چاكترە یەكێتى پشتگیرى قسەكانى نەوشیروان مستەفا بكات
Monday, 06/08/2012, 12:00
ئەم نوسینەم وەڵامێكە بۆ براى رۆژنامەنوس كاك ستیڤان شەمزینانى كەلەهەندێك ماڵپەردا نوسیویەتى و دەڵێت(ئەگەر یەكێتى پشتگیرى قسەكانى نەوشیروان مستەفا بكات)
سەرەتا دەڵێم دەست خۆش بۆ شیكردنەوەكەت بەڵام شیكردنەوە وشڕۆڤەكەت زیاتر وەكو كادر و دڵسۆزێكى پارتیە نەك رۆژنامەنووس و چاودێرى سیاسى ،بەڕێزت لەئێستاوە خوێندنەوەیەكى ناڕاست و دور لەواقیعیت بۆ رووداوەكان خستۆتە روو كە هەموو ئەگەر وشیمانەكان لەبەرژەوەندى پارتى دا چڕكردۆتەوە گوایە هەرچى چۆنێك گەمە سیاسەیەكان ئەنجام بدرێت و سیاسەت چۆن هەڵبسوڕێت سەرەنجام لەبەرژەوەندى پارتیدادەبێ و پارتى براوە و یەكەم دەبێت ،بەرێزەكەم حەزو خۆزگە شتێكەو واقیع و زەرورەت شتێكى دیكەیە،وەكو بڵێیت بەڕێزت نۆسترا دامۆس یان فاڵگرەوە بیت، لەنوسینەكەتدا ئەوەت بەیان كردوە كە لە هەڵبژاردنى 2013 جارێكى دیكە پارتى دەبێتەوە كوێخاو حاكم و هەیمەنەى دەسەڵات لەكوردستاندا دەگرێتەوە دەست و دێتەوە كۆرەپان و ئیسلامیەكانیش كەنازانم زیاتر مەبەست كامیانە ئەبنە جێگرەوەى یەكێتى و هاوپەیمانى پارتى، و بەدوو قۆڵى حكومەت تەشكیل ئەكەن ،كە ئەگەرێكى زۆر زەعیف و لاوازە،چونكە لەناو ئیسلامیەكاندا ئەوەى خاوەن دەسەلات و نفوس و جەماوەر بێت تەنها هەر یەكگرتوى ئیسلامیە كە خەریكە لە بادینان و زۆر شوینى دیكە بەڕەكە لەژێر پێى پارتى دا دەردەهێنێت، ،ئەوەیە كەپارتى سەغڵەت وناڕەحەت كردووە و لەئێستاشەوە زەنگى لەناوچوون و ئیفلاس بوونى پارتى لەناوجەرگەى نفوس ودەسەڵاتى خۆیدا لێدەدات،لەهەمبەردا پارتیش ناتوانێت بەسیاسەتێكى ژیاریانەو شەریفانە و مۆدێرن ببێتە رێگریان و بەعەقڵى سەردەمیانە بەر پەچیان بداتەوە ومامەڵەیان لەگەڵدا بكات بۆیە بێچارە و دەستەوەستان ماوە، چونكە سەردەمى شەڕى براكوژى وتابورى پێنج و ئەمانەش بەسەرچوون و ناتوانێت وەكو پێشین هیج تومەت و تاوانێك بداتە باڵیان و شەرعیەت بە تەێفیكردن ولەناوبردنیان بدات بەهەر بیانویەك بێت ،بۆیە ناچار بەدواى هەل و فرسەتى ترسنۆكانەدا دەگەڕێت بەشێوازى جیاجیا پیلان دادەڕێژێت و دەكەویتە تیرۆركردنى ئەندامان و سووتاندنى بارەگاكان و بەندكردنى چالاكوانەكانیان ،كە ئەم كلتورە هاوتەریب لەگەڵ مێژووى پارتى دووبارە بۆتەوە و بۆتە نەریت و سیاسەتێكى پەیڕەوكراوى هەموسەردەمەكان ، لەمێژە لاى یەكگرتوو ئەوە سەلمێنراوە كە پارتى هەرگیز لەگەڵ هیچ لایەنێكدا تا ئەبەد دۆست و جێى متمانە نییە،هەمیشە وەكومارێكى سڕبوو وایە و هەرئەوەندى بۆى لوا ژەهرى خۆى دەڕژێنێت و پێوەدەدات ،هەروەها یەكگرتووش چاك لەوە شارەزایە كە هەموو لێك نزیكبونەوە وئاشتەواییەك لەگەل پارتیدا وەختیەو تاكتیەكە و تەنها بۆ زەمەن وكاتیكى گونجاوە كە سەرلەبەرى دەبێت لە بەرژەوەندى خۆیدابێت وخۆى خاوەن بڕیار بێت، پارتى تا ئەو دەمەى سیاسەتى خۆى پەیڕەو دەكات و ئیش و كارى خۆى مەیسەر دەكات رازییە بەدۆستایەتی وە هاوپەیمانیەتى لەگەڵ شەیتانیشدا لەدژى نەیارانى دەبەستێت (ئەمە قسەى مسعود بارزانیە) پاشان كەدەستى لەبنى هەمانەكە گیربوو هیج منەتى پێیان نامینێت، كە ئەم سیاسەتەش كۆن و سواو وتەقلیدیە وبۆ رۆژگارى ئەمڕۆ دادى پارتى و هیچ لایەنێكى دیكە نادات ، هەرچى تایبەتە بە نزیك بونەوەى گۆڕان و یەكێتى ئەوا ئەگەرێكى زۆر بەهێزە چونكە بمانەوێت یان نا گۆڕان و یەكێتى زیاتر لەزمانى یەكدى دەگەن و نزیكایەتیان هەیە وەك لەپارتى،سەرجەم ئەندامانى بزوتنەوەى گۆڕان كادرو سەركردەكانى پێشوى یەكێتین وئاشنایەتى و كۆك بوون لە ئایدۆلۆژیاو بیركردنەوەیاندا زیاترە وەك لەپارتى و گوڕان، زۆرینەى سەركردەكانى گۆڕان و یەكێتى چەندین ساڵ پێكەوە هاوخەبات بوون ولەیەك سەنگەردا جەنگاون وخاوەن دوژمنێكى هاوبەش بوون و ساڵانێكى زۆریش لە دژى پارتى و قیادە موئەقەتە شەڕیانكردوە و قوربانیان داوە، تاڵاو ومیحنەتى كارەساتى هەكارى و 31ى ئاب وشەڕى ناوخۆ تا ئەمڕۆش لەناخ هزرى هەموو كوردێك بەگشتى ویەكێتیەك بەتایبەتى ماوە تا ئەم ساتەش ئەو برینانە ساڕێژ نەبوون و لەیادكردن و فەرامۆشكردنى ئەم مێژووە تاڵ و خوێناویى و شوومە بۆ هەموو تاكێكى یەكێتى زەحمەت و ئەستەم وموستەحیلە، هەرچى تایبەتیشە بە رێكەوتنى ستراتیژى و هەڵوەشاندنەوەى ئەوا لاى من لەكارە هەرە لە پێشینەكانە و هەتا زووتر بكرێت درەنگە چونكە هێندەى پارتى لەو رێكەوتنە سودمەندبووە وئیمتیازى بەدەست هێناوە و مەسعودو نێچیرو مەسرور و چەندانى دیكە لە سایەى ئەو رێكەوتنامەیە پلەو پایەیان دەست كەوتوە ، نیو هێندە یەكێتى و هاوپەیمانەكانى سودمەند نەبوون لەو رێكەوتنە بەناو ستراتیژیە ،تەرخانكردنى بڕێكى زۆر و بێ شومار لەبودجە بۆ مەزارى بارزانى و دیوەخانانەى سەرۆك و چى وچى كە زۆرێك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان تادوا سات ناڕازیى بوون بەڵام بەهۆى زۆرینەى دەنگە كانى یەكێتى ئەوەشیان بۆ حەڵال كرا و دانانى چەندین وەزیر وبەخشینى پۆستى وەكو سامانە سروشتیەكان و ناوخۆ وەزیرى دەرەوە ، بەرهەم ودیارى ئەو رێكەوتنەیە،بۆیە پێمخۆشە بە كاك ستیڤان بڵێم كە سەردەم و رۆژگارى پارتى بەرەو پیرى و پایزى تەمەن شۆڕدەبێتەوە، بەهەڵەداناچم ئەگەر بڵێم پارتى دەمێكە دووچارى ئیفلیجى سیاسى بووە،ئەوەى كە هێشتویەتیەوە رێگەى پێداوە بەلەرزە لەرزو ترس خۆى لەسەر پێ رابگرێت درۆ دەلەسەى راگەیاندن و فرتو فێڵى دەنگدان و ترسو تۆقاندن و چاو سوركردنەوەیەى دەزگا داپڵۆسێنەرەكانیەتى. پارتى ئەوەندەى پارتێكى بنەماڵەیە ولەپێناو دەست خستنى پلەو پایەو سوڵتەدا هەوڵ دەدات و هەوڵى بە شەرعیەتكردنى پاوانخوازى دەدات بۆ سەرۆكایەتى هەموو دامەزراوەیەكى كوردستان وهاوشێوەى سەرۆكە دیكتاتۆرە روخاوەكان پێى خۆشە هەموو بوارەكانى (وەرزش ،سیاسەت ، ئابورى ،هونەر،دارایى ، ژنان ،لاوان، ئاسایش،و...) لەژێر سێبەرى خۆى و بنەماڵەكەیدا بن خوازیار و خەونى چەندین ساڵەیەتى دەیەوێت لەرێگەى رێكەوتنى ستراتیژى یەكێتى بكات بەقەڵغان وەك ئەوەى لە 17ى شوباتدا رویدا لەسایەى ئەوەوە یەكێتى بووە بەتاوانبارو پارتیش بێ عارەق بۆى دەرچوو . پارتى ئەوەندەى تەمەننا دەكات و خەون بەوەوە دەبینیت كە حاكم و فەرمانڕەواو و دەسەڵاَتدارى كوردستان بێتو هەمو خێروبێرو داهاتێكى بۆ خۆى بێت، بە چارەكى ئەوە هەوڵ بۆ پرسە نەتەوەیى و چارەنووس سازو كێشە هەنوكەییەكان نادات، با بیرى كاك سیتڤانى بخەمەوە كە ئەمڕۆ ساڵانى حەفتاو شەستەكان نیە و خەڵك لەترسى زوڵم و زۆر ناهەقى حكومەتە دیكتاتۆرەكان بەهەموو پۆخڵەوات و ناهەقیەكەوە پارتى و بارزانیان بەناچارى قبول دەكرد ، ئەمڕۆسەردەم و كات و شوێن جیاوازە خەڵك چاویكراوەتەوە و لێكدانەوە شیمانە و شرۆڤەى بۆ پرسەكان لەهەموان باشتر لایە و پەى بە هەموو شتێك دەبات، ئەوان بۆهەرجم وجول و وتارو قسەیەك لێكدانەوەى ژیرانەیان هەیە، دەزانن كە عەقلیەتى كۆن و چەق بەستوى خێلەكى و بنەماڵە هیچ دەردێكیان تیمار ناكات و لەوبارەیەوە ئەزمون وشارەزایان زۆرە و ئەو دارى ئومێدەیان هەر بەزڕى ماوەتەوە، بۆیە هەقى خۆیانە بەدواى بەدیلدا بگەڕێن جا بەدیلەكەش كێیەو كێ دەبێت ئەوا سبەى مەعلوم دەبێت، لەكۆتایدا با شتێك بەبیرى ئەو بەڕێزە بێَنمەوە پێم خۆشە بیزانێت و ئاگاداربێت،بەشى هەرە زۆرى ئەندام لایەنگرانى یەكێتى ئێستاش و پێشریش نەوشیروان و بزوتنەوەى گۆڕانیان زۆر لەپارتى و بارزانى بەچاكترو لەپَشتر بینیوە ،هەروا بێتەوە خاڵى هاوبەش لەنێوان ئەو دوولایەندا زۆر زۆر زیاترە وەك لەنێوان یەكێتى وپارتى یان پارتى وئیسلامیەكان، جوداى ئەوەش ئەى چى دەڵێیت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن (گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتو) لەگەڵ یەكێتیدا هاوپەیمانى ببەستن ببنە بەرەیەك لە بەرامبەر پارتیدا كە ئەو ئەگەرەیان زۆر بەهێزە و ساڵانێكە پارتى ترسى ئەوەى لێ نیشتوە. بۆ ئەوەیان شیكردنەوە لێكدانەوەى بەڕێزت چییە؟ و چارەنووسى پارتى چى دەبێت؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست