کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


خوێندنگای ئەهلی یان نمونەیی

Wednesday, 06/02/2013, 12:00


خوێندنگای ئەهلی یان نمونەیی چیە؟
خوێندنگای ئەهلی بە هەموو ئەو خوێندنگایانە دەوترێت کە شارەوانیی خاوەنی نییە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت. خوێندنگای نمونەیی لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا هەیە، خوێندنگای نمونەیی هەیە بۆباخچەی ساوایەن، بۆ قۆناخی بنەرەتی، بۆ قۆناخی ئامادەیی. هەموو خوێندنگایەکی نمونەیی لەسەر بنەمای قازانج دروستبوە جا ئەگەر تاکە کەسێك یان کۆمپانیایەك خاوەنی بێت. خوێندنگای نمونەیی دەبێت مۆڵەت لە بەڕێوەبەری گشتی خوێندنگاکان وەرگرێت وپەیڕەوی هەموو یاساکانی خوێندنگا بێت.
خوێندنگای نمونەیی کراوەیە بۆ هەموو خوێندکاران. هەموو خوێندکارێك مافی ئەوەی هەیە لە خوێندنگای نمونەیی بخوێنێت. بەپێی یاسا دەبێت شارەوانی پارەی تێچونی خوێندکار بدات بە خوێندنگای نمونەیی. ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت کە خوێندنگای نمونەیی بۆ قۆناخی بنەڕەت و بۆ قۆناخی ئامادەیی نابێت بە هیچ شیوەیەك پارە لە خوێندکار وەربگرێت.
ئەگەر ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە ناونوسی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی لە خوێندنگای نمونەیی بخوێنن زیاتر بوو لەوجێگایانەی کە هەیە لە خوێندنگای نمونەیی ئەوا دەبێت خوێندنگای نمونەیی پەیڕەوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکات:
١. سیستەمی سەرە واتە بۆ ماوەی چەندە خوێندکارەکە لە سەرەدا وەستاوە تا لە خوێندنگای نمونەیی وەربگیرێت.
٢. نزیکی شوێنی نیشتەجێبونی خوێندکار لە خوێندنگای نمونەیی، تا شوێنی نیشتەجێبونی خوێندکار نزیك تربێت لەو خوێندنگای نمونەییەی کە خوێندکار داوای کردوە ئەوا شانسی وەرگرتنی زیاترە لەو خوێندکارانەی کە شوێنی نیشتەجێبونیان دورترە.
٣. خوشك و برا، ئەگەر خوێندکار خوشك و برای کەی هەبوو کە لە خوێندنگای نمونەیی دەخوێنێت ئەوا ئەو خوێندکارە شانسی وەرگرتنی زیاترە لەو خوێندکارانەی کە خوشك و برایان نیە.
٤. نمرەی وانەکانی خوێندکار، ئەم خاڵەیان تەنها لە قۆناخی ئامادەیی پەیڕەو دەکرێت، تا خوێندکار نمرەی بەرزتربێت شانسی وەرگرتنی زیاترە.
خوێندنگای نمونەیی بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە تاقیکردنەوەی تایبەتی خۆی هەبێت و مەرجی کە بۆ وەرگرتنی خوێندکار دانێت بەڵام ئەگەر خوێندنگای نمونەیی تایبەت بو بە موسیك یان سەما ئەوە دەتوانێت خوێندکار تاقیبکرێتەوە تا نیشانی بدات کە دەتوانێت سەما بکات یان ئامێرێکی موسیك بەکار بهێنێت. هەروەها ئەو خوێندنگا نمونەیانەی کە هاموو وانەکانیان بەزمانی ئینگلیزییە ئەوا دەتوانێت خوێندکار تاقیبکریتەوە تا نیشانی بدات کە زمانی ئینگلیزی دەزانێت.
لە وڵاتی سوید ٧٢٦ ٣٨٦ ١ خوێندکار هەبوە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١١ /٢٠١٢ .
لە % ٧ خوێندکاران لە باخچەی ساوایان و قۆناخی پۆلی پێش خوێندنگا دەخوێنن، لە % ٦٥ خوێندکاران لە قۆناخی بنەڕەتی دەخوێنن و لە % ٢٨ خوێندکاران لە قۆناخی ئامادەیی دەخوێنن.
لە % ١٥ منداڵانی باخچەی ساوایان لە باخچەی ئەهلین یان نمونەیی، لە % ١٢ خوێندکارانی قۆناخی بنەڕەتی و لە % ٢٤ خوێندکارانی قۆناخی ئامادەیی لە خوێندنگای ئەهلی یان نمونەیی دەخوێنن.
لە % ١٦ خوێندنگاکانی قۆناخی بنەڕەتی خوێندنگای ئەهلین یان نمونەیین واتە لە کۆی ٦٢٦ ٤ خوێندنگای بنەڕەتی ٧٤١ خوێندنگایان خوێندنگای ئەهلین یان نمونەیین. هەروەها لە % ٤٨ خوێندنگاکانی قۆناخی ئامادەیی خوێندنگای ئەهلیین یان نمونەیین واتە لە ٠١٥ ١ خوێندنگای ئامادەیی ٤٨٩ خوێندنگایان خوێندنگای ئەهلیین یان نمونەیین.
پارەی تێچونی خوێندکارێکی قۆناخی بنەڕەتی بۆ یەك ساڵی خوێندن نزیکەی ٨٧٥٠٠ کرۆنە (١٢٥٠٠ دۆلار). پارەی تێچونی خوێندکارێکی قۆناخی ئامادەیی بۆ یەك ساڵی خوێندن نزیکەی ٩٣٣٠٠ کرۆنە (١٣٥٠٠ دۆلار).
پارەی تێچونی خوێندکار بەم شێوەیە سەرفدەکرێت:
١. موچەی بەڕێوەبەر، مامۆستایان، کارمەندی کتێبخانەی ناو خوێندنگا، پزیشك و یاریدەدەری پزیشك، توێژەرەوەی کۆمەڵایەتی و دەرونی.
٢. کرێی بینای خوێندنگا (بەشێکی زۆری خوێندنگاکانی وڵاتی سوید لە بینای کرێدان)، خەرجی گەرم کەرەوەو ساردکەرەوەی خوێندنگا، چاك کردنەوەی هەرشتێك کە بشکێت یان خراپبێت.
٣. خەرجی دابینکردنی نان خواردنی نیوەڕۆ بۆ خوێندکاران.
٤. خەرجی کڕینی کتێب، دەفتەر، قلەم، ئامێری ژمێریاری و هەرپێویستیەکی کە.
٥. خەرجی کڕینی کتێب وەك چیرۆك و ڕۆمان و رۆژنامەی رۆژانەو هەفتانە و مانگانە بۆ کتێبخانەی ناو خوێندنگا.
بەم شێوەیە دەبینین کە بە پێی یاسا هەموو شتێك دیاری کراوە تا خوێندکاران و هاوڵاتیان بە شێوەیەکی زۆر شەفاف ئاگاداری ئیشو کاری هەموو خوێندنگاکان بن.
لە کوردستان کێشەیەکی گەورە هەیە لە سیستەمی پەروەردەدا بە تایبەتی لە خوێندنگا ئەهلی و نمونەییەکاندا چونکە ئەم خوێندنگایانە کراوە نین بۆ هەموو خوێنکاران، تەنها ئەو خوێندکارانە دەتوانن لە خوێندنگای نمونەیی بخوێنن کە لە خێزانێکی دەولەمەندن چونکە دەبێت پارەیەکی زۆر بدەن. ئەمەش گەورەترین کێشەو گرفتی پەروەردەیە کە دەبێتە هۆی جیاوازی چینایەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا. خوێندنگا دەبێت بۆ هاموان بێت بەبێ مەرجی ئابوری.
حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بودجە دیاری کات بۆ هەموو خوێندکاران پاشان بودجەکە دابەش بکرێت بەسەر شارەوانییەکاندا بەپیی ژمارەی خوێندکارانیان، شارەوانییەکانیش بودجەکە دابەش بکەن بەسەر خوێندنگاکاندا بەپێی ژمارەی خوێندکارانیان. واتە هەر خوێندکارێك بودجەیەکی خۆی هەیە، ئەو خوێندکارانەی کە لە خوێندنگای حکومی دەخوێنن بودجەکەیان دەدرێت بەو خوێندنگایە، ئەو خوێندکارانەی کە لە خوێندنگای ئەهلی یان نمونەیی دەخوێنن بودجەکەیان دەدرێت بەوخوێندنگایە. پاشان بەڕێوەبەری خوێندنگا بڕیار بدات چۆن بودجەکە خەرج بکرێت تا بتوانرێت بە باشترین شێوە یارمەتی خوێندکاران بدرێت. ئەگەر بەم شێوەیەبێت ئەوا بونی خوێندنگای ئەهلی یان نمونەیی شتێکی باشە چونکە کەرتی تایبەت دەتوانێت بۆ قازانج دەیان و سەدان خوێندنگای ئەهلی و نمونەیی بکاتەوە کە دەتوانێت گرفتی کەمی بینای خوێندنگا چارەسەر بکات، لەهەمان کاتیشدا ئاستی خوێندنی خوێندنگا حکومیەکان بەرزدەکاتەوە چونکە خوێندنگا حکومیەکان ناچار دەبن شێوازی خوێندنی خۆیان باشتر کەن دەنا بەشێکی زۆری خوێندکاران لەدەست دەدەن.


سەرچاوەکان:
www.skolverket.se
www.friskola.se
www.scb.se

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە