کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دەسەڵاتى دادوەرى كوردستان،لەسەر كارى نایاسایى بەردەوامە

Tuesday, 12/04/2011, 12:00








دەسەڵاتى دادوەرى یەك لە كۆڵەكە ئەستورەكانى حوكمرانى هەر وڵاتێكە،سەربەخۆیى و دادپەروەرى و چالاكى ئەو دەسەڵاتە،حوكمرانى كۆمەڵگا لە سیستەمى دیموكراتى و گەشەسەندنى دادپەروەرى نزیك دەكاتەوە،گرێدرانى ئەو دەسەڵاتە بە دەسەڵاتەكانى ترەوە، نادادپەروەرى بەڕێوەبەرانى ئەو دەسەڵاتە لە بریارەكانیاندا،سستى و بێ سەروبەرى دادگاكان لە راپەراندنى كارەكانى ئەو دەسەڵاتەدا،حوكمرانى كۆمەڵگا لە دكتاتۆریەت و گەندەڵى نزیك دەكاتەوە.
بەر لە ڕاپەرین لە سەردەمى حوكمى سەدامدا،دادوەرەكانى كوردستان و عراق، بە بێ رەچاوكردنى دۆزى رەواى گەلى كورد و پێوانە یاساییەكان، بە گوێرەى سیاسەتى حزبى بەعس، مامەڵەیان لەگەڵ سیاسەتمەدارانى كوردستان و چالاكوانانى سیاسى كوردا دەكرد، سیاسەتمەدار و چالاكوانى سیاسى و ئەندامى رێكخستنى حزبە سیاسیەكان و پێشمەرگەى كوردستانیان وەك تێكدەر و خائین دادگایى دەكرد و سزاى مەرگ و چەندان ساڵ زیندانیان بە سەردا دەسەپاندن،ئەگەر مناڵێكى چالاكوان تەمەنى رێگەى نەدایە سزاى مەرگى بەسەردا بسەپێنن،حاكمەكانى ئەو كاتەى كوردستان داوایان لەلێژئەى پزیشكى دەكرد تەمەنى مناڵەكە درێژبكەنەوە بۆ ئەوەى سزاى مەرگی بە سەردا بسەپێنن. *
لە سەردەمى شۆرشدا، ئەنجامى بریارى نارەواى دادگاكانى كوردستاندا،چەندان ئەندامى حزبە سیاسیەكان بوونە كۆچى قوربانى حوكمى سەدام و سزاى مەرگیان بە سەردا سەپێنرا،بۆیە لە سەرەتاى هەشتاكانى سەدەى بیستدا، شانە چەكدارە نهێنیەكان كانى شۆرش،لە بەردەركى سەراى سلێمانیدا،بۆ رێگرتن لە لێشاوى سزاى مەرگى نارەواى حاكمەكان،حاكمێكیان بە سزاى گەل و شۆرش گەیاند.
لە دواى راپەرین و ئازادبونى بەشێكى باشورى كوردستان و دامەزراندنى حوكمى كوردى لە هەرێمى كوردستاندا،وەك پیشەى جارانیان حاكمەكانى كوردستان بونە كۆیلەى دەسەڵاتدارانى ئەمرۆى هەرێمى كوردستان و بە گوێرەى مەبەست و بەرنامەى حزبە دەسەڵاتدارەكان، لەگەڵ یاساو بریارەكانى دادگاكانى عراق و هەرێمى كوردستاندا هەڵسوكەوت دەكەن،هەر یاسا و بریارێك لە خزمەتى دەسەڵاتدا بێت كارى پێدەكەن و جێبەجێیدەكەن،هەر یاسا و بریارێك لە خزمەتى گەلى كورد و خەڵكى فەقیر و خەڵكى نارازیدا بێت،كارى پێناكەن و فەرامۆشى دەكەن.ساڵى 2006 دكتۆر كەمالى سەید قادر لە هەندەرانەوە گەرایەوە بۆ كوردستان،بە تومەتى بوختان وجنێودان بە مەلامستەفا بەرزانى، دادگاى هەولێر حوكمى 33 ساڵ زیندانى بە سەردا سەپاند، كەس نیە نەزانێت ئەم حوكمە بۆ ئەو بابەتانەى كە كەماڵى سەید قادر دەینوسین زۆر گران و بوە و بێ ویژدانى و پشتكردنە یاساى حاكمەكانى هەولێرى تێدا بوە و بە گوێرەى ویستى بنەماڵەى مەلا مستەفا بەرزانى ئەو بریارە نارەواو نایاسیاییەن داوە،كارەساتەكە هەر بەوە وە نەوەستایەوە،پاش كەمتر لە مانگێَك بە بریارى نێچیروان بەرزانى سەرۆكى ئەو كاتەى حكومەتى هەرێمى كوردستان، بریارەكەى داگا هەڵوەشایەوە و كەمالى سەید قادر ئازادكرا.سەیر بكەن ئەو حاكمانە چەندە نایاسایى و بێ ویژدان و كۆیلە بوون،بۆ نوسینێك (33)سى و سێ ساڵ حوكم بەسەر مامۆستایەكى زانكۆدا دەسەپێنن،سەیر بكەن ئەو حاكم و دادگایە چەندە دەستەمۆى دەستى دەسەڵاتە و چەندە كۆیلەی نایاساییە ،بە بێ هیچ رێگە و پێگەیەكى یاسایى بە قسەى نێچیروان بەرزانى سزاى 33 ساڵ زیندانیان لە سەر كەمالى سەید قادر لابرد و هیچ حاكمێك وزەی لێوەنەهات،ئەمەیە دادوەرى بێ وێژدان و كۆیلەى دەسەڵات.**
لە دواى روداوەكانى 17 شوباتەوە،چەكدارەكانى حزبە دەسەڵاتدارەكانى هەرێم،لە بەرامبەر نارەزایى خەڵكدا، چەندان هاوڵاتیان شەهیدكرد،هەندێك لەو هاوڵاتیانە بە ئاشكرا شەهید كران و هەندێكى تر بە نهێنى،هەندێك لەوانەى بە نهێى شەهیدكران بكوژەكانیان ئاشكرا بوون،تا ئێستە بكوژى هەندێكى تریان ئاشكرا نەبوە،كەچى دادوەرەكانى كوردستان لەبەر ئەوەى بەشێكى دەسەڵاتى نارەواى داپڵۆسێنەرى هەرێمن، بكوژەكان دەستگیرناكەن، بۆ ئاشكراكردنى بكوژە نادیارەكان لێكۆڵینەوە ناكەن،بریارى دەستگیركردنى خەڵكى خۆپیشاندەر و وتاربێژى سیاسى و چالاكوانى مەدەنى دەردەكەن و لە سەر سیاسەتى نارەوا و نایاسایى خۆیان بەردەوامن و هەر یاسایەك لە خزمەتى دەسەڵاتدا بێت جێبەجێیدەكەن و هەر یاسایەكیش لە خزمەتى دەسەڵاتدا نەبێت پشتگوێى دەخەن و دەیگۆڕن.
لە دواى چالاكیە مەدەنیەكانى 17 شوباتى ئەم دوایەى خەڵكى كوردستان، چەندان هاوڵاتى بە بێ بریارى دادگا فرێنران و بۆ ماوەى جیا جیا زیندانى كران،حاكمەكانى كوردستان لەسەر ئەو رەشبگیریانەى هێزەكانى دەسەڵات، هەڵوێستیان نیشان نەدا و بێ دەنگیان هەڵبژارد،بێ دەنگیش نیشانەى رەزامەندى حاكم و دادگاكانى كوردستانە بەرامبەر بەو رەشبگیریانەى دەسەڵات دژى خەڵكى كوردستان ئەنجامى دەدات.
مامۆستا كامەران یەك لەو مامۆستا ئاینیانە بو كە لە مەیدانى ئازادى وتارى بۆ خۆپیشاندەران خوێندەوە،لە سەر ئەو وتارە پێش دە رۆژ لە لایەن ئاسایشى سلێمانیەوە بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیركرا، رۆژى 6-4 بە فشارى خەڵكى كوردستان ئازادكرا،پاش ئازادكردنى، مامۆستا كامەران لە لێدوانێكیدا بۆ سایتى سبەى دوا و وتى: حاكمەكان وتیان بە هەڵە تۆمان بە مادەى (2) ن تیرۆر دەستگیركردبو،مادەكەیان بۆ گۆڕێم بۆ مادەى (10) خۆپیشاندان و ئازادیان كردم،بەڵى خوێنەرى خۆشەویست، ببینە حاكمەكانى كوردستان چۆنچۆنى بە گوێرەى بارى سیاسى و داواكارى حزبە دەسەڵاتدارەكان یارى بە یاساكان دەكەن و لە ماوەى كەمتر لە هەفتەیەكدا بە ئارەزووى دەسەڵات جێگۆڕكێ بە یاساكان دەكەن.
ئەم وڵاتە بە یاساى جەنگەل بەرَێوەدەبرێت،هێز یاسا و دادوەرى ئاراستە دەكات،ئەگەر فشارى وڵاتى نەمسا نەبوایە لە سەر نوسینى چەند وتارێكى رەخنەگرانە،كەماڵى سەید قادر بۆ ماوەى 33 ساڵ لە زیندانى هەولێردا دەمایەوە،ئەگەر فشارى خەڵكى كوردستان و زانایانى ئاینى كوردستان نەبوایە،لە سەر وتارخوێندنەوەیك بۆ خۆپیشاندەران مامۆستا كامەران بە یاساى تیرۆر سزادەدرا و تا راپەرین لە زینداندا دەمایەوە.ئەم رەوشە نایاسیاییەى دادگاكانى كوردستان و هەڵوێستى حاكم و داواكارە گشتیەكان و مافناسانى كوردستان لە كاتێكدایە،لە وڵاتانى تردا حاكم و داوكارى گشتى كێشەى چارەنوسسازى خەڵك چارەسەردەكەن و كۆمەڵگا ئازاد دەكەن،ئەم هەڵوێستە دەسەڵاتپارێزەى دادوەران و بێ كاریگەرى دادگاكانى كوردستان و گرێدراوى دادگاكان بە حزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستانەوە لە كاتێكدایە،كە پێش چەند ساڵێك خۆپیشاندانى حاكمەكانى پاكستان حوكمى پەروێزموشەرەفى دكتاتۆرى پاكستانیان روخاند،ئەم بریار و كارە دژە هاوڵاتیەى حاكمەكانى كوردستان لە كاتێكدایە،لە راپەرینى جەماوەرى خەڵكى میسردا حاكمەكانى میسر چوونە ناو خەڵكى نارازى و مەرگى حوكمى موبارەكیان نزیك كردەوە و كۆتاییان بە سیستەمى حوكمرانى موبارەك هێناو سیستەمێكى یاسایى و داپەروەریان بۆ خەڵكى میسر و بۆ دادوەرانى میسربەرهەمهێنا.
بۆ ئەوەى لەوە زیاتر حاكمەكانى كوردستان و داواكارە گشتیەكان و دادگاكانى كوردستان نەكەونە بەر نارەزایى هێرشى خەڵكى كوردستانەوە،لە جێی خۆیدایە حاكمەكانى كوردستان و داواكارە گشتیەكان، مافناسانى كوردستان چاوێك بە خۆیاندا بخشێننەوە و لەمەو دوا دادوەریەكى یاسایى و دادپەروەرى پەیرەو بكەن .


*دریژكردنى تەمەنى مناڵانى شارى سلێمانى لە ساڵى 1986 دا لە سەر داواى حاكمەكانى شارى سلێمانى لە لایەن لێژنەیەكى پزیشكیەوە ئەنجام درا، هەندێك لەو مناڵانە بە درێژكردنى تەمەنیان سزاى مەرگ گرتنیەوە و شەهیدكران،هەندێك لەو مناڵانەش كە تەمەنیان درێژكراوە ئێستە لە ژیاندا ماون لەبەر ئەوەى سزكەیان ئیعدام نەبوە،14 ساڵ بوە و بەر عەفوى سەدام كەوتون.
**دۆسیەى دادگاییكردنى كەمالى سەید قادر 2006
*** سایتى سبەى 6-4-2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە