کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر سەرۆکی هەرێم، مەسعود بارزانی سنگی فراوان بێت لە ئاست ئەم رەخنانەدا

Tuesday, 03/03/2015, 12:00


پێش وەخت دەبێت سنگفراوانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم وەک نیچیرڤان نەبێت بە رەخنەیەکی پەلەمانتارێک خۆی نەگرێت و تورەیی خۆی بە شێوەیەکی کتوپر و بە کاردانەوە دەربرێت .
بەکورتی، ئەوەی تێدەپەرێت لەم هەرێمە تەنها پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە وپاش چەندین هەڵە و شپرزەیی و نەزانی لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ لە حوکمرانی خۆمان،تا ئێستا وامان هێناوە و، بارودۆخەکە بە شێوەیەک رێککەوتوە کە پێویستیەکی بنەرەتی بە خۆرێکخستنەوەیەکی خێرا هەیە و، تەنها بە یەکگرتوویی دەتوانین لەم قەیرانە دەرچین و، ئەم هەلە کە تا ئێستاش لەبەردەماندا ماوە بیقۆزینەوە و بە عەقڵانیەت و بەرنامەیەکی چڕ و سەرکەوتو دەتوانین بگەینە ئامانج، بەڵام لە دیاریکردنی ئامرازی پێویست بۆ سەرکەوتنی کۆتایی، هەموو دەسەڵاتێک پێویستی بە جەماوەر دەبێت: لەوێشدا متمانەبونی خەڵک بە دەسەڵات خاڵێکی یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی سەرجەم سیستمەکانی حوکمرانیە .پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: خەڵک بۆ متمانەی بە گوفتار و رەفتارەکانی دەسەڵاتی هەرێم نەماوە؟
بۆیە لەو روانگەیەوە کە ئەگەر ئەم بۆچونانەی خەڵک هەڵە بن و ئێوە راستیان بکەنەوە، رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانیش کورت دەکەنەوە، چۆن ؟
یەکەم: لە رووی سیاسیە: خەڵک بروای بە هیچ لایەکی دسەڵات نەماوە لە لوتکەوە تاوەکو بنکە، ئەگەر تەنانەت لەپرسێکی گرنگ: بۆ نمونە لە بوارێکی چارەنوسسازی وەک سەربەخۆیی کوردستانیشدا قسە بکەن، کۆمەڵانی خەڵک وا دەزانن کە لەو بارەشدا ئەگەر لەقازانجی بنەماڵە و حزب و کوتلە و باڵەکاندا نەبێت، سەربەخۆیی هەرزان فرۆش دەکەن و بە یەک فلسی قەڵب نایکرن . بۆیە لەم لایەنەوە کاری زۆری پێویستە بۆ گێرانەوەی متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی کوردستان و، ئەویش بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئێوەدایە .
دووەم : ئەگەر باس لە شەفافیەت بکەن؛ خەڵک لەوباوەرەدایە، کە پێشوەخت و لە سەرەتای هەموو هەنگاوێگدا، دەبێت سەرکردەکان بە کردەوە و بیرۆ بۆچون و رەفتاری شەفافانە، قەناعەت بە خەڵک بکەن کە ئەو باس و خواسانەی لە سەر پارە و پوڵ و ماڵ و موڵکە زەبەلاحەکانی سەرکردەکان، لەملا و ئەو لا دەکرێت ، راست نیە، پێویستە بە ئاشکرا و راست و رەوان بیسەلمێنن کە ئەو قسانە پیلانی دوژمنانە بۆ نەهێشتنی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کوردستاندا و، ئەگەر لەم بارەوە سەرکەوتو بن، خەڵک لە قوربانیدان بە خوێن و روح و ماڵ درێغی ناکات، وەک چۆن پێشمەرگە خوێنی خۆی دەبەخشێت،هەموو چین و توێژەکان، لە پێشوەیاندا موچەخۆرانیش، بە کوڵەمرگیش بێت ژیانی خۆیان بەسەر دەبەن و تەحەمولی بێ موچەیی و هەر بێ دەرەتانی و نەهامەتیەکیش دەکەن، کە روبەرویان بێتەوە .
سێیەم : ئەگەر دەست بخرێتە سەر زامە بەسوێکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و لە نێو دەسەڵاتی کوردستان، گەندەڵی و گەندەڵکاران ئاشکرا بکرێت و چاکسازی لە سەرجەم بوارەکاندا بکرێت و، خەڵک لە دوارۆژی خۆی دڵنیا بێت . هەمو کەس لەوباوەرەدا دەبێت بە هەموو شیوەیەک جەماوەر پشتگیری لە دەسەلاتی کوردستان دەکات هەرکەسێک لە لوتکەکەی بێت .
چوارەم : ئەگەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی روون و ئاشکرای هەبێت، تەنها لە سەر تەکتیکی رۆژانە کاروباری سیاسی خۆی مەیسەر نەکات و وەلائی بۆ خەڵک و نیشتمانەکەی خۆی بێت، کەس ناتوانێت مەودای نێوان جەماوەر و دەسەڵات فراونتر بکات و لێکیان بکاتەوە .
بۆ گەیشتن بە قەناعەت کردنی خەڵک بە راستگۆیی دەسەڵاتی کوردستان لە پێناو متمانەکردنی خەڵک و پشتگیریان بۆ دەسەڵات لە رۆژانی تەنگانەدا، پێویستە زۆر بە وردی و خێرایی ئەم ئەرکە سەرەکی و بنەرەتیانە جێبەجێ بکرێت، ئەوسا دەتوانین بڵێین هەنگاوی یەکەمی بەرەوپێشچون بۆ چارەسەری پرسەکەمان ئاسان دەبێت . لەوەشدا ئەرکێکی قورس و یەکلاییکەرەوە دەکەوێتە سەرشانی کەسی یەکەمی دەسەڵاتی کوردستان و مێژوو وەک خۆی بۆی تۆماری دەکات . گەر ویست و ئیرادەی بەهێز خۆی فەرز بکات ، هەنگاوەکان ئاسان دەبن و گەیشتن بە ئامانج مەیسەر دەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە