بۆ بەڕێز ئیبراهیم علیزادە، کۆماری کوردستان بە بڕیاریکی کوردی دامەزرا نە بە خواستی شوورەوی؟
Wednesday, 28/01/2015, 12:00
3097 بینراوە
لە چاوپێکەوتنیکی تەلەفزێۆنی بە بۆنەی یادکردنەوەی (٦٩) ساڵەی کۆماری کوردستان، لە گەڵ سکرتێری کۆمەڵەی ڕێکخراوی کۆمەنیستی ئێران(ئیبراهیم عەلیزادە). ئەم سیاسەتمەدارەی سەردەمی جەنگی سارد، بە شێوازیکی زۆر نزم و بەعەقلیەتیکی ئێرانچێەتی باسی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی کرد. لە ناو قسە کانی هات، کە کۆماری کوردستان لەو تەمەنە کورتەی کە یازدە مانگ خایان، هیچ دەسەڵات و ڕۆڵێکی دیاری کراوی نەبوو، بەلکو ئەوە دەوڵەتی شوورەوی بوو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دایمەزراند و کاتێکیش لە گەڵ ڕۆژئاوا و ئەمەریکا ڕێکەوت دەس لە کۆمارکە کێشایەوا و کۆمار بە زوو ترین کات ڕوخا. ئێمە لەیرا بەرگری لە کۆمارو سەرۆکەکەی و بەرپرسەکانی ناکەین، چۆنکە ئەوانە ئەوەندەی باوەریان بە خۆیان و بە نەتەوەکەیان بوو هەتا گەیشتبوونە ئاستی کەسانی پیرۆز، قەت پەیوستیان بە یەکیک وەکو من، یان هەر کەسێکی دیکە، نەبوو و نییە کە ئەمڕۆ بەرگری لیان بکا. سەرەڕای، قسەکانی هەڤاڵ علیزادە، بەپێچەوانەی روداو و راستیەکان بوون، چۆنکە لەو سەردەمە و ئێستایش، هییچ دەوڵەتیک لە ڕووی سەرزەمین ناتوانی دابمەزرێی بێ موافقەتی وڵاتە زڵ هێزەکانی جیهان و لە سەریانەوە ئەمەریکا، ئەمە واقعی سیاسەتی نێودەوڵەتیە، ئەم جۆرە ڕەفتارە بەرپرسیارانە کە کۆماری کوردستان پێ هەڵسا، هییچ کات بە خیانەت یان بە سەنگ و سووکی حسێب ناکری. ئێمە لەیرا وەکو هاووڵاتی کوردستانی پڕسیار ئەکەین لە جەنابی، ئایا دەوڵەتی ئێرانی نوێ کە پاش جەنگی جیهانی یەکەم دامەزینرا مەگەر بە بڕیار و خواستی بەریتانیا و ئەمەریکا نەبوو؟؟. یان کۆماری ئەرمەنستان لە باکووری ئێران، لە شاخەکانی قۆقاز، کە تا پێش چەند ساڵیک لە مەو بەر یەکیک بوو لە کۆمارەکانی شوورەوی جاران. لە جەنگی جیهانی یەکەم، پاش قەتلو عامی ئەرمەنەکان بە دەستی تورکە تورانیەکان وڵاتەکەیان دامەزینرا بە خۆاستی رووسیا. دیسان لە ڕۆژئاوای ئێران، ئەرزیکی گشتی بوو بەناوی مەیان دووئاو (بەینە نەهرەین- میسوپوتامیا) دەوڵەتی بەریتانیا هات و قەوارەیک لە سەر ئەرزەکەی دروست کرد بە ناوی عێراق. لە شانی قەوارەکەی عێراق سوپای دەوڵەتی فەرەنسا بە زۆری لولەیی تفەنگ لە سەر ئەرزی شام وڵاتیک دامەزراند بە ناوی سووریا. هەر وەهایش میرنشینەکانی کەنداوی فارس، کە بە دارشەقی جادووبازی بەریتانیا هاتنە دامەزراندن، هەتا دوایی. ئایا ئێمەی کورد جێاوازین لە هەموو ئەم نەتەوانە و دەوڵەتانە کە بە خواستی دەوڵەتە زڵ هێزەکان هاتنە کایەوە؟؟. هەڤالی بەڕێز، ئەتۆ چەویک هەڵدە بە فەلەستین، دەها دەولەت لە جیهان دانیپێناوە، تەنها ئەمەریکایە ڤیتوی هەیە لە سەری کەس ناتوانی وەکو دەوڵەتیکی سەربەخۆی چەن و چونی لە گەڵیا بکا. ئەگەر کۆمارەکەمان سەر بە سۆڤێت باتایا، وەکو جمهوری ئازەربایجان و سەرۆک وەزیرەکەی جەعفەر پیشەوەری ئەوکات سەرۆک کۆماری کوردستان نەچووە پای سێدارە و پەتەکە بەدەستی خۆ بیخا لە گەردنی خۆ، ئەمیش ڕایکرد بۆ لای کۆمەنیستەکانی شوورەوی و لە پەری سفرەکەیان خۆرد، وەکو ئەو کابرا ئازەریە. ئمما بەپێچەوانەی ئازەریەکان، سەرکردەیکی کورد بەناوی(ملا مێگفى) وهاوریەکانی پەنابەر بوون لە شوورەوی، کۆمەنیستەکانی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە ڕۆژی ڕووناک لیان کردنە شەو ڕەش،هۆکەییش لەبەرئەوەی سەر بە ئەوان نەبوون، سەر بە کوردو کوردستان بوون. بۆ دەرکی ناوەڕۆکی قسەکانی علیزادە زۆری نایەوی، بە ڕاشکاوی دیارە، ویستی مێژووی تاکە کۆماری کورد لە سەردەمی نوێ، بکا بە قوربانی بەرژەوەندی حزبە ئێرانیەکەی، لەبەر ئەوەی هەردوو بەشەکەی حزبی دیموکرات، بە ئامارە ئێرانیەکەی و بێ ئاماره ئێرانیەکەی، کۆماری کوردستان بە هێنی خۆیان ئەزانن بەم بۆنەیە، لە ناو جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیان بەهێز کردووەو ئەکا. ئەمما حزبی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کۆمەنیستی ئێران، ناتوانی ئەم مێژووە پیرۆزە بۆ خۆی تۆمار بکا، لەبەر چەند هۆیک، لەوانە، ئەو حزبیکی ئێرانیە، کوردستانی نییە. هۆیکی تر، ئەوە حزبی دیموکراتی کوردستان بوو کۆماری کوردستانی دامەزراند، لەبەرئەوە هەر کەسیک یان لایانیک لە حزبی دیموکراتی کوردستانی دایک جودا بێ و حزبیک بە عەینی ناو دابمەزرینی دەتوانی ئیدعای هەموو میراتەکانی حزبی دیموکراتی دایک بۆ حزبەکەی خۆی بکا.
بەداخەوە لای ئێمەیش، لە باشووری کوردستان نموونەی علیزادەکان زۆرن، تەنانەت نە بۆ بەرژەوەندی حزبەکانیان کار نێکەن، بەلکو قسەیش ڕێ ناوەن بکەن، گۆڕەپانی سیاسەتیش پێوەرێ رووبەری گشت رووەکانی تەنها بیرە و قسەیە، ئەگەر قسەیش ڕێ ناوەن دیکە هیچی پیان ناکرێ و بە کەڵک ناخۆن و هییچ سوودیکیان نییە و زیانیان لە سوودیان زۆرترە. با چەند نموونەیک لە قسەکانی سەرکردەکانی باشووری کوردستان بۆ خوێنەری بەڕێز بگێرمەوە، ئەو قسانە بێ بەرپرسیارە کە دژی بەرژەوەندی بەشیکی گرنگی نەتەوەی کوردە، لەو قسانە:"ئێمە نەتەوەی ژمارە دووێم لە عێراق" لە کاتیکا نە عەرەبەکانی لە عێراق و نە دەستوورەکە کە لەسەر هەمووانە و پەیوەندبوون پیەو پێوستە، ناڵێن عەرەب ژمارە یەکە و کورد ژمارە دووە. بەپیچەوانەی سەرکردەکانمان لە باشوور، دەستوورەکە بە ڕاشکاوی ئەڵێ کورد و عەرەب هەردوو وەکو یەکن و لە یەک ئاستن، زمانەکەشیان بە هەردووکیانەوە زمانی ڕەسمی عێراقی ئیتحادییە. ڕستەیکی ناشرینی تریان ئەمەیە: "کوردستانی عێراق" قەت لە ناو دەستووری ئیتحادی نەهاتوە ناوی کوردستانی عێراق، ناوەکە چوار جار هاتووە بە شێوازی"هرێمی کوردستان"، سەرکردەکانمان وتە نابەجێ و شێواوەکەیان بەس نەکرد، لە سەرەوەی پەرلەمانی کوردستانیش بە نووسینیکی درەوشەدار دایان ناوە "پەرلەمانی کوردستانی- عێراق" پاشکۆی ناو عێراق لکاندیانە پێوەی. هەر وەکو گوتم، دەستوورەکە قەت وەها ناڵێ. تەنانەت جاریک وتاریک بە عەرەبی نووسیم، سەروتارەکە وەها بوو " أگالب برلمان إقلیم كوردستان برفع اسم العراق من واجهته = داخوازم ناوی عێراق لە پێش پەرلەمانی کوردستان لابەرن". دیسان لە قسە بێ شەرمانە کە ئەڵێن: "کوردستان بەشیکە لە عێراق" نازانم ئەگەر بەشیکە لە عێراق، بۆ پاش ساڵی(٢٠٠٥) لە ناو دەستوورەکە ناوی "عێراقیی ئیتحادییە" نە موەحەد هاتووە؟، بەمەعنای وڵاتەکە لە یەک لایان زیادتر پێکهاتووە. ئایا وڵاتیک کە لە یەک نەتەوە زیادتر تیایەو ناوی ئیتحادییە یەعنی چێ؟. لەیرا پرسیار ئەکەین، ئایا لە زمانی کوردی جیاوازی لە نێوانی ئیتحاد و مووەحەد نییه؟؟.
ئەمن وەکو هاووڵاتیکی کوردستانی، هیوادارم سەرکردەکانمان لە کوردستانی گەورە، دەست پاک و دڵ پاک و دەم پاک بن و زۆرهۆشیاربن و بەباشی بزانن چۆن ووشە هڵبژێرن و بەکاری ئەبەن لە پەیامی کوردی، چۆنکە خاکەکەمان و نەتەوەکەمان ئەمانەتە لە دەستی ئەوان، قەت نابێ بێکەنە قوربانی هەڵیکی بەهەوەس یان بێ هەوەس. یان بیکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان، یان حزبەکانیان. بەلکو بە پێچەوانە، بایستی خۆیان و حزبەکانیان نەوکەرو گیانبەخشی خەڵک و وڵات بن. تەنانەت ئەو کەسانەیشە کە کوردن و لە دەرەوەی خانووی کوردى سیاسەت ئەکەن، وەکو بەڕێز (ئیبراهیمی عەلی زادە).