کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌یژه‌ی تاوان

Monday, 17/08/2009, 12:00


له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7 هه‌ر تاوانێك دژ به‌هه‌ر تاکێكی کورد بکرێ له‌کوردستان ئه‌وا نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسیاره‌، به‌ڵکه‌ ئه‌وانه‌ی به‌شداری هێنانه‌وه‌و جارێکی تر به‌ده‌سته‌ڵات بوونی لیستی کوردستانی کردو به‌ڕۆژی ڕووناك ئه‌و هه‌موو ساخته‌کاریانه‌یان به‌ئه‌نجام دا و توانیان گزی و فێڵێکی زۆر بکه‌ن تا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا درێژه‌ پێبدرێ، ئه‌وا پشکی گه‌وره‌ی ئه‌بێ و به‌رپرسیار ئه‌بێ لێی.

ئاشکرایه‌ دوای ڕاپه‌ڕین یه‌کێتی و پارتی ئه‌وه‌نده‌ی زمانی پاره‌و پۆست وگرێبه‌ستی نهێنی به‌کار دێنن، هیچ کات په‌نا نه‌براوه‌ته‌ به‌ر یاساو دادگاو په‌یڕه‌وی سیاسی بۆ هه‌ر کارێك کردبێتیان، بۆیه‌ ئه‌م کاره‌ی ئه‌م جاره‌یان وه‌ك گرێبه‌ستێ وابوو له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌ندامانی به‌ناو کۆمیسێۆنی باڵا به‌گشتی و که‌سایه‌تی فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری کرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی ئه‌نجام وئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردن بگۆڕدرێ وئه‌وه‌ی براوه‌یه‌ دۆڕاو بێ و ئه‌وه‌ی دۆڕاویشه‌ براوه‌ بێ.

ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ به‌ناو بێلایه‌نه‌ بۆ‌ مشتی دۆلار ویژدانی خۆی وپیشه‌که‌ی جێله‌ق ئه‌کاو کارێکی ناشایسته‌ی وا نه‌ك هه‌ر سه‌راپای پرۆسه‌که‌ی پێ له‌که‌دارو ناشرین بوو، به‌ڵکه‌ ئه‌و ناوبژیوانانه‌ی(کۆمیسێۆنی باڵا) که‌ ئه‌بوو ئه‌وپه‌ڕی پرۆفێشناڵیه‌ت وکاراییان نیشانی هه‌موان بدایه‌، ئه‌فسوس بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مادی وته‌سکی خۆیان زه‌ره‌رێکی گه‌وره‌یان له‌ ڕه‌وشی سیاسی ئه‌م ناوچه‌یه‌‌ داو ، ڕه‌نگه‌ ئاکامه‌ خراپ وناهه‌مواره‌کانی له‌ داهاتوودا زیاتر ده‌ربکه‌وێ، بۆیه‌ پێوسته‌ کاری ئه‌م لیژنه‌ی به‌ناو سه‌رپرشتیاری هه‌ڵبژاردن‌ کاره‌کانیان گومانی بخرێته‌ سه‌رو هه‌روا به‌ئاسانی نه‌گوزه‌رێن وڕووبه‌ڕوی پرسیارو لێکۆڵینه‌وه‌ ببن و له‌و هۆکارانه‌ش به‌دوا داچوونی له‌سه‌ر بکرێ و له‌ڕێگای دادگاییه‌وه‌ ئه‌رکه‌کانیان به‌ته‌واوه‌تی لێی بپێچرێته‌وه‌.

گه‌ر بێتو له‌جیاتی فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری که‌سێکی پاك و کارا بوایه‌و هیچ گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ پارتیدا نه‌کردایه‌، ئایا چی ڕوی ئه‌دا؟ بێ شك ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ 18 ساڵه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ کوشتنی به‌هه‌زاره‌ها له‌ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ شه‌ڕی ناوخۆوو، ڕه‌شه‌ کوژی ژنان ، ئاوه‌ره‌ کردنی به‌هه‌زاره‌ها ماڵ ومناڵ له‌ژێر پاساوی به‌یه‌کێتی وبه‌پارتایه‌تیانه‌وه‌، سه‌رنگومکردنی چه‌ندینی تر له‌زیندانه‌ به‌دناوه‌کانی هه‌ردوو لاو، پێشلکردنی هه‌موو یاساو ڕێسایه‌ك، له‌په‌لو پۆکردنی توانای په‌رله‌مان ، به‌حزب کردنی کۆمه‌ڵگا و دابه‌شکردنی به‌سه‌ر سه‌وز وزه‌رد، به‌له‌ده‌ست دان و دزینی پاره‌و پولی میله‌ت وڕه‌وانه‌کردنی بۆ بانکه‌کانی ده‌ره‌وه‌و چه‌ندین کاری قێزه‌وه‌نی تر،،، ئه‌وا لیستی گۆڕان پله‌ی یه‌که‌مین و چوار حزبه‌که‌ش پله‌ی دوه‌مینیان به‌ده‌ست دێناو دکتۆر که‌مال میراوده‌لی ئه‌بوو به‌سه‌رۆکی هه‌رێم و ئه‌وسا سیستمێكی نوێ وحکومه‌ت وپه‌رله‌مانێکی چالاکمان دروست ئه‌کرد، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ میله‌ته‌که‌مان له‌ زۆر نه‌هامه‌تی ڕزگاری ئه‌بوو، وه‌ زۆر هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤیانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌هاویشت.

تازه‌ میله‌ت به‌ کابینه‌ی شه‌شه‌م ڕازی نابێ وگه‌ر ڕازیش بێ، ئه‌وا ته‌نها وه‌ك ئه‌و زه‌هره‌ وایه‌ که‌خومه‌ینی نۆشی دوای شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقدا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌م کابینه‌یه‌و وه‌زیره‌کان وئه‌ندام په‌رله‌ماندا نابێ، وه‌ هیچیان به‌دوعای یه‌کتری ناڵێن ئامین، من دڵنیام له‌وه‌ی که‌ ئه‌م کابینه‌ نوێیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خۆی به‌قه‌یران وکێشه‌ی لاوه‌کیه‌وه‌ خه‌ریك ئه‌کا ، نیو ئه‌وه‌نده‌ش له‌ توانایدا نابێ هیچ له‌و گرفت وکێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکا که‌ هه‌نووکه‌ له‌ئارادان، وه‌ ئه‌مه‌ش بۆ جارێکی تر به‌شێك ئه‌بێ له‌و به‌رپرسیاریه‌ که‌ ئه‌بێ کۆمیسێۆنی باڵاو که‌سایه‌تی فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری لێ ئاگار بکرێته‌وه‌و وه‌ك تاوانێکی مێژوویی بۆی تۆمار بکرێ.

له‌دوای کاره‌ساتی هۆڵۆکۆست گه‌ر جوله‌که‌کان و کۆمه‌ڵگای نێو نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌یان دژ به‌وانه‌ی به‌م تاوانه‌ هه‌ستاون نه‌نواندایه‌‌، ئه‌وا حه‌مته‌ن کاری له‌م جۆره‌ ئه‌بوه‌ هۆی فه‌وتاندنی مافی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه‌ بێتاوانانه‌و ژێره‌و ژێر ئه‌بوو، به‌ڵکه‌ ئه‌بوو به‌له‌که‌یه‌ك به‌نێو چه‌وانی به‌رپرسیارانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و به‌رپرسیارانی خودی ئیسرائیلیه‌کانیش ، هه‌ر له‌دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه‌ کون به‌کون به‌دوای تاوانکاراندا ئه‌گه‌ڕێن وئه‌درێن به‌دادگاو یاسا ڕێچکه‌ی ئاسایی خۆی وه‌رگرت.

فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری گه‌ر له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا وه‌ك کارتێکی باش یاری پێکراو توانرا ڕۆڵی خۆی بۆ پارتی به‌باشی بکاو ده‌ره‌ئه‌نجامی هاوکێشه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بگۆڕێ، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ له‌داهاتوشدا پارتی بتوانێ هه‌مان کارت به‌کار بێنێ وبه‌ڵام به‌شێوه‌یکی تر ، به‌تیرۆرکردنی ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ پارتی ئه‌توانێ سۆزی خه‌ڵكی بۆ خۆی ڕابکێشێ و وه‌ك هه‌لێك بۆ جارێکی تر له هه‌ڵبژاردندا به‌کاری بێنێ وئه‌ستۆکه‌ی بخاته‌ پاڵ نه‌یاره‌کان، که‌له‌م حاڵه‌ته‌دا لیستی گۆڕان وچوار حزبه‌که‌ ئه‌بن به‌ قۆچی قوربانی، بۆیه‌ له‌ئیستاوه‌ له‌ ترسناکی ئه‌م سینارێۆیه‌ هۆشداری ئه‌ده‌ین به‌هه‌موو لایه‌ك.

کوردستان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ئه‌م دوو پارته‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك ئه‌و گۆێسه‌بانه‌وه‌ وابوه‌ که‌ئه‌مان ڕۆڵی په‌یژه‌یان بینیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین جاش وموسته‌شارو فایلدارو کۆنه‌ به‌عس پیادا سه‌رکه‌ون و هه‌وڵ بده‌ن بگه‌نه‌ ئه‌و گوێسه‌وانه‌یه‌، دواتر مه‌ودای ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئه‌م دوو پارته‌ وا فراوان بوو، که‌ تاوان ته‌نها له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ نه‌کرێت وبه‌ڵکه‌ زۆربه‌ی ئه‌و کۆمپانیا ده‌ره‌کی و هه‌رێمیانه‌ی گرته‌وه‌ که‌ دێن له‌ کوردستان کارئه‌که‌ن و هه‌ندێ له‌پشکی ئه‌و داهاته‌ی له‌و گرێبه‌ستانه‌دا ده‌ستیان ئه‌که‌وێ ، برا به‌شی بکه‌ن وپرۆژه‌کانیش به‌و په‌ڕی نوقسانی وکه‌موکوڕیه‌وه‌ جێبێڵن، خۆ ئه‌م تاوانه‌ش دواتر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی کۆمیسێۆنی هه‌ڵبژاردنیش به‌کار هاتوو، توانیان چه‌ند پله‌یه‌کی تر بۆ ئه‌م په‌یژه‌یه‌ زیاد بکه‌ن وتاوانی تر به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن.

بۆیه‌ له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م گه‌مه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌رده‌وامی ئه‌بێ و جۆری تاوانه‌کانیش ڕوو له‌هه‌ڵکشانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە