کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ هیڕۆ- یه‌، کێ لێجێند‌ و کێ جینیه‌س؟ Hero, Legend, genius

Monday, 19/07/2010, 12:00


کارزان کرێکار شێره‌به‌یانی

سه‌ره‌تا ده‌مه‌ێت ڕوونی که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ی من ده‌رباره‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی نییه‌، به‌لکو له‌ بواری فیلم و میدیا ده‌دوێم. دوور نیه‌ ئه‌م سێ ووشه‌یه‌، هیڕۆ، لێجێند و جینیه‌س له‌ناو فه‌رهه‌نگی زمانی کوردیدا نه‌بێت، یاخود به‌کارهێنانیان زۆر ده‌گمه‌ن بێت، به‌ڵام ئاشنا بوون به‌ ماناکانیان زۆر گرنگه‌ بۆ کارمه‌‌ندانی سینه‌ما، فیلمکاران، ریپۆرته‌ران، ڕۆژنامه‌گه‌ران و مرۆڤانی ئه‌کادیمی و لێپرسراوان که‌ کار و لێدوان ده‌که‌ن له‌ بواری میدیا و فیلم، به‌تایبه‌ت بۆ ڕه‌خنه‌گران و هه‌روه‌ها بۆ مرۆڤی ساده‌ و به‌گشتی بینه‌رانی فیلم. چونکه‌ تاکو نزیك نه‌بینه‌وه‌ له‌ به‌کارهێنانی ئه‌و ووشانه‌ی که‌ بۆ مه‌به‌ستی گرنگ هاتونه‌ته‌ کایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی پێویستیدا بتوانن به‌ ڕاستگۆیی مانای خۆیان بگه‌ێنن له‌ بابه‌ت و لێدوان، ئه‌وا ناتوانین زانستانه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ین له‌ بواره‌کانی فیلم و میدیا. هه‌ر ‌به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ من بڕیارم دا که‌ ئه‌م باباته‌ بنوسمه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش بم له‌ زیاتر ئاشناکردنی ووشه‌ی تر که‌ تایبه‌تن به‌ میدیا و سینه‌ما و یارمه‌تیمان ده‌که‌ن ئێمه‌ش وه‌ك گه‌لانی تری پێشکه‌وتو زمانه‌که‌مان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکه‌ین و به‌ پێێ پێویست بتوانین له‌ بواره‌کان بکۆڵینه‌وه‌.
هیڕۆ، لێجیند و جینیه‌س سێ ووشه‌ن که‌ گه‌لێك زۆر به‌کاردێن له‌ ناو باس و لێدوانه‌کانی میدیا و ئه‌کادیمی ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌ێنێت که‌ ووشه‌کان به‌ ڕه‌سه‌ن ئینگلیزی بن، چونکه‌ ئیتالی، ئه‌لمان، فه‌ره‌نسی و زمانه‌کانیتریش، زۆربه‌یان هه‌ر ئه‌م ووشانه‌ به‌کاردێنن و به‌گوێره‌ی زمانی خۆیان وورده‌ گۆڕانکاری تێدا ده‌که‌ن، هه‌ر بۆێشه‌ من به‌ باشی ده‌زانم ئێمه‌ی کوردیش به‌هه‌مان شیوه‌ ئه‌م ووشانه‌ به‌کاربێنینه‌وه به‌ ئاوازێکی کوردیه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ زمان ناسانی کورد ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌ن که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ووشانه‌ و سه‌رهه‌ڵدانی ره‌گیان ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ بۆ زمانی لاتین و ئه‌غریقه‌کان، و منیش ئه‌و ڕاو سه‌رنجه‌ بۆ ئه‌وان به‌جێده‌هێڵم.
هیرۆ له‌ کوردیدا مانای پاڵه‌وان، یاخود جه‌ربه‌زه‌ ده‌به‌خشێت و له‌ فه‌رهه‌نگی سینه‌ما و خوێندن ئه‌کادیمی فیلمکاریدا به‌کار دێت بۆ پێناس کردن پاڵه‌وانانی زۆر ناسراوی وه‌ك سوپه‌رمان، ته‌ڕه‌زان، رۆبین هود، هێرکلیس، زۆرۆ، کینگ کۆنگ و هتد. ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ ئایا له‌ مێژودا هه‌بونه‌، یان دروستکراوی پێنوسی نوسه‌رانن، گرنگ به‌هۆی زۆر به‌ناوبانگیانه‌وه‌ و زیاتریش به‌هۆی مانه‌وه‌یان به‌ زیندویی به‌ درێژایی چه‌نده‌ها ساڵ وه‌ك هیرۆ له‌ بواری میدیادا تۆمارکراون. واته‌ هیڕۆ بۆ پێناسی کاره‌کته‌ره‌کان به‌کار دێت که‌ ده‌ستکردی نوسه‌رانن، نه‌ك بۆ ئه‌کته‌رانی که‌ ئه‌و ڕۆڵانه‌ ده‌بینن.
به‌ڵام ووشه‌ی لێجێند (مێژوویی ناودار) ڕاسته‌وخۆ به‌کاردێت بۆ ناسنامه‌ی ئه‌کته‌رانی زۆر به‌باڵا و مێژوویی به‌ تایبه‌ت ئه‌کته‌رانی فیلم وه‌ك جه‌یمس دین، کلارك گه‌یبڵ، مارچێلۆ ماسترۆیانی، ژان کابان، سۆفیا لۆرێن، چارلی چاپلن، لیز تایله‌ر، ئینگرید بێرگمان، کلینت ئیستوود و هتد. هه‌ندێ جاریش ئه‌کته‌ران ده‌توانن دوان له‌و ووشانه‌یان به‌ربکه‌وێت، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر باس له‌ ئیرۆل فلین بکه‌ین، ده‌توانین بڵیین ئیڕۆل فلین به‌ڕاستی لێجێند بوو وه‌ك ئه‌کته‌ر، به‌ڵام هه‌ر بۆ ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ که‌ کاتێك ڕۆڵی رۆبین هوودی بینی له 1938 له‌ فیلمی جه‌ربه‌زه‌کانی ڕۆبین هوود (ئه‌دڤێنچه‌رس ۆف ڕۆبن هوود)، ده‌توانین بڵێین ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ هیڕۆ بوو. واته‌ لێجێند پیناسی ئه‌کته‌ره‌که‌یه‌ و هیرۆ پێناسی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ به‌ناوبانگ و مێژووییانه‌‌ی ئه‌کته‌ری لێهاتوو ڕۆلیان ده‌بینن.
باشه‌ ئه‌ی جینیه‌س (هۆشمه‌ند) به‌رکێ ده‌که‌وێت؟ ئه‌‌م ووشانه‌ قه‌باره‌یه‌کی زۆر قورسیان هه‌ن و هه‌رده‌م بۆ هه‌موو که‌س به‌کاڕ نایه‌ن، ده‌بێت ئه‌و کارمه‌ندانه‌ چه‌نده‌ها ساڵ و له‌ چه‌نده‌ها فیلم کاریان کردبێت و زۆر نازدارانه‌ خۆیان نواندبێت و له‌ ناو دڵی بینه‌رانی جیهان خۆیان چه‌سپاندبێت و ته‌نانه‌ت دوای مردنیشیان ناویان هه‌ر زیندو بێت و له‌ یاد نه‌چێت، بۆیه‌ش کاتێك ووشه‌ی جینیه‌س به‌کاردێت بۆ شابه‌رزه‌کانی سینه‌ما و فیلمکاری وه‌ك ئه‌لفرێد هیتشکۆك، فێدێریکۆ فێلینی، گۆدارد، ستایه‌جیت ره‌ی، جۆن فۆرد، ئه‌کیره‌ کۆڕۆساوه‌، وودی ئالان، ئینگمار بێرگمان، وهتد، چونکه‌ ئه‌وانه‌ ده‌رهێنه‌ری زۆر هۆشمه‌ندن و ئه‌مه‌ش ڕوونی ده‌کاته‌وه‌ که‌ ووشه‌ی جینیه‌س بۆ پێناسی ده‌رهێنه‌رانی بلیمه‌تی سینه‌ما به‌کاردێت.
به‌ڵێ راسته‌ سینه‌مای کورد تاکو ئیمرۆ ساوایه‌ و له‌ قۆناغی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانێتی و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیش گه‌لێك کۆڵه‌وارن، به‌ڵام هیوادارم به‌هۆی ئه‌م بابه‌ته‌ و بابه‌تانی تری که‌سانی شارزای ئه‌م بوارانه‌ بتوانین هیچ نه‌بێت زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و زانستی په‌یدا بکه‌ین له‌ مه‌یانی میدیا و فیلمکاری چونکه‌ له‌و‌سه‌را بۆ به‌ئه‌نجامدانی به‌رهه‌می سه‌رکه‌وتو پێوسیتیه‌کی زۆرمان هه‌یه‌ به‌ له‌یه‌ك تێگه‌یستن و ته‌نها رێگای به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چونیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ش ئه‌و زمانه‌ جیهانیه‌ی‌ ئه‌م بوارانه‌‌ فێربین تاکو بتوانین به‌ژداری بکه‌ین له‌ کاروانی هونه‌ری سینه‌ما و میدیای سه‌رکه‌وتوی جیهان. منیش شادم به‌وه‌ی بتوانم ڕۆشناییه‌ك بخه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ر به‌ پێناسکردن و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر سێ ووشه‌ی هه‌ره‌ گرنگی هیڕۆ، لێجێبد و جینیه‌س که‌ له‌ فه‌رهه‌نگی میدیا و سینه‌ما وه‌ك ئه‌وه‌ وان زانستانی پزیشکی ڕۆشنایی بخه‌نه‌ سه‌ر پێناسی خوێن، ده‌مار و دڵی مرۆڤ.
 

کارزان کرێکار شێره‌به‌یانی
له‌نده‌ن 18 07 2010
www.karzanfilms.com



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە