دوعا له بیر مه‌که‌ن 7/4/2007 ڕۆژی ئه‌نفال کردنی خۆشه‌ویستی بوو!
Monday, 04/04/2011, 12:00
دوعا، ئه‌و ئینسانه ئازادیخواز و بوێره بوو، له جیاتی ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی بکات له‌و کۆت و سنوره دڵڕه‌قانه‌ی له‌لایه‌ن خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه بۆ ئه‌و وه کچانی ده‌سته‌خوشکی دانراون، له‌وه‌ی ده‌بێت ملکه‌چی ئه‌و هێزه نا ئازادیخوازه بن و هه‌ر له‌و شوێنه سنور بۆکێشراوهشدا ئایندهی خۆیان بۆ دیاری بکرێت تا ئه‌وه‌ی هاوسه‌رێکی ته‌قلیدی باو ببێت به نسیبیان. دوعا به‌بێ ئه‌وه‌ی چاودێری ئه‌و سنورانه بکات، به‌پێی داخوازی خۆی هه‌نگاوی جیاوازتری نا، هه‌نگاوێک بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئاینده‌یه‌کی نادیار و نادڵخواز بێت. دوعا وای ده‌بینیه‌وه ئه‌و بۆخۆی خاوه‌نی خۆی و جه‌سته‌ی خۆیه‌تی. ئه‌و کیژه په‌پوله ئاسایه وای بیر ده‌کرده‌وه، که ئه‌وه خۆیه‌تی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ کام ئینسان دڵخوازی خۆی بکات و ئایندهی خۆی دیاری بکات. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خه‌ونه ساده‌یه‌وه که دوعای په‌پوله هه‌یبوو، ده‌ستی ڕه‌شی هێزی تاریک په‌رستی پیاو سالاری ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماکانی هه‌یبه‌تی خێڵ و عه‌شیره‌ت، نه‌ک ڕێگایه‌کیان بۆ هێنانه‌دی ئه‌و خه‌ونه ساده‌یه نه‌هێشته‌وه، به‌ڵکو ئه‌و خه‌ونه‌ی دوعای خۆشه‌ویستیان به‌کارێکی هه‌ره نه‌گریس سه‌یر کرد، به ئه‌تک کردنی به‌های موقه‌ده‌سیان زانی، که خێڵ خاوه‌نێتی. بۆیه بێهیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک ڕه‌وه‌یه‌ک له پیاوانی سه‌ر به پاراستنی هه‌یبه‌تی نامرۆڤانه‌ی خێڵ، دوعای ناسکیان ئه‌نفال کرد. ئێمه خه‌ڵکی کوردستان ته‌نها خاوه‌نی یه‌ک ئه‌نفال کردن نین که ڕژێمی دیکتاتۆری به‌عس پێی هه‌ستا، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م نابهرابهریهتهی ئێستاش هه‌یه و هه‌ر ڕۆژه‌ی که‌رامه‌تی ژنی تێدا له‌که‌دار ده‌کرێت، بۆخۆی ئه‌نفال کردنه. ئه‌نفال بۆخۆی سوره‌تێکه له قورئان، وه به‌مانای داگیرکردنی ئه‌وی به‌رامبه‌ر و کوشتنی دێت، ئاخۆ له ناوبردن و ئیهانه کردن به که‌سایه‌تی ژن، له‌وه‌ی خۆی خاوه‌نی که‌سێتی خۆی بێت که کی هه‌ڵده‌بژێرێت و ژیانی خۆی به‌ئازادانه‌ی خۆی چۆن دیاری ده‌کات، بۆخۆی ناچێته خانه‌ی ئه‌نفال کردنه‌وه؟
به‌رده‌باران کردنی جه‌سته‌ی بێگوناحی دوعا له‌لایه‌ن ئینسان کوژانی بێعهقڵی ده‌مارگیری سه‌ر به‌بنه‌مای خێڵ و پیاوسالاری، دیمه‌نێکیان پیشان داین نه‌زانین ئاخۆ ئێمه له‌کام سه‌رده‌م و ساته‌وه‌ختی مێژویدا ده‌ژین. له‌لایه‌ک که‌سانێکی دڵ ڕه‌ق و بێ‌ویژدان و تابڵێی کهلهپوت، بهبهدر و بلۆک و ڕقێکی کوێرانه‌وه، کۆیه‌کی نامه‌رد به‌و مانایه‌ی خاڵی له بچوکترین به‌های ڕێز بۆ هه‌یبه‌تی ئینسانی، به‌ر بونه‌ته خه‌ڵتان کردنی جه‌سته‌ی په‌پوله‌یه‌ک که له ڕێز و موحیبه‌ت و خۆشه‌ویستی هیچی تری نه‌ده‌زانی، له‌لایه‌کی دی وێنه گرتنی ئه‌و دیمه‌نه سریالیه له ڕێگای مۆبایله‌وه که ده‌لاله‌تی پێشکه‌وتنی زانستی ته‌کنه‌لۆژیای سه‌رده‌می ده‌گه‌یاند، ئینسانی ده‌خسته نێو بێتوانای لێکدانه‌وه‌یه‌کی، ئا به‌و شێوه‌یه‌وه، که بزانیت له‌کامه ساته وه‌ختی مێژویدا ده‌ژین.. ئاسان نیه به پێش چاوی کامیراوه و به پێش چاوی هێزی پۆلیسه‌وه، کۆمه‌ڵێک ئینسانی دڵڕه‌ق خه‌ریکی به‌رده‌باران کردنی جه‌سته‌یه‌ک بێت که داوای خۆشه‌ویستی ئازادانه‌ی خۆی کردوه. ده‌بێت بپرسین چ جیاوازیه‌ک هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و دڕندانه‌ی به‌پێش چاوی کامیرا تایبه‌ته‌کانی خۆیانه‌وه، به شمشێری ده‌ستیان ملی ئینسانی به دیلگیراوی بێتوانایان له جه‌سته ده‌کرده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رده باران کردنه‌ی ژیانی دوعای پی کۆتایی هێنرا؟ ئاخۆ ده‌ستی ئه‌م دوو کاره یه‌ک به‌رهه‌می دنیای چه‌قبه‌ستوو به فه‌رهه‌نگی داڕزیوی دینی و که‌لتوری پیاوسالارانه‌ی ویژدان مردوو ناگه‌یه‌نێت؟
ئاخۆ ئه‌و به‌ردانه‌ی ده‌گیرانه جه‌سته‌ی دوعای ئازادیخواز، بۆ کوشتنی ده‌نگی ئازادیخوازی ئینسانی ژن نه‌بوو به گشتی؟ ڕاوه‌ستانی پۆلیس له‌و جێگایه‌دا که دوعای تێدا شه‌ڵاڵی خوێن ده‌کرا، نیشانه‌ی ئه‌و وهحشیگهریهتهی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزم دینی کوردی نه‌ده‌گه‌یاند؟ پۆلیس له ههرکوێهکدا بوونی هه‌بێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌گه‌یه‌نێت که حاکمیه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه، چونکه ده‌سه‌ڵاتی ناعه‌داله‌تی چینایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه، به هێزی سه‌رکوت گه‌ری پۆلیسه‌که‌یه‌وه ده‌ناسرێته‌وه؟ ئاخۆ چوار ساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ئه‌و بێبه‌ها کردنه‌ی جه‌سته‌ی ژنێکدا وه بێده‌نگه کردنی خودی کۆی داموده‌زگا ئیداری و په‌روه‌رده‌ییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵوگۆرێکی ڕیشه‌یی بهێنرێت به‌سه‌ر ئه‌و فه‌رهه‌نگ و که‌لتوره دارزیوه‌دا، ناکاته ئه‌وه‌ی بڵێین به‌ڵی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته خۆی شه‌ریکه به‌شی سه‌ره‌کیه له‌و که‌لتوره‌ی که به‌های ژنی تێدا به پله‌دوو کراوه تا ده‌گات به حاڵه‌تی کۆیله بوون؟ یاد کردنه‌وه‌ی که‌سێتی دوعا له هه‌موو ساڵێکدا نه‌ک ته‌نها دیفاعه له که‌سێتی دوعا، به‌ڵکو که‌سێتی دوعا بوو به ڕه‌مزێک که نیشان ده‌ری کۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی دیکه‌شه تا ئێستا به شێوازی جۆراوجۆر، ناچار به هه‌ڵبژاردنی کۆتایی هێنان به‌ژیانیان کراوه.
به‌ره‌ی ئازادیخواز و چه‌پی کۆمه‌ڵگا هه‌میشه بێ سڵ کردنه‌وه له فه‌رهه‌نگ و که‌لتوری باوی کۆمه‌ڵگا، زۆر به جیدیانه دیفاعیان له ئازادی بێقهید و شه‌رت کردوه بۆ کۆمه‌ڵگا،وه ڕه‌خنه‌ی جیدی و ئاڵوگۆڕ پێهێنه‌ری ڕیشه‌ییان پێ بووه بۆ ده‌رچوون له‌م شێوه ژیانه‌ی ئێستا خۆی سه‌پاندوه به‌سه‌ر کۆی کۆمه‌ڵگادا. ژنان هه‌رده‌م به‌شی دانه‌بڕاوی نێو ئه‌و ڕه‌وته سیاسی و ڕۆشنبیریه بوون که چیتر لای ئاگای چینایه‌تی ئه‌م به‌ره ئازادیخوازه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان ئه‌وه بوه که نابێت قبوڵ بکرێت که‌سێتی ژنان به‌و ئه‌ندازه وهحشیگهریهته بدرێته به‌ر شه‌لاقی جه‌لادانی پیاوی حاکمه‌وه. ئازادیخوازن هه‌رده‌م یه‌که‌م شۆڕشگێڕی ئه‌م ناوه‌نده بوون بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆی په‌روه‌رده‌ی زاڵی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاری و له جێدانانی په‌روه‌رده‌یه‌کی ئینسانی کامڵ و ته‌واو ئازادی خوازانه، یانی دابین کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسانی خواز. ئه‌وه به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رستی ناسیۆنالیزم و جه‌هاله‌ت په‌رستانی دینین تا ئێستا به ده‌یان هه‌زار ئینسانی ئازادیخوازی وه‌ک دوعایان به‌ره‌و شه‌ڵاڵی خوێن هه‌ڵکێشانی جه‌سته‌ییان بردووه. ئه‌م به‌ره وه‌حشیگه‌ریه‌ی پیاوسالاری، نه‌ک ته‌نها بۆ پاراستنی هه‌یبه‌تی خێڵ و هه‌یبه‌تی عه‌شیره‌تیان ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌م کاره دڕندانانهیان، به‌ڵکو له‌م ڕێگایه‌شه‌وه ده‌یانه‌وێت به‌ر به‌و ئازادیخوازیه بگیرێت که له‌لایه‌ن ئازادیخوازانی کۆمه‌ڵگا و هێزی به‌ره‌ی چه‌پی کۆمه‌ڵگاوه هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت.
ئه‌م ده‌سته ڕه‌شه‌ی له نێو کۆمه‌ڵگادایه، هه‌ر ئێستا ده‌ستی گرتوه به‌سه‌ر کۆی پایه سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا و کۆی جومگه ئابوریهکانیشی له ژێر چنگی خۆی ناوه. ئه‌م ده‌سته ڕه‌شه‌ی شه‌ریکه به‌شه له پاراستنی که‌لتوری پیاوسالاری و ده‌ست ئاواڵاکردن یان بۆ کوشتنی ژنان له ژێر ناوی پاراستنی ناموسی پیاو ناموسی خێزاندا، ده‌سه‌ڵاته. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێستای کوردستانه.
ئه‌و هێزوئیراده مه‌زنه‌ی ئێستا له به‌شێکی سه‌رای ئازادیه‌کانی شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستاندا هاتونه‌ته مه‌یدان دژی کۆی فه‌رهه‌نگ و که‌لتوری باوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی بیست ساڵه ده‌ستی خستۆته بینی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستانه‌وه، ده‌بێت هه‌نگاوی جیدیان بۆ له ڕیشهکیش کردنی ئه‌م فه‌رهه‌نگه قێزه‌ونه‌ی باو بێت، که جه‌سته‌ی ده‌یان هه‌زاری وه‌ک دوعای خه‌ڵتانی خوێن کردوه. به‌بێ ئاڵوگۆڕی فکری و فه‌رهه‌نگی له‌م ئاسته ڕۆشنبیره باوه‌ی، هه‌یه، هه‌نگاوه‌کان به قه‌تیسکراوی ده‌مێننه‌وه. مه‌یدانی سه‌رای ئازادی ده‌بێت هه‌ڵگری ئه‌و ناواخنه شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیریه جیاوازه بێت که چیتر دوعاکان ده‌سته‌مۆی ده‌ستی هه‌یبه‌تی پیاو سالاری نه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئومێدمان به ئایندهی ئه‌و ئیراده مه‌زنه بێت، با ڕۆژی 7/4/2011 بکه‌ینه ڕۆژی هه‌ڵوێست نیشاندان دژی کۆی ناعه‌داله‌تی ئه‌م سیستمه حاکمه‌ی ئێستا که به گولله وه‌ڵامی داخوازیه ڕه‌واکانی خه‌ڵکی راپه‌ڕیو زه‌حمه‌تکێش و ئازادی خوازی کوردستان ده‌داته‌وه.
04/04/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست