ته‌نها به‌ڵگه بۆ ئاشکراکردنی ٧٠٠ هه‌زار ده‌نگه ساخته‌که‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان
Monday, 30/09/2013, 12:00
1738 بینراوە
پاش ئه‌وه‌ی جۆر و شێوازی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامێره‌مان که ناوی لێنرابوو "مۆری ئه‌لیکترۆنی" ئاشکراکرد و سه‌لماندمان که ئه‌و ئامێره نه‌ک هه‌ر مۆر نییه، به‌ڵکو به‌ستهێنانیشی زۆر ئاسانه، پێده‌چی پارت و لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان تێنه‌گێشتبن له مانای ئه‌م ئاشکراکردنه. ئامێرێک که ته‌نانه‌ت تاکێکی هه‌ژاری هه‌رێمیش بتوانێ نه‌ک یه‌ک، به‌ڵکو ده‌رزه‌نێکی لێده‌سکه‌وێ و به‌که‌متر له ٣٠ ڕۆژ بگاته ده‌ستی، ئایا ئه‌مه‌بوو ئه‌و مۆره ئه‌لیکترۆنییه‌ی که ژووری نوستنه‌کانی گۆڕان جه‌ختیان له هه‌بوونی ده‌کرده‌وه له بنکه‌کان؟ ئایا له خه‌جاڵه‌تیدا گۆڕان بێده‌نگه و باسی ئه‌و مۆره ناکه‌ن؟ یان هێشتا سوورن له‌سه‌ر متمانه به‌و ئامێره؟! چونکه ئه‌وه‌ی که بیستمان له گۆڕان، چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر، که گوایه کاتی پێداچونه‌وه، ٣ ده‌نگ مۆری ئه‌لیکترۆنی پێوه نه‌بووه و له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه پێیانزانراوه و پوچه‌ڵکراونه‌ته‌وه! بۆ ڕێکخراوێکی بنه‌ماڵه‌یی خاوه‌ن میلیشیا، گران نه‌بوو سه‌د ده‌رزه‌ن له‌و ئامێره، به‌که‌متر له ڕۆژێک، ده‌سبخه‌ن بۆ ساخته‌کاریی. کارتی ده‌نگه‌کان به هه‌رزانترین کاغه‌ز دروستکرابوو، پاشان خه‌لک پاسپۆرتی به‌تاڵی ده‌سئه‌که‌وێ و ساخته‌ی ده‌کا، ئه‌بێ کارتی ده‌نگدانی به‌تاڵ چه‌ند گرانبێ بۆ پرنتکردنی؟ سندوقه پلاستیکه‌کان و ئه‌و ژماره و کۆدانه‌ی که‌لێیاندرابوو، به نوشته و دوعا دانه‌خرابوون، پارچه‌یه‌ک پلاستیکیان لێدرابوو که به چه‌ند چرکه‌یه‌ک ده‌پچڕێندرێن و پلاستیکی نوێیان لێده‌درێ. که‌واته چی ماوه؟ به‌ڵێ، کاتی گواستنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له بنه‌که‌ی ده‌نگدانه‌وه بۆ بنه‌که‌ی جیاکردنه‌وه و ژماردن!
پێویسته ئۆپۆزیسیۆن ئه‌م پرسیارانه له‌خۆی بکا: ئایا چه‌ند بنکه‌ی ده‌نگدان هه‌بوون؟ ئایا کاتی گواستنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان، له چه‌ند بنکه‌وه نوێنه‌ری ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌کان بوون؟ ئه‌گه‌ر بێت‌و پشتیان به کات به‌ستبێ بۆ ئه‌و گواستنه‌وانه، واته پێوانوابووبێ، که به کاتێکی دیارییکراو ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌کان گه‌یشتبنه بنکه‌ی جیاکردنه‌وه و ژماردنی ده‌نگه‌کان و ئه‌و کاته‌یان کردبێته پێوه‌ر بۆ گومان له سندوقی ده‌نگه‌کان، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یان کردووه، چونکه ئاڵوگۆڕکردنی ده‌نگه‌کان، له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتییه‌وه، له‌کاتی گواستنه‌وه‌دا، کاتێکی زۆر که‌می ویستووه، که‌متر له ١٠ ده‌قیقه! به‌هه‌رحاڵ، دادێ کورته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به به‌ده‌ستهێنانی به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر بۆ ئاشکراکردنی ئه‌گه‌ری ساخته‌کارییه‌کانی پارتی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ده‌نگه‌کان.
ته‌نها به‌ڵگه بۆ ئاشکرا کردنی ساخته‌کارییه‌کانی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان له نێو ئه‌و ئامێرانه‌دان که‌له بنکه‌کانی ده‌نگدان دانرابوون بۆ لێدانی به‌ناو مۆری ئه‌لیکترۆنی. ئه‌و ئامێرانه جۆرێک له قردێله‌ی مره‌که‌باوی به‌کار دێنن بۆ پرینتکردنی زانیاری کات. ئه‌و قردێله‌یه پێیده‌ڵێن Ribbon Cartridge. تکایه سه‌یری وێنه‌ی قردێله‌که بکه که‌له‌گه‌ڵ ئه‌م نوسینه‌دایه. ئه‌م قردێله‌یه له‌بری مره‌که‌بی (حیبری) شل به‌کاردێ له هه‌ندێ ئامێری پرینته‌ر یاخود تابیعه‌ی کۆندا. مره‌که‌بی ئه‌و قردێله‌یه وشکه قردێله‌که‌ش له‌سه‌ر دیسکێکی پلاستیکی پێچراوه، هه‌روه‌ک قردێله‌ی سه‌ر به‌کره. له‌نێو ئامێره‌که، قردێله‌که ده‌که‌وێته نێوان چه‌کوشێکی تایبه‌ت و کاغه‌زه‌که و ئه‌و به‌شه‌ی که به‌کاردێ، ئه‌پێچرێ له دیسکه‌وه و جارێکی تر به‌کار نایه‌ت. چه‌کوشه‌که پێکهاتووه له کۆمه‌ڵێک ده‌رزی و به‌هۆی موگناتیزه‌وه توانای پێکێشانی قردێله‌که‌یان هه‌یه و قردێله‌که‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی مره‌که‌بی پێوه‌یه، به‌پێێ شێوه‌ی چه‌کوشه‌که، ئه‌و مره‌که‌به له‌خۆی ده‌بێته‌وە و چه‌سپده‌بێ به کاغه‌زه‌که‌وه. به هۆێ ئه‌وه‌ی چه‌کوشه‌که پێکهاتووه له کۆمه‌ڵێک ده‌رزی، هه‌رجاره و به پێی نوسینه‌کان ئه‌و ده‌رزیانه ده‌درێ به قردێله‌که‌دا و دواجار شێوه‌ی نوسینه‌که له قردێله‌که‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ کاغه‌زه‌که. باسکردنی ئه‌م زانیارییانه بۆ؟ چونکه ئه‌م قردێله‌یه چه‌ند مه‌ترێکه و پێچراوه له دیسکێکه‌وه، کاتێک که به‌کاردێ، ئه‌خولێته‌وه و به‌شه به‌کارهاتووه‌که لوول ده‌بێ به دیسکه‌وه و جارێکی تر به‌کار ناهێنرێته‌وه. که‌واته هه‌موو چه‌ندجار به‌کارهێناێک، ئه‌بێ قردێله‌که بگوڕدرێ به قردێله‌ی نوێ. ئه‌و چه‌ندجار به‌کارهێنانه به‌نده به درێژی قردێله‌که‌وه.
که‌واته ئه‌گه‌ر ئه‌و قردێلانه مابن و دڵنیابین که هه‌مان ئه‌و قردێلانه‌ن که له‌بنکه‌کاندا به‌کارهاتوون، ئه‌وا زۆر به‌ئاسانی ئه‌توانین سه‌خته‌کارییه گه‌وره‌که‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا بکه‌ین! چونکه ماوه و شێوازی به‌کارهێنانی ئه‌و ئامێرانه ناکرێ دوباره ببنه‌وه کاتێک که پارتی، له‌ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌کان، سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی ده‌نگی ساخته بووه! ئه‌گه‌ر بێت‌و بتوانرێ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و قردێلانه‌دا بگیردرێ و ته‌نها ١٠ ده‌نگ له کۆمه‌ڵێکی زۆر سندووق جیابکرێنه‌وه و به‌راورد بکرێن له‌گه‌ڵ زانیاری سه‌ر قردێله‌کان، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ساخته‌کارییه‌کان ئاشکرا ده‌بن.
هه‌رچه‌نده مانی ئه‌و قردێلانه مه‌حاڵه، ئێستا له‌وانه‌یه هه‌موویان سوتاندبێت له‌گه‌ڵ ئامێره‌کانیش، چونکه پارتی کۆمیسیۆنی به پاره کڕیوه پێشتر، ئه‌وه وابزانم ئاشکرایه له‌لای هه‌موو ڕۆشنبیرێک، به‌ڵام ئه‌کرێ ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و ده‌نگدانه ڕ‌تبکاته‌وه و داوای دووباره‌کردنه‌وه‌ی ده‌نگدان بکه‌نه‌وه و ئه‌مجاره پرس به لایه‌نی پسپۆڕ بکه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. وازیش له‌و له‌خۆباییبوونه بێنن!