داواكارى رەواى خەڵك و وەڵامى نارەواى دەسەڵات،بەرەو كوێمان دەبات
Sunday, 13/03/2011, 12:00
لە 17 -2-2011بەدواوە، خەڵكى نارازى هەرێمى كوردستان،لە رێگەى خۆپیشاندان و كۆبوونەوەوە،نارەزایى خۆیان بەرامبەر حوكمرانى هەرێم نیشاندەدەن و داواى گۆڕینى سیستەمى سیاسى دەكەن.لە رۆژانى 17,19,23,25،-2 لە شارەكانى سلێمانى و هەڵەبجەى شەهید و كەلار و چەمچەماڵ، هێزە چەكدارەكانى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و هەشت كەسیان شەهید كرد و سەدان كەسیشیان بریندار كرد،بەڵام كۆبوونەوەكانى خەڵكى نارازى لە سەراى ئازادى سلێمانى،لە رانیە و چەمەچەماڵ و كەلا ر و هەڵەبجە و كفرى و قەڵادزێ بەردەوامە. داواكارى خەڵكى نارازى بنبرَكردنى گەندەڵى و نەهێشتنى سەركوتكارى و دابینكردنى عەدالەتى كۆمەڵایەتى وخزمەتگوزاریە،بەڵام خەڵك گەیشتوونەتە ئەو باوەریە بە گۆرینى سیستەمى سیاسى هەرێم نەبێت،داواكاریەكانیان نایەتە دى،دەسەڵاتیش باش لەم هاوكێشەیە تێگەیشتووە،بەڵام ئیرادەى گۆرینى سیستەمى نیە،دەیەوێت بە كات كوشتن و فێڵ و سیناریۆى بێ بنەما و بەكارهێنانى توندوتیژى ئاشكرا و هێرشى چەتەگەرى، نارەازیەتى خەڵك خامۆش و سەركوت بكات.
پاش چەند رۆژێك لە كۆبوونەوەكانى سەراى ئازادى(مەیدانى ئازادى) كۆمەڵێك رۆشنبیر و كەسایەتى ناو جەماوەرى نارزاى، رێكخستنێكى جەماوەریان بە ناوى ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى دامەزراند،كارە سەرەكیەكانى ئەو ئەنجوومەنە رێكخستنى كارەكانى مەیدانى ئازادیە،دەركردنى رۆژنامەیەكى رۆژانەى تایبەت بە چالاكیە جەماوەریەكانى مەیدانى ئازادیە،كۆكردنەوە و رێكخستنەوەى داواكاریەكانى خەڵك و پێشكەشكردنى داواكاریەكان بوو بە پەرلەمانى هەرێمى كوردستان.داواكاریەكانى خەڵك لە دوو بەشدا رێكخران و درانە دەست ئەو وەفدەى پەرلەمانى كوردستان كە سەردانى مەیدانى ئازادی كرد.لە سەرەتاى خۆپیشاندانەكانەوە تا ئەمرۆ چین و توێژەكانى كۆمەڵگاى كوردستان،زانایانى ئاینى،رۆشنبیران،ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى،پزیشكان،ئەندازیاران،پارێزەران،پێشمەرگە دێرینەكان و ژنان،خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى، دێنە مەیدانى ئازادى و پشتگیرى خۆیان بۆ خۆپیشاندەران نوێ دەكەنەوە و درێژە بە تێكۆشانى جەماوەرى دەدەن. كەچى تا ئەمرۆ دەسەلاتى هەرێمى كوردستان وەڵامێكى رونى داخوازى خەڵكى نارازى نەداوەتەوە، بۆ لەباربردن و سەركوتكردنى چالاكیەكانى خەڵكى نارازى كوردستان هیچ نەماوە دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان نەیكردبێت:
1.باسكردنى نارەزایى خەڵك وەك پیلانگێرى دوژمنان لە دژى ئەزموونى هەرێمى كوردستان،دەسەڵاتداران پەنجەى تاوان بۆ حكوومەتى ئێران درێژ دەكەن كە لە رێگەى لایەنێكى ئۆپۆزسیۆنەوە دەستى خستۆتە ناو كاروبارى هەرێم و ئەم ئاژاوەیەى دروستكردووە،ئەمە لە كاتێكدایە كە خەڵكى كوردستان باش دەزانن گۆرینى سیستەم و دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان لە بەرژەوەندى حكوومەتى ئێراندا نیە،لەبەر ئەوەى هیچ دەسەڵاتێك هێندەى ئەم دەسەڵاتەى ئەمرۆى هەرێمى كوردستان،خزمەتى بەرژوەندیەكانى كۆمارى ئیسلامى ئێران ناكات.حكومەتى هەرێم ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى لە ئوردۆگاكاندا زیندان كردووە،ئابڵووقەى نێودەوڵەتى سەر كۆمارى ئیسلامى ئێرانى سووك كردووە،هەرێمى كوردستانى كردۆتە بازراى ساغ كردنەوەى شمەكى كۆمپانیاكانى ئێران و لە سەر ئاستێكى بەرز پێوەندى دبلۆماسى لەگەڵ كۆمارى ئیسلامى ئێراندا هەیە.
2.گەورەكردنى كێشەى ناوچەدابڕاوەكان و گەورەكردنى هێرشى نەتەوەپەرستەكانى عەرەب بۆ سەر كەركوك،درووستكردنى سیناریۆى مەترسى بۆ سەر دەسكەوتەكانى هەرێمى كوردستان لە لایەن حكوومەتى عرااقەوە،ئەم سیناریۆیە بۆ ئەوە بوو تا سەرنجى خەڵكى نارازى بەلاى كێشەى نەتەوەییدا راكێشن و داواكاریەكانى ژیانى رۆژانەى خۆیان پشتگوێ بخەن،بەڵام خەڵكى كوردستان بەو جۆرە سیناریۆیانە ناخەڵەتێ و دەزانێت سەرۆكى ئەركانى سوپاى عراق، جێگرى سەرۆك وەزیرانى عراق،وەزیرى دەەروەى عراق،سەرۆك كۆمارى عراق، هەر هەموویان كوردن وكاتێك مەترسى دەكەوێتە سەر كەركوك و دەسكەوتەكانى هەرێم، ئەو بەرپرسە باڵایانەى كورد لە عراقدا لە شوێنى خۆیان نەمێنن.
3.جیاكردنەوەى داخوازى خەڵك لە داخوازى ئۆپۆزسیۆن،هەوڵدان بۆ درووستكردنى ناكۆكى و دوبەرەكى لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و خەڵكى نارازیدا،لە یادى راپەریندا رۆژى 11-3 سەرۆكى هەرێم دەڵێت (هەندێك لایەن سوارى ملى نارەزایەتى خەڵك بوون)،دەسەڵاتدارانى هەرێم واتێگەیشتوون كە بە تەنها حزبى سیاسى سیاسەت دەكات،هەرچى خەڵكى كوردستانە دەبێت لە سیاسەت دووربكەوێتەوە و بە تەنها داواى ئاو كارەبا بكات و داواى دەستورى دیموكراتى و چەك داماڵینى حزبە دەسەڵاتدارەكان نەكات،دەسەلات بە خۆى نازانێت یان دەیەوێت خەڵك چەواشە بكات كە بە سیاسەتە نادیموكرات و سەركوتكاریەكانى ئۆپۆزسیۆن و خەڵكى كوردستانى چەوساندۆتەوە و لە یەكى نزیك كردوونەتەوە و دژى دەسەلات بەرەیكى تۆكمەى پێدروستكردن ولە یەك جیانابنەوە،خەڵك تێگەیشتووە داخوازى خەڵك و داخوازى ئۆپۆزسیۆن لە نارەۆكدا یەكێكن و بە گۆرینى سیستەمى سیاسى دێنەدى.
4.قسەى نەرم و كردارى رەق،یەك لە شێوازەكانى ترى وەڵامدانەوەى داخوازیەكانى خەڵكى كوردستان قسە نەرمەكانى بەرپرسانى هەرێمى كوردستانە،پەیامەكەى دواى گەرانەوەى سەرۆكى هەرێم لە هەندەران،پەیامەكەى دواى گەرانەوەى سەرۆك كۆمارى عراق لە بەغدا،وەڵامى پرسیارەكانى سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران لە پەرلەمانى هەرێمى كوردستان،قسەى نەرمى دەسەڵاتدارانى دەرخست،ئەم قسە نەرمانە بۆ ئەوەیە لەبەردەمى راى گشتى كوردستان و عراق و ناوچەكە و جیهاندا خۆیان بە ئاشتیخواز نیشانبدەن،بەلام لە ناخدا دڵرەق و توندرەو سەركوتكارن، تا ئەمرۆش بكوژانى رێژوان و شێرزاد و سوركێو سەركار و گەرمیان وشەهیدەكانى تریان رادەستى دادگا نەكردووە،سووتێنەرانى رادیۆ و تەلەفزیۆنى نالیاو خەیمەكانى مەیدانى ئازادى و رادیۆى دەنگیان رادەستى دەسەڵاتى دادوەرى نەكردووە.نەك هەر ئەوە ئەگەرى زۆر ئەوەیە كە بكوژانى خەڵك و سوتێنەرانى رادیۆ و تەلەفزیۆن و خەیمەكان پاداشت كرابن.
5.كات كوشتن و هەوڵى نانەوەى ناكۆكى لە نێوان خەڵك و ئەنجوومەنى مەیدانى ئازادیدا: یەك لە شێوازەكانى ترى وەڵامى دەسەلات بۆ داخوازى خەڵك، كوشتنى كاتە و هەوڵدانە بۆ خامۆشكردنى دەنگى نارەزایى خەڵك و دووبەرەكى دروستكردنە لە نێوان خەڵكى نارازى و ئەنجومەندا.پێش دە رۆژ داواكانى خەڵك گەینرانە پەرلەمان و حكومەت، تا ئێستە وەڵامێكى كۆنكرێتى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى و داخوازى خەڵكى نارازى نەدراوەتەوە، ئاخۆ كام داواكارى خەڵك جێبەجێدەكرێت و كامەیان جێبەجێناكرێت،حكوومەت و پەرلەمان هەوڵى بێ وچان دەدەن بۆ ئەوەى پێش جێبەجێكردنى داخوازیەكانى خەڵك لەگەڵ بەرپرسانى ئەنجوومەنى مەیدانى ئازادى دابنیشن و هەواڵەكە بلاوبكەنەوە كە ئەنجومەن لە سەر حسابى داخوازیەكانى خەڵك لەگەڵ دەسەڵات دانیشتنى كردووە،بۆ ئەوەى جەماوەرى نارازى لە ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى عادز ببێت و كێشە و ناكۆكى لە نێوان پێكهاتەكانى خەڵكى نارازیدا دروستببێت.
6.هەرەشەكردن و سكاڵاكردن و دەستگیركردن،دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان لە باتى ئەوەى دەست لە رەفتارە ناشیرینە سەركوتكەرەكانى هەڵگرێت و قینى خەڵكى كوردستان كەم بكاتەوە،لەسەر رەفتارى هەرەشە كردن بە تەلەفۆن و هەرەشەكردن لە رێگەى دۆست و ناسراوەوە لە چالاكوانانى مەدەنى بەردەوامە،لە رێگەى دادگا حزبیەكانى دەسەڵاتەوە سكاڵاى سیاسى نایاسایى بێ بنەما لە سەر چەندان چالاكوانى مەدەنى تۆماردەكات،دەیان چالاكوان بە شە و رۆژ لە لایەن هێزە چەكدارەكانى دەسەڵاتەوە فرێنران و لێاندرا و هەرەشەیان لێكرا، بە فشار ئازاد كران.
7.داخستنى دەرگاى زانكۆكانى شارى هەولێر و ناردنەوەى خوێندكارانى بەشە ناوخۆیەكان،لە رێگەى رێكخراوێكى حزبى سەر بە دەسەڵاتى دەڤەرى هەولێرەوە،بۆ ئەوەى ئەگەرى كۆبوونەوە و خۆپیشاندانى خوێندكارانى هەرێم لە دژى دەسەڵات كەم بكاتەوە،میلیتاریزەكردنى شارى هەولێر و سنورداركردنى هاتووچۆ بۆ ناو شارەكە بۆ ئەوەى پەتاى كۆبوونەوەى نارازیبوون و خۆپیشاندان لە سلێمانیەوە نەگوێزرێتەوە بۆ هەولێر،كوچە و كۆڵانى شارى هەولێر نەماوە هێزى چەكدار و هێزى ئاسایشى مەدەنى تێیدا بلاونەكرابێتەوە،ئەم سیاسەتەى دەسەڵات پێداگرتنە لە سەر ئەو سیاسەتەى كە حزب لە باتى حكومەت و پەرلەمان كاروبارى وڵات بەرێوەدەبات،حزب رێگە بە چالاكى دیموكراتى خەڵكى كوردستان نادات و لە كاتى بەرپابوونى هەر چالاكیەكى لەوجۆرە،بە گووللە و زیندانى تێهەڵدان بەرەنگاى خەڵكى نارزاى دەبنەوە،ئەمە ئەو سیاسەتەیە كە لە لایەن خەڵكى نارازیەوە قبوڵ ناكرێت،كەچى دەسەلات بە شێوەیەكى توندتر و زەقتر بە بەردەوامى پەیرەوى دەكات.بە گوێرەى لۆژیك بوایە دەبوو حزبى دەسەڵاتدارى دەڤەرى هەولێر،لە ئاست هەر نارەزاییەكى خەڵكى هەولێر و دهۆكدا نەرمی بنواندایە و هەوڵى ئاشتكردنەوەى خەڵكى نارازى بدایە،كەچى بەرامبەر بە نارەزایى خەڵكى كوردستان حزبى دەسەڵاتدار تا دێت دەمارگیرى حزبى و توندرەوى سیاسى بە بنەمادەگرێت.
8.خۆپیشاندان و رێپێوانى ئەندام و لایەنگرانى حزبە دەسەڵاتدارەكان،بەرامبەر بە خۆپیشاندان و رێپێوانى خەڵكى نارازى كوردستان،دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان هەموو شێوازەكانى سەربازى و چەواشەكارى و كرینى ویژدان و سیخورى دژى بەرپابوونى خۆپیشاندانى خەڵكى نارازى كوردستان بەكاردەهێنێت،بەڵام بە پێچەوانەوە هەموو تواناى خۆى بۆ كۆكردنەوە و خۆپیشاندانى ئەندام ولایەنگرانى خۆى بەكاردەهێنێت،رۆژى 7-3- لە سلێمانى،رۆژى 11-3 لە هەولێر بینیمان هەردوو حزبى دەسەڵاتدار هەرچى لە توانایاندا بوو بۆ كۆكردنەوە وخۆپیشاندانى جەماوەرى سەربەخۆیان درێغیان نەكرد،ئەمە بۆ ئەوەیە بە راى گشتى بڵێن خەڵكى كوردستان پشتیوانى لە دەسەڵاتى هەرێم دەكەن و دەسەڵاتى ئەمرۆى هەرێم دەپارێزن،بەڵام نازانن لەولاوە لە سەر سیاسەتى نادادپەروەرى خۆیان بەردەوامن،رێگە بە ئەندامانى حزبەكانى خۆیان دەدەن بۆ پشتگیرى لە دەسەڵات خۆپیشاندان بكەن،بەڵام رێگە نادەن خەڵكى نارازى خۆپیشاندان بكات و ئۆفیسى حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دەسووتێنن،ئەمە ئەو سیاسەتەی دەسەلاتە كە خەڵكى نارزاى پێى هەرس ناكرێت،كەچى دەسەلاتى هەرێم هەر لە سەرى بەردەوامە.
9.هەوڵى داخستن و سووتاندنى كەناڵى راگەیاندنى ئازاد،فراوانكردنى كەناڵى راگەیاندنى حزبى،ماوەیەكى زۆرە دەسەڵاتى دەڤەرى هەولێر هەموو كارێك دەكات بۆ سەركوتكردن و داخستن و سووتاندنى هاوڵاتى،لڤین،رۆژنامە،ئاوێنە،knn ئەوانى تر،لە سووتاندنى كەناڵى نالیا و رادیۆى دەنگدا دەسەلات سەركەوتنى بەدەستهێنا،ئامانجى دەسەڵات لەو كارەیدا ئەوەیە،تا كەناڵەكانى راگەیاندنى ئازاد راستینەى دەسەلاتى هەرێمى كوردستان بۆ خەڵك باس نەكەن و خەڵك بە سیاسەتى نادیموكراتى و ناشەفافى هەرێمى كوردستان ئاشنا نەكەن.لە هەمان كاتدا تا دێت دەسەلاتى حزبى و خێڵەكى هەرێمی كوردستان كەناڵى راگەیاندنى تایبەتى خۆى زۆر دەكات،بۆ ئەوەى لە رێگەى ئەو كەناڵانەى راگەیاندنى خۆیەوە،سەر لە خەڵكى كوردستان بشێوێنێت و لە سەر داواى ماف و ئازادیەكانى خۆی پەشیمانیان بكاَتەوە و زەمینە بۆ هێشتنەوە و درێژەپێدانى دەسەلاتى خۆى برەخسێنێت.
10.متمانە دانەوەى پەرلەمان بە حكومەتەكەى بەرهەم ساڵح : یەك لە داوكاریەكانى ئۆپۆزسیۆنى هەرێمى كوردستان،هەڵوەشاندنەوەى كابینەى شەشەمى حكوومەتى هەرێم بوو،بۆ ئەوەى حكوومەتێكى ناحزبى تەكنۆكرات پێكبهێنرێـت و ئەو حكوومەتە پێش هەڵبژاردنى ئایندەى هەرێم گۆرانكارى جدى بكات،لەگەڵ ئەوەشدا شەهیدكردنى هەشت كەس لە دەرەوەى ئیرادەى حكوومەت و داخستنى زانكۆكانى هەولێر لە لایەن حزبەوە بەس بوون بۆ ئەوەى حكوومەتى هەرێم خۆى دەست لە كاربكێشێتەوە،بەڵام سەرۆكى حكوومەت ئەو هەموو تاوان و كارە نایاسایى و سووكایەتپێكردنەى حكوومەتى قبوڵكرد و دەستى لە كار نەكێشایەوە،پەرلەمانى هەرێمیش متمانەى بە حكوومەتە بێ دەسەڵاتەكەى بەرهەم ساڵح بەخشیەوە.
بەو شێوەیە دەبینین تا دێت دەرگاى گفتووگۆ و چارەسەرى لە نێوان خەڵك و دەسەلاتدا بچوك دەبێتەوە،خەڵك لە سەر داواكاریەكانى خۆى سوورە و تا دێت هێز و پشتیوانى زیاد دەكات،دەسەلاتیش لە سەر سیاسەتى چەواشەكارى و كوشتن و برین و هەرەشە سوورە و تا دێت،هێز و پشتویانى كەم دەبێتەوە،بۆیە رۆژانى ئایندە رۆژانى لابەلاكردنەوەى ناكۆكى نێوان خەڵك و دەسەلاتە، بە شێوازێك لە گەڵ بەهێزى خەڵك و لاوازى دەسەلاتدا بگونجێت.
فائیق محمەد گوڵپى
ئەندامى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى 12-3-2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست