى سەربەخۆى ئیدارى هەیە، لەسەر و هەموشیانەوە تەرخانكردنى بودجە و میزانیەیە ، كە ئەوەش بۆ ئەمڕۆى كوردستان شتێكى زۆر قورس و گران و ئەستەمە، ئەوەتا دەبینین حكومەتێك نەتوانێت ئیدارەى سێ پارێزگا بدات و، بۆماوەیەى یەك مانگ ژیان و بژێوى خەڵكەكەى دابین بكات، لەژێر ئەو بارە ناهەموارەدا حەلوەلایەتى ،لەلایەك كەوتۆتە تەقەشوف و كەم كردنەوەى سەرجەم خەرجیەكانى وەزارەت و فەرمانگەكان و حسابى تاكە یەك دیناریش دەكات، ئەى چۆن ئەتوانێت ئیدارەى پارێزگایەكى نوێ بدات؟ كەبۆ ئەوەى ببێتە پارێزگا و شێوە و روخسارى شارى پێوەبێت پێویستى بەملیۆنان دۆلارە؟ لاى من ئەم بڕیارە جگە لەئینتیحارێكى سیاسى هەڵەیەكى تر لەهەڵەكانى مەسعود، هیچ شتێكى دیكە نى یە، یان رونتر بڵێین فریودان ،یان ئیدمان كردنى خەڵكى هەڵەبجەیەتا دواى ساڵیادى هەڵەبجە و كۆتایى هەڵبژاردنەكان.