کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ جوانى سلێمانییەكەم ئەشێوێنن؟

Sunday, 12/08/2012, 12:00


* پیاوێك بە كوژراوى لە ماڵى خۆیدا دۆزرایەوە.
* كوڕێك خوشكەكەى خۆى كوشت وپارچە پارچەى كرد.
* كۆمەڵێك پۆلیس بەدڕندانەترین شێوە پەلامارى عیرفان ئەحمەدى شاعیر دەدەن و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
* لە سەر شەستیەكە كۆمەڵێك چەكدار تەقە لەیەكترى دەكەن و پێنج شەشێك دەكوژرێن و بریندار دەبن، لەبەرامبەریشدا كەسوكارى قوربانیان لە تۆڵەدا چەند ماڵێكى بكەرەكان دەسوتێنن.
* شوفێرێكى تاكسى لاى ئاسایش بەكوژراوى لە نێو ئوتومبیلەكەیدا دۆزرایەوە.

ئەمە كورتەى هه‌واڵ و ئه‌و تاوانانه‌یه‌، که‌ رۆژانه‌ له‌ ناو شارى سلێمانیدا روو ده‌ده‌ن و ده‌یبیستیین، داخۆ دەبێت چەند تاوانى دیكە وەكو دزیى و ئیهانە و هەڕەشە و كارى نابەجێى تر روویان دابێت و ئێمە پێمان نەزانیبێت؟

من هۆكارى ئەو پاشاگەردانى و بێ حاكمی و بەرەڵلاییە دەخەمە ئەستۆى حكومەت و دەسەڵات، كە تا ئێستا هیچ بەرنامە و پلان و رێكارێكى گونجاوى نییە بۆ رێكخستن و دانانى سنورێك بۆ شارو خەڵكەكەى، ئێوە دیقەتتان داوە سلێمانى بۆتە گازینۆ و ئوتێل و كاروان سەرا هەرچى دێت خۆى پیا دەكات، ئەوەى قومێك ئاوى لێى خواردەوە ئیدى دەستبەردارى نابێت و بۆ هەتا هەتایە تیایدا دەمێنێتەوە پاش چەند ساڵیش دەبێتە خواپێداو، ئەوەتا تەماشاكە خەڵكانى لادێ و گوند و شارۆچكەكان، فارس ،تورك،عەرەب، ئینگلیز، وایلێهاتووە شار سیخناخ بووە، جێگەى یەك بەشەرى كەى تێدا نابێتەوە، لەمەشیاندا حكومەت حسابى سەیارەى شەحن بۆ خەڵك دەكات لەبەر خاترى دەست كەوتنى چەند دینارێك هەر دەڵێت بابێت، وەزع وا بڕوات لەبەر زۆرى خەڵك و حەشاماتەكەى و كەمى مەوقیع و مساحەى عەرزەكەى بەدوورى مەزانە شار ئەو هەمووەى پێ هەڵنەگیرێت و رۆبچێت بە ناخى زەویداو هەموان نغرۆبین.
تۆ بڕوانە نە جادە نە مەكتەب نەمزگەوت نەخواردن نە ئوتێل نەچایخانە نە چێشتخانە نەناوبازاڕ نە سەیرانگا هەر هەموویان جێگەى یەك كەسى كەى تیا نابێتەوە، حكومەتیش یەك مێش میوانى نییە و زۆر بێدەسەڵات و بێچارەیە، جالێرەدا دەپرسم و رووى دەمم دەكەمە بەرپرسانى شار و مەسئولین كە دەزانم هیچ كامێكیان خەڵكى رەسەنى شار نین و بەتەنگ ئاسودەیى و ئارامى و كامەرانیەوە نایەن، ئیدى بیرێك لەحاڵى خەڵكى شار بكەنەوە و بەرنامەو پلانى زانستى و گونجاو دارێژن ، سەرەتا بۆ گەڕاندنەوەى خەڵكانى لادێ و گوندەكان بۆ سەرزێدى خۆیان ئاسانكارى و پێداویستی و هەلى كاریان بۆ دابین بكرێت.
هەروەها با ئیدى سەركردە و مەسئولەكان ئەوەندە لەبەر ئەوەى پێمان بڵێن كورد دەست و دڵ باش و سەخى تەبیعەتن هەرچى هات و وتى سڵاو پارچە عەرزە و خانوو پلەى بەرزى وەزیفى مەدەنێ. ئێوە دیقەتان داوە ئێستا ئەوەى كە خاوەنى هیچ نیە و كرێچیە و بارى لار و هەژارو نەدارە خەڵكە رەسەن و ئەێلەكەى ئەم شارەیە، ئەوەشى خاوەنى چەندین كۆمپانیاو پرۆژە و ئوتێل و ئاپارتمان و سۆپر ماركێت و چى وچ یە خەڵكانى غەیرى شارن و هاوڵاتیانى دواى پرۆسەى ئەنفال و روخانى سەدامن!؟
با ئیتر بەس بێت و سنورێك بۆ ئەو كارە دابنێین، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو خەڵكانى نیشتەجێ شار بەڵام راستیەك هەیە و پێم خۆشە هەموو بیزانن (تكام وایە مەیخەنە قاڵبى شارچێتیەوە) ئەم زۆرى و لێشاو و قەرەباڵغیەى شار بۆتە هۆى دروستبونى دەیان و سەدان كێشەى كۆمەڵایەتى وچەندین تاوانى وەكو شەڕ و كوشتن و دزیى و بەدرەوشتى و سواڵكردن وساختەچێتى و....كە زۆرینەیان كەسانێك پێى هەڵدەستن كە خەڵكى دەرەوەى ئەم شارەن، بۆ راستى و دروستى قسەكەشم دەتوانن سەردانێكى گرتوخانەكان بكەن و بزانن ئەوانەى كە لەسەر تاوان و كارى نایاسایی گیراون و سزادراون لەسەدا نەود ونۆیان خەڵكى كوێن؟
بۆیە من وەكو خۆم پێم ناخۆشە هەرچى تاوان یان خراپە یان نارەواییەك كە لەسنورى شاردا ئەنجام بدرێت بخرێتە ئەستۆى شار و ناو و ناوبانگى شار و كەلتور مێژووەكەى پێوە ناشیرین بكرێت، بێجگە لەوەش ئەرێ برادەرانى دەسەڵاتدار وحكومەت ئێوە بەقەدەر گەڵاى دار پۆلیس و چەكدارتان هەیە ئەوە فریاكەوتن و بەرگرى و نەهێشتنى تاوان و پۆلیسى پاسەوانى و دەوریات و ئینزیبات كە مەجموعیان ئەكاتە نزیكەى نیو ملیۆنى تەواو، كە هەریەكەیان موچەیەكى باش و بێ ئەندازەیان هەیە، لەقەدەر موچەكەیان ئەرك و كار ناكەن و چالاكیان نییە، دەیان تاوان و نایاسایى لەبەردەمیاندا بكرێت و چەندین كەس بكوژرێت خۆیانى لێ ناكەن بەخاوەنى، بەڵام هەر كە بۆنیان كرد ئەوا میللەت یان فڵانە دائیرە یان پەیمانگا و زانكۆ بەنیازى خۆپیشاندان و مانگرتنە ئەوا وەكو تەرزە و باران دائەبارێن، بەوەشەوە ناوەستن هێزى عەسكەرى و ئاسایش و چى و چییش ئەهێنن، ئه‌مه‌ بۆچى؟ چونكە ئەمەیان مەترسى بۆ حكومەت و كورسى و مەنسەبەكەیان هەیە و ئەیانخاتە لەرزە، بەڵام ئەوەى دیكەیان هاوڵاتى وخەڵكى سڤیلە ئەگەر هەموشیان مەحف بنەوە تۆزیشیان نەمێنێت باكیان نییە و لێى بیخەمن ، گرنگ ئەوەیە حكومەت و سوڵتە و دەسەڵات مەحفوز و سەلامەت بن.

هەقە كەسانى دڵسۆز و خەمخۆر و رەسەنى ئەم شارە لەبەرامبەر ئەو زوڵم و ناهەقى و سوكایەتیەى بە شارى دەكەن هەڵوێست وەرگرن، رێگە نەدەن بێ رێزى بەرامبەر مەزارى پیرمەسور و تەكیەروتە بكرێت، مەهێڵن چیدیكە بێحورمەتى بەرامبەر قەلەندەرخانەكەى پیرەمێرد ئەنجام بدەن، دەنگ هەڵبڕن لەبەرامبەر توانج و قسەى نارەواى كە لەبەرامبەر مامە یارە دەكرێت، ئەو دەستانە بشكێنن كە گەرەكیانە كارێزى وەستا شەریف و كانى شەكراو و كارێزى مەجیدبەگ لیخن بكەن، پیێان بڵێن ئەى ئەو كەسانەى كە دەتانەوێت بەكوشتن و دزیى و تاوان وخراپە پیرۆزى و گەورەى شارم بێ نرخ بكەن، ئیدى بەسە جوانیەكانى شارم تەڵخ مەكەن، ئاسمانى سامال و پاكى تاریك مەكەن، گەڵا و گوڵى رەنگینى باخى گشتیم مەژاكێنن، فەرهەنگ و كلتور و رۆشنبیرى و حەمدى و زێوەر بەبا مەدەن، چیدى ئەوەمان پێ قبوڵ ناكرێت ، لەپێناوى بەرز هێشتنەوە و مەزنى و قیمەتى شار و بەها نرخى سەنگینى هەموو قوربانیەك دەدەین، چونكە شارمان مەزن و بەڕێز و ناودارە جێ نزگەى شێخ مەحمودە، بەدەنگى زوڵاڵى ئەحەى ناێر بانگ بەگوێیدا دراوە، بەخوێنى عەولە سیس و هەڵو بەگ گۆش كراوە ، لە قوتابخانەى نەجمەدین مەلا (كەشتى نوح)ەكەى فێرە زانست و زانیارى كراوە، لە سەربازگەكەى پاشاى یاموڵكى راهێنراوە، لەسەر دەستى كاك ئەحمەدى شێخ پەروەردە و تەربیەت دراوە، جا كە شارێك ئەوە مێژوو ناسنامەى كەسایەتیەكانى بێت گوناح و تاوان نیە بەدەستى چەند كەسێكى نامۆ و نابەڵەد بە فرمێسك و ئاهو حەسرەتەكانى، جوانى و پیرۆزیەكانى بە فیشەك و تفەنگ دزێو بكرێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە