لە بڵند گۆى (سەرۆك)ەوە ...سەرەتاى هەرەس دەركەوت!!...
Tuesday, 27/03/2012, 12:00
لە سۆنگەى هێڵە سەرەكییەكانى ستراتیژییەتى چاكسازى هەرێمى كوردستان، بڕوابونى سەرۆكى هەرێم بە (..دیدو بۆچونى هەركەس و لایەنێك بەهەند وەردەگیرێ...)...
لەم ڕوانگەوە ... هێڵەكان زیاتر دەربڕو هەژمون و بونى قەیرانى ئیدارى وسیاسى ڕاستەوخۆ دەخاتە ڕوو، وەك لەوەى ،دەربڕى بەرجەستەبونى دەسەڵاتێكى كامڵ وكارا فەراهەم بكات.لەئاست یەكڕیزى و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەى نەتەوە و لە ئاستە ستراتیژیەكان وەك پێویست ئامادەو سازانى نیشتمانى مەكۆیەكى وونە!!...
لەهەمان كاتدا توانەوەى بەستەڵەكى سوار بونى كورسى دەسەڵات ، شكاندنى شەختەو سەهۆڵبەندانى هۆڵ و ژورە تاریكەكانى سەنتەرى بڕیار، گەرچى درەنگ وەخت هاتە جۆش و خرۆش ، ئێستا بەناوى جۆراو جۆر (لیژنە،پرۆژە،هێڵ...)،لەژێر فشار و ڕاى گشتى و بەجۆرێك هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن ، هیچ بوارێك بۆ خۆ دزینەوە نەماوە، لادان لەكات، نۆرەبڕى هەرگیز لەبەرژەوەندى ئێستاى دەسەڵاتداراندا نیە.
سەرسەختى دەسەڵات ، بەو ئاقارەگەیشت لەسەر زارى خۆیانەوە، خۆیان مەحكوم بە كۆمەڵێ دەستەواژە بكەن، بمانەوێ و نەمانەوێ وەك دەڵێن ماڵە لەسەریان ، وەلێ ئەمجارە ئەگەرچى دواجارە پێویستە ماڵى قەڵب نەبێ، تابڵێین قابیل بە ساحێبیەتى!!...
هێڵەكان... شەڕى مان و نەمانە، بە خوێندنەوە و دیدى دەسەڵات بەگشتى و سەرۆكى هەرێم بەتایبەتى.
ئەشێ خوێندنەوەى مەنتیقى بۆ ئەم (هێڵانە)....(هێلانە)ى ئەو ئایندە گەشەبێ كە كەڤەرو چەتر پۆش كراوە بە (چاكسازى ڕیشەیى و گەیشتن بە بازنەى گۆڕانكارى)...
ئەگەر چى ئەم (هێڵانە) دەبێتە ئەو ترامپێتەى كە سرودى (سەرەتاى هەرەس) بە گوێى هاوڵاتیاندا دەچڕێ!!...
هێڵەكان وا خراونەتە ڕوو كەبەردى زل زل بن ،هێشتا گەردون پێى نەداون تل!!..(گۆران وتەنى)...
وەلێ بە تنۆكە ئاوى بەردەوام ، دەسەڵات بیەوى َ یاخود نەیەوێت ئەو بەردەزلانە دەكەونە بەر بەرداش و پوازك لە دواى پوازك لێدەبێتەوە!!...
هێڵەكان... پشت بەستە بە سێ بڕگە(شەفافیەت، بەشدارى، چاكسازى بۆ هێنانە دى حوكمڕانى دادپەروەرى زامنكردنى).
مەفهومى موخالیفى ئەم پشت بەستنە واتە: نەبونى (شەفافیەت، بەشدارى ، حوكمڕانى دادپەروەر).
بوارى هێڵە گشتیەكان پۆلێنكراوەتە سەر (چاكسازى سیاسى،دەسەڵاتى تەشریعى و دەزگا چاودێرەكان،سەروەرى یاسا و سەربەخۆیى دادوەرى،چاكسازى ئیدارى،چاكسازیى دارایى و ئابورى،رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى،پێشمەرگەى كوردستان دەزگا ئەمنیەكان).
بەواتا ئەم بوارانە لێوان لێوە لە گەندەڵى و چۆنیەتى بەڕێوەبردنى وڵاتى بەرەو ڕوو دووچارى قەیرانى هەمەجۆر كردۆتەوە.
ئەمە (ئیقرارێكى زمنیە) بە (چاكسازى ڕیشەیى)... جێگەى دەست خۆشیە...
گرفتەكە لەمەدا نیە ، لەوەدایە كێن ئەوانەى شان دەدەنە بەر ئەم ئەركە قورسە؟!...
خۆ ئەگەر دەڵێن دام و دەزگاى حوكمەت و لیژنەى سەرۆكى هەرێم ئەم مەسئولیەتە ئەگرنە دەست، جێبەجێى دەكەن، ئەوە ئیشتباهێكى زۆر گران و گەورەیە ، چونكە ماكى نەخۆشیەكە پەیڕەوانى دام و دەزگاى حوكمەت و حیزبە، نەكەن بەرەو ئەو هەڵدێرە دووبارە مل بنێنەوە!!...
پێم وایە ... ئاماژەكانى سەرۆكى هەرێم ، دام و دەزگا حكومى و حیزبیەكان نەك هەر ناتوانن لێبنەون و نەخشە ڕێژو پلانەكە بگرنە ئەستۆ، بگرە ئەم بارە هێندە بارگاوى و ئالودەیە بە ڤایرۆسەكە، كاتێك دەستى ئەدەنێ شەقار شەقار جەستەى كەنەفت و ڕزیوە،هیچ ئەندامێك بەدەر نەبوە لە ڤایرۆسەكە ، تەنانەت هێندێك بونەتە هەڵگرى هەمیشەیى وەرەمێكى سەرەتانى بەرهەم هێناوە!!...
سوپاس بۆ یەزدانى دلۆڤان... مەینەتیەكان لەسەر زارى كەسى یەكەمى ئەم هەرێمە ، بەرپرسى یەكەم لە سەكۆ و بڵندگۆى ئەوەوە مانشێتێك بە پەخشان و هۆنراوەیەكى قەشەنگى نیشتمانى چاوەڕێى هۆزان ڤانێكى نیشتمان پەروەرە ، هۆنراوەیەك بچڕێ و بە مۆزیك و ترامپێت و سەكسیفۆنى نەتەوەوە سرودێك بچڕێ و ناوى لێبنێ:
لە بڵند گۆى (سەرۆك)ەوە...سەرەتاى هەرەس دەركەوت!!.....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست