سەرهات باخی ئیرەم
Thursday, 06/01/2011, 12:00
(باڵەكانی تاوس جوانترین دەقی كراوەن)
بە بیستنی ئیرەم ئیرەییم بەو شاریانە برد كە لە شارەكەیاندا ئیرەم هەیە، دوور نیە ئەو ئیرەییە پەیوەندیەكی بە شیعرەكەی مەلای جەزیریەوەهەبووبێ((گوڵی باخی ئیرەمی بۆتانم))، چارە نیە دەبێ هەر ئێستا رێی ئیرەم بگرم، لە كوێوە بۆی دەچی! پرسیم، گوتیان، بۆ گەیشتن بە ئیرەم رێی سەر عەردی و رێی بن عەردی هەیە، پێكەوتم رێیەكەی بن عەرد زووتر و بێ گرفتتر و زۆر هەرزانتریش دەتگەیەنێتە نزك ئیرەم..
هەندێك دوودڵ بووم بە رێی بن عەرددا بڕۆم، ترسام دیسان تووشی بەڵای ژنان بم و چەفیە تەنكێ سەرگەردانم بكات، لە نزیك ماڵی فیردەوسی، هەموو كەس ئەو ماڵە كە چوارریانێكی گەورەی بە دار و بارە، سەوز وئاودار، ئاو لە زستان ببڕێ، لە دەریا ببڕێ لە ماڵی فیردەوسی نابڕێ، ئا، زۆر دوور نا لە ماڵی بەهاریانەی فیردەوسی، چوومە بن عەرد، بن عەردی تاران شارێكە بێ ئەوەی خۆر و مانگ و ئەستێرەی هەبێ، بێ ئەوەی گڵۆپێك ببینی، دەڵێی نوێژی نیوەرۆی هاوینیە، نازانم ئەو بن عەردە رووناكایی لە كوێ وەردەگرێ، زۆر چاوم گێڕا گڵۆپێكم نەدی..
پێش ئەوەی فیشكەی مار بێ و بگات، كچ و كوڕێك دەست لە ناو دەست پشتیان دابووە دیوار، حەزی تەماشاكردن نیگامی لە سەریان راگرت، دیتم ئەوانیش زەق زەق تەماشام دەكەن، نازانم تەماشاكردنەكەی من ئاسایی بوو یان نا، بەڵام هی ئەوان هەڕەشە بوو، ترسام رووی خۆم وەرگێڕا، بەڵام تیچاوێكم لە سەریان بەجێهێشتبوو، هەستمكرد سەرخۆشن، بە لادا دەهاتن، بە لاداهاتنێكی جوان لە سەمایەكی نەرمی مەستانە دەچوو، كوڕە بانگمی كرد:
+ چیت لە ئێمە دەوێ؟
- هیچ، خۆشیتان..
+ خۆشی بۆ ئێمە؟
- بۆ ئێوە و بۆ خۆشم
- قوربانتم، نۆكەرتم، خوات لەگەڵ..
ئۆخەیش،باشبوو عاشقانە گرتبووی نەك شەرشانگێزانە، منیش دەستی كچێكی ئەوهام لە دەست بێ، سەد شەڕ رووم تێبكات رووی خۆم وەردەگێڕم و هەر لەگەڵ منیشیان نیە، عاشقترین كەس دەبم، هەموو كەسم خۆش دەوێ، دەزانی دەستی چ شۆخە كچێكی لە دەست بوو!! خودایە لەو بن عەردە كچێكی واش بۆ ئێمەبنێرە..
مارەكە هات، دەرگای كردەوە، سوار بووم، ماری بن عەردی تاران دەرگای چوونە ژوورەوەی هەیە، ماری ئەوێ گەورەیە جێگەی گەڕەكێكی سەر عەردی لێدەبێتەوە، هەر بە راستی دەڵێی مارە بەو بن عەردەیە دێ و تیژ تێدەپەڕێ و دەفیشكێنێ..
ناو زگی مارێ پڕە، رەشبەڵەكە، شان نیە بە شانان نەكەوێ، پشت بە پشتان، هەموو شت بە هەموو شت دەكەوێ، گوێت لە پرتەبۆڵەی كەسیش نابێ، ژن و پیاو لە ناو یەكتر هەناسەكان تێكەڵاون، لەشت بەر جێی هێندە نەرم و گەرم دەكەوێ، خۆت پێڕاناگیرێ. هەرزەكارێك مەبەستی بێ لە گەشتێكی بن عەردی و لە ناو زگی مارێ دوو سێ جار دەگاتە لووتكەی چێژ و دێتەوە،من لەو تەنیشتەم ژنێكی كەمێك بە تەمەن، جوان جوان، لەو تەنیشتە كچێك تازە هەڵدەچێ، ئەویش لە جوانی مەگەر ماجیدە رۆمی هێندەی وی جوان بێ، سیمای زۆر لە ماجیدە دەچوو، لە كنە من ماجیدە رۆمی لە ژنە هەرە جوانەكانی دنیایە،لە دەنگیش لە دەنگە هەرە خۆشەكانە، سوێند بخۆم كچی ویە رەنگە لە لای خوداوەندی كۆپی سوێندم لێنەكەوێت، پشتم، رێی ئاوڕدانەوەم نیە، پشتی كە لە پشتم دەخشێ هێندە نەرم نیە، پێدەچێ پیاو بێ، لە پێشمەوە كوڕێكی گەنجە ئەویش هەر كەوتۆتە نێوان ژنە بە تەمەنەكە كچكەی ماجیدە رۆمی، ئەو كوڕە كە پشتی بە جامەكە داوە، هەستدەكەم بە لادا دێ، خۆی پێڕاناگیرێ، تەماشای چاویم كرد كە چاوێكی گەورەی جوانی ژنانەی هەبوو، مەست دیار بوون، ویستم پتر لە چاوی وردببمەوە، بە تووڕەیی وشەیەكی تێمگرت، تارانیەكان كە بە خێرایی یان بە تووڕەیی قسە دەكەن من یەك دەنكیان تێناگەم، هیچم نەگوت، چاوم لە سەری هەڵگرت، وشەیەكیتریشی هاویشت، نازانم جوێن بوو یان نا، بەڵام هاویشتنەكە لە وشەی پێشوو نەرمتر بوو، وەها خۆم لە گێلی داو وەك ئەوەی هەر گوێم لێت نیە، لە دڵی خۆم گوتم:
وا چاكە خۆمی لێ لادەم وا دیار ئەو كوڕە بە شەرانگێزیەوە گرتوویەتی، ناهەقی نیە كچی لەگەڵ نیە..
باش بوو بڕیەوە، تێر شانی چەپم لە شانی كچەكەی ماجیدە رۆمی خشاند، بە دەست خۆت نیە لە ناوی زگی مار بی و جێی دانیشتنت بەرنەكەوێ، لە نێوان سەرنشینان لێكخشان هەر دەبێ، شانی راستیشم لە ژنە بە تەمەنە جوانەكە، وام هەستدەكرد لە شاییم و دەستی دوو ژن لە دەستم..
دوای چەند جار لە مار هاتنەدەرێ و چوونەوە ناوزگی مار هاتمەوە سەر زەوی، لە دەروازەی زەوی پۆلیسێكی ژن و یەكی پیاو دوو كچی چەفیە رەنگ كراوەیان راگرتبوو، وا تێگەیشتم لە سەر ئەو چەند تالە قژە بێ كە لە پێشەوە شنەبای زەوی دەیلەراندنەوە، دیتم پۆلیسەكە ئاماژەیان دا كە لەچكەكەیان رێكبخەنەوە و تالەقژە دۆزەخیەكانیشیان بشارنەوە، وایانكرد و ئازادبوون، لەوێ پرسیارێكی نیوە چلم لە خۆم كرد:
دەبێ پۆلیس لە هەموو جێگەیەكی تاران نەبێ، یان هەر پۆلیسەو..
ئێستا وا لە دەروازەی ئیرەمم، درەختێكی نازانم نە ئادەمی بوو نە حەوایی بە هەردووكیان خۆی نیشان دەدا، لە پێشوازی مێوانانی ئیرەم یەك بە بەرزیی خۆی راوەستابوو، پێشوازیەكی جوان لە كەم باخ پێشوازیی وا جوانم لێكراوە، نازانم چ هونەرمەندێك لەو درەختە سیمای ئادەم و حەوای ئاوێتەی یەكتر كردبوو، ئاوێتەیەك كە رەنگووی رووی هەردووكیانی پاراستبوو، نەشمزانی كامیانە!
ئێرە ئیرەمە، ئەو گوڵانە كە بەدیار گوڵ و گەلاكانەوە بە دیارە سەوزایی بەهاریەوە،لە پیاسەی گوڵاوین و هەرچی گوڵاوی ژنانە هەیە دەپژێننە گیانتەوە و مەستت دەكەن، ئەو گوڵانە بە رووخسەتخوازی لە مەلای جەزیری
(گوڵی باخی ئیرەمی تارانن
شەب چراغی شەبی ئێرانن)
ئێستا لە ناو تەیر و توال و ئاژەڵە نازراگرتووەكانی ئیرەمم، ئۆی ئەو تاوسە خۆی كردۆتەوە،ئەوە یەكەم جارمە تاوسی باڵ كراوە لە نزیكەوە ببینم، پێشتر تاوسم لە نزیكەوە دیتبوو بەڵام بە داخراوی نەك بە كراوەیی، لەوێ بە دیار تاوسەوە لە بەر خۆمەوە، دەبێت بە دەنگێكی بیستراوەوە گوتبم، گوتم:
جوانترین دەقی كراوە تاوسە بە كراوەیی..
+ تۆ خەڵكی كوێی؟
بە كوردی پرسی
- ئەو دیو، هەولێر
+ منیش خەڵكی پاوەم
كوڕە پاوەییەكە كە ناویم لە یاد نیە، هاتە سەر باسی كارە جوانەكانی خودا و نموونەی بەو تاوسە هێنایەوە كە لە بەر دەممان خۆی كردبۆوە و هەرچی رەنگی سرووشت هەیە دەیڕژاندە چاوی منەوە، من لەو دەمە چاوم لە هەر رەنگێ بگێڕابا لە باڵە كراوەكانی تاوس دەمدیتەوە، تاوس هێندەی كەپرێك لە ستاتیكا گەورە بوو، تاوس منی بردە دنیای رەنگەكانەوە، لەو دەمە خۆزگەم دەخواست وێنەكێش بام..
كوڕە پاوەییەكە بەردەوام بوو لە سەر كارە جوانەكانی خودا، منیش تێكەڵی كراوەیی تاوس ببووم كەم ئاگام لەو بوو..
خەڵكێكی زۆر دەوری تاوسی كراوەیان دابوو، تاوسەكان بوونە دوو، رەنگە پێشتریش هەر دوو بووبن بەڵام من هەر یەك تاوسم دیبێ هەردووكیان تێكەڵاوی یەكتر بووبن، رەنگە هیچ گیانلەبەرێك نەتوانی لەخۆ گەورەكردن و گچكە كردنەوە رۆڵی تاوس ببینێ، من بەس رەشماڵم دیوە بە هەڵدراوی وا گەورە و بە لوولدراوی هێندە گچكە، تاوس بە بەستنەوە بەستمیەوە، ئەو خەڵكە دەهات و دەچوو من هەر لە دەوری باڵە گوڵگوڵیەكانی تاوس دەسووڕامەوە و پیاوە پاوەییەكەش دەتگوت دڵی نایە بەجێمبێڵێ، نەدەڕۆیشت و قسەی لەو جوانیانە دەكرد كە خودا لە پێناوی مرۆڤ بە سرووشتی وەركردوون..
رەنگە گوتبێتم، بە تاوسم گوتبێ:
هەتا ئێوە كراوە بن منیش هەر بە دیارتانەوەم..
چاوم كەوتە سەر پیاوێك دووربێ هەر لە تەمەنی من دەبوو، دیار بوو شەپڕە لێیدابوو، وەها خوارو خێچ ببۆوە، كەمتر سمیای مرۆڤبوونی لێیوە دەبینرا، ئەو سیمایە دڵمی گوشی،جوانیی تاوسی لە چاوم كالكردەوە،لەو دەمە كوڕە پاوەییەكە كە جوانیەكانی خودای دەژمارد، گوتی:
دەستكردی خودا هەمووی جوانن، حودا شتی ناشیرین درووستناكات..
منیش دەستم بۆ پیاوە شەپڕەلێدراوەكە درێژكرد و گوتم:
ئەو پیاوە بەو سیمایەوە جوانە!
كوڕە پاوەییەكە بە گرژییەوە گوتی:
ئەوەش بێ حیكمەت نیە.
گوتم:
رەنگە حیكمەتێكی تێدا بێ بەڵام چ جوانیی تێدا نابینمەوە..
كوڕە پاوەییەكە،ئەستەغفیرەلایەكی كرد:
وا مەڵێ، ئەوەش جوانە، چاوی تۆ جوانیی تێدا نابینێ.
بە كەمێك بێزاریەوە گوتم:
ئەگەر وابێ باشە..
لە سەر بەڵێنی خۆم نەمام، تاوەسەكانم بە باڵ كراوەیی جێهێشت، كوڕە پاوەیەكەش لەگەڵم، بە ناو درەختە ئیرەمیەكاندا سەرێكم لە كۆمەڵێك بەراز دا، چ جوانیم لێیان نەدیتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی تووشی شەڕە قسە نەبم هیچم نەگوت، من زۆر ناچار نەبم لە بارەی خوداوە قەت حەزناكەم مشتومڕ بكەم..
لە ماڵی بەرازانەوە كە كەوتبووە چالاییەوە سەركەوتینەوە، كەمێك بە ناو درەختە ژنانیەكاندا رۆیشتین ماڵی شێر هاتە پێشمان، دوو شێر لە لای پەنجەرە ئاسنینەكانەوە جوان جوان تەماشایان دەكردین، دیار بوو نێرە و مێیە بوون، نێرەكە دوو هێندەی مێیەكە دەبوو، وەی ئەو دەنگە چ بوو، هێندەم لە خۆم هەڵدا چەند ژن و منداڵێك قیژاندیان، من یەكەم جارم بوو وا لە نزیكەوە، نێوان من و شێر چەند بستێك دەبوو، گوێم لە نەعرەتەی شێر بێ، پێشتر هەر قسەم لە بارەی نەعرەتەی شێرەوە بیستبوو، یان لە فیلم و ئەو شتانە بەڵام ئێستا نەعرەتەم بیست زۆر لە نزیكەوەش، شێر نەعرەتە لە سەر نەعرەتەی لێدەدا، شێرەكانیدیش چاویان لەو كرد، بووە یەك مڕەمڕو گرمەگرم،دەمگوت ئێستا نا ئێستا، خانووی ئاسنینی شێر دەرووخێ و شێر دنیا كاوڵ دەكەن، بە پاوەییەكەم گوت:
لە بەلاش نیە شێر پادشای دارستانە،
پاوەییەكە گوتی:
ئەو شێرانە ئەوهان دەبێ شێری ئیمامی عەلی چۆن بووبێ.
گوتم:
ئیمامی عەلیش شێری هەبووە؟
چۆن، نەتزانیوە!
لە سەری نەرۆیشتم، گۆڕیم، شێرم بە لایەكیدیا برد، گوتم:
هەق بوو پادشاكانیش، وەك شێر ئازا بن، وایە!
گوتی:
وا بزانم ئێستا لە دنیایێ یەك پادشای ئازا نیە..
گوتم:
رەنگە وابێ..
لە ماڵی شێرەوە راستە و راست هەر بە ناو گوڵ و گوڵزاران چووینە ماڵی مەیموونان، كە لە ناو پەرژینێكی گەورە لەو سەر درەخت بۆ ئەو سەر درەخت جلیتبازیان دەكرد، مەیموونێكیان لە پێش چاوی ئەو هەموو خەڵكە خەریكی كاری سێكسی بوو، باكی بە پۆلیسەكانی كۆماری ئیسلامی نەبوو كە لە سەر چەند تاڵە مووێكی سەر، چەند تاڵێك كە حەزیان لێیە خۆ بدەنە بەر بای شەماڵێ، كچان بانگ دەكەن و تەمبێیان دەكەن، ژن هەبوو بە دیتنی وانەكی مەیموون چاوی خۆی دەگرت، هەشبوو وەك من جوان جوان لێیورد دەبۆوە..
ماڵ ماڵ ماڵی هەموو ئاژەلانم كرد هەموویانم بە سەر كردەوە لە كرمەوە تا حوشتر..
ئێستا بۆ لای شاری یاری، درەخت و درەخت دەڕۆیشتم كوڕە پاوەییەكەشم لەگەڵە، لە پەنایەك دیتم كچ و كوڕێك خەریكە دەچنە باوەشی یەك، پاوەییەكە گوتی:
تەماشایان مەكە، ئەوانە تریاكین خواردوویانە، با پێماننەگرن..
گوتم:
باشە ئەدی پۆلیس چۆن رێدەدا؟
گوتی:
لە دەستی پۆلیس دەرچووە
دەرچووە دەرچووە، رۆیشتین بە ناو درەختی جوان و كچی جوان و هەمووشت جوانی ئیرەمدا بە پیاسەی ئیرەمیانە دەڕۆیشتین، لە لە بن درەختێك، درەختێك دەتگوت تایبەت بۆ عەشق روواوە، جا كام درەختی ئیرەم هەیە لە پێناوی عەشقبازی نەڕوابێ هەمیشە خۆی سەوز نیشان نەدا، دیتمان كوڕی و كچێك بە تەنیشت یەكەوە دانیشتوون، كوڕە دەستێكی خستۆتە سەر شانی كچەیە، من هەر ئەو دیمەن و گرتەیەم دیت، هەر هێندەمان دیت، نازانم لە كوێوە پەیدابوون، دوو پۆلیس گەیشتنە سەریان، راپێچیان كردن، كوڕە پاوەییەكە گوتی:
دەستیان خۆش، ئەو بەدرەوشتانە لە ناو خەڵك دەسبازی دەكەن..
گوتم:
كوا بەدڕەوشتی چیان كردووە، دەست لە سەر شان بەدڕەوشتیە، چ جیاوازی هەیە لەگەڵ دەستگرتن؟
پاوەیی گوتی:
هەر هێندە نیە، ویستوویانە شتیترش بكەن
گوتم:
باشە خەڵك لە سەر تریاك ناگرن، لە سەر عەشق دەگرن..
پاوەیی بە بێزاریەوە:
+ تۆش! عەشقی چی ئەوە لووتكەی بەدڕەوشتیە
- وای نابینم، باشە با بزانم لەو ئیرەمە پۆلیس لە سەر چی و چی خەڵك راپێچدەدەن، با بزانم، نەوەك منیش تووش بم
+ با پێت بڵێم، لە سەر بەدڕەوشتی، لە سەر شەڕ و تەشقەلە، لە سەر سەرخۆشیش بە خواردنەوە عەرەق و ئەو شتانە، بەڵام بە تریاك نا..
- بۆچی سەرخۆشی هەر سەر خۆشی نیە!
+ نازانم، رەنگە ئەویان حەرامتر بێ..
لە ئیرەمێ رەنگە دە سەرخۆشم دیتبێ، بە لادا دەهاتن، وادیارە تریاككێش زۆرە ئەو شەوەش كە لە باغی لالە بووم، بە دوای ئاودەستدا دەگەڕام و نەمدەدیتەوە، لە پیاوێكم پرسی، بە فارسیەكی گێڕ لێیم پرسی:
- ئاغا، ئاودەست لە كی لایە؟
+ ئاودەستت دەوێ یان شتی دی
- ئاودەست ئاودەست..
بە عەرەبی هاتە قسە:
+ تۆ عەرەبی؟
- نا، كوردم
+ عێراقی؟
- خەڵكی هەولێرم
+ هەولێر، هەولێر لە مێژە هەولێرم نەدیوە..
ئەو پیاوە كە دانیشتبوو، هەستایەوە، بە لادا دەهات، دەستمی گرت، بەتێكەڵوپێكەڵی:
وەرە، دانیشە، تۆ بۆنی بەغدات لێدێ..
لە دڵی خۆم گوتم:
كوێم بۆنی بەغدای لێدێ، هەتا ئێستا چاوم بە بەغدا نەكەوتووە، پێم نەخستۆتە ئاقاری بەغداشەوە، میزم زۆر دەهات، لێیمپرسیەوە:
ئاودەست ئاودەست، لە كوێیە؟
گوتی:
لە ئاودەست گەڕێ، وەرە جگەرەیەك بكێشە..
بە چ حاڵ خۆم لە دەستی ئەو پیاوە بەغداییە، پێدەچوو بەغدایی بێ قوتاركرد..
بە كوڕە پاوەییەكەم گوت:
ئەوە هەر تاران ئەوهایە یان شارەكانیتریش؟
پاوەیی گوتی:
نا، بڕۆ كرماشان لە تارانیش خراپترە، سنەش ئەوەها، تۆ كرماشانت دیوە؟..
ئا، دیبووم، سەرهاتی تریاكیشم لەوێ هەیە، ئەو ئێوارەیەی لە بازار دەگەڕاینەوە مێوانخانەی میعراج، ئەرێ بۆ ناوی میعراج بوو! لە شەقامی پێش میعراج تووشی كچ و كوڕێكی سەرخۆش بووین، ئەرێ بۆچی كوڕو كچی سەرخۆش پێكەوە دەگەڕێن! جا لەوە خۆشتر، خۆزگە منیش ئەو ساتانەی سەرخۆش دەبم و لە جادە پیاسە دەكەم كچێكی لە خۆم سەرخۆشترم لەگەڵ دەبوو! من و دایكی باڵا تەماشامان كردن، هەر هێندەمان دیت هەردووكیان هێرششیان بۆمان هێنا، باش بوو میعراج زووی هەڵكێشاین دەنا كرماشان شەرێكیتریشی دەخستە سەر ئێوارە شەڕەكانی..
شوفێرێكی كرماشانی كە وەك برادەری لێهاتبوو، گوتی:
باش بوو زوو میعراج هەڵیكێشان دەنا لێدانێكی واتان دەخوارد، رووتان لە كرماشان نەدەكردەوە..
ئەو شوفێرە كرماشانیە دەیگوت:
+تۆ زانیوتە پۆلیسی ئێرە،چاو لە سەرخۆشی تریاكی دەپۆشێ بەڵام سەرخۆشی عەرەق و ویسكی سەرخۆشی خواردنەوە بە گشتی هەڵا هەڵا دەكات
- نەمزانیوە
+ باشە ئەوەزانیت، بەڵام دەزانی بۆچی وایە، بزانم هەڵیدێنی؟
- مەتەلێكی قورسە
+ دەبا پێت بڵێم لەبەرچی، كەسی تریاككێش، سەری شۆڕە، بەڵام كەسی مەی خۆر سەری بەرزە هەمیشە سەری بەرزە
- من لەو سەرشۆڕی و سەربەرزیە چ تێناگەم
+ تۆ مەی دەخۆیتەوە؟
- ئا
+ كە دەخۆیتەوە، لە قسەكردن و رەخنەگرتن هەستناكەیت ئازاتر و بێ باكتری؟
- با، ئەگەر تەواوێك بخۆمەوە شا بە سەپان راناگرم.
+ دەمخۆش، باشە تۆ تریاكت كێشاوە؟
- جارێك دوان ئەوەی دەكرێتە جگەرەوە چەند مژێكم لێداوە..
+ نا، هیچ نیە، لە كرماشانێ منداڵی سەر لانكێ، هێندەی تۆ مژی لێداوە..
- ئێ، چ بوو..
+ تریاك رێك پێچەوانەی مەیە، كە فێری بووی، گیانی ئازایەتی و بەرەنگاری ناهێلێ، دەستەمۆی دەستەلات دەبی، هەمیشە جلەوت لە دەستی ئەو كەسەیە كە لێی وەردەگریت، بڕوات بێ بە لای كەمی سێیەكی ئێران تریاكین، جارێ كرماشان بۆتە تریاككێشان، ئاگاداربە..
قسەكەی تەواو نەكرد گەیشتینە شوێنی مەبەست، دواتریش نەمدیتەوە دەنا زۆر پرسیاری تریاكیم هەبوو..
ئیرەم ماڵاوا، هەر جارێ رێم بكەوێتە تاران دیدەنی تۆش دەكەم..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست