ئاوارە موتەفەریقەكان جارێكى تریش خەڵەتێنران
Tuesday, 21/04/2009, 12:00
1459 بینراوە
ئاوارهیهک
ئاوارەكانى شەڕى ناوخۆ كە چەند ساڵێك لەمەوبەر خۆیان و ماڵ و منداڵ و موڵكیان كرانە سووتەمەنى بۆ بەرژەوەندى و مەرامى مافیاكانى كوردستان . ئەوە چەند ساڵێك بەسەر ڕاگرتنى شەڕى ناوخۆ و دەست لە ملانى سەركردەكان و دەعوەت و دەعوەتكاریان بۆ یەكدى تێپەڕى ، كەچى بێئاگان لەو خەڵكەى كە لە ڕۆژانى تەنگانە و شەڕ و شۆڕدا لەگەڵیان بوون .
بۆ وەبیر هێنانەوەیان چەند جارێك لە میدیاكان و ڕاگەیاندن و بە شێوازى ئاشتییانە و مۆدێرینانە ڕیێپێوانیان كرد بۆ بەردەم دەستگا بەرپرسەكان ، لە لایەن خودى سەركردە و بەرپرسەكانەوە بەڵێنى قەرەبوو كردنەوەیان پێدان . بەڵام بەڵێنى درۆ ، چونكە سەركردە و بەرپرسەكانى ئێمە لە زمانى ئاشتى و مۆدێرن تێناگەن ، لاى ئەوان كورد واتەنى (شەق دەزانێ قۆناغ لە كوێیە) . ئەوان كاتێك دەكەونە خۆیان و بە دەنگ خەڵكى و میللەتەوە دەچن ، كە میللەت گەشتە بەكارهێنانى توندى و تیژى و زمانى هەڕەشە و تۆڵە هاتە ناوەوە ، بە تایبەتیش كە كاتەكە توقیت هەستیار بێت ، بە مانایەكى تر دەسەڵات پێویستى بە خەڵك بێت ، وەك ئەم كاتەى كە پێش هەڵبژاردنە و پێویستیان بە دەنگى خەڵك و میللەتە .
دەسەڵاتى كوردى چى بخوازێ ، چى لە بەرژەوەندى خودى خۆیان بێت بێ گوێ دانە میللەت جێبەجێى دەكات ، لە ئاستى میللەتدا كەڕن ، كوێرن ، بێهەستن . خۆ گەر كەسانێكیش لەسەر گەندەڵییان بەدەنگ بێت و ڕەخنە لە ئاكار و كردەوە قێزەوەندەكانیان بگرێت ، بەعس ئاسا سەركوتى دەكەن ، تۆمەتى ناڕەواى دەدەنە پاڵ . بە نامرۆییانە ترین شێوە مامەڵەى لە تەكدا دەكەن . بۆیە زۆرجار گوێبیستى پەندى(ڕەحمەت لە كفن دز) دەبین .
ئاوارە موتەفەریقەكانى پارتى ڕۆژى 19 / 4 / 2009 بە نیاز بوون بە ڕووى دەسەڵاتى پارتیدا بتەقنەوە و مافەكانى خۆیان لە چاوى دەسەڵاتداران دەركەن ، ئەو دەسەڵاتدارانەى كە بەسەر پشتى ئەماندا و بە خەبات و تێكۆشان و ژیانى كولەمەرگى ئەماندا ، گەشتە ئەو ئاستەى ئەمڕۆكە تیایدا دەژین ، ژینى پاشایانە .
بەڵام ئەمجارەیان لەبرى وەشاندنى زەبر لێیان ، بە زمانى لووسیان جارێكى تر لە خشتەیان بردنەوە و بڵاوەیان پێكردن ، بەڵێنێكى ترى درۆ كە داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكەن ، بەڵام كەى ؟ و ، چۆن ؟ ئەم پرسیارە ئاڕاستەى درۆزن و ناپیاوەكان بكەن ؟ كورد وتوویەتى : پیاو بەڵێن دەدات . ئەمانە بە هەموو ماناكانى پیاوەتى ، ناپیاون . نامەردن . مافیان ، تێرن و لە برسى بێئاگان .
برایان ، خوشكانى ئاوارە ئەمە یەكەم جار نییە دەخەڵە تێنرێن ، تا كەى بێدەنگى ، مرۆڤ یەكجار دەمرێ ، ترسى چیتانە ، تەمەنى مافیاكان كورتە ، تا ئەمڕۆ ئێوە پێویستان بە مەرحەمەتى ئەوان بوو ، ئێستا ئەوان چاوەڕێى دەنگى ئێوەن ، لە هەڵبژاردنەكانى پێشوودا هەر ئێوە نەبوون چەندین دەنگى تەزویرتان پێ دەدان ، هەر یەكێك لە ئێوە لە چەند مەڵبەندێكى هەڵبژاردن بەشداریتان دەكرد و چەند دەنگێكتان بۆ دەدان . ئەمڕۆ ئەوان بەڵێنى درۆتان دەدەنێ ، تا جارێكى تر دەنگەكانتان فریایان كەوێت . دواى هەڵبژاردنیش ....... تان نیشان دەدەن . بەڵێنى چى ، كەى ئەوان ڕێزى خۆیان لا بووە ، تا ڕێزى بەڵێن و قسەكانى خۆیان بگرن .
ئەگەر ئەوان ئێوەیان فەرامۆش و پەراوێز كردووە ، ئێوەش تۆڵەیان لێكەنەوە ، دەنگیان مەدەنێ ، با بەها و نرختان بزانرێ و دواى هەڵبژاردن كاڵەك بە ئەژنۆى خۆیان بشكێن و پەنجەى پەشیمانى بگەزن .
سوپاس بۆ كوردستان پۆست كە تاكە مینبەرێكە بۆ تۆمار كردنى سكاڵا و گلەیى و گازندەى میللەت . هەرچەندە حەزمان دەكرد ئازادییەكى وامان لە كوردستانى بەناو ئازاددا بۆ دەستەبەر بكرێت و مینبەرى ئازادمان ڕۆژنامە و گۆڤار و كەناڵە ناوخۆیى و ئاسمانییەكانى تر بێت و بە ڕاشكاوى و بێ پەردە ، بە دەنگ و ڕەنگى خۆمان بدواینایە و ترسى تۆڵە و زەبرى میراتگرانى سەدامییەكان و بەعسییەكانمان نەبووایە .