کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ترس و تەشویش و تەزوریر و هەڵبژاردن

Tuesday, 16/04/2013, 12:00







ڕۆژ بە ڕۆژ هەرێمى كوردستان ڕوو لە قەیرانى قوڵتر دەكات و ئاماژەكان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن كە یاریەكان بەرەو ئاراستەیەكى تر دەڕوات كە دەكاتە ئەوەى بڵێین ئەوەى كە پێ ى دەوترێت سەرەتاكانى دیموكراسى و مۆڕاڵى سیاسى و پابەند بوون بە پرنسیپە یاساییەكانەوە بوەتە مەهزەلە لاى هاوڵاتى ئەگەر نا ترس لە دۆڕاندنى كورسى دەسەڵات و ترس لە دەستاو دەستكردنى دەسەڵات مەلە كردنە بە ئاراستەى پێچەوانەى ئەو قۆناغەى كە ئێستە سەرەتاكانى لاى هاوڵاتى دەركەوتوە.
(دۆڕاندن) ئەو چەمكەیە كە لە دنیاى سیاسەتدا ئاساییە و ناكاتە پەراوێز بوون بە پێچەوانەوە چۆن بردنەوە ئاساییە ئەوا دۆڕاندنیش ئەو چەمكەیە كە دەبێت حیزبە كوردیەكان هەزمى بكەن ئەگەر نا كەواتە حیزبەكانى دەسەڵات... دەسەڵات بە تاپۆى خۆیان دەزانن ئەوەشى بانگەشەى بۆ دەكەن تەنها گاڵتەكردنە بە هاوڵاتى و دەنگدەرەكانیان یان با بڵێن جۆرێكە لە ماكیاجكردنى شەیتانە خوێن خۆرەكان بە فریشتەیەكى بەهەشتى .
ئەم ترسە و پەنا بردن بۆ تەشویش و تەزویر جۆرە یاریەكە كە دەبێت حیزبى دەسەڵات پێش یاریەكە بەهەر نرخێك بێت براوە بێت ئیتر لادان لە بەهاكان لاى سەرانى دەسەڵات سفر بوەتەوە ..ئەوان ئامادە بن دەنگەكان كپ بكەن و ئازادیەكان بسپێرن بە یاساكانى جەلاد و هەوڵى ئەوە بدەن لە كاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكاندا جگە لە دەنگى خۆیان هیچ دەنگێكى تر نەمێنێت ئەو ڕاستیە نیشان دەدات كە كۆتاییان هاتوە چونكە ناتوانن بە بێ ترس بێنە گۆڕەپانكەوە و یاریە دیموكراتیەكان بكەن .
تەشویش خستنە سەر (ك.ن.ن) و (نالیا) سەرەتایەكە بۆ كوشتنى بەها نیشتمانیەكان و موِرَاڵى سیاسى و دەیانەوێ ئەوەى پێ ى دەوترێ داهاتى گشتى ببێتە موڵكى حیزب و دەستبەرنەدان لێ ى بەهەر نرخێك بێت وە حساب نەكردن بۆ ئەو هەموو نوسین و ناڕەزاییە كە دەكاتە ئەوەى لە نێوان نێرەر و وەگردا خاڵى دوەم وون بێت واتا وەرگر نەبێت ئەو كات هەموو ناڕەزایەتیەكان ناچار دەبن ئاراستەى تر وەربگرن كە ئەمەش ترسناكترین دۆخە كە ئەگەرى ڕو بە ڕوبونەوەى هەیە ئەو كات هەمومان زەرەرمەند دەبین و جارێكى تر بەدەستى خۆمان مێژو دوبارە دەكەینەوە , هەموو ئەمانە بریتیە لەوەى (پارتى و یەكێتى) لە ژێر دەمامكە شاراوەكانیاندا نایەنەوێ قۆناغى دەرچون لە پاوانخوازى حیزب كۆتایى پێ بێت و قۆناغى دیموكراسى و سەرەتاكانى دەوڵەت بوون دروست ببێ .
تەشویش و تەزویر ئەو دوو هەوڵە بێزەونانەن كە هەر كەس و لایەنێك پەناى بۆ ببات دەچێتە فایلى ڕەشى مێژووە وە لە هەر وڵاتێكدا بێت دەبێتە وڵاتى تەزویر و شكاندنى بەهاكان و لادان لە یاساكان .... ئەگەر ئەم سەرەتایە ڕێ ى لێ نەگیرێ بە تایبەت ئێستە كە پارتى و یەكێتى حاكمى وڵاتن ئەوا دەكەونە بەردەم بەرپرسیاریەتى مێژوییەوە ... ئەى ئەگەر حاكمى وڵات خۆى هەڵسێت بەم كارە چى ڕوودەدات پەندێكى كوردى هەیە دەڵێت (پێشڕەوەى هەر قافڵەیەك مانگا بێت ئەوا بە ناو قوڕو چڵپاوا دەیبات).
ترس و تەشویش و تەزویر ئەو هەوڵانەن كە دەبێت كۆمەڵگا ڕێى لێ بگرێت ئەمەش دەكەوێتە سەر پاشخانى ڕۆشنبیرى ئەو كۆمەڵگایە تا چى ئاستێك دەتوانێت ڕێ ى لێ بگرێت , چونكە ئێمە هەمومان بەڵێنمان داوە بە هاوڵاتیان كە دەرنەچین لە یاساكان بۆیە پێویستە كۆمەڵگا لەسەر ئاستى تاك و گروپەكان نەفرەت لە هەر كارێكى وا بكات لە ئاست گۆڕین و گواستنەوە بێت لە قۆناغى حیزبى و مێگەلى و چەقبەستوییەوە بۆ قۆناغى حوكمدارى و سەروەرى یاساكان و پابەند بوون بەو دروشمانەى كە دەكاتە پەیمانێكى كۆمەڵایەتى و هەوڵدان بۆ قۆرخ كردنى هەموو بەهاكان .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە