کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ کوێدا لێتان بگه‌ڕێین و وازتان لێبهێنین؟!

Friday, 07/01/2011, 12:00


لێره‌دا سه‌رنج و ڕه‌خنه‌م‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی هه‌لپه‌رستانه‌ی کاک مه‌ریوان ووریا قانع و کاک ئاراس فه‌تاح هه‌یه‌، که‌ له‌ سایتی ئاوێنه‌دا له‌ ژێرناونیشانی: (با لێنەگەڕێین قەڵەمەکان بشکێندرێن!) بڵاوکرایه‌وه‌ له‌ ڕۆژی 05.01.2011.
به‌ ووشه‌ی جوان و بریقه‌ دارده‌ستیان کردووه‌ به‌ ووشه‌ ڕیزکردن، تا سه‌رنج و سۆزی خوێنه‌ران مه‌ست بکه‌ن به‌و ووشانه‌ و چاوبه‌ستیان بکه‌ن.
له‌ ناوه‌رۆکی نووسینه‌که‌یان، که‌ ته‌نها شیوه‌ن بۆ خۆیان ده‌که‌ن، نه‌ک وه‌ک خه‌مخۆرێکی ڕاسته‌قینه‌ی ئازادیی و خه‌ڵکی کوردستان.
به‌م قسانه‌ ده‌ست به‌ نووسینه‌که‌یان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن:
(تارماییەک بە ئاسمانی کوردستاندا دەگەڕێت ‌و دەیەوێت وشەی نووسەران رەشبگیربکات، دەیەوێت بیری رۆشنبیران جڵەوگیر ‌و توانای قسەکردنیان سنووردار بکات.)
باس له‌ ئاسمانی کوردستان ده‌که‌ن، به‌ڵام ته‌نها ڕه‌خنه‌یان له‌ به‌شه‌ ئاسمانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتییه‌، به‌مه‌ش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕه‌خنه‌کانی خۆیان به‌ قسه‌ی خۆیان بێ مانایه‌کی جدی و به‌تاڵ ده‌که‌نه‌وه‌، وه‌ک بڵێن له‌ نیوه‌که‌ی تری ئاسمانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیدا ئازادیی و یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی و ... هتد به‌ر قه‌راره‌ و هیچ که‌س و لایه‌نێک هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ سه‌ر نییه‌، له‌ سه‌ر بیروڕای جیاواز و ڕه‌خنه‌ ئامێز له‌سیاسیه‌تی ئه‌وان که‌س ڕاپێچی دادگا ناکرێت ! ئه‌مه‌ له‌ خۆیدا گومانێک له‌ مه‌به‌ست و ئامانجی نووسینه‌که‌یان لامان دروست ده‌کات.!؟
دیاره‌ به‌رگری له‌ ئازادیی مرۆڤی کورد و ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کارێکی به‌رز و پیرۆزه ‌و ئه‌رکی هه‌موو که‌سیکی ئازادیخواز و خه‌مخۆری ژیانێکی باشتره‌ له‌ کوردستاندا، تا بتوانین ئه‌رک و مافه‌کانی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستوردا و به‌کردار جێگیر بکه‌ین.
ئه‌م دوو نووسه‌ره‌ ده‌مێ ساڵه‌ به‌ شێوازی ڕه‌خنه‌یی جیاواز ده‌نووسن، به‌ڵام ته‌نها ڕه‌خنه‌ گرتن گرنگ نییه، به‌ڵکو چۆنیه‌تی گۆڕین و ڕێکخستنی ژیانێکی باشتر‌ گرنگه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان! واته‌ چی بکرێت باشه‌؟ هه‌روه‌ها بۆ ده‌رباز بوون له‌ بارودۆخێک که‌ دوژمنانی کورد و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی یه‌کێتی و پارتی بۆی دروست کردوین؟! بۆیه‌‌ ڕه‌خنه‌کانیان زۆر به‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ به‌ هۆی نووسینێکی ڕه‌خنه‌ ئامێز له سه‌ر‌ قسه‌کانی بارزانی ڕاسته‌وخۆ، خۆیان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ بوونه‌ته‌وه‌‌. بۆیه‌ ئێستا وا ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتی پارتی تووڕه‌بوون، واتا له‌ نیوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کی تر تووڕه‌ نیین! ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ی هه‌لپه‌رستیی و خۆپه‌رستیی، نه‌ک ره‌خنه‌ی جدی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ گشتی..! زیاتریش بۆ خۆده‌رخستن و ناوده‌رکردنی خۆیان به‌کاری ده‌هێنن! ده‌یانه‌وێت بڵێن: ئێمه‌ سوپه‌ر نووسه‌رین و که‌س شان له‌ شانمان نادات و نوخبه‌یه‌کی جیاین له‌ نووسه‌ران...!
ئه‌مانه‌ خۆیان ڕه‌خنه‌ ده‌گرن، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی که‌س قبوڵ ناکه‌ن!

ده‌سه‌ڵاتی کوردستان پێکهاتووه‌ له‌ یه‌کێتی و له‌ پارتی، ئه‌وان پێکه‌وه‌ به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی، که‌ خه‌ڵک تێیدایه‌، ئه‌مانیش به‌م هه‌ڵوێسته‌یان ده‌یانه‌وێت سۆزی یه‌کێتی و دژه‌ پارتییه‌کان وه‌ک پاڵپشتێک بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ڕزگاربوونی خۆیاندا نه‌ک خه‌ڵکی کوردستان له‌و بارودۆخه‌ی، که‌ تیایدایه‌..! چونکه‌ یه‌کێتی له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا نووسه‌رانی ئازاد و ئازا و ڕه‌خنه‌گر له‌ سیاسه‌تیان ده‌خاته‌ ژیرفشاره‌وه‌، یان به‌ بیانووی جۆراوجۆر ‌ده‌یانگرێت.!
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌خات، که‌ ئه‌وان کاتیك واتووڕه‌بوون له ‌ده‌سه‌ڵات یان با بڵێین له‌ پارتی، که‌ خۆیان به‌ر پریشکی سزای سیاسه‌تی پارتی که‌وتن. ئه‌وان ده‌مێک ساڵه‌ ده‌نووسن و ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی زۆر گرنگی بۆ نووسینه‌کانیان دانه‌ناوه‌، چونکه‌ نه‌ک مه‌ترسیدار نه‌بوون بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان، بگره‌ پێشیان خۆش بووه‌، که‌ نمونه‌ی ئه‌مانه‌ هه‌ن و ره‌خنه‌گر و ئۆپۆزیسیۆنه‌ راسته‌قینه‌کان ده‌شارنه‌وه‌. به‌ تایبه‌ت یه‌کێتی پشتگیری ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه ‌ده‌کات، تا پێشانی بدات ئه‌وان بڕوایان به‌ ڕه‌خنه‌ و ئازادیی نووسین و نووسه‌ران هه‌یه‌...! ده‌زگای سه‌رده‌م نموونه‌یه‌کی زیندووه‌. کاتێک ئێوه‌ له‌ناو ئه‌و ده‌زگایه‌دا کارتان ده‌کرد به‌ پاره ‌و پشتگیریی و ئیمتیازه‌کانی یه‌کێتی، که‌ خۆتان باش ده‌یزانن، کاک شوان ئه‌حمه‌د ی کۆنه‌ هاوکارتان له‌ ده‌زگای سه‌رده‌م زۆر ڕاستی ناوه‌رۆکی ئێوه‌ی خسته‌ ڕوو بۆ ڕای گشتی! به‌ڵام ئێوه ‌به‌ گه‌له‌ کۆمه‌کی هه‌موو هه‌وڵێکتان دا بۆ شکاندنی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی کاک شوان ئه‌حمه‌د! هه‌رچه‌نده‌ ئێوه‌ وه‌ک پارتی ده‌سه‌ڵاتداریش نین، باشه‌ گه‌ر ئێوه‌ ده‌سه‌ڵاتداربوونایه‌ کاک شوانتان ڕووبه‌ڕووی چ سزادانێک ده‌کرده‌وه‌‌؟
گه‌ر ئێوه به‌ درێژایی مێژووی خۆتان بێ گه‌نده‌ڵیی بوونایه‌ ڕه‌خنه‌کانتان به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و قسانه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی قازانجی که‌سێتی خۆتان نه‌ ک دڵسۆزیتان بۆ ئازادیی و یه‌کسانی و ده‌ست پاکی! گه‌ر ده‌تانه‌وێت به‌ ڕاستی بێنه‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکانی ناڕازی کوردستان، ئه‌وا له‌ نووسینێکی هاوبه‌شی خۆتاندا به‌ ڕاشکاوی باسی هه‌ڵه‌کانی خۆتان بکه‌ن و ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕاست بده‌ن! دیاره‌ که‌س بێ هه‌ڵه ‌نییه‌ و گه‌ر هه‌وڵ بده‌ین له‌ هه‌ڵه‌کانمانه‌وه‌ فێربین ئه‌وا نابێت هه‌مان هه‌ڵه‌ بکه‌ینه‌وه‌ جارێکی تر به‌ شێوازێکی تر....!
ئه‌و تارماییه‌ی که‌ ئێوه‌ باسی لێوه‌ ده‌که‌ن شتێکی تازه‌ نییه‌ له‌ کوردستاندا، که‌ کتوپڕ دۆێنێ هاتبێته‌ مه‌یدانه‌وه‌‌، به‌ڵکو به‌رهه‌می چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتییه ‌و....ئه‌وان توشی فۆبیای ئۆپۆزیسیۆن بوون، بۆیه‌ وا به‌ ئاشکرا نووسه‌رانی ناڕازی چاوترسێن ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ نیشانه‌ی به‌هێز بوونیان نییه‌، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نیشانه‌ی لاوازبونیانه‌، چونکه‌ زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بڕوا و متمانه‌ی له‌ هه‌ڵبژارندا لێ سه‌ندنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وان به‌ ساخته‌کاری و توقاندن و ترساندن ، توانیان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه‌ ده‌ست...ئه‌م بار و دوخه‌ شه‌ری مان و نه‌مان و چاره‌نوسسازی خۆیانه‌ دژی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان، که‌ خوازیاری گۆڕان و ژیانێکی باشترن له‌ کوردستاندا.
چه‌ند خۆش ده‌بوو ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ بێ خوێنڕشتن به‌ شێوازێکی هه‌ڵبژاردنی دیموکراتی یانه و دوور له‌ ساخته‌کاری‌ بهاتایه‌ دی و دواڕۆژێکی نوێمان بۆ منداڵان و نه‌وه‌ی دواڕۆژ مسۆگه‌ر بکردایه‌! ئه‌و کاته‌ براوه‌ و دوڕاو له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا خۆی به‌ براوه‌ ده‌زانی چونکه‌ هه‌موویان خۆیان به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک ده‌زانن.
دیاره‌ له‌ مێژووی کۆن و نوێ دا زۆرله‌ ده‌سه‌ڵاتداران و حکومه‌ته‌ نا دیموکراتییه‌کان به‌و هه‌ڵانه‌دا چون و تووشی بارێکی سایکۆلۆجی وا بوون، که‌ له‌ خۆشی ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و ئاره‌زووه‌کانیان ئه‌و خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌یان بیربچێته‌وه‌‌، که‌ به‌ ناویانه‌وه‌ و له‌پێناو ئامانجه‌کانی ئه‌واندا له‌ قۆنا‌غێکدا خه‌باتیان کردووه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌وسێنه‌ر. پارتی و یه‌کێتی له‌ شاخ به‌ قسه‌ی خۆیان خه‌باتیان کرووه‌ له‌ دژی ڕه‌فتار فاشێکان به‌ڵام پاش گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌ داخه‌وه‌ هه‌مان ڕه‌فتاری فاشییه‌کان، خراپتریش دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ زمانی خۆماڵی ، به‌مه‌ش مێژووی خه‌باتیان ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟ ئایا له‌ شاخ خه‌باتیان کردووه،‌ یان خیانه‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان؟! ئه‌و کاته‌ بۆ ئه‌وان ڕه‌وابوو، که‌ شۆڕش بۆ به‌رگری له‌ مافه‌کانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کورد. بۆیه‌ ئێستاش بۆ خه‌ڵکی به‌شخوراو و ئازادیخواز ڕه‌وایه‌ له‌ دژی ئه‌م‌ ده‌سه‌ڵاته‌ نایه‌کسان و دژ به‌ مافه‌کانی زۆربه‌ی خه‌ڵک به‌ شێوازێکی مۆدێرن خه‌بات بکه‌ن..!
ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان داوای ده‌کات شتێکی مه‌حاڵ نییه‌ تا ده‌سه‌ڵاتدارا‌ن نه‌توانن جێ به‌جێی بکه‌ن ، به‌ڵکو کارێکی زۆر ئاسانه‌، گه‌ر ئه‌وان ئاره‌زوو بکه‌ن.له‌ دنیادا زۆر ووڵات و نه‌ته‌وه‌ بۆ خۆیان شێوازێکی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتی یان دروستکردووه‌ و ئێوه‌ ده‌کرێت له‌و ئه‌زمۆنانه‌ بۆ کوردستان ئه‌زمۆنێکی خۆماڵی لێ دروست بکه‌ن. واتا داوامان له‌ ئێوه‌ نییه‌ داهێنانێکی تازه‌مان بۆ بکه‌ن، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتێکی یاسایی و ده‌ستوور ی بکه‌نه‌ به‌رنامه‌ی کار و ده‌سه‌ڵاتتان...گه‌ر ئه‌مه‌تان پێ ناکرێت و له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابووردوشدا ئه‌وه‌تان سه‌لماند، که‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون! بۆیه‌ ڕێگا بده‌ن به‌ هێزی ئۆپۆزیسیۆن با بزانین ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن ده‌یکه‌نه‌ گه‌ر ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت!؟ یان هه‌مان هه‌ڵه‌ی ئێوه‌ دووباره‌ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ خراپتر..؟ گه‌ر ئه‌وان سه‌رکه‌وتووبوون ده‌بێت ده‌سخۆشی یان لێبکه‌ین و هه‌ڵیان بژێرینه‌وه‌ بۆ خۆلێکی تری ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام گه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون ئێوه‌ وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ده‌توانن له‌ هه‌ڵه‌کانی خۆتان و ئه‌وان که‌ڵک وه‌ربگرن و به‌ به‌رنامه‌یه‌کی پته‌وتر و پڕخزمه‌تگوزاری باشتره‌وه‌ خۆتان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئاماده‌ بکه‌ن و متمانه‌ی خه‌ڵک بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خۆتان! ئه‌و کاته‌ ئێوه‌ ده‌توانن به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمۆنی هه‌ڵه‌ی خۆتان و ئۆپۆزیسیۆن پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆتان جێگیر تر و باشتر بکه‌ن.... ! به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه‌ گه‌ر بتانه‌وێت به‌ ئاشتی به‌ ڕێوه‌ بچێت ، ئه‌وا ده‌بێت به‌ یاساو ده‌ستورێکی هاوچه‌رخ و مۆدیرن ئه‌رک و مافه‌کانی هه‌موو مرۆڤه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ بچه‌سپێنن و هیچ که‌س و سه‌رکرده‌ی پارتێک و سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیره‌کان و به‌ گشتی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ سه‌رو یاساوه ‌نه‌بن..! به‌م شێوه‌یه‌ حیزب و حکومه‌ت له‌یه‌کتر جیاده‌کرێته‌وه‌ و هه‌موو پارته‌کان و سه‌رکرده‌کانیان به‌پێی یاسایه‌کی مۆدێرن و ئه‌کتیف ئه‌رک و مافه‌کانیان دیاری ده‌کرێت و که‌س ناتوانێت له‌ سه‌رو یاساوه‌ بێت. کاتێکیش له‌ ناو پارته‌کانی خۆتاندا ئه‌م سیستمی هه‌ڵبژاردن و دیموکراتی یه‌تان پیاده‌کرد ده‌توانن خه‌ڵک په‌روه‌رده‌ بکه‌ن به‌ په‌روه‌رده‌یه‌کی دروست و دوور له‌ کۆیلایه‌تی بۆ حیزب و سه‌رکرده‌کان.
به‌ م شێوه‌یه‌ شێوازی گۆڕینی دیموکراتی یانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ووڵاته‌ دیموکراتی یه‌کاندا پیاده‌ده‌کریت.
گه‌ر نه‌توانن یاساو ده‌ستور به‌ ڕاستی و دروستی پیاده‌و پراکتیزه‌ بکه‌ن ئه‌وا بارد و دۆخه‌که‌ له‌بارده‌بێت بۆ ناڕه‌زایه‌تی زیاتری جه‌ماوه‌ر و هه‌ڵچوون و ڕاپه‌ڕین بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به‌ شێوازێکی تر....!

له‌ سه‌رتای ڕاپه‌ڕین دا هیچ یاساو ڕێسایه‌ک پیاده‌ناکرێت و هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ک و ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵکی ناڕازی له‌ لایه‌کی تر دژ به‌یه‌ک ده‌وه‌ستن و به‌ شێوازێکی خوێناوی کۆتایی به‌و ڕاپه‌ڕینه‌ دێت و ئه‌وکاته‌ یان ده‌سه‌ڵات به‌هێز هه‌وڵ ئه‌دات ده‌سه‌ڵاتی خۆی جێگیر بکاته‌وه‌، یان هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن وخه‌ڵکی ناڕازیی هه‌وڵ ئه‌ده‌ن جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست....!
له‌م جۆره‌ ئه‌زمۆنانه‌ له‌ دنیادا زۆرن و له‌ کوردستانیش به‌و شێوازه‌ جه‌ماوه‌ری ئازاو خۆڕاگری کوردستان و پارته‌کانی کوردستان به‌ خۆشتانه‌وه‌ کۆتایییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌دامی دیکتاتۆر هێنا ...!
ئه‌و دیکتاتۆره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ هه‌میشه‌یی و ئه‌به‌دی ده‌زانی و بۆ دوایی خۆشی کوڕه‌کانی بۆ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌کردبوو...! دنیا و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و دیکتاتۆره‌ له‌ خۆبابییه‌ نه‌ما....!
ئه‌مانه‌ وانه‌ و په‌ندی مێژوون وخۆشتان باش ده‌یزانن، گه‌ر بتانه‌وێت ده‌توانن لیوه‌ی فێربن....!
کاتی پڕۆپاگه‌نده‌ی بێ ناوه‌رۆک و درۆ به‌ سه‌ر چوو، چونکه‌ له‌ دنیای گڵۆباڵی ئه‌مڕۆدا مرۆڤه‌ کان زۆر خێرا و ئاسان زانیاریی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ده‌توانن به‌ ده‌ست بهێنن.
ده‌توانرێت ئه‌و هێز و توانایانه‌ی که‌ له‌ پڕوپاگه‌نده ی درۆ و شه‌ڕێکی خۆبه‌زێن و خوێنڕشتن دا به‌ فیڕۆی ئه‌ده‌ین، بیکه‌ینه‌ هێز، توانایه‌کی به‌رهه‌مێن له‌ پێناو پێشکه‌وتن و پێشخستنی کوردستانی وێرانه‌ کراو له‌ لایه‌ن دوژمنه‌ کان و خۆشمانه‌وه‌....!

زامه‌کانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستان زۆر قوڵن و هه‌روابه‌ ئاسانی ساڕێژ نابن! گه‌ر به‌ هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ نه‌بێت...! ژیان کورته‌ و گه‌ر خۆپه‌رست نه‌بن ده‌توانن ئه‌و خۆشییه‌ی خۆتانی تێدان گشتی بکه‌نه‌وه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کوردستاندا...! به‌مه‌ش خۆتان ده‌که‌نه‌ پاڵه‌وان نه‌ک چه‌وسێنه‌ر....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە